یەکەم کەشتیوانی کەشتیی سپەیس ئێکس وێستگەی بۆشایی ئاسمانی بەجێهێشت و بەرەو دوایین و گرنگترین قۆناخ هەنگاو دەنێت، کە گەڕانەوەیە بۆ زەوی و دابەزینە لەسەر ناوچە ئاوییەکان.
دەگ هەرلی و بۆب بێنکن دوایین ماڵئاواییان لە سێ کەشتیوانی دیکەی کەشتیی سپەیس ئێکس دراگۆن کرد و دەگەڕێنەوە زەوی و بڕیارە لە کەنداوی مەکسیک داببەزن و بێنەوە سەر زەوی.
سەرەڕای باهۆز و گەردەلوول بەرەو فلۆریدا، بەڵام ناسا رایگەیاند کەشوهەوا لە کەناراوەکانی نزیکی پەنەما و فلۆریدا لەبارە و دەتوانن لەو ناوچەیە داببەزن، بڕیاریشە دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ بەکاتی ئەمریکا بگەنەوە سەر زەوی.
یەکەمجارە لەماوەی 45 ساڵی رابردوو کەشتیوانی ناسا لەسەر ئاو دابەزێت و بگاتەوە زەوی، دوایین جار دابەزینی هاوشێوە لە ئەرکێكی هاوبەشی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت بوو لە کەشتییەکدا بەناوی ئەپۆلۆ سویوز.
ئەو دوو کەشتیوانە رۆژی 30ـی ئایار لە بنکەی ئاسمانیی کەنەدی سەر بە ناسا بەرەو بۆشایی ئاسمان بەڕێکەوتن،کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەبێتە یەکەم کۆمپانیا خەڵک بنێرێتە بۆشایی ئاسمان و بیگەڕێنێتەوە، بێنکن یەکێک لە کەشتیوانە گەڕاوەکان رایگەیاند:" زەحمەتترین کاتمان بەڕێکەوتن بوو لە بۆشایی ئاسمانەوە، بەڵام گرنگ گەڕانەوەمانە بۆ نیشتمان".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق