رێککەوتنەکەی ئیسرائیل و ئیمارات چی لە هەگبەدایە؟‌

ليست هناك تعليقات


١٣ی ئابی ٢٠٢٠، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئیمارات بە مەبەستی پەیوەندی دیپلۆماتیک و هاوکاریکردنی زیاتر لە بوارەکانی پاراستن و ئابووری و تەکنۆلۆژی و سەرمایەداری، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ئەمەش دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە جیهاندا.

ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیل، محەمەد بن زاید وەلیعەهدی ئەبوزەبی، هیواخوازی ئەوەن ئەم دەستکەوتە مێژووییە ببێتە هۆی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەم ڕێککەوتنەی بە دەستکەوتێکی مێژوویی و گەورەترین گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا لەچەند ساڵی ڕابردوودا وەسف کرد.
لەم ڕێککەوتنەدا ناتانیاهۆ چاوپۆشی لە بەشێک لە خاکی فەلەستین دەکات، باس لەوە دەکرێت بەم کارە ناتانیاهۆ کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ناوخۆیی بووەتەوە، دەتوانێت دەنگی خەڵکە میانڕەوەکەی ئیسرائیل بەدەستبهێنێت کە خوازیاری"دەستهەڵگرتن لە زەوی لەبەرانبەر گەیشتن بەئاشتی لەگەڵ عەرەبەکانن".

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ناتانیاهۆ لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا بەزمانی عیبری گوتبووی:"بەهەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئەمریکا، بەرنامەکەی من بۆ گرتنی خاک هیچ گۆڕانکاری تێدانەکراوە."هەندێک لە چاودێران دەڵێن ئەم قسەیە بەمانای ئەوەیە وەستاندنی گرتنەوەی خاک لەلایەن ئیسرائیلەوە کاتییە.

کاردانەوەی وڵاتان لەسەر ئەم ڕێککەوتنە چیە؟

ئێران و تورکیا ڕەخنەیان لەم ڕێککەوتنە گرتووە و نیگەرانن لێی، ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پێداچوونەوەیەک بەپەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئیمارات دەکەن و لەوانەیە پەیوەندییان لەگەڵ ئەم وڵاتە بپچڕێنن. بەڵام میسر یەکێکە لەو وڵاتانە کە ئەم هەنگاوە بەئەرێنی وەسف دەکات، هاوکات عومانیش وڵاتێکی دیکەیە کە پشتیوانی خۆی ئەم ڕێککەوتنە ڕاگەیاند. فەلەستینییە توندڕەوەکانیش ئەم کارە بە خیانەت بە ئامانجەکانی فەلەستین ناودەبەن.
لەدوای پەیوەندی میسر(١٩٧٩) و ئوردن(١٩٩٤)، ئیمارات سێیەم وڵاتی عەرەبییە کە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەوێتە پەیوەندی سیاسییەوە. هەرچەندە لەساڵانی ڕابردوودا پەیوەندی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ڕووی لە باشبوونەوە کردووە و دەگوترێت کە پەیوەندی نافەرمی لەنێوانیاندا هەیە.

ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات؛ شوێنی خاڵیی ئێران پڕ دەکرێتەوە؟

پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، بەجۆرێک بوو کە دوژمنایەتی کردنی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، بووبووە هۆی لەیەکتر نزیکبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل. کەچی ئێستا دوژمنایەتی ئێران و ئیسرائیل، بووەتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی.

وڵاتی ئیسرائیل چەند دەیەیە کە وێڕای ئەوەی بەدوای هاوبەشێکی سیاسی دەگەڕێت، هاوکات بەدوای هاوبەشێکی بازرگانیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پێش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، ئیسرائیلییەکان گرنگترین بازرگانان و بەڵێندەری بواری نەوت و بیناسازی و ڕێگەوبان بوون لەناو وڵاتی ئێراندا.
ئێستاش ئیمارات دەبێت بە ئێرانێکی دیکە بۆ وڵاتی ئیسرائیل بۆ کارووباری بازرگانی و کۆمپانیاکانیان.

پێش ئەم ڕێککەوتنەش بازرگانە ئیسرائیلییەکان لە ئیماراتدا بەڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکەوە لە ئیماراتدا لەبواری بازرگانیدا چالاک بوون، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەوە ڕێگە بۆ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان خۆشدەکات، تاوەکو شوێنی ئێران بۆ ئیسرائیل بگرنەوە، لە کاتێکدا نەیانتوانی ئەم شوێنە بە میسر و ئوردن بەباشی پڕبکەنەوە.

هێڵی بۆری نەوتی "ئیلات-ئەشکلۆن"ی ئیسرائیل کە کاتی خۆی لەسەردەمی شای ئێران نەوتی ئێرانی بۆ ئەوروپا دەگواستەوە، ڕەنگە ئێستا ئەم بۆرییە نەوتییەی ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی نەوتی ئیمارات بەکاربێت. ئەمە لەکاتێکدا کە لەئێستادا وڵاتانی خاوەن نەوتی کەنداو، نەوتەکانیان بەڕێگەی دژواردا دەگەیەننە ئەوروپا.

ڕاستە ئیسرائیل بۆ پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیمارات چاوپۆشی لە هەندێک خاکی فەلەستین کردووە، بەڵام ئەم پەیمانە ئیسرائیل دەخاتە ناو بازاڕێکی پڕ لە قازانجی وڵاتی ئیماراتەوە، بەڵکو لەوەش زیاتر ئەم پەیمانە ئیسرائیل نزیکتر دەکاتەوە لەدەستگەیشتن بە کەنداو و ئەمەش لە هەمووشتێک زیاتر ئێران نیگەران دەکات.

ئێران پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی بەکارێکی گەمژانە وەسف کرد. لەڕێگەی بەیانێکی فەرمیدا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی خۆی، ڕایگەیاند کە ئەم پەیمانە " خەنجەرلێدانە لەپشتەوە لە خەڵکی فەلەستین".

هۆشداری ئەوەشی داوەتە ئیمارات، کە ئەگەر ئیسرائیل لەئەنجامی ئەم ڕێککەوتنەدا دەستوەردان لە کارووباری کەنداودا بکەن، ئەوا دەوڵەتی ئیمارات و دەوڵەتەکانی هاوەڵی دەبێت بەرپرسیارێتی هەموو پاشهاتەکانی ئەم هەنگاوە بگرنە ئەستۆ. ڕاشیگەیاند ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی فراوانبوونی بەرەی دژەئیسرائیلی.

ئەم ڕێککەوتنە دەرئەنجامی چیە؟

ئەم ڕێککەوتنە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند و بەنێوەندگیری ئەمریکا بووە. ترەمپ لەچوارچێوەی"ڕێککەوتنی سەدە"دا بەدوای چارەسەری کێشەی فەلەستین بوو و وا دەردەکەوێت ئەم ڕێککەوتنەی ئیمارات و ئیسرائیل یەکەم دەستکەوتی بەرچاوی ئەم پلانە بێت.

وەک لە ڕۆژنامەی ئەمریکی نیویۆرک تایمزدا هاتووە ئەم ڕێککەوتنەی ئیمارات و ئیسرائیلی بە "بوومەلەرزەی جیۆپۆلەتیکی" ناوبردووە و ئەم ڕێککەوتنەی وەک هەنگاوێکی ترەمپ داناوە لەچوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین.
وەک چۆن لە بەیاننامەکەدا هاتووە هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئیمارات پەیوەست دەبن بە پلانەکەی ئەمریکا بەناوی"بەرنامەی ستراتیژی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif