پیرلۆ دەتوانێ زۆر لە زیدان باشتربێت

ليست هناك تعليقات

ئالیساندرۆ دێل پیێرۆ، ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتالیا لە لێدوانێکیدا شۆکبوونی خۆی بە دانانی ئاندریا پیرلۆ وەک راهێنەری نوێی یانەی یوڤێنتوس دەربڕی.

دێل پیێرۆ، کە بە پاشای تۆرینۆ ناسراوە لە لێدوانێکیدا قسەی لەسەر دانانی ئاندریا پیرلۆ وەک راهێنەری نوێی یوڤێنتوس کرد و ئاماژەی بەوەکرد هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەکردووە کە ئاندریا پیرلۆ وەک راهێنەری یوڤێ دەستبەکاربێت.

ئالێکس دەڵێت: من بە یەک یۆرۆش گرەوم لەسەر ئەوە نەدەکرد کە پیرلۆ ببێتە راهێنەری یوڤێ و شوێنی ساریی بگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا متمانەم بە ئاندریا هەیە کە بتوانێت کاری زۆر گەورە بکات و ببێتە ئەفسانەی راهێنەرایەتی.

دێل پیێرۆ، گوتی: من زۆر خۆشحاڵبووم کە وەک راهێنەری خوار 23 ساڵانی یوڤێنتوس دەستبەکاربوو، ئێستا خۆشحاڵتریشم بووەتە راهێنەری تیپی یەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

سەبارەت بە بەراوردکردنی بە زینەدین زیدان، دێل پیێرۆ دەڵێت: ئەو دووانە بەراورد ناکرێن، چونکە زیدان پێشتر راهێنەری تیپی دووەمی ریال بووە و یاریدەدەری کارلۆ ئانچێلۆتیش بوو، بەڵام پیرلۆ هەموو تایبەتمەندییەکی تێدایە و دەتوانێ شتی لەوەی زیدان گەورەتریش بکات، ئەو کەشی یانەکە و یاریزانەکان باش شارەزایە، پێموایە ئەوان زۆر بە روون و ئاشکرا قسەیانکردووە.

سەرەڕای ئەوەی نازناوی سێریا ئەی بۆ یوڤێنتوس بەدەستهێنا، یانەی خانمە پیرەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڕیاری لەسەرکارلابردنی ماوریزیۆ ساریی راهێنەری دا، دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا. لە بەیاننامەکەدا هاتووە "دوورخستنەوەی ساری وەک راهێنەر رادەگەینین"

هەروەها یوڤێ لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی "سوپاسی ساری دەکەین کە توانی لاپەڕەیەکی دیکە لە مێژووی یوڤێنتوس بنووسێتەوە، کاتێک نازناوی ئەمساڵی سێریا ئەی بۆ یوڤێ بردەوە، کە نۆیەم ساڵە بەسەریەکەوە یانەکەمان ئەو نازناوە دەباتەوە".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif