جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، سندووقی نهێنییەكانی كۆشكی سپی، تاوەكو پێش تێكچوونی نێوانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، یەكێك لە بەهێزترین و گرنگترین كەسایەتییەكان بوو لە ئەمریكا.
كتێبێكی نووسیوە، تێیدا باسی نهێنیەكانی كۆشكی سپی دەكات. بێگومان ئەو كتێبە جیهانی سەروبن كرد. رووداو یەكەمین تەلەڤزیۆنی كوردستانییە بۆ یەكەمجار هەڤپەیڤین لەگەڵ جۆن بۆڵتۆن دەكات.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
لە 1991 چارەنووسی كورد هەمیشە لە مێشكمدا بووە
رووداو: بەڕێز بۆڵتۆن بەخێرهاتی. حەزماندەكرد لە ستودیۆكەمان لە واشنتن یان نیویۆرك میوانمان بووای. كۆڕۆنا رێگەی پێنەداین. تۆ لەلای كورد وەك دۆستی كورد ناسراوی، كورد تۆیان خۆشدەوێت. نازانم دەزانی یان نا. دەمەوێ بزانم ئاشناییت لەگەڵ دۆزی كورد دەگەڕێتەوە بۆ كەی و، چۆن و لە كوێ دەستیپێكرد؟
جۆن بۆڵتۆن: خۆشحاڵم كە لەگەڵتانم. سوپاس بۆ ئێوە. ئەگەر بەگشتی قسە بكەین، ساڵانێكی زۆر لەمەوبەر، رەنگە ئەوكاتەی لە زانكۆ بووبم. بەڵام بە دڵنیاییەوە، ئەوكاتەی بە تەواوی شارەزای دۆزی كورد بووم، رێك دوای جەنگی یەكەمی كەنداو بوو لە ساڵی 1991. پاش ئەوەی هێزەكانی عێراق لە كوەیت دەركران، سەدام حوسێن كەمپینێكی سەركوتكردنی لە هەموو عێراق دەستپێكرد. دەیان هەزار، بگرە سەتان هەزار كورد ماڵەكانیان بەجێهێشت و كۆڕەویان كرد بەرەو باكوور. ئەگەری روودانی كارەساتێكی مرۆیی گەورە هەبوو. هاوەڵی جیم بەیكەر بووم، كە ئەوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، لە سەردانەكەیدا بۆ باشووری رۆژهەڵاتی توركیا. ئێمە پێكەوە لە سنوور پەڕینەوە بۆ عێراق. ئەوە سەرەتای هەوڵدان بوو بۆ گەیاندنی یارمەتی و دڵنیابوون لەوەی كوردانی ئاوارەی نێو عێراق و ئەوانەش كە لە سنوور پەڕیبوونەوە، پارێزراون و یارمەتی دەدرێن. دوای ئەوە بابەتی ئەوەی چ بەسەر كورد دێت هەمیشە لە مێشكمدا بووە.
پێویستە ئەمریكا لانیكەم دان بە دەوڵەتی كوردی دابنێت بۆ ئەو بەشەی كوردستان كە لە عێراقدایە
رووداو: لەكاتی بوونی ئێوە لە ئیدارەی جۆرج دەبلیو بووش و لەوكاتەش كە نوێنەری ئەمریكا بوون لە نەتەوەیەكگرتووەكان پرسی كورد هەر پرسێكی گەرم بوو. زۆرجار كورد هەروەك ئەوەی لە ئوكتۆبەری 2019 روویدا لە رۆژئاوای كوردستان، هەستدەكەن ئەمریكا خیانەتی لێكردوون. پێتوایە تێنەگەیشتنێكی نادروست هەیە لە سیاسەتی ئەمریكا، یاخود ئەمریكا بەرژەوەندییەكانی زیاتر لەگەڵ دەوڵەتانە و كەمتر لەگەڵ گەلانە؟
جۆن بۆڵتۆن: لە راستیدا پێموانییە ئەمریكا سیاسەتێكی كاریگەری لەبارەی كورد هەبێت. هەرچەندە بەداخەوە، ئەوە وامان لێدەكات جیاواز نەبین لە زۆر وڵاتی دیكە، بەتایبەتی لە ئەوروپا. كاتێك سەیری مێژووی درێژی ناسیۆنالیزمی كوردی دەكەی، جار هەبووە دەرفەتی ئەوتۆی بۆ رەخساوە كە ئەگەری ئەوە هەبووە هەنگاوی گەورەی بەدوادابێت بەرەو بەدەوڵەتبوون. جاری ئەوتۆش هەبووە پاشەكشە بەو هەنگاوانە كراوە. ماوەیەكی زۆرە بۆچوونی من ئەوەیە هەڵوەشانەوەی عێراق سوودمەندە. پێویستە ئەمریكا لانیكەم دان بە دەوڵەتی كوردی دابنێت بۆ ئەو كوردستانەی لە چوارچێوەی عێراقدایە. پرسیارەكە قورسترە بۆ كوردانی نیشتەجێی دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە. بەڕای من ئەمە شتێكە كە پێویستە ئەمریكا ستراتیژیانە لەبەرچاوی بگرێت. لەبەرئەوەی دەكرێ ئەنجامەكانی زۆر گرنگ و ئەرێنی بن.
ئەگەر گشتپرسیش نەكرابووایە سوپای پاسداران هەر هێرشیدەكردە سەر كوردستان
رووداو: وەك بزانم، تۆ لەگەڵ سەربەخۆیی باشووری كوردستانی. بۆچی ترەمپ پشتیوانی گشتپرسییەكەی 2017ی كوردستانی نەكرد؟
جۆن بۆڵتۆن: ئەوە بەر لە دەستبەكاربوونم بوو لەم ئیدارەیەدا. پێموایە ئەوە لەژێر كاریگەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئەو كەسانەدا بوو كە هیچ كات لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسی نەبوون. هەروەها لەگەڵ دابەشبوونی عێراق نین. یان دان بەو راستییە دانانێن كە عێراق پارچە پارچە بووە. ئەوكات مشتومڕی زۆر كرا لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی گشتپرسی كارتی دەستی نەیارانی سەربەخۆیی كورد بەهێزتر دەكات، بەڵام بۆچوونی من وابوو سوپای پاسداران، كە هەوڵیدا رەوشەكە بقۆزێتەوە، شتێكی هاوشێوەی هەر دەكرد ئەگەر گشتپرسیش ئەنجام نەدرابووایە. گشتپرسی هۆكاربوو بۆ ئەنجامدانی ئەوەی كە بەبێ گشتپرسیش هەر دەیانكرد. گشتپرسی لانیكەم، لە پرەنسیپدا، بیرۆكەیەكی باشبوو بۆ باوەڕهێنانی خەڵكی جیهان بە بەهێزی هەستی كورد بۆ سەربەخۆیی.
ئۆباما لە شەڕی داعشدا دەستی ئێرانی لە ناوچەكەدا بەهێز كرد
رووداو: دوای گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان، هێزەكانی حەشدی شەعبی بە هاوكاری ئێران لە 16ی ئوكتۆبەری 2017 هێرشیانكردە سەر پێشمەرگە لە كەركووك و هەموو شوێنەكانی كوردستانی عێراق، بۆچی ئەمریكا بێدەنگ بوو بەرامبەر ئەو هێرشە؟ ئەو پرسیارە لەهزری هەموو كوردێكدایە.
جۆن بۆڵتۆن: پێموایە لەبەر هەمان ئەو هۆكارە بوو كە دژی گشتپرسییەكە بوون. لە پاڵنەرەكانی پشت ئەو كارەی ئێرانییەكان و هاوپەیمانە عێراقییەكانیان تێناگەم. بە بۆچوونی من ئەوە بەشێكە لە كێشەی هاوسەنگەربوون لەگەڵ میلیشیا عێراقییەكان و هێزە سەربازییەكانی ئێران لە هەوڵەكان بۆ لەنێوبردنی خەلافەتی داعش. چونكە كاتێك ئۆباما دەستی بەو شەڕە كرد، نائاگایانە یان بەبێ ویستی خۆی، دەستی ئێرانی لە ناوچەكەدا بەهێز كرد. پێموایە ئێستا ئەنجامەكەی وەك خێو (كابووس) بۆمان هاتووە. بەدڵنیاییەوە توانای بەخشییە ئێران بۆ ئەوەی دژی كوردی عێراق كار بكات. بەشێوەیەكی زۆر جیدی.
رووداو: لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت، ئیدارەی ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتی چۆن تەماشای پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات؟
جۆن بۆڵتۆن: ئیدارەی ئەمریكا بەگشتی و بەدڵنیاییشەوە كۆنگرێسی ئەمریكا لەسەر بنەمایەكی كۆدەنگ، بە رێژەیەكی زۆر هاوسۆزن لەگەڵ کورد. بەڵام هەستێكی باش رێكخراو نییە. من وایدەبینم. لەوباوەڕەدا نیم بە تەواوی ئاگاداری ئەو رەوشە سەختانەبن كە كوردیان تێدەكەوێت. هێشتا هەستێكی بەهێز هەیە لای كەسانێك كە هیواخوازن عێراق دابەش نەبێت، وەك پێشتر گوتم. بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئێران بە دیاریكراوی، هەرگیز هیچ رێگەیەكی كاریگەر نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لە عێراق حكومەتێك دروست ببێتەوە هاوشێوەی ئەو حكومەتە بێت كە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی دروستبوو و بە رووخانی سەدام حوسێن كۆتایی هات. بەڕای من شتێكی ناواقیعییە. پێموایە ئەوەش لەبەرئەوەیە كە ئەو كەسانە لە گرنگی سەربەخۆیی دیفاكتۆیی كورد لە باكووری عێراق، لە پتر لە 25 ساڵی رابردوودا، تێناگەن.
لێكدانەوەیەكی هەڵە درایە ترەمپ سەربارەت رۆڵی كورد لە عێراق و سووریا لە شەڕی دژی داعشدا
رووداو: پێشمەرگە لە كوردستانی عێراق و هێزە كوردییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا، بەخوێن و فیداكارییەكی زۆر لەسەر زەوی بوونە هۆی سەركەوتنی هاوپەیمانیی دژی داعش بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، بۆچی دواتر ترەمپ گوتی كورد بەبێ F16 هەر رادەكەن. كەس لە ئیدارەی ئەمریكی پێینەدەگوت ئەوە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە؟
جۆن بۆڵتۆن: پێموایە چەند كەسێك بۆیان روونكردەوە كە هەڵەیە. گومان لەوەدا نییە كە هەموو كەسێك لەگەڵ F16 دەتوانێ باشتر شەڕ بكات. لێكدانەوەیەكی هەڵە درایە ترەمپ سەربارەت رۆڵی كورد لە عێراق و سووریا لە شەڕی دژی داعشدا. نازانم لە كێی بیستبوو. لەوانەیە بەر لەوەی من بگەمە لای، ئەو قسانەی لە ئەردۆغان یان كەسانی دیكە بیستبێت. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوە بۆچوونی زۆرینەی بەرپرسانی پنتاگۆن نەبوو كە شان بەشانی كورد شەڕیان كردبوو لە تەواوی شەڕی دژی داعشدا. بەڵام ئەوە یەكێكبوو لەو شتانەی كە چووبووە نێو سەری ترەمپەوە. كە شتێكیش چووە سەریەوە، هاتنەدەرەوەی زەحمەتە.
ترەمپ خۆیشی نازانێت بۆچی باوەڕ بە ئەردۆغان دەكات
رووداو: بۆچی رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر بە ئاسانی دەیتوانی قەناعەت بە ترەمپ بكات و، ترەمپ بۆچی ئەوەندە رێزی ئەردۆغانی دەگرت؟
جۆن بۆڵتۆن: خۆزگە توانیبام وەڵامێكی باشی ئەو پرسیارەت بدەمەوە. من خۆشم لێی تێناگەم. باوەڕناكەم ئەوە پەیوەندی بە وەبەرهێنانەكانی ترەمپ لە توركیا یان هیچ شتێكی هاوشێوەوە هەبێت. پێموایە ئەو كارەی ترەمپ هاوشێوەی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، شی ژینپینگ، كیم جۆنگ ئون و سەركردە ئۆتۆریتارەكانی(دەسەڵاتخواز) دیكەیە. راڤەكردنی زۆر سەختە. تەنانەت خودی ترەمپیش گوتوویەتی ئەویش ناتوانێ راڤەی بكات، بەڵام ئاشکرایە ئەوە مەترسییەكی گەورەیە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی، وەک چۆن ئەو رووداوانەی چەند جارێک لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بینیمانن ئەوە دەسەلمێنن.
بەهۆی بارودۆخی باكووری سووریا نیگەرانم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ
رووداو: ترەمپ بەشێك لە هێزەكانی كێشایەوە لە رۆژئاوای كوردستان، هاوكات توركیا لە ئوكتۆبەری 2019 هێرشیكردە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات. دوای ئەو ناڕەزاییەی ئەمریكا و هەندێك وڵاتی ئەوروپایی گرتەوە دژی ئەو هەڵوێستەی ترەمپ، چۆن توانیتان قەناعەت بە ترەمپ بكەن كشانەوەكە رابگرێت و هەندێك هێزی دیكەش بنێرنەوە بۆ رۆژئاڤا؟
جۆن بۆڵتۆن: من کۆتاییەکانی 2019 دەستم لە كار كێشایەوە. زۆرترین سەرقاڵیم لە كۆتایی 2018 بوو. ئەوكاتەی ترەمپ بە پێشنیازێکی ئەردۆغان رازیبوو بۆ كشاندنەوەی هەموو هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئێمەش ترەمپمان رازیكرد كە ئەوە بیرۆكەیەكی باش نییە. ئەوەی لە ساڵی 2019 دا روویدا، گوشاری بەردەوامی ئەردۆغان و تورکیا بوو بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. سەرئەنجام لە كۆتایی 2019 سەركەوت لەو هەوڵەیدا. ئەو كارەی بە ترەمپ كرد كە دەیویست 2018 پێی بكات. ئەم جارە سەركەوتووتر بوو. بەڵام وەك تۆ گوتت، ترەمپ رازیبوو جارێكی دیكە بەو بڕیارەدا بچێتەوە. ئەوە بەشێكە لە سەختی هێشتنەوەی ترەمپ لەسەر پەیڕەوكردنی هەمان سیاسەت بۆ ماوەیەكی درێژ. نازانم ئەم بارودۆخەی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا تاوەكو كەی بەردەوام دەبێت. ئەوە یەكێكە لە هۆكارەكانی نیگەرانیم لە دووبارە هەڵبژارنەوەی ترەمپ. دوای 3ی نۆڤێمبەر، ناتوانرێت بگوترێ هەنگاوی دواتری چ دەبێت، ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە. ئێستا ئازادە لەو سنووردارییە سیاسییەی پێشتر تێیدا بوو كە لە كۆتایی 2018 پەشیمانی كردەوە و وامانكرد دڵنیابین لە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا.
رووداو: لە كتێبەكەتدا دەڵێی جەیمز جێفری نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا دژی كوردە. چۆن ئەوەتان رەچاوكرد و بۆچی دژی كوردە؟
جۆن بۆڵتۆن: وابزانم مایك پۆمپەیۆ بوو كە یەكەمجار وایگوت. هەروەها دوای تەماشاكردنی گفتوگۆی نێو یەكێك لە كۆبوونەوەكان لە ئەنقەرە لە كۆتایی 2019، زۆر نیگەران بووم لەوەی ئەنجامەكەی چ دەبێت. پێموانەبوو هیچ سازشێك لەگەڵ توركیا بكرێت كە هیچ جۆرە جوڵەیەكی هێزی سەربازی توركیا لەخۆبگرێت لە سنووری باشوری توركیاوە بەرەو باكووری رۆژهەڵاتی سووریا. پێشتر هێزەكانی توركیا لە رۆژئاوای فورات هەبوون. ئەو هێزانە لە بارودۆخی جیاواز و لەكاتی جیاوازدا چوونە ئەوێ. راستییەكەی منیش پێشنیازی پێچەوانەكردنەوەی دۆخەكەم نەكرد. هەستم كرد كاتێك هێزەكانی توركیا بگەنە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەڵبەت پێشتریش لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو ئەو ناوچەیەیان داگیركردبوو، ئەوە بۆ ئێمە مەحاڵ دەبێ لەو ناوچەیە سەقامگیری بەدیبێنین. هەرچەند پێموایە بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا ماون، بەڵام رەوشەكە ناسەقامگیرە. تاكە شت كە پێویستمان نەبوو ئاڵۆزتركردنی رەوشەكە بوو لەلایەن دیپلۆماتە ئەمریكییەكان بە بیركردنەوە لەوەی توركیا رۆڵێكی بنیاتنەرانەی دەبێ لەو ناوچەیە.
دەبێ كورد خۆی ئامادە بكات بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا
رووداو: ئێستا دۆسیەی سووریا لە دەستی جەیمز جێفریدایە، هۆكارێك هەیە لە پشت ئەوەوە كە جەیمز جێفری رقی لە كورد بێت؟
جۆن بۆڵتۆن: بە تێڕوانینی من زۆر گرنگە كورد پەیوەندی خۆی بپارێزێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و كۆنگرێس و پنتاگۆن. كورد لەم شوێنانە پشتگیری زۆرتری هەیە لەبەر چەندین هۆكار. یەكێك لە هۆكارەكان شەڕی هاوبەشە لە دژی داعش. پێموانییە لە 100 رۆژی داهاتوودا هیچ مەترسییەك لەسەر كورد هەبێت. باوەڕناكەم بەر لە هەڵبژاردن ئەمریكا هیچ گۆڕانكارییەكی گەورە بكات. لەم خاڵەدا ترەمپ نایەوێ هیچ كارێك بكات كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كێشەی بۆ دروست بكات. بە بۆچوونی من پێویستە ئێوە خۆتان ئامادەبكەن بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەمریكا. جا جۆ بایدن بیباتەوە یان ترەمپ. لە مانگی كانوونی دووەم، سەرۆكی نوێ دەستبەكار دەبێت. دوای ئەوە ئەگەری گۆڕان لە سیاسەتی ئەمریكادا، جا بەرەو باش یان خراپ، زۆرتر دەبێت. بەردەوام بن لە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، كورد لە ئەوروپا دۆستی زۆر باشی هەن. هەوڵی چڕوپڕی سیاسی و دیپلۆماسی بدەن بۆ ئەوەی بایەخی ئەو ناوچەیە بخەنە بەر سەرنجی ئەمریكا، بەتایبەتی، ئەوە زۆر گرنگە.
لەوانە بایدن بتوانێ رەوشی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا وەك 2018 لێبكاتەوە
رووداو: كورد لە سووریا پێویستە چ بكەن بۆ ئەوەی ئەمریكا بەجێینەهێڵێت و بتوانن بگەنە بەشێك لە مافەكانیان لە سووریا بەشێوەیەكی یاسایی؟
جۆن بۆڵتۆن: بەڕای من باشترین چارەسەر ئەوەیە وەك ساڵی 2018 هێزەكانی هاوپەیمانان بگەڕێنەوە نێو ئەو سێگۆشەیەی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژهەڵاتی فورات. هێزی ئاسمانی رووسیا لەو ناوچەیە دەربكرێت. هێزە سەربازییەكانی رووسیا و ئێران لەو ناوچەیە دەربكرێن. هێزەكانی ئەسەدیش لەو ناوچەیە دەربكرێن. هەر هەوڵێك بەو ئاراستەیە بدرێت دەبێتە هۆی سەقامگیری زۆرتر و رەخسانی دەرفەتی گەورەتر بۆ بەدیهاتنی دانوستاندنی كاریگەر لەگەڵ ئەسەد. ئێستا كورد لە پێگەیەكی زۆر لاوازدان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەسەد. ئەوە یارمەتیدەر نابێ بۆ بەدیهاتنی باشترین ئەنجام. ئەگەر ئەسەد بەڵێنی سازشیش بدات، من متمانەی پێناكەم. دیسان دەڵێم پێویستە كورد زۆر هەوڵی دیپلۆماسی و سیاسی بدەن. رەنگە ئەگەر جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرێت بتوانێ ئەو رەوشەی لە 2018 دا لە ناوچەكە هەبوو، بگەڕێنێتەوە.
رووداو: ئەگەر ترەمپ لەو گەڕەی هەڵبژاردندا شكستبێنێ لەو باوەڕەدانیت كە كتێبی THE ROOME WHER IT HAPPENED یەكێك لە هۆكارەكان بێت ؟
جۆن بۆڵتۆن: وەڵامی ئەم پرسیارە نازانم و، هێشتا زووە بۆ ئەوەی ترەمپ بە دۆڕاو دابنێم. دیموكراتەكان هەڵبژاردنی 2016 یان بەرامبەر ترەمپ دۆڕاند، بەڵام من ناڵێم ترەمپ بردییەوە، بەڵكو پێموایە هیلاری كلینتن كەمپەینێكی زۆر خراپی بەڕێوەبرد. هێشتا نزیكەی 100 رۆژ ماون بۆ هەڵبژاردنی ئەمریكا و ئەوە ماوەیەكی زۆر درێژە بۆ سیاسەتی ئەمریكا. ئەو كتێبەم لە بارەی كاری ترەمپ وەك سەرۆك خوێنەری زۆری هەبووە. خەڵك دەتوانن بیخوێننەوە و خۆیان دەرەنجامی لێ هەڵێنجن.
سولەیمانی كلیلی ئێران بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا
رووداو: پێتوایە بڕیاری كوشتنی قاسم سولەیمانی، بڕیارێكی دروستبوو؟
جۆن بۆڵتۆن: بەڵێ. ئەو فەرماندەیەكی زۆر گرنگی سوپای پاسداران و هێزی قودس بوو. زیانی گەورەی بە ئەمریكا و سەربازانی سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانان گەیاند لە ماوەیەكی دوور و درێژدا. قاسم سولەیمانی كلیلی هەوڵەكانی ئێران بوو بۆ بەدەستهێنانی كاریگەری لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەروەها كەسێكی گرنگی نێو ئەو حكومەتە بوو كە پشتیوانی تیرۆرە و خۆشی سەرۆكی رێكخراوێكی تیرۆریستی بوو. ئەمریكا ئەو رێكخراوەی بە تیرۆریست ناساندووە. بۆیە پێموایە ئەوە كارێكی دروستبوو. هەنگاونانی دیكەش لە دژی سووپای پاسداران بە خراپ نازانم. بەڕای من یەكێك لەو شتانەی كە پێویستە لە ئێران هەوڵی بۆ بدەین رووخاندنی رژێمە. یەكێك لە رێگەكانی ئەو كارەش تێكشكاندنی سوپای پاسدارانە. دەكرێ ئەوە ببێتە هۆی شڵەژاندن و پەرەدان بەو ناسەقامگیرییەی كە لە ئێران هەیە. رژێمی ئێران پشتیوانی جەماوەریی نییە. پێویستە رووخاندنی ئایەتوڵڵاكان و گەڕاندنەوەی حكومەت بۆ خەڵك بەشێكبێ لە سیاسەتی ئەمریكا.
ئایەتوڵڵاكانی ئێران واز لە چەكی ئەتۆمی ناهێنن
رووداو: ئەوكاتەی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بووی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بەڕاستی دەیویست رژێمی ئێران بڕووخێنێت؟
جۆن بۆڵتۆن: نەخێر. پێموایە ئەوە یەكێكە لە كێشەكان. بەڕای من كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران كارێكی دروستبوو. ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2016 بانگەشەی بۆ كرد. بەڵام زۆر كاتی پێچوو تاوەكو سەرئەنجام لە 2018 لە رێككەوتنەكە كشایەوە. خۆشحاڵم كە منیش دەستم لەو بڕیارەیدا هەبوو. بەڵام پێموانییە ئەوەندە بەس بێت. پێموانییە ئایەتوڵڵاكان یەك ئاماژەشیان ناردبێ كە نیشانیبدات بڕیارێكی ستراتیژییان داوە بۆ دەستبەرداربوون لە چەكی ئەتۆمی. باوەڕیش ناكەم وازی لێبێنن. لەوباوەڕەدان هەبوونی توانای ئەتۆمی لە دەسەڵاتدا دەیانهێڵێتەوە. ئەوەش هۆكارێكی بنەڕەتییە لەوەی كە من پێموایە پێویستە لە دەسەڵات دووربخرێنەوە و، حكومەتێك پێكبهێنرێت كە دەستبەرداری چەكی ئەتۆمی ببێت.
رووداو: زۆر سوپاس كە رازیبووی ببیە میوانمان. هیوادارین جاری داهاتوو لە ستۆدیۆكانمان لە كوردستان بتانبینین.
جۆن بۆڵتۆن: سوپاس بۆ میوانداریتان
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق