بەرهەمی ئەم ناوچەیە دەچێتە بازاڕەكانی شارەكانی عێراق

ليست هناك تعليقات


ئەگەرچی کەپرەکانی سەر رێگای پێنجوێن و ناحیەی گەرمک ھیچ مەرجێکی عەلوەیان تێدا نییە، بەڵام بەھۆی کار ئاسانی جوتیارانی ناوچەکە دڵخۆشن بەوەی بەرهەمەکانیان تێیدا ساغدەکەنەوە، هەروەها بازرگانان لە پارێزگاکانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق بەرهەمی پێنجوێن دەکڕن و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی دەکەن، ئەوان دەڵێن بەرهەمەکان زۆر باشن و نرخەکانیان گونجاوە، بەڵام تاکە کێشەیان بەرهەمی هاوردەی وڵاتانە.

ژمارەیەك کەپر لەسەر رێگای ناحیەی گەرمک و شارۆچکەی پێنجوین دروستكراون، ئەو کەپرانە وەک عەلوە سودیان لێ دەبیندرێت و لە رێگەیانەوە جوتیاران بەروبوومەکانیان دەفرۆشنە بازرگانەکانی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق، بازرگانە عەرەبەکان زۆر رازین لە نرخ و کوالیتی بەروبوومەکانی دەشتی پێنجوین.

بازرگانێكی عێراق دەڵێت: "ئێمە هەموو ساڵێک لە دیالەوە دێینە پێنجوێن و بەرهەمی کشتوکاڵی هاوردە دەکەین، بەرهەمی کشتوکاڵی ئەو شوێنە پلە یەکە، بەرهەمێکی باشە، هەرزانە، نرخەکەی گونجاوە، هەناردەی بەغدا و دیالە و پارێزگاکانی باشووری دەکەین، بە هەموو شێوەیەک ئاسانکاری لە بازگەکان دەکرێت، هەموو شتێک بەردەستە سوپاس بۆ خودا، تاکە کێشەمان ئەو بەرهەمانەیە لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێن".

کەپرەکان رێگای دووریان بۆ جوتیاران نزیک کردووەتەوە، لەبری ئەوەی رۆژانە یەک بار بەروبووم بگەیەنن بە بازاڕەکانی کوردستان و عێراق لە رێگای ئەم کەپرانەی کە وەک عەلوەیەک وان رۆژانە زیاد لە سێ بار دەگەیەنن بەدەستی کڕیارەکان.

لەگەڵ ئەوەی کەپرەکان بە شێوازێكی سادە دروستكراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جوتیاران دڵخۆشن بە دروستکردنی ئەم كەپرانە، چونکە وەك بازاڕێكە بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمەكانیان و نزیکیشە لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیان و رێگای دووری بۆ نزیک کردونەتەوە و بەئاسانی بەروبوومەکانیان بە نرخێکی باش بۆساغ دەبێتەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif