عیشق و ئازادی

ليست هناك تعليقات

پەیكار عوسمان
-
- تۆ لە عەقڵا ئازادی و ئیرادەی خۆت ئەناسیت، بەڵام لە عیشقدا عاشقی ئازادی و ئیرادەی خۆت ئەبیت. تۆ لە عەقڵا بۆت دەرئەکەوێ کە ئازادی و ئیرادە بوونی ڕاستەقینەی تۆیە، بەڵام تا ئێرا شتەکە تەنیا زانینەو تۆو زانراوەکە هێشتا دوو شتی جیان. بەڵام لە عیشقا تۆو ئازادی و ئیرادەت، ئەبن بە یەك و بوونێکی درەوشاوەی باڵا دروستئەبێ!

- یەعنی تەنیا عەقڵ و زانین بەس نیە بۆ خەبات، بەڵکو خەباتی ڕاستەقینە، خودی عیشقەو گەیشتنە بە قۆناغی یەکێتی بوون لەگەڵ ئیرادەو ئازادی خۆت. خۆ ئەگەر مەسەلەکە تەنیا زانین بێت، ئێستا ئێمە هەموومان ئەزانین کە گەندەڵی هەیە، ئەی بۆ خەباتێکی ماقوڵ دژی ئەو گەندەڵییە نیەو ئەگەر هەشبێ زۆر ڕووکەشی و کرچوکاڵە؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە: چونکە عیشق نیە!

- عیشقیش پلەیەکی باڵایەو بە عەقڵا ئەڕوات، واتە تۆ لە جەهلا ناتوانیت عاشقبیت، تۆ لە جەهلا وائەزانیت عاشقیت و وەهمی عیشقت بۆ دروستئەبێ نەك عیشق خۆی. بەڵام لە عەقڵداو دوای هۆشیاریی، ئیتر بەڕاستی ئەتوانی عاشقبیت و بکەویتە ناو خودی عیشقەوە!

- ئەو وەهمی عیشقەی لە جەهلا دروستئەبێ، مرۆڤی کۆیلەو گرگن و دەمارگیرو ڕوخێنەر دروستئەکا، چونکە بەڕێگای عەقڵا نەڕۆشتووەو خۆی لەناوەوە بەر ڕاستی نەکەوتووە، بەڵکو دوای قەرەباڵغێ و ڕاستی ئەوانیتر کەوتووە!

- ئەو عیشقەشی کە لە هۆشیاریدا دروستئەبێ، مرۆڤێکی ئازادو باڵاو داهێنەرو بنیاتنەرەو ئەگەرچی تا ڕادەی گیانفیداییش مکوڕە، بەڵام دەمارگیر نیە، چونکە ئەو مکوڕە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە لەعەقڵا بۆی ڕۆشنبۆتەوەو لە عیشقا تەماهی و یەکبوونی لەگەڵدا کردوە، نەكئەوەی بەرگری لە نەریت و موقەدەسی کۆمەڵگاو جەهلێکی باوی زۆرینە بکات!

- شۆڕش بە مانا باوەکەی، کەشێکی سایکۆلۆژیی و حەماسی و قەرەباڵغە، بەڵام بە مانا ڕاستەقینەکەی، کەشێکی ئارامی هۆشیارانەی عاشقانەی فەردییە، ئەوەیە کە تاك لەگەڵیدا بڕواتە ئاستێك لە عیشق و ئاگایی، نەکئەوەی کە کۆیەك ئەخاتە دۆخی مەستی و نائاگایی! 

- لە شۆڕشی باشوردا، لە شاخ و لە شارو لە زیندانیش، تاکو تەرا نمونەی بەرزی عیشقمان هەیە، بەڵام بەداخەوە ڕاپەڕین کە ساتی سەرکەوتنی ئێمەیە بە سەر دوژمندا، ڕێك ساتی شکستی عیشق و کەوتنی باڵایی ئێمەیە لەبەردەم چەتەیی و گرگنیی خۆماندا!

- بۆیە ڕاپەڕین لە ئاستی دەرەکیداو بەرامبەر دوژمن، چەنێك خاڵێکی گەش و سەرکەوتنە، لە ئاستی ناخ و ناوەکیی ئینسانی ئێمەدا، ئەونە خاڵێکی ڕەشەو ئەمەشی کە ئێستا هەیەو کەوتووە، بەرهەمی ئەوەیە کە سی ساڵ لەمەوبەر لەناوەوەی ئێمەدا کەوت!

- خۆشبەختانە لە باکور ئەمە پێچەوانەیە، ئەگەرچی زۆر شت نیەو هێشتا بە دەست نەهاتووە، بەڵام عیشق هەیەو بەدەستهاتووە، کە ئەوە بناغەو خەباتە ڕاستەقینەکەیەو تەنیا ئەوەش شتی لەسەر بینائەکرێ!

- ئەوەش پێشئەوەی شتێکی گروپی و سایکۆلۆژی و دوای قەرەباڵغی کەوتنبێ، شتێکی ناوەکی و فەردی و ئازادانەیە! ئاخر تۆ بۆ چاولێکەری و هەڵچوونی حەماسی، ئەکرێ دەفعبیت و دوو ڕۆژ مانبگریت، بەڵام (دوو سەد ڕۆژ مانگرتن) ئەمە شتێکی ئازادانەیەو ئیرادەیەکی تەواو ئازادە لە هەر شتێك و تەنیا ڕەبتە بە عیشقەوە! تەنانەت لە جەستەو گیانیش ئازادەو ئەوانیش نەبن کێشە نیە، گرنگ ئەوەیە عیشق هەیە!

- جا کێشەی من لەگەڵ پەکەکە ئا ئەمەیەو ئەوەیە کە پێموایە پەکەکە تاکە هێزی ئێمەیە، کە چۆتە مەقامی باڵای عیشق و لەوێ ی ئینسانەکانەوە خەبات بۆ ئازادی ئەکات، کە جێگا دروستەکە! دەی نابێ بێتەوە خوارەوەو ئەمەی کە خۆی دروستی کردوە، خۆی تێکی بدات! 

- هەنێجار لەگەڵ هەڤاڵانی پەکەکە تێئەگیرێم و ئەوان چونکە خۆیان لە "بوونە ئایدۆلۆژییەکەدا" هەمیشە لە شەڕدان و ئایدۆلۆژیایەك نیە بە بێ شەڕو دوژمن و شەیتان،، ئیتر وائەزانن منیش لە شەڕدام و شەڕیان لەگەڵ ئەکەم! بەڵام شتەکە وانیە، بەڵکو من لە شوێنێکەوە سەیری پەکەکە ئەکەم، کە ئەوان خۆیان لە یارییەکەدان بۆیە نایبینن!

- ئاپۆ خۆی چۆتە دەرەوەی یارییەکەو چۆتە ناو بوونێکی عاشقانە، بۆیە وێنە گەورەکە ئەبینێ و هەرکات دەنگی بگاتە دەرەوە، تەنیا ئەڵێ ئاشتی! وێنە گەورەکەش هەر ئەوەیە کە، پەکەکە تاکە هێزی مێژووی ئێمەیە، کە بەو ڕێژە بەرزە لەمسی بوونی عاشقانەی ئینسانی ئێمەی کردبێ، تەنانەت هێزە دینییەکانیش کە پاشخانێکی گەورەی مەعنەوییان لەبەردەستە، نەیانتوانیوە ئەوە بکەن! 

- خۆ من مەبەستم ئەوەنیە پەکەکە ببێت بە تەریقەتێکی سۆفیگەری و عیرفانیی، تەنیا مەبەستم ئەوەیە کە پەکەکە ئەوەی کە لە عیشق و باڵاییدا دروستی ئەکات، لە شەڕەشەقەکەی خوارەوەدا تێکی نەیاتەوە. ئەو تەنیا لە سەرەوەدا گرنگەو کە هاتەوە خوارەوە ئیتر بە نیسبەت منەوە وەکو ئەوانیترە! 

- لەڕاستیدا سەرکەوتنی میلەتان و دامەزراندنی حەزارەتەکان بەرهەمی عیشقن. ئەوەی کە ئەسکەندەنافیا بەهەشتی جیهانە، بەرهەمی عیشقە زیاتر لە پەروەدەو یاساو زانست. بەڵێ ئەوانە هەن و بناغەکەن، بەڵام ئەو بناغەیە عیشقی لەسەر دامەزراوە. مەسەلەن کە کەسێك دەرەوە پاك ئەکاتەوە بە خۆبەخشیی، ئەوە عیشقە نەك پەروەردە، ئەوە پەروەردەیەکە کە بووە بە عیشق، نەك پەروەردەکە خۆی! کە جادە چۆڵەو کەسەکە ئیلتزام بە ترافیك ئەکات، ئەوە یاسا خۆی نیە، ئەوە عیشقی یاسایە!

- ئەزمونی ڕوژئاواش کە بەرامبەر ئەو هەموو تەحەدیاتە خۆی ڕائەگرێ، عیشق ڕایگرتووە پێش چەك. ئەوەشی لەباکور هەیەو گەورەیەو باڵایە، عێشقەکەی خەباتگێڕانی زیندانە، نەك تەقوتۆق و کوشتنی دوو جەندرمە لێرەو لەوێ. تۆ کە لەناو خۆتدا گەیشتیت بە ژیان، ئیتر کارت بە کوشتنی ئەو نیە، چونکە ژیان لەناو خۆتدایەو لەسەر بوونی عاشقانەی خۆت وەستاوە، نەك لەسەر بوون و نەبوونی ئەو. بەرخودانیش لەم مانایەدا ژیانە، چونکە لەم مانایەدا ژیانەکە لەناو تۆدایە! 

- پەکەکە لە باکور نیوەی کوردی زیندو کردۆتەوە بە عیشق، بەڵام نیوەکەی تری مراندوە بە شەڕ. دەی نیوەکەی تریش هەر بە عیشق زیندو ئەکرێتەوە! پەکەکە لە باشور ئەبێ خەریکی باڵایی خۆیبێ، نەك خەریکی شەڕە جوێن و لاساییکردنەوەی گۆران و نەوەی نوێ! ئەبێ گەنجی باشور وەکو ئامانج و بوونێکی سەربەخۆ سەیربکات، نەك بیکاتە وەسیلەو بیبا لە جێگایەکی تر بیدا بەکوشت! پەکەکە لە ڕۆژهەڵات، ئەبێ خەریکی باڵایی خۆیبێت، نەك خەریکی شەڕەشەقبێ لەگەڵ کۆمەڵەو دیموکرات، ئەبێ گەنجی ڕوژهەڵات وەکو بوونێکی عاشقانەو ئازادانە بخولقێنێ، نەك بیکاتە یەدەگ و بیبا لە جێگای تر شەڕی پێبکات!

- من بۆیە قسە لەسەر پەکەکە ئەکەم و ڕەخنە لە گۆشەکانی تری ئەگرم، چونکە ئەو گۆشە بەرزەی تیا ئەبینم، کە تاکە هێزی ئێمەیە، بتوانێ عیشق بخولقێنێ و وزەی عێشقی ناو ئینسانەکان بتەقێنێتەوە کە بەهێزترین وزەی ناو گەردونە، دەی هەر ئەونە کافییەو عیشق خۆی خەباتەو خۆی ئازادییەو خۆی سەرکەوتنە! 

- حەزم لە پیاهەڵدانی هیچ جۆرێکی مەرگیش نیە، هیچ مەرگێك لای من پاساوی نیە، بەڵام ئەوەی ئەم خاتوونە مەزنەو هاوشێوەکانی، شتێکی ترەو بەرزترە لە مردن، خودی عیشقەو عیشقیش خودی ژیانە.

(سەدان ڕۆژ مانگرتن و بەدوایدا شەهیدبوون) ئەمە شتێکە تۆ پیتوایە مرۆڤ و بەتایبەت ژن ناتوانێ بیکات. کەچی ئەم خاتوونەو هەڤاڵەکانی ئەیکەن. ئەوەشی ئەمە ئەکات، تەنیا فکر نیە، شتێکە دوای فکر. یەعنی تۆ هەزاران کتێب بخوێنەرەوە ناتوانی ئەوە بکەیت، بەڵام جارێك عاشقبە ئەتوانی!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق