ئەو پێنج مەترسییەی رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە‌

ليست هناك تعليقات


جیهانی ئێستا لەبەردەم چەند مەترسییەکی گەورەدایە، لەو بارەیەوە لوتکەی ئابووریی جیهان، لە دوایین راپۆرتیدا باس لە پێنج مەترسی دەکات کە لە ئێستادا رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە و مرۆڤایەتییان خستووەتە بەردەم هەڕەشەوە، ئەگەر مرۆڤایەتی هەوڵی گەورە نەدات دوور نییە روبەڕووی زیانی گەورە ببێتەوە.

یەکەم؛ زیادبوونی نەتەوەپەرستی
دوای هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، چەند رێکخراوێکی سیاسیی و ئابووری نێودەوڵەتی دامەزران، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، کە ئامانجیان پێکەوەبەستنی دەوڵەتانی جیهان و هاندانیان بوو بۆ هاوکاریی جیهانی و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانیان، بەڵام لە ئەمڕۆدا عەقڵی بەشێک لە دەوڵە گەورەکان گۆڕاوە و پێیان وایە ئەم دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییانە رێگرن و ئامرازێک نین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان وەک ئەوەی لە رابردوودا هەبوو.

بەشێک لە هێزە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دەستیان بە پێکهێنانی هاوسەنگی نوێی هێز کرد، کە بە ئاشکرا لایەندار بوون و هزری نەتەوەیی تیایاندا زاڵ بوو، ئەنجامەکەشی ئەو جەمسەربەندییەیە لە ئێستا لە جیهاندا دروستبووە و وای کردووە متمانە لەنێوان هێزە جیهانییەکاندا نەمێنێت.

ئەم تەوژمە بەهێزەی نەتەوەپەرستی لە جیهاندا تەنها نەبووەتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەتوانێت ململانێ و رکابەرییە سەربازییەکان چارەسەر بکات، بەڵکو وای کردووە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستکورت بێت لەو ئاڵنگارییە ئابووری، تەکنۆلۆجی و ژینگەییانەی رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە و مرۆڤایەتییان خستووەتە بەردەم مەترسییەوە.

بۆ نموونە تاکو ئێستا جیهان لەبارەی چارەسەرکردنی گۆڕانی ژینگە و کەش و هەواوە دابەشبووە بەسەر چەند بەرەیەکدا، لە کاتێکدا مرۆڤایەتی لەم بارەیەوە لەبەردەم مەترسیدایە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشیاری داوە کە جەمسەی باکور بووەتە جێگەی ململانێی نێوان چین، نەرویج، رووسیا و ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی سامانی ماسی، غازی سروشتی و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەی ناوچەکە، لە کاتێکدا دەبوایە هەموان کاریان بکردایە لەپێناو وەستاندنی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان.

دووەم؛ پاشەکشەی ئابووری و نایەکسانی داهات
لە ئێستادا ئابووری جیهان روبەڕووی چەند مەترسییەکی گەورە بووەتەوە، وەک زۆربوونی رێگرییەکانی بازرگانی، کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و کەڵەکەبوونی قەرز لە ئابووری هەموو جیهاندا، کە ئەمەش جیهانی خستووەتە بەردەم گومانەوە و لە ئێستاشدا ئەم مەترسییانە زیاتر دەبن، جەنگی بازرگانی لەنێوان دەوڵەتە گەورەکان و کەمبوونەوەی متمانە وای کردووە ئابووری جیهانی خاو ببێتەوە.

نایەکسانی لە داهاتی تاک لە بەشێک لە وڵاتانی جیهاندا تاکو دێت زیاتر دەبێت و گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی و دەگمەن، دەستەبژێرێک سود لە سامانی وڵات دەبینن و داهاتیان بەرزە و زۆرینەش داهاتیان دابەزیوە و بەمەش تووشی توڕەبوون بوون.

ئەم پێشهاتانەش وای کردووە گەندەڵی، نرخی شتومەک و نایەکسانی بەرزببێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ناسەقامگیری سیاسیی بۆ دەوڵەت و زیانگەیاندن بە متمانەی وەبەرهێنەران، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە رژێمی سیاسی و حکومەتەکانیان شکستیان هێناوە لە دابەشکردنی سامانی وڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە کۆمەڵگەکانیاندا.

سێیەم؛ گۆڕانی ژینگە
گۆڕانی ژینگە یەکێکی دیکەیە لەو مەترسیانەی رووبەڕووی جیهان بووتەوە و رۆژبەرۆژ و لەگەڵ تێپەڕینی کات زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە پێنج ساڵی رابردوودا ئەم مەترسیانە گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز، ئەو رووداوە سروستییانەش کە بەهۆی گۆڕانی ژینگەوە دروستدەبن روویان لە زیادبوون کردووە، وەک زریان، وشکە ساڵی و سوتانی دارستانەکان، ئەوە جگە لە توانەوەی خێرای سەهۆڵبەندانەکان.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی بۆ ئاستێکی زۆر و دەگمەن یەکێکی دیکەیە لە دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا بگاتە ئاستێکی زۆر بەرزتر و تاکو سێ پلە بڕوات، لە کاتێکدا شارەزایان هۆشداری دەدەن کە نابێت ئەم پلەیە لە ١.٥ تێپەڕ بکات کە چاوەڕوان دەکرێت لە ٢٠٣٠ ئەمە رووبدات، ئەگەر رێگری لێنەکرێت.

گۆڕانی کەش و هەوا مەترسیشە بۆ لەناوچوونی چەند جۆرێکی زیندەوەران و زۆربوونی ژمارەی مردنیش لەنێو مرۆڤەکاندا، وشەکساڵیش لە ناوچە کشتوکاڵییەکاندا ئاسایشی خۆراکی ملیۆنان کەس لە جیهاندا دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. 

بەشێک لە ئاژانسە بەرگریی و هەواڵگرییەکانیش باس لەوە دەکەن کە گۆڕانی کەش و هەوا دەکرێت ببێتە هۆی ململانێی سەربازیی توند و رکابەری لەسەر سەرچاوەکان و ئاو.

چوارەم؛ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای کوێر
لە ئێستادا لە سەدەی شۆڕشی چوارەمداین، کە زیاد لە نیوەی دانیشتوانی جیهان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، هەموو رۆژیکیش یەک ملیۆنی کەسی نوێ دەست بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت دەکەن، یەک لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان مۆبایل بەکاردەهێنن، ئەمە جگە لە پێشکەوتنەکان لە بواری ئۆتۆمبێل، زیرەکی دەستکرد، تەکنۆلۆجیای سێ رەهەند و بایۆتەکنیکی.

ئەم پێشکەوتنە تەکنۆلۆجیانە سودی ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆریان هەیە بۆ دانیشتوانی جیهان، بەڵام دەرئەنجامی وێرانەکریشیان هەیە، کە گەشەی ئابووری پەکدەخەن، رکابەریی جیۆسیاسیی زیاد دەکەن، دابەشبوونی کۆمەڵایەتیش بەرزتر دەبێتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش ناتوانایی حکومەتەکانە بۆ پاراستنی ئاسایشی بەکارهێنەران.

پێنجەم؛ پەتاکان
بەشێکی گەورەی سەرکەوتنەکانی مرۆڤایەتی لە بواری تەندروستیدا دەگەڕێتەوە بۆ گەشەپێدانی ڤاکسینەکان، کە ئەمەش بووە هۆی زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر ئەو پەتا و ڤایرۆسانەی کە لە رابردوودا سەدان ملیۆن کەسییان کوشتبوو، بۆ نموونە سیل و مەلاریا، بەڵام ئەم سەرکەوتنە مێژوویانەی مرۆڤ مانای سەرکەوتنی کۆتایی نییە بەسەر هەموو پەتاکاندا، بەتایبەت ئەوانەی تازە سەرهەڵدەدەن.

سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مردنی سەدان هەزار کەس بەهۆیەوە، ئەوەی خستەڕوو کە رژێمی تەندروستی جیهانی ئامادە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای نوێ و لاوازەیشە لە کۆنترۆڵکردنی دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ئەمەش مرۆڤایەتی لەبەردەم ئەم پەتا نوێیانەدا لاواز و دەستەوەستان کردووە.
ڕاپۆرتی پەیسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق