گەر ئەم ڕاپۆرتەت نەخوێندۆتەوە، باسی دۆخی ئەرمینیا و ئازربایجان مەكە

ليست هناك تعليقات

رۆژی یەکشەممە جارێکی دیکە پێکدادانی سەربازی لەنێوان هێزەکانی سوپای ئازەربایجان و جوداخوازە ئەرمینییەکانی هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباخ، لەسەر سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا روویدا. ئەوە یەکەمجار نییە ئەو ناوچەیە پێکدادانی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات بەخۆوە دەبینێت. لە راستیدا جەنگی ئەو ناوچەیە، رووداوێکە ناوە ناوە سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام کێشەکە لەوە قوڵترە کە ئێستا دێتە بەرچاو، ناکۆکییەکە رەگێکی مێژوویی گەورەی هەیە.

نوێترین پێکدادانەکانی نێوان هەردوو وڵات، کوژرانی 16 سەرباز و چەندین کەسی سڤیلی لێکەوتەوە. میدیاکان گوتیان ئەوە تووندترین پێکدادانی نێوان هەردوو وڵاتە لە دوای 2016ەوە. رووداوەکە جارێکی دیکە سەقامگیریی باشووری ناوچەی قەوقازی خستەوە بەردەم مەترسیی گەورە، بەتایبەت کە ناوچەکە رێڕەوێکی گرنگی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گازە بۆ بازاڕەکانی جیهان. شەڕەکەش لە شەڕێکی تەنیا سەربازیی قووڵترە و ئابووریی، بەشێکی گەورەی پێکهێنەری ململانێکەیە.

هەردوو وڵات، ئەوپەڕی ئامادەباشیی سوپاکانیان راگەیاند، حکومەتی ئازەربایجان چەکهەڵگرتنی گشتی لە وڵاتدا لەسەر زاری حیکمەت حاجییڤ، جێگری سەرۆکی وڵاتەوە، لە میدیای ناوخۆییدا راگەیاند و قەدەخەی هاتووچۆیشی سەپاند، دواتر حکومەتی ئەرمینیاش هەمان دۆخی لەناکاوی لە وڵاتدا سەپاند، بانگهێشتی هێزە یەدەگەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ چەکهەڵگرتن. ئەو رێوشوێنە لەناکاوانە و ئامادەسازیی هەردوو وڵات بۆ جەنگی سەرتاسەری، وێڕای داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دانبەخۆداگرتن، سەرەتاکانی ئاماژەن بۆ بەردەوامبوون و فراوانبوونی جەنگی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت کە دۆسێ ئاڵۆزەکە دەستی زیاتر لە وڵاتێکی ناوچەکەی لە پشتەوەیە.

ژمارەی زیان و قوربانییەکانی هەردوولا لە پێکدادانەکانی دوێنێدا، جیاوازی لەنێوان گێڕانەوەکانی هەردوولادا دەرخست، ئازەربایجان کۆنترۆڵکردنی شەش گوندی لەلایەن هێزەکانییەوە راگەیاند و ئەرمینیاش ئەوەی رەتکردەوە.

هەڕەشەکانی ئەمجارەی باکۆ

ئەرمینیا کە دەستی بەسەر هەرێمەکەدا گرتووە، بەم دۆخەی ئێستا رازییە، لە کاتێکدا ئازەربایجان ئەو دۆخەی بەدڵ نییە و دەیەوێ جارێکی دیکە، هەرێمەکە بخاتەوە ژێر دەستی خۆی. مانگی ئایاری رابردوو، هەردوو وڵات یەکدییان تۆمەتبارکرد بە هێرشکردنە سەر سنوورەکانی نێوانیان، ئەوە بووە هۆی کەوتنەوەی پێنج کوژراو لە ریزەکانی سوپای ئازەربایجاندا.

ئیلهام عەلییڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، هەفتەی پێشوو دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی مافی خۆیەتی پاشەکشە لە دانووستانەکانی ئاشتی بکات و ئەوەش بەمافی خۆی دەزانێت "پەنا بۆ چارەسەری سەربازیی کێشەکە" ببات.

سەرەتا لێرەوە دەستیپێکرد



ئەرمینیا و ئازەربایجان، دوو کۆماری پاشماوەی یەکێتیی سۆڤیەتی جارانن. رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، بە سەرەتای ناکۆکییەکانی نێوان یەریڤان و باکۆ دادەنرێت. تووندترین شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، لەنێوان ساڵانی 1992 تاوەکو 1994 روویدا، تێیدا نزیکەی 35 هەزار کەس بوونە قوربانی. لەو کاتەوە ناوە ناوە جەنگەکە سەرهەڵدەداتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایدەمرکێنێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرهەڵنەداتەوە، چونکە هێشتا کێشەکە لە رەگەوە چارەسەر نەکراوە.

لەنێو دڵی ناوچەی قەوقازدا، لە نزیک کانە نەوتەکانی ناو دەریای قەزوین، ململانێیەکی هەرێمیی تووند لەسەر ناوچەیەک بەڕێوەدەچێت، کە رووبەرەکەی نیوەی رووبەری وڵاتێکی وەک لوبنانە. لەوێ بەرژەوەندییەکان تێکدەئاڵێن و دەستە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێکدا دەدەن، گۆڕەپانی شەڕەکە، وڵاتە دژ بەیەکەکانی ئەمریکا، رووسیا، ئێران و تورکیا کۆدەکاتەوە، لەگەڵ ئیسرائیل و تەنانەت یەکێتیی ئەوروپاش بایەخ بە رووداوەکانی ئەوێ دەدەن. ئەرمینیا و ئازەربایجان، یاریزانی سەرەکی شەڕەکەن و نوێنەرایەتی وڵاتانی دیکە دەکەن.

ناگۆرنی قەرەباخ

ناگۆرنی قەرەباخ، وشەیەکی رووسیە، بەمانای "چیای رەشەباخ" دێت. ئەو ئەرمەنییانەی لە ناوچەکەدا دەژین، هەرێمەکە بەناوی 'ئارتساخ' ناودەبەن. لە زمانی ئەرمینیدا ئارتساخ دەبێتە "دارستانی خوای رۆژ"، ئەو ناوە لە ئەفسانە دێرینە ئەرمەنییەکانەوە وەرگیراوە. هەرچی ئازەرییەکانن، ناوەکە بە "یۆخاری قەرەباخ" ناودەبەن بە مانای "رەشەباخچەی باڵا'' دێت.

ناوچەکە جوگرافیایەکی شاخاوی هەیە، لوتکەی چیای "گیامیش" کە بەرزییەکەی 3724 مەترە، بەرزترین لوتکەی چیایە لە هەرێمەکەدا، رووباری میاها، دیارترین رووباری هەرێمەکەیە و پرۆژەی کارۆئاوی لەسەر دروستکراوە.

کەشوهەوای هەرێمەکە، لە باکووریەوە بۆ باشووری جیاوازە، زستانان پلەکانی گەرمی لەنێوان 6 تاوەکو 10 پلەی سەدییە، لە ناوچە نزمەکانیش بۆ دوو تا سێ پلە دادەبەزێت.

هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ، لە رووی ئابوورییەوە هەژارە، بەپلەی یەکەم پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت، زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە دروستکردنی خۆراک و پیشەسازییە بچووکەکاندا کاردەکەن. لە ناوچە نزمەکانی هەرێمەکەدا، شوانکارەیی و چاندنی دانەوێڵە و لۆکە و توتن، سەرەکیترین کاری دانیشتووانن، هەرچی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمەکەیە، لەوەڕگەی باشی لێیە و ئەوەش بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ لەپێناو گۆشت و پێستەکەیدا، کارێکی قازانجبەخشە.

کارێکی دیکەی بەرچاوی هەرێمەکە، رەزدارییە بۆ بەرهەمهێنانی شەراب لە ترێ. هەرێمەکە کێشەی لە رێگەوباندا هەیە و تەنیا دوو رێگەی سەرەکی هەیە، کە بەشە جیاوازەکانی هەرێمەکە لە هەر چوار جەمسەریدا بەیەکدەگەیێنێت.

ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ 145 هەزار کەسن، 95%ـی دانیشتووان ئەرمەنن و 5%ـەکەی دیکەش، لە نەتەوە جیاوازەکانن.

هەرێمەکە پێشتر خاڵی بەریەککەوتن و سنووری گەیەنەری هەرسێ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، فارسی و رووسی بووە، هەرئەوەش وایکردووە هەرێمەکە بەردەوام شەڕی جیاواز بەخۆوە ببینێت، چەندینجار دانیشتووانی هەرێمەکە ئاوارەبوون. هەر ئەو کۆچە بەکۆمەڵە بەردەوامانە و ئاوارەبوونەکانە، وایکردووە زۆرینەی نیشتەجێی هەرێمەکە، لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە جیاواز بێت. 

بەر لە تووندبوونەوەی دوژمنایەتییەکانی نێوان هەردوو رەچەڵەکی ئازەری و ئەرمینی، ئەرمەنییەکان زۆرینەی دانیشتووانی ستبانا کێرتی پایتەختی هەرێمەکە بوون، لە کاتێکدا شاری شوشا، بەر لەسەردەمی سۆڤیەت، زۆرینەکەی ئازەری بوون، بەڵام دوای جەنگی 1992ـی نێوان هەردوو وڵات، پاشئەوەی سوپای ئەرمینیا دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت، دانیشتووانە ئازەرییەکەی دەرکرد.

زۆرینەی ئەو ئازەرییانەی پێش کۆچپێکردن لە هەرێمەکەدا بوون، موسڵمانی شیعەبوون لەگەڵ هەندێک لە کوردانی سوونی. هەرچی ئەرمینییەکانە، ئەوان کریستیانن و بەسەر هەردوو مەزهەبی کاتۆلیک و ئەرتۆدۆکسدا دابەشبوون.

هەرێمە دانپێدانەنراوەکە

دەسەڵات لە ناگۆرنی قەرەباخدا، کۆمارییە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانیپێدانەنراوە. لە تشرینی دووەمی 1994ـەوە هەرێمەکە سەربەخۆبوونی لە ئازەربایجان بەدەستهێناوە، سەرۆکی ئەوێ خاوەنی دەسەڵاتێکی زۆرە، هەر خۆی سەرۆکوەزیران دەستنیشاندەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت. ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمەکە پێنج ساڵە.

لە هەرێمەکەدا پەرلەمانێک هەیە کە بە "ئەنجوومەنی یاسادانان" ناودەبرێت، 33 ئەندامی هەیە، بەر لە ساڵی 1991 ژمارەی ئەندامەکانی 81 کەس بوون، یەکەم هەڵبژاردنی ئەو ئەنجوومەنە لە نیسانی 2000 دا ئەنجامدرا. دەنگدان بە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە نهێنییە.

دەسەڵاتی هەرێمی قەرەباخ یان ئەوەی ئەرمەنییەکان بە ئارتساخ ناویدەبەن، بەتەنیا لەلایەن حکومەتی ئەرمینیاوە دانپێدانراوە.

لێکدانەوە بۆ هۆکارەکانی ململانێکە

راستە ئەوەی ئێستا لەسەر زەوی روودەدات، جەنگێکی دەستەویەخەی نێوان هێزەکانی ئازەربایجانە لە بەرامبەر هێزەکانی هەرێمی قەرەباخ و سوپای ئەرمینیادا، بەڵام رەگی ناکۆکییەکە لە مێژوودا ئێجگار قووڵە.

مێژوونووسان لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ ململانێیەکە هەیە، هەندێک بە ململانێیەکی رەچەڵەکی نێوان ئازەر و ئەرمەنییەکانی دادەنێن، هەندێکی دیکەش پێیانوایە ئەوە شەڕێکی جیۆپۆلەتیکیی تووندە و تەنیا پەیوەست نییە بە ئازەربایجان و ئەرمینیاوە بەتەنیا، بەڵکو لە شەڕەکەدا تورک، رووس، ئەمریکا، ئێران و یەکێتیی ئەوروپاش بەشدارن. شەڕەکە درێژبوونەوەی دوژمنایەتیی مێژوویی پڕ میراتی رقلێبوونەوەی نێوان ئەرمەن، ئازەری و تورکەکانی ناوچەکەیە.

رۆحیەتی ناکۆکیی نێوان ئەرمەن و ئازەرییەکان لە ناوچەی قەوقازدا کۆنە و هۆکاری رەچەڵەک، ئایین و مێژووی لەپشتەوەیە. بەتایبەت لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بەسەر ناوچەکە بەر لە چەند سەدەیەک، بەڵام سەرەتای تەقینەوەی ناکۆکییەکان لە هەرێمەکەدا، بۆ سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو و سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە.

چوارچێوەی هەرە گەورەی کێشەکە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە رووی جوگرافیاوە، ناگۆرنی قەرەباخ لەنێو سنوورەکانی ئازەربایجاندایە، بەڵام 95%ـی دانیشتووانەکەی ئەرمەنین.

ستالین بۆمبەکەی قورمیش کرد

سەرەتای قورمیشکردنی بۆمبێک لە هەرێمەکەدا، بۆ ئەوەی دواتر بتەقێتەوە، بۆ سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت و دەسەڵاتی جۆزیف ستالین، بەسەر دەسەڵاتی ئەو یەکێتییەدا دەگەڕێتەوە. ستالین کاریدەکرد بۆ ناکۆکی خستنەوە لەنێوان کۆمەڵە و گرووپە ئایینی، بنەچەیی و مەزهەبییەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیەت و کۆمارەکانی سەر بەو یەکێتییە. ئەو کارەی ستالین بۆ ئەوە بوو، هەمیشە کەمینەکانی ناو سنووری یەکێتیی سۆڤیەت، پێویستیان بە پشتگیریی مۆسکۆ وەک سەنتەری یەکێتیی سۆڤیەت هەبێت لە ململانێیەکانیاندا.

لەسەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا، ئەرمینیا و ئازەربایجان کۆماری سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت بوون، ستالین ساڵی 1923 هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخی لە رووی کارگێڕییەوە بە کۆماری ئەرمینیاوە نووساند، هەرچەندە هەرێمەکە بەتەواوی بەخاکی ئازەربایجان چواردەورە دراوە.

لە بەرامبەردا و بۆئەوەی داوی جەنگەکە بەردەوام بەدەست خۆیەوە بێت، ستالین هەرێمی ناختشیڤانی بە ئازەربایجانەوە لکاند، لە کاتێکدا ئەو هەرێمەش بەتەواوی لەناو سنووری ئەرمینیادایە، بەڵام زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئازەرین. بەوەش ململانێ لەسەر ناگۆرنی قەرەباخ دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

رقە مێژووییە ئایینی و مەزهەبییەکەی نێوان ئازەری و ئەرمەنییەکان، بەردەوام لە ناخەوە دەکوڵا، بەڵام کەس نەیدەوێرا پەلاماری ئەوی دیکە بدات، لەترسی پەرچەکرداری تووندی مۆسکۆ، بۆیە دۆخەکە لە رووکەشدا بەئارامی مایەوە و لە ژێرەوە دەکوڵا.

رۆژی 20ـی شوباتی ساڵی 1988، ئەنجوومەنی قەرەباخی ژێردەسەڵاتی سۆڤیەت، داوای لە مۆسکۆ کرد، بەیەکجاری هەرێمەکە بە ئەرمینیاوە بلکێنێت. ئەندامە ئازەرییەکانی ئەنجوومەنەکە بەو داوایە ناڕازیبوون و ئەوە بووە سەرەتای تێکچوونی دۆخەکە و سەرهەڵدانی رقە مێژووییە چەپێنراوەکەی، نێوان ئازەر و ئەرمەنییەکان، دەیان کوژرا و بریندار لە هەرێمەکە، لەنێوان هەردوولادا کەوتنەوە.

ساڵی دواتر، ئەرمەنییەکانی ئەنجوومەنەکە هەنگاوێکی دیکە، کێشەکەیان بردە سەر و بەفەرمی، پێوەلکاندنی هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخیان بە کۆماری ئەرمینیاوە راگەیاند.

هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و بەشێکی دیکەی ململانێیەکە

رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1991، یەکێتیی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە و کۆمارەکانی سەر بە یەکێتییەکە، چیدی بەژێر دەستەی یەکێتییەکە نەمانەوە و سەربەخۆ بوون. لە سەرەتاکانی ساڵی 1992دا هەریەکە لە ئەرمینیا و ئازەربایجان، سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند و هیچ پەیوەستییەکیان بە مۆسکۆوە نەما. بەهەمان شێوەی هەنگاوە ئەرمینی و ئازەرییەکە، سەرکردەکانی هەرێمی قەرەباخ، سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند و ویستی خۆیان بۆ پێکهێنانی کۆمارێکی سەربەخۆ لە هەرێمەکەدا راگەیاند، کە نە سەر بە ئەرمینیا و نە سەر بە ئازەربایجان بێت.

ئازەربایجان دژی راگەیاندنی سەربەخۆییەکە وەستایەوە، بەیاخیبوون و جیابوونەوەی ناوبرد. حکومەتی ئازەری لەوە زیاتر رۆیشت و گوتی ئەوەی جوداخوازەکانی ئەوێ کردوویانە، شانۆگەرییەکە و پێشتر لەگەڵ ئەرمینیادا پلانیان بۆ داناوە. بێگومان ئەرمینیا ئەو هەنگاوەی پێخۆشبوو و پشتگیریکرد.

بەرپابوونی جەنگ

ئەرمینیا لە وەڵامی قسەکانی ئازەربایجاندا، پشتگیریی خۆی بۆ سیاسییەکانی هەرێمەکە راگەیاند، چەک و پارەی بۆ ناردن. ئازەربایجان ئەو هەنگاوەی ئەرمینیای بە هەڵگیرساندنی جەنگ ناوبرد، بۆیە زۆری نەبرد جەنگ لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرسا. بەرەکانی شەڕ، سوپای ئازەربایجان لە لایەک و قەرەباخی و ئەرمەنییەکانی لەلایەکەی دیکە کۆکردەوە. 

جەنگەکە لە ساڵی 1992 تاوەکو ساڵی 1994 بەردەوامبوو، کە تێیدا هەردوو وڵاتەکە گەیشتنە رێککەوتنی ئاشتی. جەنگەکە زیانی زۆری بە ئەرمینیا گەیاند لە هەموو روویەکەوە، بەڵام هەرێمەکە هەر دوور لە دەسەڵاتی ئازەربایجان مایەوە، جیا لەوەش سوپای ئەرمینیا توانی جیا لە ناگۆرنی قەرەباخ، پێنج شاری دیکەی رۆژئاوای ئازەربایجان بگرێت، لەنێویاندا رووبەری فراوانی شارەکانی ئاگدام و فزوڵی.

رێککەوتنی ئاشتیی لەرزۆکە کێشە ریشەییەکەی چارەسەر نەکردووە، ئەوە هۆکاربووە بۆ ناوە ناوە سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی نێوان سوپای هەردوو وڵات، ساڵی 2016، جەنگێکی قورس جارێکی دیکە لە نێوان هەردوولادا بەرپابوو، پاش کوژرانی 110 کەس لەهەردوولا، ئەمجارەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری کرد و جەنگەکەی راگرت، فەرەنسا، رووسیا و ئەمریکا کۆمەڵەی "مینسک"یان پێکهێنا، بۆ یەکلاکردنەوەی یەکجاری کێشەکە، بەڵام دانووستانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە 2010دا شکستیان هێنا.

شۆڕش و سەرکوتییەکان

ئەرمینیا لە سەدەی چواردەوە بووەتە کریستیان، لە دوای ساڵی 1991ـەوە ناکۆکی و ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووریی تووندی بەخۆوە بینیوە. ئەو دەوڵەتە خاوەن ئابوورییەکی هەژارە. هیچ سنوورێکی ئاویی نییە و بەوەش لە بەندەر بێبەشە و جوگرافیایەکی داخراوی هەیە، چەندین شۆڕش و کێشەی جیاوازی بەخۆوە بینی. ساڵی 2018، نیکۆل باشینیان بووە سەرۆکی وڵات و چاکسازیی زۆری ئابووری و هەڵمەتی نەهێشتنی گەندەڵی لە وڵاتەکەدا ئەنجامدا.

هەرچی ئازەربایجانە، لە ساڵی 1993وە یەک ماڵبات بەڕێوەی دەبات. لەوکاتەوە حەیدەر عەلییڤ، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی سۆڤیەت، بە "چەپۆکێکی تووند" دەستی بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا گرت تاوەکو تشرینی یەکەمی 2003، کە ئیلهام عەلییڤی کوڕی پاش چەند هەفتەیەک لە کۆچی دوایی باوکی، چووە سەر کورسی دەسەڵات.

ئیلهام هاوشێوەی باوکی، رێگەی بە سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتەکەدا نەدا و ساڵی 2017، میهرەبانی هاوسەری، بە جێگری سەرۆکی وڵات دەستنیشانکرد.

تورکیا و رووسیا

ئازەرییەکان بە زمانێکی زۆر نزیک لە زمانی تورکی قسە دەکەن. تورکیاش ئازەربایجانی کردە هاوپەیمانی سەرەکیی خۆی لە ناوچەکەدا. ئەو هاوپەیمانییە لە خاڵی دوژمنایەتیی هەردوولادا بۆ ئەرمینیا یەکدەگرێتەوە، ئەنقەرە بەردەوام دووپاتیدەکاتەوە، هاوکاریی باکۆ دەکات بۆ بەدەستهێنانەوەی ناگۆرنی قەرەباخ. لە دوایین جەنگی نێوان هەردوولاشدا کە هێشتا بەردەوامە، تورکیا پشتگیری خۆی بۆ ئازەربایجان دووپاتکردەوە.

ئەرمینیا رقێکی مێژوویی لە تورکیا هەیە، بە تایبەت کە ئەرمەنییەکان تورکیا بە جینۆسایدی نزیکەی ملیۆن و نیوێک ئەرمینی لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا تۆمەتبار دەکەن.

رووسیا کە گەورەترین هێزی ناوچەکەیە، پەیوەندیی باشتری لەگەڵ ئەرمینیادا هەیە تاوەکو ئازەربایجان، بەڵام مۆسکۆ چەک بە هەردوولا دەفرۆشێت. یەریڤان ئەندامی چەندین هاوپەیمانیی ناوچەییە، کە مۆسکۆ سەرپەرشتییان دەکات، دیارترینیان رێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە. ئەرمینیا لە رووی پشتگیری سەربازییەوە زۆر پێویستی بە رووسیا هەیە، بۆ راوەستانەوە بەرامبەر ئازەربایجان، لە کاتێکدا ئازەربایجان وڵاتێکی دەوڵەمەندە و جبەخانەیەکی گەورەی چەکی بونیادناوە.

نەوت بەرامبەر ناوبانگ

ئازەربایجان هەوڵی زۆر دەدات بۆ جوانکردنی دیمەنی خۆی لە دەرەوە، بەتایبەت لە رۆژئاوا. ئەو وڵاتە دەیەوێ وێنای خۆی، وەک دەوڵەتێکی تاک دەسەڵاتیی ژێر دەستی خزمخزمێنە بسڕێتەوە، سەرچاوە سرووشتییەکانیشی لەو پێناوەدا بەکاردەهێنێت.

باکۆ وەبەرهێنانی زۆری لە گرێبەستەکانی تایبەت بە تۆپی پێ کردووە، لەنێویاندا میوانداریکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2020 کە بەهۆی کۆرۆناوە بۆ هاوینی داهاتوو دواخرا. وڵاتەکە میوانداریی ژمارەیەک یاری ئەو پاڵەوانیەتییە دەکات و لە 2016ـەوە گەڕێکی پێشبڕکێکانی فۆرمۆلا وەن، لە باکۆ بەڕێوەدەچن.

باکۆ دەیەوێ خۆی وەک جێگرەوەی سووتەمەنیی رووسیا، پێشانی ئەوروپا بدات.

هەرچی ئەرمینیایە سوودی زۆری لە نەوەی ئاوارە و کۆچکردووەکانی وڵاتەکە وەرگرتووە و ئەوان بۆ پڕوپاگەندە، لە بەرژەوەندیی خۆی بەکاردەهێنێت، دیارترین ئەو کەسانەی ئەو خزمەتەیان پێشکێشی وڵاتەکە کردووە، کیم کارداشیانە، لەگەڵ یۆری جۆرگایێڤ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، کە هەردووکیان بەڕەچەڵەک ئەرمینین.

باخچەی پشتەوەی پێکدادانی رووسیا و ئەمریکا

ترسی سەرەکیی ئازەربایجان لە کێشەکانی لەگەڵ ئەرمینیا، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە چەند ساڵی رابردوودا، هەر دەوڵەتێکی نزیک لە سنوورەکانی رووسیا، بادانەوەی زۆری بەلای رۆژئاوادا کردبێت، دواتر بەشێکی خاکەکەی لەبەرژەوەندیی رووسیا لەدەستداوە. دیارترین نموونە جۆرجیایە کە ئەبخازیا و ئۆسیتیای باشووری لەدەستدا، کاتێک ویستی ببێتە ئەندامی ناتۆ لە 2008دا. هەروەها دوای رێککەوتنی ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا بۆ بوونە ئەندام لە "رێککەوتنی هاوبەشی رۆژهەڵات"، رووسیا دەستیگرت بەسەر نیمچە دوورگەی کریمیا و بەشێک لە خاکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا.

چاودێران پرسی سەرەکییان لە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی پێکدادانە نوێیەکانی ئەمجارەیە. بەتایبەت کە هەموو شەڕەکانی رابردووی نێوان هەردوو وڵات، پاشخانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییان هەبووە و تێکگیربوونی ململانێی گەورەکان لە شوێنێکدا، سەریکێشاوە بۆ سەرهەڵدانەوەی جەنگی نێوان هەردوو وڵات، گەرچی بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت.

لەبەرئەوەی گۆڕەپانی شەڕەکە ژمارەیەکی بەرچاوی دەستی شاردراوە و بەرژەوەندیی وڵاتانی تێدایە، سەیر نییە لە ناکۆکییەکانی نێوان یەریڤان و باکۆدا، هەر کەسە بەدوای بەرژەوەندیی خۆیدا بگەڕێت یان ئاشتیی بخوازێت لەپێناو دڵنیابوون لەوەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی ناگات. کەواتە ئەو بەرژەوەندییانە چییە کە هەریەک لە وڵاتانی پشتگیریکەری ئەو دوو وڵاتە، بەشوێنیدا دەگەڕێن؟

رووسیا

لە ترسی تورکیای دوژمنی مێژوویی، ئەرمینیا هاوپەیمانیی درێژخایەنی لەگەڵ رووسیادا کردووە، بۆ مانەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر خاکەکەی، ئەمە وایکردووە هەندێک ململانێیەکەی ئازەربایجان و ئەرمینیا، بە بەردەوامبوونی دوژمنایەتییە مێژووییەکەی، نێوان ئەرمەنەکان بەرامبەر ئازەر و تورکەکان ببینن.

مۆسکۆ دەزانێ کە یەریڤان زۆر پێویستی بە بوونی ئەو هەیە، بەڵام لەدەستدانی ئەرمینیا وەک هاوپەیمان، مانای لەدەستدانی یەکێکە لە باخچەکانی پشتەوەی پاشماوەی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ رووسیا، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەژموون و قەڵەمڕەویی رووسیادا دەبێت لە توانای مانۆڕکردن لە ناوچەکەدا و بەشێک لەو هێزە کەمدەکاتەوە کە رووسیا بەهۆیەوە خۆی وەک هێزێکی نێودەوڵەتی لە جیهاندا پێشاندەدات.

بۆ مۆسکۆ، یەریڤان هاوپەیمانێکی ئابووریی و ستراتیژیی گرنگە، قەبارەی وەبەرهێنانی رووسیا چوار ملیار یۆرۆیە. ئەمە کۆی %40ـی وەبەرهێنانی بیانییە لە ئەرمینیادا. رووسیا کۆنترۆڵی ژمارەیەک دامەزراوەی ستراتیژیی لەنێو ئەرمینیادا کردووە، ئەوە جیا لەوەی بنکەیەکی سەربازیی گەورەی لە یەریڤاندا هەیە.

زۆرینەی چاودێران پێیانوایە، لەدوای وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەرمینیاوە لەلایەن نیکۆل باشینیان، ئەو وڵاتە هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەنێوان رووسیا و رۆژئاوادا هاوسەنگ بکاتەوە و ئەو هەنگاوەش لە بەرژەوەندیی باکۆیە.

کرملین هەژموونێکی زۆری لە یەریڤاندا هەیە، سەرچاوەکانی وزەی وڵاتەکە و ژێرخانە هەرە گەورەکەی، بەدەست سۆڤیەتەوەیە.

بۆ رووسیا بەرژەوەندییەکە لەوەدایە کە پەیوەندی لەگەڵ هەردوولادا هەبێت، چونکە ئەو پێویستی بە ئەرمینیایە وەک هاوپەیمانێکی باو، هەروەها بە ئازەربایجانیش وەک وڵاتێکی خاوەن پێگەیەکی جوگرافی و سیاسیی گرنگ.

مۆسکۆ و باکۆ لە چەندین بواردا پەیوەندییان هەیە، لە ئاسایشەوە تاوەکو وزە، ئەوە جیا لە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی دەریای قەزووین و پرۆژەکانی گواستنەوە. بەرژەوەندیی رووسیا لەگەڵ هەردوو وڵاتدا، وا دەکات رووسیا پاڵنەری سەرەکی نەبێت لە جەنگدا، چونکە گۆڕینی ئەرمینیا یان ئازەربایجان بۆ جۆرجیا یان ئۆکراینایەکی نوێ، واتای لەدەستدانی یەکێک لەو دوو وڵاتە، مۆسکۆش نایەوێت ئەوە بکات، چونکە پێویستی بەمانەوە لە ناوچەکە و بەردەوامبوون لەگەڵ هەردوو وڵاتدا هەیە.

رووسیا هاوپەیمانە لەگەڵ هەردوولادا، رۆڵی میانگێڕێکی قبووڵکراو بۆ هەردوولا دەبینێت. ئازەرییەکان هیچ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ رووسەکاندا نییە، بەڵام رووسیا 94%ـی کۆی چەکی سوپای ئەرمینیا دابیندەکات، لەنێویاندا فڕۆکەکانی سۆخۆی 30. هەمان کات 31%ـی چەکی سوپای ئازەربایجان، رووسیا دابینی دەکات.

ئێران

ئێران هاوسنووری هەردوو وڵاتە و نزیکە لە ناوچەی شەڕەکانیشەوە. لە رووی مەزهەبییەوە دەبێ ئێران هاوپەیمانی ئازەربایجان بێت، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعەن، بەڵام بە کردار هیچ هاوکارییەکی ئەو وڵاتە ناکات. هەرچەندە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێیەکەوە، ئێران وەک بێلایەن خۆی پێشاندەدات، بەڵام لایەنگرێکی ئاشکرای ئەرمینیایە. هەرچەندە لۆژێک لە لایەنگریی ئێراندا نییە بۆ ئەرمینیا لە شەڕی ئازەربایجاندا، بەڵام ئەو پەیوەندییەی تاران لەگەڵ یەریڤاندا هەیەتی، لە پەیوەندی تاران و زۆر دەوڵەتی دیکەی ئیسلامی لە ناوچەکەدا، بەهێزترە.

ئێران و ئەرمینیا پێویستیان بەیەکدی هەیە، ئێران لە رێگەی ئەرمینیاوە رێڕەوێکی جێگرەوە بۆ گواستنەوە بەرەو رووسیا و ئەوروپا دابیندەکات. ئەرمینیاش لای خۆیەوە بەهۆی ئێرانەوە، دەرچەی بۆ داخرانی رێگە وشکانییەکان بەهۆی ئازەربایجان و تورکیاوە بەدەستخستووە. ئێران پشتگیری ئەرمینیا دەکات بەهۆی ئابوورییەوە بە پلەی یەکەم، چونکە یەریڤان هاوبەشی تارانە لە وزەدا، فرۆشیاری سەرەکیی وزە بە یەریڤان، تارانە. هەروەها لاوازکردنی کەمینەی ئازەری لە ئێراندا بۆ تاران گرنگە، تا ئەو کەمینەیە داوای مافی زیاتر نەکەن.

تورکیا و ئازەربایجان بە دڕدۆنگییەوە لە هاوپەیمانیی نێوان ئەرمینیا و ئێران دەڕوانن. بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئازەربایجان لە رووی وزەوە، دژی ویستەکانی تارانە لە ناوچەکەدا. جیا لەوەش ئێران پەیوەندی باشی لەگەڵ رووسیادا هەیە لە زۆر رووەوە، ئەوەش وا دەکات ئێران زیاتر لایەنگیریی یەریڤان بێت تاوەکو باکۆ.

ئێران کە دەسەڵاتەکەی شیعەیە، پشتگیری ئازەربایجان ناکات کە کەمینەیەکی سوونە، دەسەڵاتیان بەسەر زۆرینەیەکی شیعەی وڵاتەکەدا سەپاندووە. سێ لەسەر چواری دانیشتووانی ئازەربایجان شیعەن و لایەنگری مەرجەعە شیعەکانی ئێرانن لە قوم و تەبرێز.

بەشێکی ناکۆکی ئێران و ئازەربایجان، بۆ ئەو بۆچوونە لێکدەدرێتەوە کە پێیوایە ئێران وەک بەشێکی خاکەکەی سەیری ئازەربایجان دەکات و پێیوایە ئەو وڵاتە لە بنەمادا، بەشێک بووە لە هەرێمی ئازەربایجانی ئێران و دەبێ ئێستا پارێزگایەکی ئێران بێت.

ئێران هەروەها ترسی لە پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و ئازەربایجان هەیە، وایدەبینێت، ئیسرائیل بەهۆی باکۆوە، دەگاتە سەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی.

تورکیا

تورکیا بەهۆکاری مێژوویی، ئایینی، رەچەڵەک و ئابووری لەپاڵ ئازەربایجاندا راوەستاوە. ئەنقەرە بە روونی هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە و بەتەواوی لەگەڵ ئازەربایجاندایە، بۆ بەدەستهێنانەوەی "خاکە داگیرکراوەکەی". بەپێچەوانەی زۆر لایەنی دیکەوە، کە بێلایەنیی خۆیان لەسەرەوە رادەگەیێنن و لە ژێرەوە هاوپەیمانیی لایەنێکن.

هاوبەشیی تورکیا لەگەڵ ئازەربایجان، لە دوو چوارچێوەی یاساییدا رێکخراوە. یەکەمیان رێککەوتنی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووە، کە رێگەدەدات بە مەشقدانی ئەندامانی دامەزراوەی سەربازیی و سوپای ئازەری، لە دامەزراوە سەربازییەکانی تورکیادا. چوارچێوەی دووەم، بریتییە لە رێککەوتنی "هاوبەشی ستراتیژی" کە بە دەق تێیدا هاتووە، هەردوو وڵات هاوکاریی یەکدی دەکەن بۆ بەرگری لەخۆکردن ئەگەر پێویستیکرد. بەوەش دەکرێ هەردوو وڵات، کەرەستە سەربازییەکانیان بۆ هاوکاری یەکدی بەکاربهێنن.

سەرۆکی ئەرمینیا لە دوای لێدوانی بەرپرسانی تورکیا بەپشتگیری ئاشکرایان بۆ ئازەربایجان، ترسی خۆی لەوە دەربڕی تورکیا، بەتەواوی دەستبخاتە ناو شەڕەکەوە لە بەرژەوەندیی ئازەرییەکان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، رێگری لەو هەنگاوەی تورکیا بکەن.

سەرچاوە ئەرمینییەکان زیاتر لە مانگێکە دووپاتیدەکەنەوە، تورکیا بەکرێگیراوی سووری لە وڵاتەکەیەوە رەوانەی ئازەربایجان کردووە، بۆ پشتگیری هێزەکانی ئەو وڵاتە، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر لە لیبیادا کردوویەتی. هەندێک سەرچاوە باس لە بەشداریکردنی بەکرێگیراوە سوورییەکان لە شەڕەکانی دوێنێدا دەکەن.

یەریڤان دوێنێ یەکشەممە بوونی نزیکەی چوار هەزار بەکرێگیراوی سووریای، لە هێرشەکانی ئازەربایجان بۆ سەر خاکەکەی راگەیاند. ئاژانسی دەنگوباسی "ئەرمەن پرێس" بڵاویکردەوە، "بەکرێگیراوە سوورییەکانی تورکیا بەشدارییان لە شەڕەکانی بەرەبەیانی یەکشەممەدا کردووە و 81 ئەندامیان لێ کوژراوە".

تورکیا یەکەم وڵات بوو لە ساڵی 1991دا دانی بە سەربەخۆیی ئازەربایجاندا ناو و پەیوەندی لەگەڵیدا دروستکرد. هەندێک سەرچاوە پێیانوایە هۆکارێکی سەرەکی لە پشتگیریی بەردەوامی ئەنقەرە بۆ باکۆ، بەکارهێنانی دۆسێی قەرەباخە وەک کارتێکی فشار لەسەر یەریڤان، کە دەیەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا داننان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەسەر دەستی دەوڵەتی عوسمانیدا بەدەست بهێنێت و بەوەش ئەنقەرە، بخاتە ژێر سزای نێودەوڵەتی و پێبژاردنی قەرەبووەوە.

هاندەرێکی دیکە بۆ ئەوەی ئەنقەرە پشتگیری باکۆ بکات، پەڕینەوەیە بۆ ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی قەوقاز لە نزیک سنوورەکانی رووسیا، کە کارتی فشارەکانی تورکیا لە بەرامبەر رووسیادا، لە هەردوو دۆسێی لیبیا و سووریادا بەهێرتر دەکات.

ئیسرائیل

ئیسرائیل و ئازەربایجان، هاوپەیمانییەکی بەهێزیان هەیە. هەرچەندە دەسەڵاتی نوێی ئەرمینیا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەدات، بەڵام ناتوانێ هەنگاوی زۆر لەو رووەوە بنێت، چونکە ترسی لە نیگەرانبوونی ئێران هەیە.

ئیسرائیل یەکێکە لە دیارترین ئەو لایەنانەی چەک دەداتە باکۆ. ساڵی 2011 هەندێک بەڵگەنامەی ئەمریکی لە "ویکلیکس"دا بڵاوبوونەوە دەریدەخەن، ئیسرائیل و ئازەربایجان گرێبەستی چەندین ملیۆن دۆلارییان بۆ فرۆشتنی چەک واژۆ کردووە. هەردوو وڵات هەروەها پەیوەندیی ئابووریی پتەویان پێکەوە هەیە. ئیسرائیل یەکێکە لە پێنج گەورەترین هاوبەشە ئابوورییەکانی باکۆ. لە کاتێکدا باکۆ یەکێکە لە فرۆشیارە سەرەکییەکانی نەوت بە تەلئەڤیڤ.

ئاساییە ئەگەر بۆچوونی ئێران لەسەر باکۆ وەک هاوپەیمانێکی ئیسرائیل، وەک خۆی لێکبدرێتەوە، چونکە تەلئەڤیڤ، بە بڕوای چاودێران هەمان بۆچوونی هەیە، پێیوایە پەیوەندیی باش لەگەڵ ئازەربایجان، دەستی ئەو دەگەیێنێتە سەر سنوورەکانی ئێران.

ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا

کۆمەڵەی "مینسک"، کە دیپلۆماتکارانی فەرەنسا، رووسیا و ئەمریکا لەخۆ دەگرێت، بەردەوام میانگیریی دەکات بۆ دانووستانی نێوان یەریڤان و باکۆ، بەڵام ئەو دانووستانانە لە شوێنی خۆیان ناجووڵێن، لە کاتێکدا دوایین رێککەوتنی نێوان هەردوولا بۆ راگرتنی شەڕ بوو لە 1994دا. واشنتن ناوە ناوە هەوڵی نزیککردنەوەی هەردوو وڵات دەدات، بەڵام هەوڵەکانی هیچ بەرهەمێکیان نەبووە.

جەنگەکە لە رووی ئابوورییەوە

بێگومان بەرژەوەندییە ئابوورییەکان رۆڵی گەورەیان لە هەڵگیرسانەوەی هەر گەڕێکی شەڕ یان ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا هەیە. ئازەربایجان لەدوای 1994ـەوە، کاری زۆردەکات بۆ ئەوەی ئەرمینیا سوود لە هیچ پرۆژەیەکی ناوچەکە نەبینێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بۆرییەکانی نەوت و گازەوە هەیە بۆ ئەوروپا. ئەو بۆرییانە بە سنووری نێوان ئازەربایجان و جۆرجیادا دەپەڕنەوە بۆ تورکیا.

ئەرمینیا ئابڵوقەیەکی ئابووری بەرچاوی لەسەرە، تورکیا سنوورەکانی خۆی لەگەڵیدا داخستووە و ئازەربایجانیش بەهەمان شێوە، بۆیە ئەو سنوورانەی بەدەست یەریڤانەوە ماونەتەوە، سنوورێکی کورتن لە باشووردا لەگەڵ ئێران و لە باکووردا لەگەڵ جۆرجیا. لەبەرئەوە ئەرمینیا و هەرێمی قەرەباخ، ماوەی چەند ساڵێکە لە دۆخێکی ئابووریی خراپدا دەژین، چونکە دەرچەی دەریاییان نییە و درێژترین سنوورەکانیان لەسەر داخراوە.

ئازەربایجان لە رووی ئابوورییەوە 90%ـی داهاتی خۆی لە نەوت و گازەوە دابیندەکات، کەچی ئەرمینیا پشت بە هەناردەکردنی کانزا گرانبەها و ناگرانبەهاکان دەبەستێت، لەگەڵ ئامێر و کەرەستەی گەڕان بەدوای ئەڵماسدا. کەرتی پیشەسازیی پێکهێنەری سەرەکی بەرهەمی ناوخۆیی ئەرمینیایە، کە دەگاتە 14 ملیار دۆلار.

ئەرمینیا خاوەنی 10 ملیۆن هاونیشتمانییە و ئەرمینیا تەنیا 3 ملیۆن دانیشتووی هەیە. ئازەربایجان ئەگەرچی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر لە 47 ملیار دۆلارە، بەڵام داهاتی تاک لە هەردوو وڵاتدا نزیکە لەیەک و 4.6 هەزار دۆلارە لە ساڵێکدا.

هیچ سەرچاوەیەکی سرووشتی لە هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخدا نییە، بۆ ئەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا شەڕی لەسەر بکەن، بەڵام هەرێمەکە بایەخی ستراتیژی هەیە بۆ هەردوو وڵات.

هەڕەشە گەورەکەی سەر هێڵەکانی گواستنەوە

چەند پسپۆڕ و ئابووریناسێک بۆ رۆژنامەی "ئیندیپێندێنت" یان ئاشکرا کردووە، ململانێی نێوان هەردوو وڵات بۆیە جێگەی سەرنجی جیهانە، چونکە شەڕی هەرێمەکە، مەترسیی زۆر گەورە لەسەر ناردنی وزە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا دەکات، ئەمە جیا لە رۆڵە لۆجیستییەکەی ناوچەکە لەسەر وزەی جیهان.

شارەزایان دەڵێن، هەڕەشەکان راستەوخۆ لەسەر بۆریی گواستنەوەی نەوت و گازی ناوچەکەیە، کە بەرهەمهێنەرەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە بازاڕەکانی جیهانەوە دەبەستێتەوە. لەبەرئەوەی شەڕەکان لە نزیک بۆرییەکان روودەدەن و ئەوەش، زلهێزەکان ناچار بەهاتنە ناوەوە و ئاوکردن بە ئاگرەکەدا دەکات.

ناوچەکە کە خاڵی بەیەکگەیشتن و وێستگەی گەورەی گواستنەوەی نەوت و گازە، سێ لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گازی سرووشتی لە جیهاندا لەخۆدەگرێت، ئەوانیش رووسیا، ئێران و ئازەربایجانن. ئەمە جیا لە سێ وڵات، کە پشت بە داهاتەکانی گاز دەبەستن و پێکهاتوون لە ئەرمینیا، جۆرجیا و تورکیا.

تورکیا زیانمەندی هەرە گەورەیە

شارەزایان بە "ئیندیپێندێنت"یان راگەیاندووە، زیادبوونی کردە سەربازییەکان لەنێوان هەردوولادا، دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی مەترسییەکانی سەر نەوتی جیهان و ژێرخانی گاز. هەروەها تورکیا زیانی زۆری بەردەکەوێت، چونکە پشت بە نەوت و گازی ئەو ناوچەیە دەبەستێت.

هێڵی گازی باشووری قەوقاز، گازی سرووشتیی ناوچەکە لە رێگەی ئەنادۆڵەوە دەگوازێتەوە و ئەوەش سەرچاوەی سەرەکیی بەردەستی ئەنقەرەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وزەی رووسیا. تورکیا چەندین ساڵە کاردەکات بۆ فرەکردنی سەرچاوەکانی وزەی وڵاتەکەی، بەڵام هێشتا بەپلەی یەکەم هەر پشت بە رووسیا دەبەستێت.

سەرچاوەکان پێشتر ئاشکرایانکردووە، ئەو گازەی لە رووسیاوە بە تورکیا دەگات، گرانە و دوو هێندەی ئەو نرخەیە کە لە بەرامبەر گازدا وەردەگیرێت کاتێک بە ئەوروپا دەفرۆشرێت، هەر ئەوەش پاڵنەری سەرەکیی تورکیایە، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەی گاز.

بەهۆی دابینکردنی گازی ئازەربایجانەوە لە رێگەی هێڵی ئەنادۆڵەوە، تورکیا خەرجییەکانی خۆی لە گازدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە. هەلی قوڵبوونەوە و فراوانتربوونی گرێبەستی گازی ئازەربایجان بۆ تورکیا فراوانتر دەبێت لە 2021دا، چونکە لەو ساڵەدا گرێبەستی نێوان تورکیا و رووسیا بۆ فرۆشتنی گاز تەواو دەبێت و دەکرێ ئەنقەرە، رووگەی کڕینی گازی خۆی، بەتەواوی روو لە باکۆ بکات لە بری مۆسکۆ. ئەمە بازاڕێکی باشی گاز لەدەستی رووسیا دەدات.

ئەو هێڵەی گازی ئازەربایجان بۆ تورکیا دەگوازێتەوە، ناوی هێڵی "باکۆ-تیبلیسی-ئەرزەڕۆم'ـە. هێڵەکە بە ناوچەی تۆڤۆزی ئازەربایجاندا تێدەپەڕێت و ئەو ناوچەیە هاوسنووری ناوچەی تاڤۆشە لە ئەرمینیا، کە پێکدادانەکانی تێدا روودەدەن.

دونیا لەبری ئەرمینیا و ئازەربایجان بڕیار دەدات

گەرچی جەنگەکە بەرپابووەتەوە و دوور نییە خاوەنی یەکێک لە دەستەکانی پشتی پەردە، پێویستی بەهەڵایسانی ئەم گەڕەی جەنگ هەبووبێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو. بەڵام زۆرینەی ئەو وڵاتانەی لە ناوچەکە و لە بەرژەوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا بەشدارن، سەرکۆنەی ئەم گەڕە نوێیەی جەنگەکەیان کرد، ئێران داوای دانبەخۆداگرتنی "هەردوو دۆست"ی کرد.پووتین هەمان قسەی دووپاتکردەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای دانبەخۆداگرتنی لە هەردوولایەن کرد.

لەنێو ئەو وڵاتانەدا کە بەرژەوەندیی راستەوخۆیان بە ناوچەکەوە هەیە، تەنیا هەڵوێستی تورکیا جێگەی سەرنج بوو کاتێک، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی "ناوچەکە ئارامی و ئاشتی بەدەستدەهێنێتەوە، ئەوکاتەی ئەرمینیا لە خاکە داگیرکراوەکەی ئازەربایجان کشایەوە... ئازەربایجان ناچاربووە خۆی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات". گوتیشی "بەسە! ئیدی کاتی لێپرسینەوەیە".

Rudaw Digital
Edited by: Brwa Kyan


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif