یەکەمین ژنە رەشپێست سەرکردایەتیی هێرش بۆ سەر ترەمپ دەکات

ليست هناك تعليقات


لە دوایین رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی ئەمریکییەکاندا، کامالا هاریس، سیناتۆری رەشپێستی کالیفۆرنیا وەک بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی پەسندکرا. ئیستا کامالا سەرکردایەتیی هێرشی دیموکراتەکان دەکات بۆ سەر دۆناڵد ترەمپی رکابەریان.


کامالا هاریس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "شکستی دۆناڵد ترەمپ لە سەرکردایەتیدا بووەتە هۆی لەدەستچوونی ژیان و بژێوی". بەشێک لە ئەمریکییەکانیش دەڵین کامالا مێژووی تۆمار کردووە.


مامەڵەی ئیدارەکەی ترەمپ لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ئابووریی ئەمریکا، بووەتە خاڵی سەرەکی دیموکراتەکان لەکاتی هێرشەکانیان بۆ سەر ترەمپ.


باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، پێی وایە کامپەینی بایدن و هاریسی جێگری توانای سەرکەوتنی بەسەر کۆمارییەکاندا هەیە و جارێکی دیکە ئەمریکا لە گێژاو دەردەهێنن.


باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا قسەی کرد و گوتی، "داواتان لێدەکەم باوەڕ بە تواناکانی کامالا و جۆ بکەن بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم وڵاتە و دەرهێنانی لەو تاریکییە و باشتر بنیاتنانەوەی". سەرەڕای ئەوەی هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و پێی وایە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکای بە جیددی وەرنەگرتووە.


دۆناڵد ترەمپ لەکاتی هێرشەکانی بۆ سەر دیموکراتەکان بەردەوام قسە لەسەر مامەڵەی ئۆباما لەگەڵ ئێران دەکات و پێیوایە ئۆباما ئەمریکای لەبەرامبەر ئێران شكتپێهیناوە. ئێستاش ئیدارەکەی ئەو دەیەوێت راستی بکاتەوە.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی دیموکراتەکانی دایەوە، گوتی "دوو ساڵ لەمەوبەر من ئەمریکام لە رێککەوتنێکی کارەساتبار کشاندەوە، کە بەرهەمی شکستی سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما- بایدن بوو، شکستێک کە تەنیا هەندێک کەس توانیان بیبینن. کە تێیدا بۆ رێککەوتنێکی کورت خایەنە ئێمە پارەیەکی زۆرمان بەهەدەر دا".


ئیدارەکەی ترەمپ ئێستا سەرقاڵی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێرانە و لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەش کشاوەتەوە. لە هەمان کاتیشدا رێککەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی راگەیاند. بۆیە ترەمپ ئەو دوو پرسە وەک دوو چەکی نوێ لە کێبڕکێکردنی لەگەڵ دیموکراتەکان بەکاردەهێنێت.


لە زۆرینەی راپرسییەکاندا بایدن و دیموکراتەکان لەپێش ترەمپەوەن، بەڵام هیلاری کلینتن بەربژێری پێشووی دیموکراتەکان لە ساڵی 2016، هۆشداری بە ئەندامانی پارتەکەی دا کە نابێت رێگە بدرێت شکستی هەڵبژاردنی پێشوو دووبارە ببێتەوە.


کلینتن لە هەڵبژاردنی 2016 دا، لە دەنگدانی نیشتمانیدا نزیکەی سێ ملیۆن دەنگ لەپێش ترەمپەوە بووە، بەڵام لە دەنگدانی نوێنەرانی ویلایەتەکان لە ئەنجوومەنی دەستووریی هەڵبژاردن رکابەرییەکەی دۆڕاند. بۆیە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی "دەکرێت بایدن و کامالا سێ ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنن و هێشتا بدۆڕێن". بەو شێوەیە داوای لە ئەمریکییەکان کرد بە هۆشیارییەوە دەنگ بدەن. 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif