چیرۆکی ئەو (بیتاقە)یەی بۆم دەرنەچوو!

ليست هناك تعليقات


 ماجید خلیل
-
جارێک (مەلا عەبدوڵڵا) تەفسیریی خەوێکی بۆ کردم!

رۆژێ لەبەشی ناوخۆیی بێزار و بێڕاز وەک هەمیشە تێمابووم.

بڕیارمدا بچمەدەرێ، هەم جەوێ جۆردەکەم و هەمیش پێدەنێم بەجەرگی خۆمداو شلەو برنجێکی سادە دەخۆم.

عەسرەکەی چومە بنکڵیشی عەفان کاکەو ئارام زەینەدین.

خوا هەڵناگرێ، ئەوانیش کۆکبوون، خۆ کافر نابین، با کاتێکی خۆش لەدەرێ بەسەر بەرین.

هەموو هەینییەک نەدەچوینە ماڵێ، کرێی هاتوچۆ، پرس و جەدەلێکی جدیی جیهانبیی هەژاریمان بوو.

بەناچاریی ئۆتاقی ناوخۆییەکە نازیی نەچوونەوەی هەڵدەگرتیین.

ژورەکان پەنجەرەیەکی گچکەیان تێدابوو، ژوری لاکێشەیی، چوار قەرەوێڵەی دووقاتی تێدابوو، واتە هەر ژوورەی هەشتکەسی تێدەترنجێنرا.

ئەو ئێوارەیە، سێقۆڵی، بەرەو بەردەم مزگەوتی گەورەو سەراو سینەما سیروان کشاین.

پەلەپەل و پاڵپاڵێن، سروشتی پیاسەکەمان بوو، پیادەڕەویی هێواشمان مەر لە فلمەکاندا بینیبێ.

نازانم بۆچی وەک خەڵکی ئەو شارە، شکڵی جەوگۆڕین و جوانڕێکردنمان نەدەزانی؟ ئاخر هێشتا لەدەفەی شانماندا شوێنەواریی کۆڵبەریی و کوللەمەرگیی هەرمابوو.

بە تەقەڵ لێدان تلدەبووینەوە، زووزوو نوکی پێمان لە پاژنەو بنی پێی پێڵاوی خەڵکەکە گیر دەبوو.

خەتی خیابانەکانمان دەگرت و لە هێڵە سپییەکانی مرورەوە رەد دەبووین.

بەبەردەم پاقلەو کونجی و مەسکەت فرۆشەکاندا فڕەمان لێدەداو پڕچنگمان دەکرد لە گوڵەبەڕۆژەی سەر عەرەبانەکان.

دەماندا بەبەردەم عەتارو عەرەبانەی عەمبەربەریدا، بەلاچاو سەیری وێنەی نیمچەرووتی سینەماکانمان دەکردو لەبەردەم تەسجیلاتەکاندا هێواشمان دەکردەوە.

باوباوی گۆرانییەکی (حەسەنی شەماعیزادە) بوو، ئەوەی کەدەڵێ:

یکیشون خیلی خوبە ھمگی بگین ماشالا.

ئیدی دەکەوتە سەر زمانمان و تا ئێوارە، ئێوارەی چی؟ لەژێر بەتانیەکەیشدا دەمانوتەوە.

سلێمانی، لەپێشچاوی ئێمەدا، بریتیبوو لە بەردەم مزگەوتی گەورە، قەیسەریی نەقیب، دەبۆکەو باخی گشتیی.

ئەو ئێوارەیە، سێکوچکەی خەیاڵێکی سێقۆڵی سیحریی لێکردین. ئەویش بریتی بوو لە سیحریی دەوڵەمەند بوون.

هەمیشە هەرکاتێ دەرماڵە زانکۆییەکەمان بیدایە لەکزیی، ئیدی گیرۆدەی گەمەی زەنگینی و خەیاڵی خاوی دەوڵەمەندیی دەیدا لە تەوقیسەرمان.

ئەوکات دوور لە ئێستا، خوێندکاریی زانکۆ، نیمچە سۆشیالێکی هەبوو.

یانی مانگانە ریزدەکراین و ژمێریارێ لە کونی پەنجەرەیەکەوە یەک یەک ناوی دەخوێندینەوەو (سی یان چل) نازانم چەند دینارمان دەخستە توێی گیرفانان.

بۆ ئێمەی دێهاتیی، کە لە کولەکەی تەڕیشدا ناوی پارەو پوڵمان نەبیستبوو، رێک هرقلی رۆمێ دەبووین بۆخۆمان.

وەلێ دەبوو، رەزیلانە رێگەی مانگێ بگرینە بەر، دەبوو دەستیپێوە بگرین و بزانین لەکام گیرفان و کیفی سڵامەتدا بەمەحکەمی هەڵیگرین.

ئەو ئێوارەیە، ئیمانی خواردنێکی چەور هەڵیپێچاین. حسابی خۆمانمان کردو کار گەیشتە ئەوەی برنج و فاسۆلیایەکی سادەی لێبخۆین.

عەفان زانیاریی زەبەندی لەسەر چێژو چۆنییەتی چێشتخانەکان دەستکەوتبوو. نەوسنێکی نەجیبزادەبوو، بەگوێرەی گێڕانەوەکانی ئەو، گەر سەرو سادەیەک بخۆین، کارلەکار دەترازێ و پارەمان پێنامێنێ.

هەر ئەمەش سوچی خەیاڵێکی خاوخاوی خزاندە مێشکمانەوە.

ئیدی وەختێ بەنێو گوێرەوی و گەڵا مێو و بیجامە فرۆشەکانی بەردەم مزگەوت و سەر پردەکەدا رەد دەبووین، خەیاڵی دەوڵەمەندبوونمان تێکەڵ بە دەنگی عەلاگە فرۆشەکان ببوو.

باشە چۆن دەوڵەمەند بین؟

ئارام پاڵتاوێکی پڵنگی لەبەردا بوو، کڵاوەکەی کردبووە سەری، لەتاو کزە باکەدا هێندە ملی بردبوو بەناوا، بەئەستەم دەتزانی ملی هەیە یان نا.

عەفان عادەتی وابوو واخۆی پیشان نەدەدا کە سەرمایەتی، بەس سەرما بردەڵەیش بوو. قەمسەڵەیەکی قاوەیی هەبوو، وەلێ لەبەرینەدەکرد. من مرخم لێی خۆشکردبوو. جارجار کە دەچووە دەرێ، بەدزییەوە لەبەرمدەکردو دەچومە بەر ئاوێنە شکاوەکەی ژوورەکە، لەوێ خۆم دەبینییەوە، تێربەخۆم پێدەکەنیم، ئاخر وەک قاپوتێ تاسەر ئەژنۆم درێژبوو.

بەڵێ، باشە چۆن دەوڵەمەند بین؟

خۆ پیاوی دزیی نەبووین. گریمان گرەوی دزیی دەیباتەوە. ئەدی چی و چۆن بدزین؟ ئەی باشە چۆن دەوڵەمەند بین؟

من باوەڕم بەچانس و بەدبەختی ئەوساو ئێستایش زۆر زۆر بوو.

وتم وەرن با سەرو یانسیب بکڕین. بۆنا؟ هەموویان رازیبوون. ئەوێ دەم باوی بیتاقەی بەردەم سینەماکان بوو.

زۆرجار دەمانبینی، پارچە لەوحێکیان لەسەر چەند لەتە بلۆکێ دادەناو یەڵڵا یانسیبیان بوو.

بڕیارماندا بە دزییەوە، دەچینە کن یانسیب فرۆش و سەرو دانە دەکڕین.

سا بەڵکو بەختو ئیقباڵمان بیهێنێ.

لەو شەوانا خەونێکم دیبوو!

بەتایبەت من لەو شەوانا خەونێکم دیبوو، لەخەونمدا لەناوەڕاستی گۆمەڵتاوێکی روندابووم و ماسیم دەگرت. هەر زوو خەونەکەم بۆ (مەلا عەبدوڵای مەلا ئەحمەد) گێڕابوویەوە. عەبدوڵا سۆفیسروشتێکی سەیرو سەمەرە بوو. عالمێکی عاشق و کۆنسەرڤاتیڤێکی دیپلۆماسبوو. لەحوجرەدا دەژیا، بەتکای خوێنێ هێنابوومانە لای خۆمان، چون هەرگیز لە مەجلیس و مەرحەبایی بێزار نەدەبووین. نوسینەوەی عەبدوڵڵا عینوانی چیرۆکێکی نیوەی تەمەنم دەبێت و رۆژێ دێ بینوسمەوە.

بەهەرحاڵ دەیزانی کاتی دەماڵەکە نزیکە، بۆیە لەتەفسیری خەوەکەمدا وتی:

لەم رۆژانا پارەیەکت دەستدەکەوێ.

بۆیە پلانەکەمان لەسەر بنەمای تەفسیرو تەکبیریی مەلا عەبدوڵا بە سێ بیتاقە بەستەوەو دامانە دەست خودا.

ئەوەبوو رەپوڕاست بە خشپەیی، دەبوو کەس پێمان نەزانێ. چون بیستبوومان ئەم بەزم و بالۆرەی بیتاقەو یانسیبە، قومارەو حەرامە. مەلا عەبدوڵایش فەتوای حەرامی دابوو، وەلێ ئیسراری کربوو گەر بۆم دەربچێ، دەبێ عەربانە مەکینەیەک چەوولمی بۆ بکڕم.

ئیدی پەلەپەل بیتاقەمان کڕی و خواڕاسا خۆمان کردە چێشتخانەیەکدا.

تەنگەی مەغریبەو سەرو سادەمان بانگ کردووە.

سەرەتا سوپێکی ساردیان بۆ داناین. پاشان لە سوزگییەکدا سەرو نانمان بۆ هات. لەوێ لە چاوەڕوانی چێشتی فاسۆلیادا فیکرمان لە یانسیبەکە دەکردەوە.

عەفان دەیوت:

دەیکەمە خێرو خێرات و ئیلەڵڵا.

ئارام دەیوت:

گەر بۆمدەرچێ دەیدەمە گەراجێک و دەیدەمە کرێ.

من دەموت:

پەنجا پاسکیل دەکڕم و بەسەر منداڵانی کۆڵانەکەماندا دابەشیان دەکەم.

ئێستە دەزانم گرێی بەدبەختی زاڕۆییم زەڕڕەیەک دەکرایەوە.

دڵنیام بۆمان دەرچووایە هیچکام لەو کارانەمان نەدەکرد.

دوو کوڕی گەنجی بیست ساڵ لە مێزەکەی بەردەمماندا دانیشتبوون.

دوو کوڕی رەشتاڵی برسیڕەنگ بوون. ئاگام لێبوو، پێکەوە داوای سادەیەکیان کرد.

وەختێ شاگردەکە شلەکەی بۆ هێنان، یەکیان داوای نانێکی زیادەی کرد، وەلێ شاگردەکە پێینەدان.

من لەبەر خۆمەوە گوتم: شوانە خۆی باشە، سەگەکەی خراپە.

ئەم مەشهەدە مەحاڵە بیرم بچێتەوە. دڵنیام عەفان و ئارامە گەواهی ئەو گولبوونەی مرۆڤایەتیم بۆدەدەن.

بەهەر حاڵ، لە حەسرەت حەربی ویژانی شاگاگردەکەدا، نەماندەزانیی چی بڵێین. نانخواردنی چی، فاسۆلیاکە وەک ئەوە وابوو بە پشتمدا بچێتە خوارێ.

هەستاین و هاتینەوە بۆ کونجی بەشەناوخۆییەکە. سەرو بیتاقە لە گیرفانماندابوو. شوکری خوامان کرد کەس نەیبینین، گەر بێت و بۆمان دەربچووایە هەزاران خەونی لەبارچومان زیندوو دەبوونەوە.

چەند رۆژێ تێپەڕیی، شەوێکیان لەژووری تەلەفزیۆنەکەدا، چاوەڕێ بووین هەواڵەکانی کاتژمێر هەشت ببینین.

ئەوئێوارە ئەمەریکا هێرشی کردبووە سەر بزووتنەوەی تاڵیبان.

لێرە دەنگوباسەکە داخداخبوو.

ژووی تەلەفزیۆنەکە جمەی دەهات. کەناڵی تەلەفزیۆنی (پی یو کەی) بوو یان نازانم، چ کەناڵێ بوو. بەس ریکڵامی پێش هەواڵەکان بوو.

لەپڕێدا وێنەکان بوونە وێنەی بەردەم سینەماکان. بەوەشەوە نەوەستا، سەروقژی خۆمم ناسییەوە، تەواو خۆم بووم، چاوم داخست و کردمەوە، ئایەتەلکورسییەکم خوێند، تا من نەبم. نا، ئەوەتا موجەسەمە مل قەپاتەکەم لەبەردایە و لەڕیزەکەدام، عەفان و ئارامیش لەولاوە بوون.

هەرسێکمان نزیککراینەوە، بەئاشکرا دیاربوو بەدزییەوە هاتووین، لەریزەکەدا هەوڵمدەدا نۆرە بڕیی بکەم، مرخم لە نۆبەکەی ئارام خۆشکردبوو. 

کابرایەکی جامەدانە بەسەر بەتەنیشتمەوە راوەستابوو. گۆنییەکی پەتاتە لەبندەستیابوو. لەوکاتەدا پێی وتبووم تاسیگارێ دەپێچمەوە ئەو گۆنییەم بۆ بگرە.

ئیدی کاتی ریکڵامەکە گۆنییە پەتاتەکە لەبندەستی مندابوو.

کابرایەکی خڕەڵەش لەپەڕەیەکی لولەییدا پاقلەی دەخوارد، تومەز فەرمووی لە ئێمەکردووە، وەختی ریکلامەکە عەفان و ئارام پێکەوە دەستیان دەبرد بۆ پاقلەی کابرا.

وەختێ سەرم بەرزکردەوە تەواوی هۆڵی تیڤییەکە سەیری دەکردین.

ئیدی ئێمەیش بووینە فلمێکی کەس نەدیو. دەنگۆی یانسیب کڕینەکەمان وەک هەورە بروسکەیەک بڵاو بوویەوە.

شەرمەزارییەکی وەها دایگرتین، بەهیچ کلۆجێک بۆمان پینە نەدەکرا.

سەرباری ئەوەیش کوللی ئێوارەیەک، ریکڵامەکە دووبارە دەبوویەوە.

بەڵێ ئیتر گۆنییەکەی بندەستی من و پاقلە کوڵیوەکەو موجەسەمە ملقەپاتەکەم، و عەفان و ئارامی ناو ریکلامەکە، وەک ئەوە وابوو سەرم تاشرابێت و بەسەر گوێدرێژێکەوە ماڵەو ماڵ بمگەڕێنن.

بەڵێ ئەو ریکلامە لەکاتێکدا بوو، تەواوی کورد سەرقاڵی هەواڵەکان بوو، هەربۆیە لەوکاتەدا گەر خۆمان کاندید کردایە بۆ پەرلەمان، کەسێک نەبوو نەمانناسێت. بۆیە گەر یانسیبی بەر سینەماکانیشمان نەبردایەتەوە، یانسیبی پەرلەمانمان بەدەستدەهێنا!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif