شەڕی دەوەن بەئاش

ليست هناك تعليقات

فاروق علی
-
گومانی تێدا نیە باروودۆخی سەخت و دژواری هاوڵاتی گەشتووەتە ئاستێكی زۆر خراپ، کە تەحەمولکردنی مەحاڵه‌، ئەولایه‌نا‌نەی کەماوەی بیست و نۆ ساڵە جڵەوی دەسەڵاتیان لەدەست دایە، هیچ شتێکی خراپ نەماوە نەیانهێنابێ بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە بێ ناسنامەیەدا، 

هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی بەهۆی بوونی شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی و هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزی چەکدار و سوود وەرگرتن لە دامەزراوە حکومییەکان و پشتگیری کردنیان لەلایەن ژمارەیەک لەدەوڵەتانی جیهانیی و ناوچەیی، توانیویانە درێژە بە دەسەڵاتداری خۆیان بدەن و تەنانەت بەهۆی ئەو داراییە فراوانەی لەبەردەستیاندایە و بەسوود وەرگرتن لەو هۆکارانەی لەپێشەوە باسکران، لەهەڵبژاردنەکان دا هێشتاهەر ئەوان براوەدەبن، ئەگەرچی لە حکومڕانیش دا شکستیان هێناوە. 

لە ماوەی ساڵانی ڕابوردوودا هەوڵدرا بە چەند قۆناغێک کۆتایی بە دەسەڵاتی پەنجا بە پەنجای ئەو دوو حیزبە بهێنرێت، بەڵام هەوڵەکان زۆر سەرکەوتوو نەبوون و دواجار باروودۆخ لە بەرژەوەندی ئەو دوو لایەنە شکایەوە.

دوای کەڵەکەبوونی قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان و شکستی ڕیفراندۆم و ئابووریی سەربەخۆ و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و دەستەوسانی حکومەتی هەرێم لەدابینکردنی مووچە و ئەنجامنەدانی چاکسازی کە بانگەشەیان بۆ دەکرد، ئێستاش جارێکی تر قسەوباس هاتووەتە سەر خۆپیشاندانی جەماوەری و داواکارییه‌كان بۆ گۆڕانکاری! 

هەفتەی ڕابوردوو سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ هیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگەی میدیاکەیەوە داوای خۆپیشاندانی جەماوەریی سەرتاسەریی کرد ، بەڵام بەشێک لە جەماوەری چەند شار و شارۆچکەیەکی دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان نەبێ، هیچ کوێی تر وەڵامی داخوازییەکەی نەوەی نوێیان نەدایەوە، پاش چەند سەعاتێك لە گردبوونەوە بەبێ هیچ ئەنجامێک کوتایی بەخۆپیشاندانەکان هێنرا! 

جارێکی تر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەشەی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئه‌نجامدایه‌وه‌ و ئەمجارەیان داوای لە لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد کە بەشداربن لەخۆپیشاندانی سەرتاسەریی، ئەم پەیامەی دووەمی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوەی یەکەم نیە، چونکە ئەگەر بەڕاست سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ مەبەستی ڕێکخستنی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەنجامدانی گۆڕانکارییە، دەبوو بەدەر لە میدیا و بانگەشەی لەو جۆرە هەوڵی کۆبونەوەی ڕاويژکاری و ڕاگۆڕینەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانە ئەنجام بدایە، تا پێکەوە بگەنە ئەنجامێک کە پەشیمانی لە دوا نەیەت و لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان تەواو ببێ، بەڵام دیارە ئەوەی نەوەی نوێ دەیکا تەنها بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنە و خۆ بەپاڵەوان کردنە، نەوەی نوێ ئەگەر دەیزانی لەپێناوی گۆڕانکاریی دا، پێویست به‌وه‌ دەکا لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە پشتی یەکبگرن، دەبوو هەوڵی ناشیرین کردنیان نەدا ، نیەتی پاکی خۆی بەیانکا، متمانەیان بۆ درووستکا ، بەڵام ئەمەی نەکرد و ویستی تووشی ئیحراجیان بکا ، لای جەماوەری خۆیان بەدگومانیان بکا ، ئەگەر بەم ڕۆحیەتەوە بێ، ئه‌وا خزمەت بەیەکێتی و پارتی دەکا. 

ئەگەرچی تائێستانازانم هەڵوێستی فەرمی کۆمەڵ چی دەبێ،

بەڵام وەک ڕای شەخسیی خۆم هەرچی تایبەت بەکۆمەڵی ئیسلامییە ئەمە دەڵێم:

ئەوەی کۆمەڵ و سەرکردەکانی بناسێت دەزانێ کۆمەڵی ئیسلامیی هەرگیز بە شوێن کوێرەڕێگایەک ناکەوێ ئەوسەری لێوە دیارنەبێ، ڕێگایەکی تاقیکردەوە و بینی بێئەنجام بوو، جارێکی تر خۆی لێ ناداته‌وه‌، کاروانی لەگەڵ کەسانێك بەڕێناکا هاورێی نیوەڕێگا بن، بە چەپڵەی هیچ کەسێک هەڵناپەڕێ و شوێن شەپۆلی هیچ بەرژەوەندیخوازێک ناکەوێ، کۆمەڵ لەگەڵ هیچ کەسێ شەڕی دەوەن بە ئاش ناکات، لە هەولێر مەیدان چۆڵ ناکا و لە سلێمانی لەبن سێبەری دارێک دا چەپڵە لێبدا ، کۆمەڵ ئێستا خەباتی مەدەنیی و سیاسیی و ڕێکخراوەیی خۆی دەکا، بەسەر خەڵکی هەژار و ستەمدیدەوە بازرگانی ناکا، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی لەو ئامانجانەی لەپێناوی دا ڕاگەیەندراوە لای نەداوە، لە بەرەی خەڵکە و دژی بەرەی گەندەڵکار و ستەمکارانه‌! مەگەر ئەوە کۆمەڵی ئیسلامیی نیە لەبەر داکۆکی لەسەر قووت و پارەی دزراوی خەڵکی، پەرلەمانتاری گەلەکۆمەكێیی لێ دەکرێت و پارێزبەندی لەسەر هەڵدەگیرێ؟! با هیچ کەسێك موزایەدەی غیرەت و ئازایەتی بەسەر کۆمەڵەوە نەکات، مووشەکباران و زیندانی بوکا و ئومقەصر چۆکی به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی دانەدا، ئێستاش گڕوگاڵی نێو دیوەخان نایلەخشێنێ! ئەگەر هێشتا نایناسن، ئەوا کۆمەڵ ئەو مەعدەنەیە نە لە هەولێر جامەدانی سوور دەبەستێ و نە لە سلێمانی پشتێنی سەوز لە پشت دەکا!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif