چیرۆكی نیشتیمانسازی (ده‌رباره‌ی ئه‌زموونی حوكمڕانی به‌رهه‌م ساڵح)

ليست هناك تعليقات

 


ئومێد قەرەداخی
-
یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی سیاسه‌ت له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، بیناكردنی نیشتمانه‌، نیشتمان نه‌ك به‌ ته‌نها خاكێك یان روبه‌رێكی جوگرافی دیاریكراو، به‌ڵكو به‌ مانا سیاسیه‌كه‌ی، دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێك داموده‌زگای نیشتمانی ئه‌و تۆ كه‌ له‌ سایه‌یدا سه‌رجه‌م هاوڵاتیان هه‌ست به‌ لانیكه‌می دادپه‌روه‌ری بكه‌ن و خزمه‌تگوزارییه‌ بنچینه‌ییه‌كان ده‌سته‌به‌ر ببێت ، كاتێك سیاسه‌ت و حوكمرانی ئه‌م ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ ناكات ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نیشتمان ئه‌بێت بازارێك بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی نوخبه‌ی حوكمڕان، ئه‌بێته‌ كۆمپانیای خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن ، ئه‌م دۆخه‌ پتر له‌ هه‌ر كاتێكی تر به‌ واقعی سیاسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دیاره‌، كوردستان بۆته‌ ناوه‌ندی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و دروستبوونی ئه‌رستۆكراتیه‌تی حزبی.
له‌نێو ئه‌و واقعه‌ سیاسیه‌ خراپه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ، به‌رهه‌م ساڵح ، سه‌رۆك كۆماری عێراق ، جیاواز له‌ هه‌موو سه‌ركرده‌ و حوكمرانه‌كانی تر خاوه‌نی چیرۆكیكی جیاوازه‌ ، كه‌ سه‌راپای مێژووی سیاسی ئه‌و به‌و چیرۆكه‌ ئه‌ناسرێته‌وه‌ ، چیرۆكی نیشتیمانسازی ، چیرۆكی بیناكردنی نیشتیمان ، نیشتیمانێك كه‌ خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ بێت و پاشكوی هیچ ده‌وڵه‌تتێك نه‌بێت ، چیرۆكیك كه‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی هه‌موانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ یاسا ، دابینكردنی گوزه‌رانێكی شایسته‌ بۆ هاوڵاتیان و زیاتركردنی كۆمه‌كی حكومییه‌ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان ، چیرۆكی شه‌فافیه‌ت و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌ و به‌ دامه‌وه‌زراوه‌یكردنی كاروباره‌كانه‌ ، دورخستنه‌وه‌ خزمایه‌تی و مه‌حسوبیه‌ته‌ له‌ كاروباری حكومیدا، بۆ رونكردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌ .


یه‌كه‌م: به‌رهه‌م ساڵح و هێڵی نیشتیمانی له‌ سیاسه‌تدا 
یه‌كێك له‌ سیما دیاره‌كانی سیاسه‌تی سه‌رۆك كۆمار ، بوونی ئیراده‌یه‌كی نیشتیمانییه‌ له‌ سیاسه‌تدا ، ته‌سلیمنه‌بوونه‌ به‌ هه‌ژموونی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی ، كاتێك سه‌رنجی ژیانی سیاسی به‌رهه‌م ساڵح ئه‌ده‌ین ، هه‌م له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا و هه‌م له‌ ته‌واوی وێستگه‌ گرنگه‌كانی ژیانی سیاسی خۆیدا ته‌سلیم به‌ هه‌ژموونی سیاسی وڵاتانی دیكه‌ نه‌بوه‌ ، به‌تایبه‌ت وڵاتانی هه‌رێمی وه‌ك ئێران و توركیا ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هێمایه‌كی گه‌وره‌ی به‌رگری له‌ سیاسه‌تی نیشتیمانی و سه‌ربه‌خۆیی بریاری سیاسی نیشانداوه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ ئه‌كرێت دوو نموونه‌ی جیاواز بهێینینه‌وه‌ ، له‌ ئاكامی خۆپیشاندانه‌كانی عێراقدا ، سه‌رۆك وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌ ، بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ، ئێران و كوتله‌كانی شیعه‌ی هاوپه‌یمانی و حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو هێز و وزه‌ی خۆیان به‌كارهێنا بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر سه‌رۆك كۆمار بۆ راسپاردنی ئه‌سعه‌د عێدانی كاندیدی كوتله‌ی بینای شیعه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ سه‌ر هه‌ره‌شه‌ی كوشتن له‌ سه‌رۆك كۆمار ، به‌ڵام سه‌رۆك كۆمار به‌ ئیراده‌یه‌كی سیاسی نیشتیمانییه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌م ئاڵنگاری و هه‌ره‌شانه‌ وه‌ستایه‌وه‌ ، یه‌ك له‌ دوایه‌ك كاندیدی كوتله‌ی بینای ره‌تكرده‌وه‌ ، به‌مه‌ش سه‌رۆك كۆمار نیشانی هه‌موولایه‌كیدا كه‌ ناكه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی ده‌وڵه‌تێكی زه‌به‌لاحی خاوه‌ن نفوزی وه‌ك ئێرانه‌وه‌ ، نموونه‌ی دوه‌میش ، كاتێك په‌لاماری توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد ، تاكه‌ كه‌سایه‌تی و خاوه‌ن پێگه‌یه‌ك به‌ روونی و دور له‌ ته‌مومژی زمانی دیبلۆماسیه‌ت ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی كرد به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق بوو ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشدا ئیدانه‌ی په‌لاماره‌كانی توركیا نه‌كراوه‌ ، ئه‌م هه‌ڵویسته‌ش دیسانه‌وه‌ نیشانیدا كه‌ به‌رهه‌م ساڵح نه‌كه‌وتوته‌ ژێر هه‌ژموونی دوو ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی دراوسێی عێراقه‌وه‌ و به‌ ئیراده‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆوه‌ سیاسه‌ت ئه‌كات ئه‌مه‌ له‌ كاتَێكدا هێزه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونگه‌ره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ، له‌ ژێر هه‌ژموون و باڵاده‌ستی توركیا و ئێراندان ، توركیا به‌ ته‌نها 26 بنه‌كه‌ی سه‌ربازی له‌ نێو خاكی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ، هه‌ركات بیه‌وێت و شار و گوند و ناوچه‌ ئاوه‌دانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆردومان ئه‌كات، هه‌ژموونی ته‌واوی به‌سه‌ر بازار و ئابووری كوردستاندا هه‌یه‌ ، ئێرانیش به‌راده‌یه‌كی كه‌متر كاریگه‌ر و هه‌ژمونداره‌ ، ئه‌وه‌ی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئیراده‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌ ، ئه‌و نه‌كوتوته‌ ژێر فشاری هێچ یه‌كێك له‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمییه‌وه‌

دوه‌م : تێپه‌ڕاندنی هه‌ژموونی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی
یه‌كێك له‌ گرنگترین خاڵه‌ جیاكه‌ره‌وه‌كانی خه‌باتی سیاسی به‌رهه‌م ساڵح ، تێپه‌راندنی هه‌ژموونی سیاسی بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌ ، كاركردنه‌ وه‌ك ئیراده‌یه‌كی سیاسی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن به‌ها و پره‌نسیپی سیاسی ، بێگومان ئه‌مه‌ له‌ چه‌ندین وێستگه‌ی سیاسی ژیانی سیاسی به‌رهه‌م ساڵحدا ده‌رده‌كه‌وێت ، به‌پێچه‌وانه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانی ئه‌مرۆ له‌ژێر سێبه‌ری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دێن و ئه‌چن ، به‌تایبه‌ت دوای سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئابووری و كۆبوونه‌وه‌ی داهاتی فرۆشتنی نه‌وت له‌ چنكی ماڵباتی بارزانی و پارتیدا ، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆیه‌ و بۆخۆی قوتابخانه‌یه‌كی جودایه‌ له‌ پارتی ، بۆ هه‌موو جوڵه‌یه‌كی سیاسی خۆیه‌ و له‌ژێر سێبه‌ری كه‌سدا نییه‌ ، ده‌كرێت سه‌رنجی ویستگه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆك كۆمار بده‌ین ، سه‌ره‌تا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌بوو به‌رهه‌م ساڵح به‌ فلته‌ری ئه‌واندا بگاته‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به‌لام به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ ، بۆیه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ هه‌موو توانا و قوده‌ره‌تی سیاسیانه‌وه‌ نه‌یاری خۆیان بۆ بوونی ئه‌و به‌ سه‌رۆك كۆمار نیشاندا، ده‌یان ملیۆن دۆلاریان له‌ هۆڵی په‌رله‌مان به‌خشیوه‌ ، به‌ڵام ئاكام به‌رهه‌م ساڵح بوو به‌سه‌رۆك كۆمار ، دواتریش به‌رهه‌م ساڵح ، چ له‌ هه‌رێمی كوردستان و چ له‌ عێراقدا ، به‌وپه‌ری ره‌فتاری به‌رپرسانه‌ و گیانی نیشتیمانییه‌وه‌ ، به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ونی هه‌ژموونخواز بنه‌ماڵه‌ی بارزانی راوه‌ستاوه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا له‌ كوردستاندا لیستیكی دوور و درێژی ناو هه‌یه‌ كه‌ بوون به‌ پاشكۆی بارزانی

سێیه‌م : به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزراییه‌ گشتیه‌كان 
لە مێژووی حوکمرانی ھەرێمی کوردستاندا، حوكمرانی به‌رهه‌م ساڵح نموونه‌ی حوكمرانی خزمه‌تگوزار و به‌رپرسیار بوه‌ به‌انبه‌ر به‌ هاوڵاتیان ، هه‌ر له‌ ئیداره‌ی سلیمانییه‌وه‌ تا کابینەی شەشەم بە سەرۆکایەتی بەرھەم ساڵح ئەکرێت وەک نموونەی ئەم تایپە لە حکومەتی خۆشگوزەران و بەرپرسیار سەیر بکرێت، لەم حکومەتەدا ئەرکی حکومەت بە کردەوە بوو بە دابەشکردنەوە سامانی نیشتیمانی بەسەر ھاوڵاتیاندا لە رێگای زیاترکردنی کۆمەکی حکومەت بۆ خزمەتگوزارییەکان، لەم حکومەتەدا دەرفەتەکانی باشترکردنی جۆری ژیان دوور لە ئینتیمای سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی بۆ ھاوڵاتیان دەستەبەرکرا ، با لەملایەنەوە بە داتا و ژمارە بدویێین.

یەکێک لە ھەنگاوە بە بایەخەکانی کابینەی شەشەم کردنەوەی دەرگای پێشینەکان بوو، پێشینەی ھاوسەرگیری ، خانووبەرە ، پێشینەی کشتوکاڵی و قەرزی پیشەسازی کە ئەمە یەکێکە لە ستراتیجە گرنگەکانی حکومەتی خۆشگوزەران بە ئاڕاستەی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ھاونیشتیمانیان ، بە ئاراستەی باشترکردنی ھەلومەرجی کارکردن و بوژانەوەی بازار و کار ، ئەمە جگە لە بوژانەوەی کۆی ئابووری نیشتیمانی و گۆرینی لە ئابوورییەکی پاوانکراوەوە بۆ ئابووریەکی خۆشگوزەران بۆ ھاوڵاتیان ، لە ئابوورییەکی بەکاربەرەوە بۆ ئابوورییەکی بەرھەمھێن ، بە پێ داتا فەرمییەکان لە پێشینەی ھاوسەرگیریدا (٢١٤٧٦٤) دوسەد و چواردە ھەزار و حەوتسەد و شەست و چوارکەس سودمەندبوون لە پێشینەی ھاوسەرگیری، بری ئەو پارەیەی پێشکەش بەم ژمارە کور و کچەی کورد کراوە بۆ ھاوسەرگیری بڕی شەشسەد و حەفتاو پێنج ملیار و دوسەد و دە ملیۆن دینار بوە ، ھەروەھا ( ١٧١٣٠٣ ) سەد و حەفتا و یەک ھەزار و سێسەد و سێ کەس سودمەندبوون لە قەرزی خانووبەرە، ھەرچی قەرزی سەرمایەگوزاریشە ئەوا (١٥٠٤٧) پانرەھەزار و چل و حەوت کەس قەرزی سەرمایەگوزارییان وەرگرتوە ، پێشینەی کشتوکاَلیش کە بۆ پشتگیری جوتیاران و گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی بوە ( ٧٢٨٩) جوتیار سودمەندی قەرزی گشتوکاڵی بوە و ، لە پێشینەی پیشەسازیشدا ٣٦ کەس سودمەند بوە و بڕی ١٣ ملیار و ٣٧ ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە ، لە کۆی گشتیدا ، لە ماوەی کابینەکەی حکومەتدا (٤٠٨٤٣٠) چوارسەد و ھەشت ھەزار و چوارسەد و سی ھاوڵاتی سودمەند بوە لە پێشینە و قەرزەکانی کابینەی شەشی بەرھەم ساڵح ، ئەم پارانەی بە ھاوڵاتیاندرا، گەرانەوە پارەی خەڵک بوو بۆ خەڵک نەک پارەی خەڵک بۆ نوخبەیەکی سیاسی پاوانکار، خەرجکردنی داھاتی گشتی بوو بۆ خۆشگوزەرانی گشتی ، نەک بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایەی حزب و دروستبوونی چینێکی ئەریستۆکراتی حزبی لەسەروو کۆمەڵگاوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق