توركیا بەبێ ئێفەكان

ليست هناك تعليقات

وردەکاری راگرتنی فرۆشتنی چەکی ئەمریکیی بە تورکیا‌

ماوەی دوو ساڵە لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە هەوڵ دەدرێت رێگری بکرێت لە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تورکیا، ئەمەش بەهۆی نزیکبوونەوەکانی ئەنقەرە لە مۆسکۆ، ئەگەر ئەمریکا هیچ جۆرە چەکێک بە تورکیا نەفرۆشێت و سزاکانی توندتر بکاتەوە، ئەنقەرە زیاتر بەرەو کۆشکەکانی مۆسکۆ دەچێت.

چوار مڵۆزمەکەی تورکیا

بەپێی هەواڵێکی (Defense News) ماوەی دوو ساڵە چوار ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا رێگری لە فرۆستنی چەکی ئەمریکا دەکەن بە تورکیا، ئامانجی ئەم هەوڵەش پەشیمانکردنەوەی ئەنقەرەیە لە کڕینی سیستمی بەرگری S-400ی رووسی.

پێگەی سی ئێن ئێنیش هەواڵەکەی پستڕاستکردووەتەوە، کە ئەم چوار ئەندامە رێگرن لە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تورکیا و هەوڵەکانیشیان هەندێک جار بەیەکەوەیە و هەندێک جاریش یەک یەک بەردەوامن، لە راگرتنی فرۆشتنی چەکی وڵاتەکەیان بە ئەنقەرە.

ئەو چەکانەی فرۆشتنیان راگیراوە

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ئەو چەکە ئەمریکییانە نەخراونەتەڕوو کە تاکو ئێستا رێگە بە فرۆشتنیان نەدراوە بە تورکیا، بەڵام ئەوەی روون و ئاشکرایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی F-16ی بە تورکیا نوێ نەکردووەتەوە.

جگە لەوەش فرۆشتنی ماتۆڕی هەلیکۆپتەری (ATAK)ی تورکی راگیراوە، کە تورکیا ئەم فڕۆکەیە دروستدەکات و بە پاکستانی دەفرۆشێت، لە ئێستادا واشنتۆن مۆڵەتی فرۆشتنی ئەم ماتۆڕانەی بە تورکیا راگرتووە.

چوار ئەندامەکە کێن؟
لە هەواڵەکەی (Defense News)دا کە پشتی بە چەند سەرچاوەیەک بە ستووە لە کۆنگرێسی ئەمریکا، حکومەتی ئەمریکا و پیشەسازی بەرگری ئەمریکا ئەوە خراوەتەڕوو، چوار ئەندامەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا کە رێگری لە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی دەکەن بریتین لە؛ (Jim Risch) سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سێناتی ئەمریکا، (Bob Menendez) ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سێنات، (Eliot Engel) سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و (Mike McCaul) ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران.

تاکو ئێستا هەریەک لە (Jim Risch) و ( Mike McCaul) هەواڵەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هەریەک لە (Eliot Engel) و ( Bob Menendez) هیچ لێدوانێکیان لەبارەی زانیارییەکانی ناو ئەم هەواڵە نەداوە، بەڵام رەتیشیان نەکردووەتەوە.

هەڵوێستی ئەندامەکان

لەم بارەیەوە (Jim Risch) سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سێناتی ئەمریکا بە (Defense News)ی وتووە، لە ئەنجومەنی نوێنەران، سێنات و هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماریش نارەزایەتیی زۆر هەیە لەبارەی کرینی سیستمی بەرگری S-400ی رووسی لەلایەن تورکیاوە، تاکو ئەو کاتەش کێشەکانی ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت، نە لە ئێستادا پشتیوانی فرۆشتنی چەک بە تورکیا دەکات و نە لە داهاتووشدا.

هەروەها (Mike McCaul) ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، کڕینی سیستمی بەرگری (S-400)ی رووسی لەلایەن تورکیاوە قەبوڵ نەکراوە، ئەم کارەی تورکیا زیان لە هەوڵەکانی ناتۆ دەدا بۆ رێگرتن لە فراوانخوازیی و دەستدرێژییەکانی رووسیا، لەسەر حکومەتی ئەمریکا پێویستە ئەو سزایانە جێبەجێ بکات کە بەسەر تورکیادا سەپێندراوە، تورکیاش بۆ بەدەستهێنانەوە متمانەی ئەمریکا پێویستە دەست لەم کارانەی هەڵبگرێت کە زیان لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات دەدەن.

ترەمپ چاوپۆشی لە تورکیا دەکات

سەرەڕای هەموو نزیکبوونەوەکانی تورکیا لە روسیا و کڕینی چەکی روسی، ئەمریکا تا ئاستێکی زۆر چاوپۆشی دەکات، بە تایبەت ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە چاوپۆشی لە تورکیا دەکات، لە کاتێکدا یاسای (CAATSA)ی ئەمریکا رێگە بە ئیدارەی وڵات دەدات کە سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت مامەڵە لەگەڵ سوپای روسیا دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ چەندین جاریش پشتگیری لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە و سەرسامیشی بە سەرۆک کۆماری تورکیا دەربڕیوە، ئەمە لە کاتێکدا تورکیا لە هەموو کات زیاتر لە روسییەکان نزیکترە و کێشەش بۆ ناتۆ دروستدەکات.

چی روویدا؟

دوای کڕینی سیستمی بەرگری S-400ی لەلایەن تورکیاوە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا کێشە و ئاڵۆزی تێکەوت، دۆخی سوریاش هێندەی دیکە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆنی ئاڵۆز کرد.

تورکیا بۆ پاراستنی سنورەکانی لەگەڵ سوریا داوای سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی کرد، بەڵام واشنتۆن پێشوازی لەم هەنگاوە نەکرد، بەم جۆرە ئەنقەرە پەنای بۆ مۆسکۆ برد و سیستمی S-400ی لێکڕی و ساڵی ٢٠١٩ش سیستمەکە بۆ تورکیا گواسترایەوە.

ئەمریکا نایەوێت تورکیا کە ئەندامێکی ناتۆیە سیستمی بەرگری لە روسیا بکڕێت، چونکە ئەمریکا پێی وایە کڕینی سیستمی بەرگری روسی لەلایەن ئەندامێکی ناتۆی وەک تورکیاوە، وا دەکات روسەکان بە ئاسانی بگەن بە ئەمنییەتی سیستمی فڕۆکە (F-35)ەکانی ئەمریکا و رێکخراوی ناتۆ، بەمەش ئاسایشی ناتۆ دەکەوێتە مەترسییەوە، هەر بۆیەش ئەمریکا بۆ رێگرتن لە کڕینی سیستمی بەرگری (S-400)، تورکیای لە پڕۆژەی فرۆکەی F-35 دەرکرد.
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif