وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی عێراق دەداتەوە

ليست هناك تعليقات

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌داته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م تۆمه‌تباركردبوو بۆ چاره‌سەركردنی كێشه‌ی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كان. دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق لەمپەری بۆ رێککەوتن دروستکردووە.


لە وەڵامەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلی ماددەی 114ی دەستووریان نەکردووە، "وەزارەتی دارایی عێراقیش کار بە دەستووری عێراق ناکات". 

دوێنێ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق له‌ڕێگه‌ی راگه‌یێندراوێكەوە وه‌ڵامی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی رۆژی چوارشەممەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دایه‌وه‌ و باسی لەوە کردبوو، دەیان هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان داوادەکەن راستەوخۆ مووچە دابەشبکرێت. گوتبووشی، گفتوگۆكان قۆناخی زۆریان به‌ڕێكردووه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی دیالۆگه‌كان، حكومه‌تی عێراقی له‌ خه‌می پێدانی مافه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و زامنكردنی مووچه‌كانیان بووه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی بۆیانده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و شایسته‌ داراییانه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان نێردراون نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ست خاوه‌نه‌كانیان.


له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستاندا باس له‌وه‌كراوه،‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌ هه‌موو قۆناخه‌كاندا نه‌رمی نواندووه‌ بۆ چارەسەر‌كردنی كێشه‌كان و رۆژی 16-7-2019 سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ به‌غدا ئه‌نجامدا و هه‌ردوولایه‌ن رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوور ببێته‌ ناوبژیكار بۆ ئه‌م پرسانه‌. رۆژی 25-7-2019 یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی به‌ئاماده‌بوونی دوو جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدرا و حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشنیاز و راسپارده‌كانی بۆ چاره‌سەركردنی كێشه‌كان خسته‌ڕوو. "رۆژی 1-12-2019 له‌ به‌غدا رێككه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌ نه‌وتی و داراییه‌كان له‌ بودجه‌ی گشتیی 2020 چاره‌سەربكرێن". 

بە گوتەی وەزارەتی دارایی، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق هۆكاربوو بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌چێتە‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. "ده‌بوو حكومه‌تی ناوه‌ند تاوەکو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت و وێڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبوونی خۆی چه‌ندباره‌ كرده‌وه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ نابێت ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان ببێته‌ هۆكاری بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام رۆژی 16-4-2020 به‌بێ هیچ پاڵپشتییه‌كی یاسایی و ده‌ستووری، تاكلایه‌نانه‌ بڕیاری بڕینی شایسته‌ داراییه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دا".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێداگربووە بۆ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانووستاندنه‌كان و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان. وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین جار شاندی فه‌رمیی ره‌وانه‌ی به‌غدا كرد بۆ تاوتوێكردنی ته‌واوی كه‌یسه‌كان به‌گشتی و پرس و بابه‌ته‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانیش به‌تایبه‌تی، به‌ڵام به‌م دواییانه‌ تێبینی ئه‌وه‌مان كرد ده‌ستی ده‌ستی ده‌كرێت له‌باره‌ی گه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتنێكی هاوسه‌نگ له‌باره‌ی كه‌یسی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".


وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو و دەڵێت، راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی عێراق لەم خاڵانەدا "دوورە لە راستی و وردی". 

یه‌كه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تۆمه‌تباركردووه‌ به‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ی له‌ به‌غدا نێردراون بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌ده‌ستی فه‌رمانبه‌ران نه‌گه‌یشتووه‌. ئێمه‌ش وه‌ڵامی ئه‌م تۆمه‌ته‌ نابه‌جێیانه‌ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمیی ده‌ده‌ینه‌وه‌ و ده‌ریده‌خه‌ین ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ی له‌ سه‌ره‌تای 2014ـه‌وه‌ تاوه‌كو مانگی نیسانی 2020 كه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان نێردراون چه‌ند بووه‌ و به‌راوردكاریمان كردووه‌ كه‌ ده‌بوو چه‌ندی دیكه‌ی بناردایه‌، كه‌ نه‌یناردووه‌ و ئه‌مه‌ش هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێ به‌ رێكوپێكی مووچه‌كان دابه‌ش بكرێن.

روونكردنه‌وه‌كانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان به‌مشێوه‌یه‌یه‌:

كۆی گشتیی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ بۆ مووچه‌كانی "فه‌رمانبه‌رانی سڤیل و سه‌ربازیی و خانه‌نشینان و شایسته‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانه‌ سیاسییه‌كان و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی" خه‌رج ده‌كات 893 ملیار دیناره‌. له‌ كاتێكدا له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2019 ده‌ستیكردووه‌ به‌كاره‌كانی، مانگانه‌ ته‌نیا 453 ملیار دیناری له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ هاتووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 51%ـی كۆی گشتیی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ مووچه‌ خه‌رجی ده‌كات. حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناچاربوو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی مووچه‌، داهاته‌ نه‌وتی و نا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان دابین بكات بۆ پێدانی مووچه‌. سه‌رباری ئه‌وە‌ش بڕه‌ پاره‌ نێردراوه‌كانی به‌غدا له‌ مانگه‌كانی 5 و 6 و 7 و 8ی ساڵی 2020 راگیران و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی هه‌بوو له‌سه‌ر پرسی دابه‌شكردنی مووچەی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان. 

دووه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی به‌وه‌ تۆمه‌تباركردووه‌ كه‌ بنچینه‌ی كێشه‌كانی دیاری نه‌كردووه‌ و نه‌رمی نه‌نواندووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن. حكومه‌تی فیدراڵیش هه‌ڵوێستی خۆی به‌پشتبه‌ستن به‌مادده‌ی 114ـی ده‌ستوور به‌ستووه‌ له‌ هاوبه‌شیكردن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی گومرگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌مانه‌وێ روونكردنه‌وه‌ بده‌ین كه‌ خودی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی هۆکاربووه‌ كه‌ نه‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتنێك سه‌رباری هه‌موو پێشنیاز و بیرۆكه‌ی جیاواز بۆ ئه‌م بابه‌تانه‌. 

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه‌ كارگێڕییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی گومرگه‌كانی هه‌رێمی کوردستان هیچ كاتێك پێچه‌وانه‌ی بڕگه‌كانی مادده‌ی 114ـی ده‌ستوور كاری نه‌كردووه‌ و ته‌واو پابه‌ندی بڕیاره‌كانی بووه‌. له‌ سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌ و نووسراوه‌كانماندا ئه‌مه‌مان دووپات كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌ و وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستوور كار بكرێت و ئه‌و رێوشوێنانه‌ی گرتوویێتییەبەر‌ مه‌ركه‌زییه‌ و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌ كه‌ سیسته‌می فیدراڵی گرتوویێتیەبه‌ر. هه‌روه‌ها جەوهەری كێشه‌كان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ كارگێڕی گومرگه‌كانه‌وه‌ نییه‌، هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ دیدی مه‌ركه‌زییه‌ت هه‌یه‌ و هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی دۆخی ئابووریی هه‌رێمی کوردستان و وروژاندنی هه‌ست و سۆزی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات بۆ به‌جێگه‌یاندنی مه‌رام و دیدی خۆسه‌پێنی به‌سه‌ر ئیراده‌ی هه‌رێمی کوردستان پێشێلكاری سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی ده‌ستوور و رێككه‌وتنه‌كانی نێوانمان ده‌كات.

سێیه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌یدا بانگهێشتی ئه‌وه‌ ده‌كات، فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان داوایان له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی كردووه‌ مووچه‌كانیان راسته‌وخۆ له‌ به‌غداوه‌ پێبدرێت. وێڕای هه‌بوونی گومان له‌ راستی و دروستی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌، به‌ڵام پێده‌چێت وەزاره‌تی دارایی فیدراڵی له‌یادی چووبێت ئاماژه‌ به‌مادده‌ی 117ـی ده‌ستوور بكات كه‌ دان به‌وه‌ده‌نێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان ده‌سه‌ڵاتێكی فیدراڵییه‌ و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و یاسا ‌ده‌سه‌ڵات بە جێبه‌جێكاری هه‌رێمی کوردستان دراوه‌ بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی. وروژاندنی ئه‌م جۆره‌ پرسانه‌ نیازی قۆرخكاری و قۆستنه‌وه‌ی له‌ دژی دۆخی هه‌نووكه‌یی ئابووریی هه‌رێمی کوردستان. هاوکات بۆ خزمه‌تی ئامانج و ئاراسته‌یه‌كی ناڕوون ده‌بێت كه‌ هه‌رگیز نابێته‌ خزمه‌تی سه‌قامگیری وڵات و به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان. هاوکات ده‌ركه‌وتووه‌ تاوەکو ئێستاش كه‌سانێك هه‌ن دان به ‌سیسته‌می فیدراڵیی عێراقدا نانێن. 

چواره‌م: وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات ده‌ستی ده‌ستی ده‌كات و نه‌رمی نانوێنێت بۆ گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن. ئێمه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ روون ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌و كاته‌ی حكومه‌تی فیدراڵی بڕیاری راگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ركرد. له‌ رۆژی 16-4-2020ـه‌وه‌ شه‌ش جار شاندی دانووستاندنكاری هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن سه‌ردانی به‌غدایان كرد. نه‌رمی زۆرمان نواند بۆ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره‌ بیانوویه‌ك نه‌مێنێت بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن. ته‌نانه‌ت حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕی له‌باره‌ی سه‌رجه‌م پێشنیازه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی له‌باره‌ی پرسی نه‌وت و داهاته‌كانی نا نه‌وتی، ته‌نانه‌ت داهاته‌كانی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانیش. حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌وه‌ش رازیبوو كاربكرێت به‌پێی بڕگه‌كانی مادده‌ی 29ی له‌ یاسای كارگێڕی دارایی فیدراڵی، به‌ڵام هه‌موو جارێك شۆك ده‌بووین، دوای هه‌موو رێككه‌وتنێك و بڕینی هه‌نگاوی پێشكه‌وتوو له‌ دانووستاندنه‌كاندا، كه‌چی بۆ جاری داهاتوو مه‌رجی نوێمان ده‌خرایه‌ به‌رده‌م كه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور بوون و كاری ده‌كردە سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان. هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان روونه‌ له‌ ره‌تنه‌كردنه‌وه‌ی بۆ میكانیزمی چاودێری داهاته‌كان به‌پێی ده‌ستوور. ئه‌م جۆره‌ راگه‌یێندراوانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ، هه‌وڵی شێواندنی رای گشتیی ده‌دات و راستییه‌كان ده‌شارێته‌وه‌ كه‌ چۆن حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌ركه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆی له‌به‌رامبه‌ر فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌جێ ناگه‌یێنێت و چوار مانگه‌ مووچه‌ و شایسته‌ دارایییه‌كانیان پێنادات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، له‌ سۆنگه‌ی باوه‌ڕبوونمان به‌و راستییانه‌ی ده‌رمانخستوون، به‌هێزی ئیراده‌ی نه‌گۆڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دید و بۆچوونی بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌تایبه‌تی كێشه‌ داراییه‌كان له‌ رێگه‌ی دیالۆگی به‌ئامانجكراو، داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی ده‌كه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر بنه‌مای دیالۆگی رژد و به‌رهه‌مهێن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif