سەرۆكی حكومەت زەنگی خوێندنی لێدا

ليست هناك تعليقات



بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە قوتابخانەکانی بەحرکەی هەولێر، زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قۆناخی 12ـی ئامادەیی لێدرا. مەسروور بارزانی گوتی، بەپێی پێداویستییەکان ئەو بەڵێنانەی داومانە جێبەجێی دەکەین.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی قوتابیان و مامۆستایان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردراوە بۆ قۆناخەکانی خوێندن جگە لە 12ـی ئامادەیی میکانزیمی خوێندنی ئەلیکترۆنی پەیڕەو بکرێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ قوتابیان و خوێندکاران هەبوو و گوتی، ئازادی ئەم وڵاتە بەرهەمی رەنج و خەباتی خەڵکی پیش ئێمە بووە، ئەرکی سەرشانی هەموومانە ئەم بەرهەمە بپارێزین. داواتان لێدەکەم رێگە نەدەن هیچ کەس و هیچ شتێک وڵاتەکەتان و مێژووە پڕ سەروەرییەکەی لە بەرچاوی ئێوە ناشرین بکات.

سەبارەت بە کار و بەرنامەکانی حکومەتیش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرنامەی زۆرمان هەبووە بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندن وەک هەموو کەرتەکانی دیکە، بەڵام هەرەسهێنانی باری ئابووری لە جیهان کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەبووە، بەڵام ئێمەی نەوەستاندووە و بەپێی ئەو پێداویستییانەی لەبەردەستمانە، بەردەوام دەبین لە دروستکردن و بەجێ گەیاندنی ئەو پرۆژانەی لە کابینەکەدا بەڵێنمان داوە.

دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان..
قوتابیانی خۆشەویست مامۆستایانی بەڕێز..

خۆشحاڵم خۆم بە بەختەوەر دەزانم، ئەم دەرفەتە رێگەی پێدام بێم لە خزمەتی ئێوە بۆ ئەوەی زەنگی ساڵی نوێ لێبدەین خوێندن بۆ ئەمساڵ دەستپێبکات بە تایبەتی بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی و دواتریش پۆلی یەک و دووی بنەڕەتی.

لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز جەنابی وەزیر بکەم بۆ ماندوبوون و خەمخۆری و ئەو میکانزم و بەرنامانەی کە ئامادەیان کردووە، کە لەم قۆناخە نائاساییەدا لەبەر بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاتنی ئەم پەتایە کە هەموو شتێکی پەکخستووە. دۆخی خوێندنیش بێگومان بەدەر نەبووەو کاریگەری خراپی کردووەتە سەر دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. لەبەر ئەوەش بۆ خۆپاراستنی ئێوە بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی ئێوە و مامۆستا بەڕێزەکانتان بڕیاری ئەوەدراوە دواتر بۆ قۆناخەکانی دیکەی خوێندن بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی میکانزمێک دابنرێت کە خوێندن بەو شێوەیە بەردەوامبێت.

هەروەها سوپاسی جەنابی پارێزگاریش دەکەین بۆ ئەوەی بەهەموو شێوەیەک لە خزمەتی ئێوەدان بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە لەگەڵ هەموو وەزارەتەکانی دیکە هەموو حکومەت ئەوەی پێمان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئاسەواری ئەو قەیرانانە بەردەوامبین لە ژیان، سەبارەت بە ئێوەش مەسەلەی کەرتی خوێندن پشتیوان بە خودا بتوانین بە سەرکەوتوویی لەو قۆناخەش دەربازی بکەین، پشتیوان بە خودا ئەو دۆخ و قەیرانانە بە کۆتا بێن و دۆخێکی باشتر بێتە پێشەوە.

هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسێکی گەرمی هەموو مامۆستا بەڕێزەکان بکەم کە بەردەوامن لە خزمەتکردنی وڵاتەکەیان، بە فێرکردنی قوتابییە خوشەویستەکان بە وانەکان.

قوتابیانی خۆشەویست..

هەروەک دەزانن خوێندن قۆناخێکە بۆ فێربوون، بەڵام هەروەها قۆناخێکیشە بۆ هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی، ئێوە دێن بۆ ئەوەی چەندین ساڵ بخوێنن تاوەکو ببن بە ئەندامێکی کاریگەر بۆ کۆمەڵگەکەتان، بۆ ئەوەی فێری زانست بن تاوەکو وڵاتەکەتان بەرەو پێشەوە ببەن، خوێندن تەنیا خوێندنەوەی کتاب و وانە نییە، بەڵکو ئامادەکردنە بۆ ژیان. ئێوە لە سەرەتای ژیانی خۆتاندا بێگومان هەست بەوە دەکەن کە تاوەکو چەند بەرپرسیاربن بەرامبەر بە تەحەدیات و ئەو کێشەو گرفتانەی رۆژانە دێتە بەردەمتان تاوەکو ئامادەبن ئەوەندە دەتوانن سەرکەوتووش بن.

من دڵنیام زۆر لە ئێوە ژیانی بندەستیتان نەدیوە، بەڵام دەبێت قەدری ئەوە بزانن کە ئەم وڵاتە، ئەم هەرێمە بەو شێوەیەی کە ئێستا دەیبینین بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیەکی زۆرە، زۆر لە کەسوکاری ئێوە لەوانەیە لە پێناو رزگارکردنی وڵاتەکەمان و گەیشتنی ئەم هەرێمە بەم قۆناخە خەباتێکی زۆریان کردووە و قوربانی زۆریانداوە، پێویستە قەدری ئەمە بزانین پێویستە بزانین کە ئازادی ئەم وڵاتە بەرهەمی رەنج و خەباتی خەڵکێکی پێش ئێمە بووە. ئەرکی سەر شانی ئێوەو هەموومانە پارێزگاری لەو بەرهەمە بکەین، داواشتان لێدەکەم رێگە نەدەن هیچ کەس و هیچ شتێک وڵاتەکەتان و مێژووە پڕ سەروەرییەکەتان لەبەرچاوی ئێوە ناشرین بکات. ئەرکی ئێوەیە پارێزەری ئەو دەستکەوتانە بن، ئەرکی ئێوەیە خۆتان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی کوردستان بەرەو قۆناخێکی دیکەی ئاوەدانی ببەن.

دوای ئەو قۆناخە بێگومان زۆرتان دەچن بۆ زانکۆکان و دەبن بە پزیشک، ئەندازیار، پارێزەر، مامۆستا، هونەرمەند یاخود هەر پیشەیەکی دیکە یان هەر شتێکی دیکە کە ئێوە ئاواتی بۆ دەخوازن. ئومێدەوارم بەو ئاواتانەشتان بگەن. بەڵام دەبێت ئەوە بزانن کە لەسەرەتای دەستپێکردنی ژیانی خۆتان پێویستە پێش هەموو شتێک بەرپرسیاربن ئامادەشبن هەروەکو لەسەرتاش باسمکرد رووبەڕووی ئەو تەحەدیاتانە ببنەوە، یەکێک لەو تەحەدیاتانەی کە ئێستا ئێمە رووبەڕووی بووینەتەوە، بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە. پێویستە ئێوە پێش هەموو کەسێک بۆ سەلامەتی و تەندروستی خۆتان و مامۆستا بەڕێزەکانتان خۆتان بپارێزن، بۆ ئەوەی هەم خۆتان تەندروست بن هەم بتوانن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە درێژە بە خوێندنیشتان بدەن.

هیوادارم هەمووتان سەرکەوتووبن و دڵنیاشبن، ئەوەی ئێمە لە حکومەتەوە پێمان بکرێت دەیکەین. بەرنامەی زۆرمان هەبووە بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندن، هەروەکو هەموو کەرتەکانی دیکە، بەڵام هەرسهێنانی باری ئابووری لە جیهان کاریگەری لەسەر هەرێمیش هەبووە، بەڵام ئێمەی نەوەستاندووە و بەردەوام دەبین بەپێی ئیمکانیات ئەوەی لەبەر دەستی ئێمەیە بەردەوام دەبین لە دروستکردن و بەجێگەیاندنی ئەو پرۆژانەی کە لە کابینەکەدا بەڵێنمانداوە یەکێکیش لەو بەڵێنانە ئەوەیە کە پەرە بە کەرتی خوێندن بدەین.

من دیسان سوپاسی جەنابی وەزیر و هەموو مامۆستا بەڕێزەکان دەکەم، سوپاسی ئێوەی خۆشەویستیش دەکەم کە ئامادەبوون بۆ ئەوەی پێشوازیمان لێبکەن، زۆر خۆشحاڵم هیوادارم هەمووتان سەرکەوتووبن و تەندروستبن. زۆر سوپاس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif