هەردولا ڕەدی دەكەنەوە جەنگ ڕاگرن

ليست هناك تعليقات



چوارەم رۆژە لەسەریەک، وێڕای داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشتییانە، شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ - قەرەباخ بەردەوامە. لە دوایین راگەیێندراویدا، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان جەخت لەوە دەکاتەوە، تاوەکو ئەرمینیا لە هەرێمەکە نەکشێتەوە، هێرشەکانیان راناگرن؛ ئەرمینیاش رەتیدەکاتەوە دەست لە هێرشەکانی هەڵگرێت.

هەروەها لەبەرئەوەی تورکیا بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکات، سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا داوا لە ئەنقەرە دەکەن کە لەنێو ململانێکەدا ببێتە هاندەری ئاشتی و شەڕەکە ئاڵۆزتر نەکات. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی قسەی کردووە و داوای لێکردووە هەوڵبدات تووندوتیژی رابگرێت.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا، چەندین گفتوگۆمان ئەنجامداوە، لەنێویشیاندا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەم. خۆشحاڵم کە لە نیویۆرک، دوای دەستپێشخەرییەکی ئەڵمانیا و فەرەنسا، سەرکەوتووبووین لە تێپەڕاندنی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی ئاسایش و روونکردنەوەی ئەو شتەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە لایەنەکانی شەڕەکە چاوەڕێی دەکات".

رووسیاش کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەرمینیایە، بەڵام پەیوەندیی باشیشی لەگەڵ ئازەربایجاندا هەیە، هەمان داواکەی ئەڵمانیای لە تورکیا کردووە؛ لە دوایین هەڵوێستیشیدا، مۆسکۆ ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ میوانداریکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵاتە شەڕکەرەکە.

هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە زمانێکی تووند رەخنە لە تورکیا دەگرێت لەسەر ئەو پشتیوانییەی کە لە ئازەربایجان دەیکات و دەڵێت، وڵاتەکەی داگیرکردنی ناگۆرنۆ - قەرەباخ قبووڵ ناکات.

ماکرۆن گوتی "من تێبینیی راگەیێندراوەکانی تورکیام کردووە کە پێموایە نابەرپرسیارانە و ترسناکن. دەمەوێت ئەوە بڵێم، بەتایبەتی لەبارەی ئەرمینیا: وەکو بەشێک لە گرووپی مینسک و وەکو بەشێک لە کاری بێلایەنی خۆمان، فەرەنسا تەواو نیگەرانە لەبارەی ئەو پەیامە شەڕفرۆشانەکەی تورکیا کە لە ماوەی چەند کاژێری دواییدا هەیبووە و ئازەربایجان هاندەدات بۆ داگیرکردنی هەرێمی ناگۆرنۆ - قەرەباخ. ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین".

خەڵکیش لە هەرێمەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و دەڵێن، فڕۆکەکانی ئازەربایجان ماڵی سڤیلەکانی بۆردوومانکردووە. کاراپێت سپانیان خەڵکی شارۆچکەی هاردوتی هەرێمەکەیە و دەڵێت، دایکی بەهۆی بۆردوومانەوە لەکاتی کاری ماڵەوە کوژراوە.

هەریەکە لە ئازەربایجان و ئەرمینیا، ئاماری جیاواز لەبارەی زیانەکانی شەڕەکە بڵاودەکەنەوە. بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان، سوپاکەی دوو هەزار 300 سەربازی ئەرمینیایان کوشتووە و 130 تانک و زریپۆش و زیاتر لە 200 تۆپخانەی ئەرمینیایان لەنێوبردووە.

وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیاش دەڵێت، هێزەکانیان 790 سەربازی ئازەربایجانیان کوشتووە و هەزار و 900ی دیکەی بریندارکردووە، هەروەها 137 تانک و زریپۆش، 72 درۆن و 7 هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی ئازەربایجانیشی تێکشکاندووە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif