ئەمڕۆ دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی خاو بەرزبووەوە، ئەوەش بەهۆی گەشبینی سعودیە بە باشبوونەوەی بازاڕ و هەروەها بەڵێنی عێراق لەسەر کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی رێککەوتنی نەوتی ئۆپێک پڵەس.
سەرەڕای ئەوەش نادڵنیایی لەسەر پاکێجی نوێی هاندانی ئابووری ئەمریکا کە دیموکرات و کۆمارییەکانی زیاتر لە جاران لەیەک دوورخستووەتەوە، نەیهێشتووە نرخەکانی نەوت زیاتر بەرزببنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنت بە 44 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکراو نزیکبووەوە لە 45 دۆلار. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش نزیکبووەوە لە 42 دۆلار.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس لە مانگی ئاب و ئەیلوولدا رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر هەناردە دەکەن بۆ ئەوەی قەرەبووی مانگەکانی پێشتر بکاتەوە.
ستیڤن ئەنەس، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاری ئەگزی ترەید لەو بارەیەوە رایگەیاند، "سعودیە و عێراق و هاوکاری نێوانیان بووەتە هۆکارێکی سەرەکی سەقامگیربوونی بازاڕی نەوت و ئەو دوو وڵاتە بە پابەندبوونەکانیان رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە."
ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی رایگەیاند، بەبڕوای ئەو خواست بۆ نەوتی خاو لە ئاسیا بەرزدەبێتەوە، دوای ئەوەی ئابووریی وڵاتانی ئاسیایی دەستی بە بووژانەوە کردووە.
مایکل ماککارتی گەورە شرۆڤەکاری کۆمپانیای "سی ئێم سی مارکێت" لەبارەی بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا رایگەیاند، "لێدوانەکانی بەڕێوەبەری ئارامکۆ و گەشبینی بە بەرزبوونەوەی خواست هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن."
سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزیرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک پابەندبوونیان بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس و سووربوونی خۆیان بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت دووپاتکردەوە.
کەمکردنەوەکانی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن عێراقەوە بەتایبەتی گرنگن لەبەر ئەوەی کە وڵاتانی دیکەی نەوتی هاندەدات رێککەوتنەکەی نێوانیان بە باشی جێبەجێبکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق