بۆ هەڵبژاردن تەنها بە دە مانگ چیدەکرێت؟

ليست هناك تعليقات



سیروان حەمەڕەشید
-
هەڵبژاردن یەکێکە لەپایە و بنەما بنەڕەتیەکانیی هەموو سیستمێکی دیموکراسی.

کەواتە هەڵبژاردن بریتییە: لە " وەرگرتنی دەسەڵات بەپێی خواستی میللەت دوور لەبەکارهێنانی هێز و پەنابردن بۆ توندو تیژی و خوێنڕشتن"

کاتێک دەسەڵات و نوێنەرەکانی پەرلەمان و ناوەندی بڕیاری سیاسی دیاریدەکات پێویستە سێ مەرجی ئەساسی تێدا بێت.

یەکەم- ڕەوایەتی بەمانای دەرچوونی بریار و یاساکان لەلایەن دەسەڵاتێکی شەرعی و دەستور و ڕاسپێردراوەوە.

دووەم- گەردنگیری بەواتای ناوەڕۆکی بڕیارەکان هێزێکی سەپێنەری لەپشتەوە بێت بۆ جیبەجێکردنی وپابەندکردن.

سێیەم- گشتگیر بێت بەو واتایەی بڕیارەکە بۆ کاروباری گشتی و پێداویستیەکانی کۆمەڵگە بێت.

بێگومان هەڵبژاردن ئامرازێکە لەو ڕێگەیەوە پاڵێوراوان دیاری دەکەن بۆ بەرێوەبردنی کاروباری دەوڵەت دەرفەتیش بەهاوڵاتیان دەدات کەبیروبۆچوونی لەبارەی پاڵێوراوان بڵێین.

لێرەدا دەپرسین دوو هێزی نادیموکرات و خۆسەپێنەر و مۆنۆپۆڵکار لەژینگەی ناسروشتی و ئەنارکی وەک هەرێمی کوردستان چۆن هاوڵاتیان لەوە دڵنیا دەکەنەوە چاوسوورکردنەوە و پەنابردن بەر کاری تەزیوری و ساختەکاریی بێ سنوور کۆتای پێهاتووە؟

ئایا ئەو دوو هێزه بۆ جارێکی تر پڕۆسەی هەڵبژاردن ناکەنە گاڵتەجاڕ و بێبەهاترین کردەی سیاسی ؟ ئایا خەڵک لەدۆخێکی وا ناجۆر و نائاسایدا چۆن چۆنی متمانە بەسندوقی دەنگدان و ئەنجامی هەڵبژاردن بکەنەوە .. !؟ یاخود بەچی شێوازێک دەتوانرێت هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی تەنها لەو ماوە کەمەدا وا لەخەڵک بکەن بێ ڕاڕایی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەهەلبژاردنی مانگی (6)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەشدار بن؟

دیارە هەمو لایەک ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە هاوڵاتیان سەرەڕای ساختەکاری لەدەنگداندا و لەهەمانکاتدا بەهۆکارگەلی دەیان قەیرانی ئابووری و بێ موچەی و بێ دادی و ستەمکاری دەسەڵاتی 29ساڵەی هەرێم ئێجگار بێ حوسەڵە و توڕە و نیگەرانن و هیچ جۆرە متمانەیەکیان نەک بەهەڵبژاردن نییە ، بەڵکو هیچ ویست و ئومێدێکیان بە پرۆسەی سیاسی و حزبەکان نەماوە.

هەڵبەتە لەنێوەندەدا (پارتی و یەکێتی) وەک هەڵبژادنەکانی پێشوو لەڕێگەی ساختەکاری ڕێکخرا و بەرنامە بۆ داڕێژراو خۆیان و دەوڵەتانی ناوچەکە ڕێژیەکی باش نوێنەری ساختە لەسەر حساباتی ئیرادە و دەنگدەرانی ( هاوڵاتیان و گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی ...هتد) دەنرێنە ئەنجومەنی نوێنەران.

دواجار لەماوەی دە مانگدا هێزەکانی دەرەوەی( پارتی و یەکێتی) لەبەردەم ئاڵنگاری و بەرپرسیارییەتی گەورە و گراندان، بەتایبەتی بەرمەبنای بێ قەناعەتی و نەمانی ڕووحیەتی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردندا. چونکە ڕوونە خەڵک و حزبەکانی دەرەوەی هەر دوو هێزە ستەمگەرەکە ئەزمونێکی ئێجگار ناشیرین و تاڵەیان لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و مێژووی سیاسی و دەسەڵاتدا هەیە، کەواتە بۆ حزبەکان زۆر زەحمەتە لەماوەی تەنها( دە )مانگدا دڵنیایی و متمانە بۆ خەڵک و هاوڵاتیانی هەرێم بگەڕێنەوە ٫ بەشێوەیەک هەمولایەک چاوی هیواییان لەسەر ئەوە بێت کە بێ هەڕەشە و ساختەکاری و دەستوەردان دەنگدان و هەڵبژاردن ڕێچکەی یاسایی و ڕەوایەتی خۆی وەربگرێت و بەرێوە بچێت .



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif