ماوەی پێنج مانگی تەواوە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاری کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی لە هەرێمی کوردستان سستکردووە و بەرهەمەکانیان کەم بووەتەوە. لە ناوەڕاستی مانگی ئادار تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسان سەرجەم کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ داخران، بەوەش زیاتر لە چوار هەزار کرێکاری ئەو کارگانە بێکاربوون و بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە یەک ملیۆن و 375 هەزار تۆنەوە بۆ کەمتر لە 100 هەزار تۆن دابەزی.
کۆمپانیای ماس گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆیە لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی شەش ملیۆن تۆن لەو ماددەیەی هەیە، بەڵام لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی 40% دابەزیوە.
ئاراس عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای ماس بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ گوتی، "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا کۆرۆنا و کەرەنتینە کاریگەریی زۆریان لەسەرمان هەبووە و ماوەی 35 رۆژی تەواو کارمان وەستاند. ئەوەش زیانێکی زۆری لێداین. هەروەها کرێکارەکانیشمان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا ناردبوونەوە ماڵەوە، بەڵام ئێستا کارمان باشترە و بەرهەمهێنانمان زیادی کردووەتەوە".
کۆمپانیاکە زیاتر لە 700 ئەندازیار، کارمەند و کرێکاری هەیە. لەکاتی کەرەنتینە و قەدەخەی هاتووچۆدا ماوەی مانگێکی تەواو لە کارکردن وەستان و نێردرانەوە ماڵەوە و بێکاربوون.
هەردی تاریق، کرێکارە لەو کۆمپانیایە گوتی، "من لێرە کاری داگرتن و سەرخستنی چیمەنتۆ دەکەم بۆ ناو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و ماوەی مانگێک و چوار رۆژ کارم نەکرد، بەڵام کۆمپانیاکەمان پارەی ئەو چەند رۆژەیشی پێداین و لێی نەبڕیین، تەنانەت یارمەتیشیان داین، چونکە ئێمە بە پارەیەکی کەم کرێکاری دەکەین و هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی بژێویمان نییە".
بەپێی رووپێوییەكی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی، بەهۆی کەرەنتینە و قەدەخەی هاتوچۆوە لە ماوەی شەش مانگی کۆرۆنادا رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان بۆ 44% بەرزبووەتەوە و بەشێکی زۆری خاوەنی کارگەکانیش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەم و فرۆشیانەوە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارەکانیان لە کارکردن دەرکردووە و ئەوانەیشی هێڵراونەتەوە نیوەکار و نیوەمووچەیان پێدراوە، ئەوەش سەندیکاکانی کرێکارانی نیگەران کردووە.
لە هەرێمی كوردستان شەش كارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە كاردان و ئەو كارگانە ئەگەر بە وزەی تەواو كاربكەن، بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە زیاتر لە 16 ملیۆن و 500 هەزار تۆن چیمەنتۆ و دەتوانن پێداویستیی تەواوی هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆر لە عێراقیش پڕ بکەنەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق