کۆکەرەوەی دوژمنەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان‌

ليست هناك تعليقات


لە دوای شۆڕشی گەلانی سوریاوە، کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان توانییان دەسەڵات و خۆسەرییەکی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان بھێننە ئاراوە، ھێزە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام لەسەر دۆخی سوریا و بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان ناکۆک و دژ بوون، بەتایبەت تورکیا و ئێران، بەڵام ھەموان دژ بە رێککەوتنی رۆژئاوای کوردستانن لەگەڵ کۆمپانیای "دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ی ئەمریکی.

رۆژئاوا و ئەمریکا

ماوەی چەند ساڵێکە ھاوپەیمانییەتییەکی بەھێز لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و ئەمریکادا ھەیە، ھەرچەند لە ھەموو ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، واشنتۆن یان بێدەنگ بووە یان ھەڵوێستی توندی نەنواندووە و تەنھا ھەوڵی رێێککەوتن و ئاگربەستی داوە.

کۆتایی مانگی تەموز پەیوەندییەکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و ئەمریکا چووە قۆناغێکی گرنگ، مێژووویی و نووسراوەوە، ئەوەش بە واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ئێدارەی رۆژئاوای کوردستان و کۆمپانیای "دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ی ئەمریکی بۆ دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتی بەشێک لە بیرە نەوتەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان.

یەکگرتنی دژەکان

رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست، لە راپۆرتێکدا باس لە یەکھەڵویستی روسیا، تورکیا و ئێران دەکات لەبارەی دژایەتیکردنی رێککەوتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکە و ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان.

یەکگرتنی ھەرسێ لایەنەکە جگە لە دژایەتیکردنی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان، بە ئاشکرا دژایەتیکردنی پلانەکانی ئەمریکایە بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە سروشتییەکانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا.

ئاڵۆزی دۆخی سوریا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەشی ئاڵۆز کردووە کە لە سوریادان، ئەمەش وایکردووە کە پەیوەندییەکان ناجێگیر و گۆڕاو بن، تەنات ھەندێک جار دوو وڵات لە شارێکی سوریادا ھاوپەیمانن و لە شار و ناوچەیەکی دیکە دژ بە یەکن.

لەگەڵ ئەوەی روسیا و تورکیا لە ئیدلب ئامادەیی ھاوبەش و رێێکەوتن لەسەر کراویان ھەیە، کەچی یەکەمیان پشتیوان و پارێزەری رژێمی بەشار ئەسەدە و دووەمیان پشتیوان و ھاوکاری گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەسەدە.

راپۆرتەکە باس لە ھەوڵی ئێران دەکات بۆ کۆکردنەوەی روسیا و تورکیا لەسەر دژایەتیکردنی رێێکەوتنەکەی ئەمریکا و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان.

سەروەریی؛ مەقاشی دژەکان

ھەرسێ وڵاتەکە سەرەڕای ناکۆکییان لەبارەی زۆربەی کێشەکانی سوریا بە تایبەت تورکیا و روسیا، بەڵام ھەرسێکیان کۆک و ھاوبەشن لەسەر "سەروەری"ی سوریا و لەم رێگەیەوە دژایەتی پلانە وزەییەکانی ئەمریکا دەکەن لە خاکی سوریا.

ئەم دژایەتیکردنەی ئامادەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن ئەم سێ وڵاتەوە، لەکاتێکدایە ھەرسێ وڵاتەکە خاوەن چەندین گروپی میلیشیایی چەکدارن و بەشدارن لە جەنگی خوێناویی سوریا.

سێ بەیانناممەی ھاوبەش 

دوای رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و رۆژئاوای کوردستان، ئێران، سوریا و تورکیاش لە سێ کاتی جیا و لە سێ بەیاننامەدا دژایەتی توندی خۆیان بۆ رێککەوتنەکە پیشاندا و بە تاڵانكردنی نەوتی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە ناویان برد.

سوریا رێککەوتنەکەی بە پێشێلکردنی خاک و سەروەری وڵاتەکەی، ئێران بە "دزین"ی سەروەت و سامانی سورییەکان و نایاسایی و تورکیاش بە دژایەتیکردنی سەروەریی سوریا و دزینی نەوتی سوریا ناوی برد.

دژایەتیکردنی ئەمریکا و رۆژئاوا

میلیشیاکانی سەر بە تاران، ھەوڵیان داوە بگەن بە ناوچەکانی ژێر دەستی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ھۆزەکانی نزیک دەیرەزوور. تاکو فشار بخەنە سەر ھێزە ئەمریکییەکان، بەتایبەت دوای رووداوی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکانی ھێزەکانی ئەمریکا و روسیا لە ھەفتەی رابردوو.

ئێران و ھێزە دژەکانی دیکە ماوەی چەند ھەفتەیەکە دەیانەوێت خەڵکی ناوچەکانی دەیروزوور و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھان بدەن و بیاندەن بە گژ ئەمریکا، ھەسەدە و ئیدارەی رۆژئاوادا.

رۆژنامەکە باس لە ھەوڵەکانی ئێران دەکات بۆ فشار خستنە سەر ئەمریکا بە درێژایی رووباری فورات. تورکیاش لە سەری کانییەوە ھەوڵ دەدات ئاو لەو ناوچانە بگرێتەوە کە لەژێر ئیدارەی رۆژئاوای کوردستاندان.

سەرەتای ھاوپەیمانییەتی

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک ھەر دەوڵەتێکی دیکەی ناو جەنگی سوریا، دەیەویست بێتە ناو خاکی سوریا، باشترین ھەڵبژاردەش ھێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون، چونکە ھیچ ھێزێک ھێندەی کوردەکان لە ئەمریکییەکانەوە نزیک نەبوون و ھەریەکەیان سەر بە وڵاتێک بوون.

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥وە دەستی بە کاری ھاوبەش کرد لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمەش لە چواچێوەی پلانەکانی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش، ئەمەش سەرەتای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە بوو، چونکە تورکیا ھەسەدە بە بەشێک لە یەکینەکانی پاراستنی گەل و ئەوانیش بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت.

بەم جۆرەش تورکیا بە ناوی شەڕی تیرۆر و پاراستنی سنورەکانی، ھێرشی کردە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و دەستی بەسەر عەفریندا گرت.

سەرەڕای ئەمانە، رۆژنامەکە باس لە ھەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ دەستگرتن بەسەر نەوتی رۆژئاوای کوردستان و کاری ھاوبەش و ھاریکاری زیاتر لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif