بۆچی ئەمریکا گەڕ بە تیکتۆک دەگرێت؟

ليست هناك تعليقات

 



ئەو شەڕە دەستەویەخەیەی ئەمریکا بە "تیکتۆک"ی دەفرۆشێت، پرسیاری زۆری لەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا لەو شەڕەدا، دروستکردووە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی دەوڵەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، کە خاوەنی باڵاترین ئابوورییە لەسەر ئاستی جیهان، گەڕی لە ئەپلیکەیشنێکی سەر مۆبایل ئاڵاندووە؟ وردکردنەوەی زانیارییەکانی پشتی ئەو گەڕئاڵاندنەی ئەمریکا، زۆر نهێنی لە شەڕێکی نوێی نێوان ئەمریکا و چیندا ئاشکرا دەکات. شەڕەکە لەسەر پارەیەکی خەیاڵییە.

ئابووریی دیجیتاڵ، ئێستا بە یەکێک لە هەڵسوڕێنەرە سەرەکییەکانی گەشەی ئابووری لە جیهاندا دادەنرێت. لە کاتێکدا رکابەریی هاوسەنگی ئەو ئابوورییە، سەردەکێشێت بۆ باشتربوونی گەشەی ئابووری لە جیهاندا. ئەمریکا دەیەوێت شەڕەکە بە سیاسی بکات و زۆری نەماوە گوشارەکانی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ، خاوەنداریەتی 'تیکتۆک'، لە ژێر دەستی چیندا دەربهێنن.

لە هواوییەوە بۆ تیکتۆک

ئەوەی بەرامبەر 'تیکتۆک' لەلایەن ئەمریکاوە کاری لەسەر دەکرێت، یەکەمین جەنگی ئەو جیهانە گەورەیەی ئابووری نییە، کە بە 'ئابووریی دیجیتاڵ' ناودەبرێت، بەڵکو پێشتر و لە 15ی ئابی ئەمساڵدا، ئەمریکا چەسپاندنی سزاکانی بەسەر کۆمپانیای هواوی چینیدا، چالاککرد. بەپێی ئەو سزایانە، کۆمپانیاکانی تسیمیس، کوالکۆم و سامسۆنگ، ناتوانن لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکیدا، سیمکارتەکانیان بۆ ئامێرەکانی هواوی دابین بکەن.

جەنگەکە تەنیا لە هواویدا کورت نەبووەتەوە، چونکە بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا، قەدەخەی دابەزاندن و کارپێکردنی ئەپڵیکەیشنەکانی 'تیکتۆک' و 'ویچات'یشی گرتەوە کە لە ئەمریکادا، قەدەخەکران، ئەمەش بەبیانووی مەترسییەکانی ئەو دوو ئەپلیکەیشنە، لەسەر 'ئاسایشی نەتەوەیی'.

واشنتن لە بەرامبەر 'تیکتۆک'دا، هێشتا دەروازەیەکی چارەسەری بەکراوەیی هێشتووەتەوە، بەرلەوەی بەتەواوی کارەکانی ئەو ئەپڵیکەیشنە کە تایبەتە بە ڤیدیۆ کورتەکان و لە ناو گەنجاندا رەواجێکی زۆری لەسەرە، بەیەکجاری قەدەخە بکات.

'تیکتۆک' هەرزوو سەرکۆنەی بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکای کرد و دووپاتیکردەوە، دەستەبەری پاراستن و رێزگرتنی بۆ هەموو بەکاربەرە ئەمریکییەکانی دابینکردووە و سوودی خراپی لە زانیاریی بەکاربەرەکانی وەرنەگرتووە.

بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، ئاشکرایکرد "سەرۆک تا 12ی نۆڤێمبەری لەبەردەم 'تیکتۆک'دا هێشتووەتەوە، بۆ ئەوەی کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی، چارەسەر بکات و ئەوە لەوانەیە لە کۆتاییدا وابکات قەدەخەی سەری هەڵبگیرێت".

راگەیاندنەکە، هاوکاتە لەگەڵ تەگەرەکەوتنە بەردەم پرۆسەی دانوستاندنەکانی کۆمپانیای 'بایتدانس'ی چینی، کە خاوەنی 'تیکتۆک'ە و لە ئەمریکادا کاردەکات، لە کاتێکدا ترەمپ ئارامیی لە بەرامبەر بارودۆخەکە نەماوە.

گەڕانەوە بۆ حیزبی شیوعیی چین

ترەمپ، ئاشکرایکردووە حیزبی شیوعیی چین، کاردەکات بۆ بەکارهێنانی ئەو دوو ئەپڵیکەیشنە، لەپێناو هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئابووریی وڵاتەکە.

بڕیارەکە، بەکاربەرانی ئەپڵیکەیشنەکە لە خزمەتەکانی 'تیکتۆک' لە ئەمریکادا بێبەشدەکات و دەبێ ئەوان، پەنا بۆ بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکی دیکە ببەن، کە لەوانەیە وەک 'تیکتۆک' بەکارهێنانی فراوان نەبێت.

'تیکتۆک'، بەفراوانی لەلایەن گەنجانەوە بەکاردەهێنرێت، ژمارەی بەکاربەرانی ئەپلیکەیشنەکە لە ئەمریکادا نزیکەی 100 ملیۆن کەس و لە جیهاندا ملیارێک کەسە.

هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کڕینەوەی تیکتۆک

حکومەتی ئەمریکا هەلی بەردەوامبوونی کارکردن لەسەر خاکی ئەمریکادا، خستووەتە بەردەم 'تیکتۆک'. پێدەچێت ئەو هەلە لەوەدا کورت ببێتەوە، کۆمپانیا چینییەکە بەشی زۆری پشکەکانی بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا بفرۆشێت، بەشێوەیەک چیدی بڕیاربەدەست و خاوەنی سەرەکی 'تیکتۆک' کۆمپانیا چینییەکە نەبێت و بەوەش نەتوانێ، نهێنی بەکاربەرەکانی ببات و هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نەکات.

هەردوو کۆمپانیای 'ولمارت' و 'مایکرۆسۆفت'، دەستەوارەیەکیان بۆ کڕینەوەی خزمەتگوزارییەکانی 'تیکتۆک' لە ئەمریکادا خستەڕوو، بەڵام کۆمپانیای 'بایتدانس'ی خاوەنی 'تیکتۆک' رەتیکردەوە. لە دوای ئەوە دەنگۆی فراوان بڵاوبووەوە، لەسەرئەوەی کۆمپانیای 'ئۆراکل'ی ئەمریکی، ببێتە 'هاوبەشێکی متمانەداری تەکنەلۆژی' بۆ کۆمپانیا چینییەکە، بەڵام هێشتا هێچ رێککەوتنێک لەوبارەیەوە ئاشکرا نەکراوە.

بەپێی ئەوەی سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاشکرایانکردووە، کۆمپانیای 'ئۆراکل'ی تایبەتمەندی پرۆگرامسازی و خزمەتگوزاری کۆمپانیاکان، بڕی 20 لەسەدی پشکەکانی 'تیکتۆک' دەکڕێتەوە، بەڵام زۆرینەی پشکەکانی ئەپڵیکەیشنەکە، بەدەست کۆمپانیا چینییەکەوە دەمێنێتەوە.

لای خۆیەوە کۆمپانیای 'ولمارت' کە لەبنەمادا هاوبەشی 'مایکرۆسۆفت'ە، ئاشکرایکردووە هێشتا 'بایەخ بەوەبەرهێنان لە تیکتۆک'دا دەدات، بەردەوامیشە لە دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیای 'بایتدانس' و لایەنەکانی دیکەدا، لەپێناو کڕینەوەی پشکەکانی 'تیکتۆک'.

تائێستا 'لیژنەی وەبەرهێنانی بیانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا'، کە بەرپرسە لە پێداچوونەوەی کاریگەرییەکانی وەبەرهێنانی بیانی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لێکۆڵینەوە لە دەستەوارەکەی 'ئۆراکل' دەکات، لە کاتێکدا کۆنگرێسمانە کۆمارییەکان رایانگەیاندووە، رەزامەندی لەسەر رێککەوتنێک نادەن، کە ئەپلیکەیشنەکە لە ژێر کۆنترۆڵی چیندا بهێڵێتەوە.

جەنگی تەکنەلۆژی

وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا پێیوایە "هەرچەندە مەترسییەکانی 'تیکتۆک' و 'ویچات' وەک یەک نین، بەڵام لەیەکترییەوە نزیکن. هەردووکیان بڕی گەورەی زانیاریی لەسەر بەکارهێنەرەکانیان کۆدەکەنەوە و بۆخۆیانی دەبەن".

ئەپڵیکەیشنی 'ویچات' موڵکی کۆمپانیای 'تنسنت'ی چینییە، کە لە چیندا بەبەرفراوانی بەکاردەهێنرێت، چ بۆ ئاڵوگۆڕی تێکستی نامە یان پارەدان و ریسێرڤکردن و چەندین کاری دیکەش.

ئەم بابەتە، دوا بەشی جەنگی ئەلیکترۆنی نێوان دوو گەورە هێزی ئابوورییە لە جیهاندا، کە ئەمریکا و چینە و هەردووکیان پێشەنگن، لە بوارەکەدا.

ساڵی 2010، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ستراتیژیەتی 'هاوسەنگی بەدەستهێنانەوە بۆ ناوچەی ئاسیا و زەریای ئارام'ی کاراکردەوە. کاراکردنەوەکە هاوکاتبوو، لەگەڵ سەرهەڵدانی گەورەبوونی بەردەوامی کۆمپانیا تەکنەلۆژییە سەرکەوتووەکانی چین.

ئەو هەنگاوە، سەرەتاکانی رێگریکردن لە کۆمپانیا تەکنەلۆژیا چینییەکانی وەک 'هواوی'، 'زی تیا'ی بە گەورەیی دەستیپێکردەوە، بەتایبەت لە ئاسایشی بۆشایی ئاسماندا کە پشت بەتەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەبەستێت، لەگەڵ بابەتەکانی گەشەکردندا. دیارترین ئەو رێگریکردنە بابەتی ئاسایشی سایبرییە لە نێوان ئەمریکا و چیندا.

لە سێپتێمبەری 2015دا، ئەو دۆسێی ناکۆکییە گەورانەی نێوان هەردوو وڵات، دۆسێ ئاساییەکانی نێوان ئەمریکا و چینیان تێپەڕاند و پەڕییەوە بۆ بابەتی بازرگانی، تەنگەی تایوان و مافەکانی مرۆڤ.

ئەمریکا شەڕ بەباڵادەستبوونی چین دەفرۆشێت

لە کاتێکدا ئەمریکا، هەموو رێوشوێن و یاسایەک لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، لە بەرامبەر چیندا بەڕەوا دەزانێت، چینییەکان خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ هەنگاوەکانی سەرۆک ترەمپ دەکەن و پێیانوایە، ئەمریکا لە بەرامبەر تەکنەلۆژیای هەڵچووی چیندا، هەست بەجۆرێک لە 'تۆقین' دەکات.

فانگ شێنگ دۆنگ، راگری کۆلێژی ئینتەرنێت و کۆمەڵگە، لە پەیمانگای چیانگ بۆ راگەیاندن و پەیوەندییەکان، ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەسەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای زانیاریدا.

ئەو توێژەرە دەڵێت "باشترین روانگە و ئاماژەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئاراستەکانی بیرکردنەوە لە ئەمریکادا، چاودێریکردنی سەنتەرەکانی توێژینەوەی ئەمریکین، کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئاراستەی سیاسەتی وڵات هەیە. ئەوان بەروونی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکایان تێدا دەردەکەوێت".

ئەمە بەبڕوای ئەو جێگەی سەرنجە: "چونکە راپۆرتە جیاوازەکان لە چینەوە لە بارەی بواری زانست و تەکنەلۆژیای وڵاتەکەوە، لە ساڵانی رابردوودا بوونەتە خاڵی سەرنجڕاکێش و گەرم".

شینگ پێیوایە لە وردبوونەوە لە راپۆرتی دە ساڵی رابردووی، هەموو سەنتەرە گەورەکانی توێژینەوە و ئیدارەی ئەمریکا، کە پەیوەندییان بە سوپا و وەزارەتی بازرگانییەوە هەیە، دەکرێ چوارچێوەی تەواوی رێگرییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر تەکنەلۆژیای چینیدا هەستی پێبکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدارەی ترەمپ، ئەمریکای تووندڕۆتر کردووە.

فانگ شینگ، پێیوایە ئەو ستراتیژیەتە پەیوەندییەکی پتەوی بە پاراستنی باڵادەستی ئەمریکاوە هەیە، کە پشت بە بنەما سەرەکییەکانی وەک هێزی سەربازی واشنتن دەبەستێت، لەگەڵ سەرمایەی ناو وۆڵ ستریت، هەروەها هێزە کولتوورییەکەی هۆلیوود و هێزی تەکنەلۆژی، دۆڵی سیلیکۆن.

لە چەرخی ئینتەرنێتدا، هێزی تەکنەلۆژیای پێشەنگی دۆڵی سیلیکۆن، بەشێوەیەکی بەردەوام روو لە زیادبوونە. ئەمەش بەرەو بوونە 'بەردی بناخەی' هێزە سەرەکییەکانی وڵاتە. لەبەرئەوە ئەمریکا پێیوایە بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیای باڵای چین، پێویستە بخرێتە ژێر گوشار و ئاڵنگارییەوە، بۆ ئەوەی باڵادەستیی ئەمریکا بەسەر ئەو بوارە لە داهاتوودا بەردەوام بێت.

هەژموونی ئەمریکا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێیوایە، باڵادەستبوونی لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری، دووچاری لەرزین بووەتەوە، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا روودەدات. هەرچی پەیوەندی بە سیستمی جی 5 و مۆبایل و بوارە جیاوازەکانی زانیارییەوە هەیە، ئەمریکا پێیوایە رکابەرییەکە لە نێوان چین و ئەمریکادا زۆر تووند بووە.

شارەزا چینییەکە دووپاتیدەکاتەوە کە ئەمریکا ئەمجارە، لە رێگەی رکابەریی کراوە و ئازاد و یەکسانەوە، کە هانی تواناکانی داهێنانی خۆی بدات لەسەر ئاستی جیهان، سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە. ئەو دەڵێ "لە راستیدا ئەمریکا خاوەنی تایبەتمەندیی بەهێزە لە بواری تەکنەلۆژیای باڵادا، لەپاڵ توانای گەورەی توێژینەوە و گەشەپێدانی رێکارەکانی بازاڕ و دەتوانێت رکابەرییەکی تەندروستانەی چین بکات. بەڵام واشنتن لە کۆتاییدا رێگەیەکی جیاوازی بۆ ئەو رکابەرییە هەڵبژارد، ئەویش بەکارهێنانی هەژموونی ئێستای ئەمریکا بوو، بۆ دەستتێوەردان و پەکخستنی سیستمی بنچینەیی بنەماکانی بازاڕ، لە رێگەی رێوشوێنە تووندەکانەوە لەلایەن سیاسییەکانی ئەو وڵاتەوە".

هۆکاری ئەوە، بەبڕوای شینگ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوورە لەسەر کۆتوبەندکردنی سەرکەوتنە تەکنەلۆژییە باڵاکانی چین لە کەمترین ماوەدا، ئەمەش بەهۆی توانای نایابییەوە لە کۆکردنەوەی زانیارییەکان و هەواڵگریی جیهانی، کە ئەمریکا پێیوایە ئەوە کلیلی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و باڵادەستیی سەربازییەتی بەسەر جیهاندا. لە هەمان کاتدا ئەوە هۆکارێکی بنچینەییە بۆ دەستەبەرکردنی تایبەتمەندییە تەکنەلۆژی، پیشەسازی، ئابووریی و سیاسییەکانی ئەمریکا.

پێناچێ ئەمریکا وەک پێشوو مامەڵە لەگەڵ کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی سەر مۆبایل و ئینتەرنێتدا بکات، ئەگەر دەوڵەتانی دیکە، کەرەستە چینییەکان بۆ ئەو کارە بەکاربهێنن.

بۆ ئەمریکا قورس بوو، باڵادەستبوونی خۆی بەسەر هەواڵگریی ئینتەرنێتدا بپارێزێت، لە کاتێکدا وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی کەم، لە رێگەی رکابەریی لەسەر بنەماکانی بازاڕ و داهێنانی تەکنەلۆژییەوە، باڵادەستییەکەی لەدەستدا. هەر بۆیە پەنای بردە بەر 'دەستی بینراو'ی حکومەتی ئەمریکی، بۆ داڕشتنی سیاسەتی نامتمانە و ناپێویستی ئاسایشی نەتەوەیی.

ئەو رێوشوێنانە هیچ نین، جگە لە رێگەیەک بۆ کۆتوبەندکردنی رکابەرەکانی. شینگ دووپاتی ئەو بۆچوونانەی سەرەوە دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە زیادبوونی خێرای بەهای بازاڕیی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی سەر ئینتەرنێت، پێویستییەکی گرنگی ئابووریی جیهان بووە لە ساڵانی رابردوودا.

پێشتر جیف بیزۆس، خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆن، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بوو، بەجیاوازییەکی زۆر لە رووی پارەوە، لە پێش کەسی خاوەن پلەی دووەمەوە، بوو. بەهای بازاڕیی کۆی دەیان کۆمپانیای تەکنەلۆژیای دراوی ئەلیکترۆنی ئەمریکا، لەسەرووی بەهای کۆی بازاڕی راستەقینەی چەندین وڵات زیاتر بوو. ئەم دۆخە وای لە خەڵک کرد بگەنە ئەو بڕوایەی، داهاتووی ئابووریی جیهان لەژێر کۆنترۆڵی ئابووریی ئینتەرنێدا دەمێنێتەوە.

لە 6ی شوباتی 2020دا، ویلیام بار، داواکاری گشتیی ئەمریکا بەروونی لە وتاری خۆی، لە سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان (سی ئێس ئای ئێس) کە سەنتەرێکی توێژینەوەی ئەمریکییە، لە کۆنگرەی 'پلانی کارکردنی چین' رایگەیاند "چین پلەی پێشەنگی لە بواری 5جیدا بەدەستهێناوە، کۆی 40 لەسەدی بازاڕی بونیادنانی ژێرخانی ئەو تۆڕەی لە جیهاندا بەدەستەوەیە، ئەوەش یەکەمجارە لە مێژوودا، ئەمریکا پێشەنگی داهێنانێکی تەکنەلۆژی نەبێت".

دیواری پۆڵایین

پێشبینیدەکرێت تا ساڵی 2025، پیشەسازیی ئینتەرنێت کە بەسیستمی 5 جی کاردەکات، بەهای بازاڕی ئەلیکترۆنی بگەیەنێتە 23 تریلیۆن دۆلار. خۆ ئەگەر چین بەباڵادەست بەسەر بواری 5جیدا بمێنێتەوە، توانای بەدەستهێنانی زنجیرەیەک هەلی دەبێت کە ئەو تەکنەلۆژیا نوێیە دەیڕەخسێنێت، بەتایبەت لە رێی ئەپلیکەیشنەکانەوە.

شینگ پێیوایە، ئەمریکا ئومێد دەکات بەسەرکوتکردنی کۆمپانیا چینییەکانی بواری ئینتەرنێت لە رێگەی سیاسەتەوە، ئامانجی 'کوشتنی دەیان چۆلەکە بەیەک بەرد' بەدەست بهێنێت، گەورەترین چۆلەکەی بازاڕەکەش، هەژموونە بەسەر ئینتەرنێتدا.

لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشە فراوانانەدا، هێزی زانستی و تەکنەلۆژی سەربەخۆی داهاتوو، تاکە رێگەی بەردەمی چینە بۆ راوەستانەوە بەرامبەر باڵادەستبوونی ئەمریکا و رێچکەی سەرەکییە، بۆ بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی لەپێناو مانەوە و گەشەکردندا، ئەمە تاکە رێگەی خزمەتکردنیشە بە مرۆڤایەتی.

دروستکردنی 'دیواری پۆڵایین'ی زانست و تەکنەلۆژیا لە دژی چین، لە کۆتاییدا نابێتە هۆکاری دڵخۆشبوونی تاهەتایی ئەمریکا. لە راستیدا ئەو دیوارە لەسەر ئینتەرنێت کە ئەمریکا بونیادیناوە، بووەتە رێگر لەبەردەم هاوئاهەنگی بازرگانی و تەکنەلۆژیا و بەتەنیاش کاریگەریی لەسەر چین دروست ناکات.

رۆژنامەی 'لۆمۆند'ی فەرەنسی پێیوایە، سەرکەوتنی ئەمریکا بەدوور نییە لە شکست. لە کاتێکدا 'ئیکۆنۆمیست'ی بەریتانی راشکاوانەتر نووسیوویەتی و دەڵێ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا، دەبنە گەورەترین قوربانیی ئەو دابڕینە تەکنەلۆژییەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست دەبێت.

لە شرۆڤەی کۆتاییدا، پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیای چین، لەسەر پشت بەخۆبەستن و کاری لێبڕاوانە وەستاوە، ئێستا چین یەکێکە لە گەورەترین هێزەکانی تەکنەلۆژیا لە جیهاندا، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جیهان هەیە و هیچ سەرکوتکردنێکی سیاسی، ناتوانێ رایبگرێت.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق