رووبەڕووبوونەوەی فەڕەنسا و تورکیا لە لیبیاوە تا کوردستان‌

ليست هناك تعليقات

ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڕەنسا و تورکیا تاکو دێت زیاتر پەرەدەسێنێت، هەوڵەکانی پاریسیش بۆ گۆشەگیرکردنی ئەنقەرە و کورتکردنەوەی دەستی تورکەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامە، فەڕەنسییەکان لە چەند قۆڵ و ناوچەیەکەوە فشاریان خستووەتە سەر تورکیا تاکو رێگربن لەوەی ببنە هێزی خاوەن هەژموونی ناوچەکە، دوایین هەوڵەکانی فەڕەنساش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت.

تورکیا چەند ساڵێکە بە دوای دروستکردنی هەژموون و هێزی خۆیەوەیەتیی لە ناوچەکەدا، هێزی بۆ لیبیا ناردووە، کەی ویستبێتی هێزە هێناوەتە هەرێمی کوردستان و ئۆپراسیۆنی ئەنجامداوە، سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان لە دەریای ناوەڕاست بە دوای غازی سروشتیدا گەڕا و دۆزییەوە، هەموو ئەم ناوچانەش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتوونەتە ناو سنوری بەرژەوەندییە سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەکانی فەڕەنساوە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە فەڕەنسا تاکە وڵاتی ئەورووپایە کە دژ بە سیاسەت و هەنگاوەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا وەستاوەتەوە و داوای سزادانی دەکات، هەموو ئەو هەنگاوانەشی لە یەکێتی ئەورووپاوە دژی ئەنقەرە دەنرێن بە سەرپەرشتی پاریس روودەدەن.


لیبیا؛ یەکەم بەریەککەوتن
لیبیا کە چەندین ساڵ لەژێر داگیرکاریی فەڕەنسییەکاندا بووە، تاکو ئێستاش لای فەڕەنسییەکان هێڵی سورە بۆ هەر وڵاتێک دەستی بۆ درێژ بکات و بیەوێت بیخاتە ژێر هەژموونی خۆی، هەر بۆیە لەو کاتەوەی ئەنقەرە رووی لە لیبیا کرد، کردنەوەی بەرەی جەنگی لەگەڵ پاریس راگەیاند، ئەمەش لای ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەرگیز پەسەندکراو نییە.
یەکەم هەنگاوی پاریس بۆ بچوککردنەوە و گۆشەگیرکردنی ئەنقەرە لە لیبیاوە دەستێپکرد، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش پشتگیری لە خەلیفە حەفتەری دوژمنی تورکیا کرد، لە دوایین هەوڵیشیدا توانی ئاگربەست لە لیبیا بهێنێتە ئاراوە و ئەگەر بە کاتییش بێت، توانی خەونی تورکەکان بۆ وەدەرنانی حەفتەر و سەرخستنی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کۆتایی پێبهێنێت.

پەسەندکردنی ئەم ئاگربەستە لەلایەن فائیز سەراج سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیاش بەبێ گەڕانەوە بۆ تورکیا، دەرخەری هێزی گەورەی فەڕەنسییەکانە لە ناو یەکێتی ئەورووپا و لە ناو مەیدانی جەنگی لیبیاشدا.

پشتگیریکردنی یۆنانییەکان
لەگەڵ ئەوەی وەها دەرکەوتووە کە لە کێشەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا وڵاتانی ئەورووپا پشتیوانی یۆنانن، بەڵام لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا تەنها فەڕەنسییەکانن بە ئاشکرا پشتیوانی یۆنانییەکان دەکەن و بە روونی دژی هەنگاوەکانی تورکیان لە دەریای ناوەڕاست.

لە دوای دەستپێکردنی گەڕانەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی غازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، فەڕەنسا بە قورسییەوە هاتە پێشەوە و لە یەکێتی ئەورووپاوە هەوڵی راگرتنی تورکیا و سزادانی کرد، بۆ ئەمەش چووەتە پاڵ یۆناییەکان تاکو هەست بە تەنیایی نەکەن، بەم جۆرەش پاریس لە دوای لیبیا، لە دەریای ناوەڕاستەوە دووەم بەرەی جەنگی لە دژی ئەنقەرە کردەوە.

فەڕەنسا بە کردەیی لە مانگی رابردوو لەگەڵ یۆنان، ئیتاڵیا و قوبرس مانۆڕێکی هاوبەشیان بە سەرپەرشتی یۆنانییەکان ئەنجامدا، ئەمەش پەیامێکی راستەوخۆی فەڕەنسییەکان بوو بۆ تورکەکان کە یۆنانییەکان بە تەنیا نین و ئەوان بە هێز ئامادەن بە رگرییان لێبکەن.

لوبنان
فەڕەنسا لوبنان بە ناوەند و چەقی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەستوەردانی هەر وڵاتێک لە لوبناندا بە دەستوەردان لە بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی دەزانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە دوای تەقینەوەکەی بەیروتەوە، پاریس بە هەموو هێزی دیپلۆماسیی و ئابووریی خۆیەوە گەڕایەوە لوبنان، ماکرۆنیش وەک یەکەم سەرۆک وڵات سەردانی بەیروتی کرد و بە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شارەکەدا گەڕا، ئەم ئامادەییەی پاریس پەیامێک بوو بۆ هەموو لایەک کە هێزی یەکەم لە لوبنان پاریسە.

فەڕەنسییەکان دەستی تورکەکانیان لە بەیروتیش بڕی، ئەوەش دوای ئەوەی تورکەکان ویستیان هاوکاری بەیروتییەکان بکەن و خۆیان وەک دۆست پیشان بدەن. بەتایبەت دوای ئەوەی فوئاد ئۆکتای جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لە دوای تەقینەوەکەی بەیروت سەردانی لوبنانی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی لوبنانییەکان دەربڕی.

هەرێمی کوردستان؛ نزیکترین بەرەی جەنگ
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ماوەی چەند هەفتەیەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەڕێت و خەریکی هێنانەوەی هێز و هەژموونی وڵاتەکەیەتی بۆ ناوچەکە، بەتایبەت دوای رۆیشتنی قۆناغ بە قۆناغی ئەمریکییەکان، ئەمەش هەلێکە بۆ پاریس تاکو جێگای واشنتۆن لەم وڵاتانەدا بگرێتەوە و بۆ تاران و ئەنقەرەی بەجێنەهێڵێت، یەکێک لەو وڵاتانەش عێراقە بە هەرێمی کوردستانەوە.

لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق ئیمانوێل ماکرۆن پشتیوانی خۆی بۆ عێراقییەکان دووپاتکردەوە لە پاراستنی سەروەری خاک و دەسەڵاتی عێراق لە هەر دەستوەردان و دەستدرێژییەک.

لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ماکرۆن باسی پاراستنی سەروەری عێراقی کردووە، کە مەبەستی هێرشەکانی سوپای تورکیا بووە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەمەش یەکەم پشتیوانی گەورەیە بۆ عێراق بەرامبەر تورکیا کە ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و گەورەترین پشتیوانییە بۆ عێراقییەکان بەرامبەر تورکەکان. 

هەر ئەم پەیامە راستەوخۆیەی فەڕەنسا بۆ تورکیا وای کرد دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ماکرۆن نێچیرڤان بارزانی بگاتە ئەنقەرە و لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە، چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەکە لە تویتێکدا نووسی، "باسمان لە پەیوەندییە هاوبەشەکانمان کرد، لەنێویشیاندا رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە."

ئەم پەیامەی چاوشئۆغڵو وەڵامی تورکیا بوو بۆ ماکرۆن کە پشتیوانی لە سەروەری عێراق کرد کە مەبەستی هێرشەکانی تورکیا بووو بۆ سەر پەکەکە لە خاکی هەریمی کوردستان، ئەمەش وەڵامی تورکیا بوو بۆ ئەو بەرەیەی فەڕەنسییەکان دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە لە دژی تورکەکان بیکەنەوە.

رۆژئاوای کوردستان
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا راگەیاند، فەڕەنسا رایگەیاند، ئەوان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات دەمێننەوە، ئەمەش نزیکترین بەرەی رووبەڕووبوونەوەی فەڕەنسا و تورکیایە، بەتایبەت کە رۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی سنوری ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی فەڕەنسادا بووە، واتە فەڕەنسا لە هەموو ئەو خاکانەوەی کە پێشتر داگیری کردوون دەستی بە فشار کردن کردووە بۆ سەر هەوڵەکانی تورکیا لەم ناوچانەدا تاکو گۆشەگیر و سنورداری بکات.

لێرەوە تورکیا دەیەوێت تۆڕێک لە وڵاتانی ناوچەکە دروستبکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەنگاوەکانی تورکیا، ئەم وڵاتانەش لەبەرئەوەی لە بەرامبەر تورکیادا لاوازن، پێشوازی لەم پشتگیرییەی پاریس دەکەن و ئامادەن بچنە نێو ئەم تۆڕە لە هاوپەیمانییەتەوە کە پاریس سەرکردایەتی دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif