گروپە چەکدارەکان؛ ئاڵنگارییە قورسەکەی بەردەم کازمی‌

ليست هناك تعليقات


ماوەی چەند مانگێکە کازمی سەرۆکی حکومەتێکە کە لەبەردەم دەیان ئاڵنگارییدایە، یەکێک لەوانەش گروپە چەکدارەکانە، بەتایبەت ئەو گروپانەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، گۆڤاری فۆرین پۆلیسی لە دواین شیکاریدا باس لە کێشەی ئاڵۆزی گروپە چەکدارەکان دەکات کە لەبەردەم کابینەکەی کازمیدایە.

پشتگیریکردنی کازمی
(لهيب هيجل) توێژەر لەبارەی دۆخی عێراق و (رمزي ماردينی) لە پەیمانگای (Pearson) بۆ شیکاری و چارەسەری ناکۆکییە جیهانییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ، لە شیکارییەکدا کە گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) رۆژی سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، باس لەو ئاڵنگارییانە دەکەن کە رووبەڕووی کازمی دەبنەوە، بەتایبەت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن.

هەردوو نووسەر لە شیکردنەوەکەیاندا باس لەوە دەکەن، ناکۆکی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و سەرۆک وەزیران، بۆ نموونە دەزگای دژە تیرۆری عێراق دژی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لە شەڕی دژ بە داعش سەخت و ئاڵۆزترە.

ئەوەی روونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، پشتگیری لە کازمی کردووە، بەڵام یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەمریکا کە لە سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکاش جەختی لەسەر کراوەتەوە، کورتکردنەوەی دەستی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تارانە، ئەگەر کازمی ئەم مەرجە بە سەرکەوتوویی جێبەجێبکات، ئەوان پشتیوانی ئابووری و ئاسایشی ئەمریکا بەدەستدەهێنێت.

مەترسیی ناکۆکییەکان
ناکۆکیی لەناو هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی عێراق سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارەکان، یەکێکی دیکەیە لە کێشە گەورەکانی بەردەم مستەفا کازمیی و ئەگەری روودانی لێکترازانیش لە ناو ئەم دەزگایانە، مەترسییەکی دیکەیە.

بەشێکی ئەو کەسانەی ئێستا لە ناو حکومەتدان یان بەرپرسیارییەتی ئەمنیی و هەستیاریان هەیە، پێشتر و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە پەیوەندی پتەویان هەبووە بە گروپە چەکدارەکانەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم گروپە چەکدارانە خاوەنی چەند دەستێکی بەهێزن لەناو دام و دەزگا ئەمنییەکاندا.

بەهێزیی حزبوڵا لەناو ناوچەی سەوزی بەغدا، دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی هەژموونییان لەناو دەزگا ئەمنییەکان، ئەوە جگە لەوەی هەزاران ئەندامی گروپە چەکدارەکان لەناو ناوچەی سەوزدان. رێکخراوی بەدر کە تاران پشتیوانی دەکات، هەژموونی بەهێزی لەناو وەزارەتی ناوخۆ هەیە، تەناتە چەندین وەزیر سەر بەم رێکخراوە بوون.

بڕینی هاوکارییەکانی ئێران
نووسەران ئاماژە بەوە دەکەن، دەبێت ئەمریکا بڕینی هاوکاری دارایی لەلایەن تارانەوە بۆ گروپە چەکدارەکان وەک هەلێک بقۆزێتەوە و هاوکاری دارایی پێشکەش بە دامەزراوە ئەمنییە عێراقییەکان بکات، بەتایبەت دەزگای روبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراقیی.

لە شیکارییەکی دیکەی گۆڤارەکەدا هاتووە، هاوکاریکردنی ئەو دەزگایانەی کە تاکو ئێستا گروپە چەکدارەکان نەیانتوانیوە دزە بکەنە ناویان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزبوونی دەوڵەتی عێراق.

پاراستنی عێراق بە مەرج
جۆی هود جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رۆژی سێشەممە ئاماژەی بەوە کرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، ئامرازی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان، هەردوو لایەنی ئەمریکی و عێراقیش جەختیان لەسەر هاوبەشی ستراتیژی درێژ کردووەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی هەفتەی رابردووی واشنتۆن.

هود دەشڵێت، لایەنی ئەمریکی جەختیان لەسەر پاراستنی سەروەری عێراق کردووەتەوە، لەبەرامبەریشدا دەبێت عێراق پابەند بێت بە پاراستنی ئەمریکیی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان
هەر هەفتەی رابردوو لە کاتی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بە کازمی وتراوە سەرجەم گروپە چەکدارەکان لەسەر خاکی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشیدا لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، ئەو گروپانەی لەژێر کۆنترۆڵی سەرۆک وەزیراندا نین، رێگرن لەبەردەم پێشکەوتنەکان.

ئەگەر زۆرە لە کۆبوونەوەکاندا ناوی گروپە چەکدارەکان هێنرابێت، بەڵام مایک پۆمپیۆ لە قسەکانیدا ناوی هیچ گروپێکی چەکداری نەهێنا، ئەوەی روونە ئەم قسانە پەیوەندی بە هێرشی بەردەوامی گروپە چەکدارەکانەوە هەیە.
ڕاپۆرتی پەیسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق