دوای مردنی سیستانی كێ ده‌بێته‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی عێراق؟‌

ليست هناك تعليقات


حەوزەی زانستی نەجەف لە عێراق بە ڕابەرایەتی عەلی سیستانی توانیویەتی تێڕوانینی نەریتیی شیعە بۆ سیاسەت بە سەرکەوتوویی زیندوو بکاتەوە، ئەم تێڕوانینە ڕکابەرێکە بەرامبەر تیۆری ویلایەتی فەقیهـ، كە ڕابەرێکی مەزهەبی لە تاران شوێنی کەوتووە. پرۆسەی زیندووکردنەوەی ئەم تێڕوانینە ساڵی ٢٠٠٣ دەستیپێکرد، بە نزیکەیی دەیەیەک دوای ئەوەی سیستانی گەیشتە پلەی مەرجەعییەت. پرسیاری سەرەکی ئەوەی، ئایا حەوزەی زانستی نەجەف دەتوانێت پێگەی نەریتی خۆی دوای نەمانی سیستانی بپارێزێت؟

دەوڵەتی مەدەنی نەجەف
ڕووخانی سەدام حسێن ساڵی ٢٠٠٣ هەلێکی نمونەیی خستە بەردەمی ڕۆحانییە شیعەکانی نەجەف، بۆ ئەوەی بانگەشەی دەسەڵاتداری بە ڕووی حکومەتی عێراقدا بدەن. حزبە سیاسییە شیعەکانی عێراق کە بە دوای ئەو دەسەڵاتەوە بوون، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ پرۆژەکەی خۆیان، ڕوویان لە سیستانی کرد. بەڵام سیستانی پشتیوانی لە دەوڵەتی مەدەنی، یان نامەزهەبی کرد و خوازیاری پێکهێنانی سیستمێکی دیموکراتی لە عێراق بوو.

دژایەتی سیستانی بۆ سیستمی ویلایەتی ڕۆحانییەکان، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە تێڕوانینی ئایینی و فیقهی شیعەدا هەیە، کە تێیدا مافی دەسەڵاتداری تایبەتە بۆ پێغەمبەری ئیسلام و دوانزە جێنشینەکەی. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست ئەم تێڕوانینە بووە هۆی فۆڕمەڵەبوونی گرووپێک لە ڕۆحانییە شیعەکانی لایەنگری بزووتنەوەی مەشروتە لە ئێران، کە کەسە ناڕۆحانییەکانیان وەک سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆحانییەکان پێ باشتر بوو. 

ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە سیستمێکی نیمچە دیموکراتی لە نەبوونی پێغەمبەر و ئیمامەکان بکرێت بە تیۆری و دواتر بە پراکتیک بکرێت. سیستانی لە خوێندنەوەی خۆیدا بۆ ئەم ئاڕاستەیە، بە دیاریکراوی جەخت دەکاتەوە لە سەر ویلایەتی مرۆڤ (ئەو سیستمەی کە پارێزەرەکانی خەڵكانی ئاسایین)، کە لە بەرامبەر تیۆری ویلایەتی فەقیهـ (کە فەقیهەکان پارێزەرین) کە ئایەتوڵا خومەینی دایهێناوە، دەوەستێتەوە. هەروەها تێڕوانینی ئایەتوڵا سیستانی بۆ دەوڵەتی مەدەنی، تێڕوانینی پراکتیکیانە بەرامبەر واقیعی عێراقی دوای ٢٠٠٣، کە ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و مشتومڕی نەتەوەیی – مەزهەبی لە بەرە جیاوازەکاندا بووە، بەهێز کردووە و ڕۆڵی هەبووە.

پەسەندنەکردنی ویلایەتی فەقیهـ لەلایەن سیستانییەوە، ڕەگی قووڵی لە قوتابخانەی فکری نەجەف هەیە. لە بیرمەندە بەرجەستەکانی ئەم قوتابخانە فکرییە یەکێکیان مامۆستای سیستانی (ئەبولقاسم خوئی ١٨٩٩-١٩٩٢)، ئەوی تر (میرزا محەمەد حسێن نائینی ١٨٦٠ – ١٩٣٦) مامۆستای خوئی بوون. نائینی لە بەرهەمەکەی خۆیدا نە ناوی (تنبیه ‌الامة و تنزیه ‌الملة) خوازیاری (ویلایەتی ئومەت) بوو، کە لە جیاتی فەقیهەکان دەسەڵات بدرێت بە خەڵک. سیستانی بە نۆبەی خۆی خوازیاری دامەزرانی دەوڵەتێکی مەزهەبی نەبوو، بەڵکو لەوەش تێپەڕێ و لە بەرامبەر هەوڵی حزبە ئیسلامییەکان بۆ پیادەکردنی سیستمێکی دادوەری پشت بەستوو بە شەریعەت وەستایەوە.

پێناچێت جێگرەوەکانی سیستانی بۆچوونی جیاوازیان لە بارەی دەوڵەتی مەدەنی هەبێت. ئەم جێنشینانەی نەوەی داهاتوو (هادی ئەلرازی ١٩٤٩، محەمەد ئەلسەنەد١٩٦٢، عەلی ئەلسەبزواری ١٩٥٦، محەمەد رەزا سیستانی ١٩٦٢)ن. ڕۆحی پتەوی سیستمی سیاسی کۆمەڵ تەوەری عێراق، کە دەستکەوتی خودی کەسایەتی سیستانییە، لە بەرامبەر هەوڵەکان بۆ هێنانە سەر کاری دەوڵەتێکی (وەلایی) لە ئاڵۆزی ئەودا شاراوەیە. سیستمی ئێستای عێراق کە نەتەوە و گرووپە مەزهەبییە جیاجیاکانی لە خۆیدا جێکردووەتەوە بەپێی سروشتی خۆی ناتوانێت لەگەڵ دەسەڵاتداری وەلایی ڕۆحانییەکان هاوژینی هەبێت، هیچ ڕۆحانییەک ناتوانێت بە شێوەیەکی متمانەپێکراو و پەسەندکراو، بانگەشەی ویلایەتی فەقیهـی لە سیستمێکی وەک عێراقدا هەبێت.

تۆڕی کۆمەڵایەتی سیستانی
دەرکەوتنی مەرجەع لە کۆمەڵگەی موسوڵمانی شیعەدا جیاوازە لە هەڵبژاردنی پاپا لە مەزهەبی کاسۆلیکدا کە لەلایەن کۆمەڵێک لە کاردیناڵەکانەوە ئەنجام دەدرێت. لە مەزهەبی شیعەدا مەرجەعی نوێ بە تەشریفاتی کەمتر و ناڕەسمیتر و بە پشتیوانی تۆڕی دارایی و کۆمەڵایەتی خۆی دەردەکەوێت، کە ئەندامەکانی بە تێپەڕینی کات بیر و بەرهەمەکانی ئەو پەرەپێدەدەن.

دەسەڵاتی ئایینی سیستانی لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا بەرفراوان و چەسپاوە. ئەو لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی ٦٠٠ نوێنەری هەیە و لەسەر ئاستی جیهان کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ڕێکخراوە شیعە مەزهەبەکان هەیە. نووسینگەی ئەو لە حەوزەی زانستی قوم لەلایەن زاواکەیەوە (سەید جەواد شەهرستانی) بەڕێوەدەبرێت و وتەبێژی ڕەسمی ئەو (حەمید خەفاف) دانیشتووی بەیروتە. ئەم کەسایەتیانە تۆڕێکی بەرفراوانیان دروستکردووە و لە دەرکەوتنی مەرجەعی داهاتوودا کاریگەریان دەبێت.

حەوزەی زانستی نەجەف پێکهاتەیەکی فرە چینی هەیە کە جێگیری پێبەخشیوە و لە بەرامبەر هەوڵەکانی دەرەوەی حەوزە بۆ دزەکردنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی مەرجەعێکی نوێ، یان ئایەتوڵا عوزما، دەیپارێزێت. ئەم پێکهاتەیە پێکدێت لە توێژێک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لەناو خودی حەوزەی زانستی و نوێنەرایەتی لە دەرەوەی کۆمەڵگەی شیعەکان و ڕێکخراو و ئۆرگانە داراییە جیاجیاکان.

حەوزەیەکی زانستی تر لە کەربەلا بوونی هەیە، واتا هەمان ئەو شارەی كە مەزارگەی ئیمام حسێن لەوێیە. بە شێوەیەکی مێژوویی، حەوزی زانستی کەربەلا لە ژێر ڕابەرایەتی (ئیخبارییەکان) بووە، کە لە ڕووی سیاسییەوە زۆر بێدەنگن. خوێندنەوەی ئایینی ئیخبارییەکان سەرچاوەی لە شیکاری قورئان و فەرمودە و دوورکەوتنەوە لە بەڵگەهێنانەوەی دەرەوەی دەقە ئایینییەکانە. بەڵام ئێستا وەفادارەکان بۆ قوتابخانەی فکری (شیرازی) جێگەی ئیخبارییەکانی گرتووەتەوە. هەرچەندە حەوزەکانی نەجەف و کەربەلا بۆ چەندین سەدە ڕکابەری یەک بوون، بەڵام پێگەی حەوزەی کەربەلا بە تێپەڕینی کات پووکاوەتەوە. شیرازییەکان بە هۆی دژایەتی تائیفی خۆیان لەگەڵ سوننەکان و باوەڕ بە توندڕەوی شیعە، وەک چەقۆ لە خۆدان، بەناوبانگن.

میانەڕەوی و کۆمەڵگەی شیعە لە جیهاندا
هەموو کاندیدێکی مەرجەعیەت بۆ جێنشینی سیستانی دەبێت بێجگە لە دروستکردنی کاریگەری لەسەر عێراق، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە شیعەکانی تر لە حەوزەی کەنداوی فارس، لوبنان، هیندستان و ناوچەکانی تری جیهان بەرفراوانتر بکات. ئەم ئامانجە بۆ جێنشینی سیستانی تەنیا بە هەڵوێستی میانەڕەوانە لە بەرامبەر دەوڵەتە عەرەبییە زۆرینە سوننەکان بەدەست دێت، چونکە شیعەکان لەو وڵاتانە کەمینەن. ئەم ستراتیژە بە واتای بەردەوامی هەڵوێستی میانەڕەوانەی خودی سیستانی لە سەردەمی رابەرایەتیدا دەبێت.

بە دیاریکراوی سیستانی بەردەوام خۆی بەدوور گرتووە لە دیدار لەگەڵ توندڕەوەکان. لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئێرانیش، خۆی لە دیدار لەگەڵ ئەو کەسایەتیانە بەدوور گرتووە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیان لەگەڵ ئایەتوڵا خامنەیی ڕابەری ئێران، مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، مەحمود هاشمی شاهرودی سەرۆکی پێشوو و کۆچ کردووی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستمی ئێران هەبووە. ساڵی ٢٠٠٤ سیستانی لە گەڕانەوەیدا بۆ عێراق لە لەندەنەوە ڕیگەی نەدا کە حەسەن نەسروڵا ڕابەری حزبوڵای لوبنان لە فڕۆکەخانەی بەیروت بچێتە پێشوازی.

میلیشیا شیعەکان
دوای ڕووخاندنی سەدام حسێن لەلایەن ئەمەریکاوە، بەرفراوان بوونی میلیشیا شیعە و سوننەکان گرفتی بۆ سوقامگیری عێراق دروستکرد. نزیکەی ١٥ ساڵ دواتر لە ئەنجامی ڕزگارکردنی عێراق لە داعش، میلیشیا سوننەکان بە نزیکەیی بە تەواوی لەناوچوون، بەڵام میلیشیا شیعەکان کەم تا زۆر توانیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدان، دووبارە دەرکەونەوە. حەشدی شەعبی لە ماوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، دەسەڵات و کاریگەری خۆیان لە بوارەکانی ئاسایش و سیاسەتدا بەهێز کرد.

لە پێکهێنانی حەشدی شەعبیدا فەتوای سیستانی ساڵی ٢٠١٤ کاریگەر بوو، بەڵام لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ سیستانی هەوڵی داوە بۆ ئەوەی بەرزەفڕییەکانی ئەو پێکهاتە میلیشیاییە کۆنترۆڵ بکات. هەوڵەکانی ئەو بۆ تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لەناو هێزی سەربازی عێراقدا بەو ئامانجە بووە کە هێزێکی میلیشیای تەریب بە هێزی سەربازی عێراق، بە ئامانجی ڕێگری بووە لە دەرکەوتنی هێزێکی چەکداری ژێر کاریگەری ئێران. عەلی خامنەیی لە بەرامبەردا هەڵوێستێکی دژی گرتووەتەبەر و لە هەلە جیاجیاکاندا داوای لە سیاسەتمەدارانی عێراق کردووە کە حەشدی شەعبی نەخەنە ناو سوپای عێراقەوە و هەڵینەوەشێننەوە.

هەوڵەکانی سیستانی تا ئەمڕۆ کاریگەریان هەبووە و لە ئێستادا تەنیا چەند باڵێکی حەشد لەگەڵ ئێران پەیوەندیان هەیە، لەوانە حزبوڵای عێراق، عەسائیب ئەهلی حەق، سەرایەی خوراسانی. لەلایەی ترەوە لەناو حەشدی شەعبیدا تیپی ئەلعەباس، ئەنسارولمەرجەعیە، کەتائیبی تەیار ئەلرسالی، کەتائیبی ئیمام عەلی، لەو گرووپانەن بەپێی خواستەی سیستانی بۆ دەوڵەتی عێراق وەفادارن.

ستراتیژی ئێرانییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی حەوزەی زانستی نەجەف
ڕابەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەیەکی زۆرە ڕەشبینی خۆیان بەرامبەر دەرکەوتنی مەرجەعێک لە داهاتوودا لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دەربڕیوە. ڕابەرە مەزهەبییەکانی ئێران ئاگادارن لە دژواری سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بەسەر ئەو جۆرە مەرجەعەدا لە دەرەوەی ئێران. ساڵی ١٩٩٤ ئەحمەد جەننەتی ئیمام جومعەی تاران بە ئاماژەکردن بە پەیوەندی لاوازی سیستانی لەگەڵ خومەینی لەو ماوەیەی کە خومەینی دوور خرابووەوە بۆ نەجەف، هێرشی کردە سەر سیستانی و ئەوی بە بەکرێگیراوی ئینگلیزەکان ناوبرد. ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆک کۆماری پێشووی کۆچکردووی ئێرانیش لە کۆمەڵە یادداشتەکانی ڕۆژانەیدا ئاشکرای کردووە، کە ئەو و خامنەیی زۆر لە بارەی دەرکەوتنی ڕابەرێکی مەزهەبی لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران و ستراتیژەکانی بەهێزکردنی پێگەی قوم لە بەرامبەر نەجەف گفتوگۆیان کردووە.

ئەو دوو کاندیدەی کە پێدەچوو لای خامنەیی وەک جێنشینی سیستانی پەسەندکراو بن، کۆچی دواییان کردووە. یەکێک لەوانە ئایەتوڵا شاهرودی سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستمی ئێران بوو، کە ئۆرگانێکى ڕاوێژ پێشکەشی ڕابەری ئێران دەکات. شاهرودی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨ کۆچی دوایی کرد. ئەو کە لە خێزانێکی ئێرانی لە نەجەف لەدایک ببوو، بۆ ماوەی دەیەیەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش بوو. کاندیدێکی تر (محەمەد مەهدی ئاسفی) نوێنەری ڕەسمی خامنەیی لە نەجەف بوو، ئەویش ساڵی ٢٠١٥ کۆچی دوایی کرد. سەید کازم حائری و سەید کەمال حەیدەری لە ڕۆحانییە بەرجەستەکانی نزیک لە خامنەیین، بەڵام هەردووكیان لە قوم دەژین و لە نەجەف خۆشەویست نین. پەیوەندیدار بە حەوزەی زانستی قوم، خامنەیی هەوڵیداوە، ئەو حەوزەیە ناچار بکات، کە نیشانی بدات پشتیوانی تەواو لە ویلایەتی فەقیهـ و دەستووری کاری سیاسی ئەو دەکەن. بەڵام ئێستا زۆربەی کەسایەتییەکانی حەوزەی زانستی قوم ڕێزیان لە تێروانینی سیاسی سیستانی گرتووە و هیچ مەیلێکیان بۆ ویلایەتی فەقیهـ و دەستووری کاری سیاسی خامنەیی نیشان نەداوە.

بە سەرنجدانى ئەو سنورداریانە، خامنەیی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی کاریگەری سیاسی خۆی لەسەر نەجەف لە ڕێگەی ترەوە دروستبکات. بۆ نمونە سەید موجتەبا حوسەینی وەک نوێنەری تایبەتی خۆی لە نەجەف داناوە، کە بەڕێوەبردنی سێ خوێندنگەی ئایینی لە ئەستۆیە و ئامانجی ئەو خوێندنگانە پەروەردە کردنی خوێندکارە بۆ گۆڕان بە کەسایەتی مەزهەبی لە حەوزە. زۆرینەی حزبە سیاسییە شیعەکانی عێراق کە پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە، وەک حزبی دەعوە، پشتیوانی لە ناوەندێک لە حەوزەی زانستی نەجەف دەکەن، کا ئامانجیان بانگەواز بۆ ئیسلامی سیاسی شیعی لەناو خوێندکارەکاندایە. خامنەیی بەردەوام مانگانە دەدات بە خوێندکارەکان لە حەوزەی زانستی نەجەف.

ئەم کارانە نیشانی دەدات خامنەیی ئاگادارە کە ناتوانێت بە ئاسانی بۆ سیستانی لە نەجەف جێنشینێک دیاریبکات. لەمڕووەوە پەنای بۆ ستراتیژێک بردووە، کە ئامانجی دروستکردنی دووبەرەکەییە لە نەجەف: گرووپێک پشتیوانی لە ئەو و ویلایەتی فەقیهـ دەکەن، گرووپەکەی تر بریتین لە شیعە نەریتییەکانی پشتیوانی سیستانی و تێڕوانینەکانی. لە کۆتاییدا بە سەرنجدانى ئەو لەمپەڕانەی لەبەردەم خامنەییدان لە نەجەف، ئەو بۆشاییەی لە نەبوونی سیستانی دێتە بوون، هەلێکی باش بۆ ئەو دەستەبەر دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەجەفدا زیاتر بکات، ئەویش ئەگەر رابەری ئێران تا ئەو کاتە زیندوو بێت.

نووسین: عەلی مەعموری / پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک
وه‌رگێڕانی ئارام مەحمود ئەحمەد
سەرچاوە: http://www.kurdistanc.com/Islamic/details.aspx?jimare=5553
و/پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif