لە فیلمێکی عەرەبیدا بەشداری دەکات

ليست هناك تعليقات


مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری بەنێوبانگی ئیتاڵی کە چەندین ساڵە بەهۆی بەهرە و جوانییەکەیەوە لە پێشەنگی ئەکتەرەکانی جیهانە بڕیارە بۆ یەکەمجار لە فیلمێکی عەرەبی بەشداری بکات کە باسی ژیانی کوڕێکی پەنابەری سووری دەکات.

"ئەو پیاوەی پشتی خۆی فرۆشت،" ئەمە ناونیشانی ئەو فیلمەیە کە مۆنیکا بێلۆچی دەیەوێت بەشداری تێدا بکات کە لەلایەن کەوسەر بن هەنیە کاری دەرهێنانی بۆ دەکرێت. فیلمەکە تێکەڵەی کۆمێدیای تاڵ، دراما و تراژیدیایە.

چیرۆکی فیلمەکە باسی ژیانی پەنابەرێکی سووری دەکات بە ناوی سام عەلی کە ناچار بووە سووریا جێبهێڵێت، دوای ئەوەی بەوە تۆمەتباردەکرێت دژی رژێمی بەشار ئەسەد کاردەکات. 

بەهۆی ئەم هەڵە تێگەیشتنەوە سام پەنا بۆ بەیرووت، پایتەختی لوبنان دەبات، بەڵام خۆشەویستی کچێک بەناوی عەبیر ژیانی لێ تاڵ دەکات و نازانێت چۆن پێی بگات. دوای ئەوەی ماوەیەک لە بەیرووت دەمێنێتەوە هەوڵی ئەوە دەدات خۆی بگەیێنێتە برۆکسڵ، پایتەختی بەلجیکا بۆ دیتنی عەبیر، هەرچەندە کچەکە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دیکە کردووە.

سام دوای ماوەیەک مانەوە لە بەیرووت لە چەند کارێکی نایاسایی تێوەدەگلێت. لەو کاتانەدا چاوی بە هونەرمەندێک دەکەوێت کە کاری تاتۆ دەکات بە ناوی جێفری و یاریدەدەرەکەی بە ناوی سورەیا، لە فیلمەکەدا مۆنیکا بێلۆچی رۆڵی سورەیا دەگێڕێت. جێفری بیرۆکەی ئەوە بە سام دەدات، کە سام وێنەی ڤیزای شنگن لەسەر پشتی بنەخشێنێت، و بە بیانووی کاری هونەرییەوە گەشتی لەگەڵ بکات، بەڵکو لەو رێگەیەوە بگاتە ئەوروپا.

جێفری ناسراوە بە سەرکێشییەکانی و بەوەی دەتوانێت کەسێک لە هیچەوە بکاتە کەسێکی بەنرخ، سامیش بە پێشنیازەکەی رازی دەبێت و دەبێتە کاراکتەرێک کە جێفری لە پێشانگاکانیدا بەکاری بهێنێت. بەوەش سام دەبێتە هاوەڵی جێفری لە گەشتە هونەرییەکانیدا بۆ وڵاتان.

سەبارەت بە بەشداریکردنی مۆنیکا، دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت، دەیانتوانی بۆ ئەو رۆڵە سوود لە ئەکتەرێکی عەرەبی وەربگیرایە، رەنگە هەڵبژاردنی بێلۆچی هەڵبژاردنێکی بازرگانی بێت، بوونی ئەستێرەیەکی وەک بێلۆچی ژمارەی بینەری فیلمەکە زیاتر دەکات.

مۆنیکا بێلۆچی ئەکتەر و مۆدێلی ئیتاڵی، ساڵی 1964 لە ئیتاڵیا لەدایکبووە، سەرەتا بە کاری مۆدێلی دەستیپێکرد، دواتر لەساڵی 1990 بۆ یەکەمجار لە فیلمێکدا بەشداریی کرد کە بەهۆی جوانییەکەیەوە لە ماوەیەکی کەمدا بەنێوبانگ بوو. تاوەکو ئێستا لە کارە هونەرییەکانی بەردەوامە و لە 66 فیلمدا بەشداریی کردووە کە دیارترین رۆڵی لە فیلمی ئیتاڵی مالێنا بوو. مۆنیکا بەدرێژایی ماوەی کارکردنی لە بواری هونەردا 13 خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif