وەزیری دارایی عێراق: پشتبەستن بە گاز و کارەبای ئێران کەمدەکەینەوە

ليست هناك تعليقات


عێراق لە ساڵی داهاتوووە پشتبەستن بە کارەبا و گازی هاوردەکراوی ئێران کەمدەکاتەوە و لە رێگەی گرێبەستی چەند ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و وەبەرهێنانی سعودی پەرە بە کەرتی وزەی خۆی دەدات. 

لەکاتی سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، عێراق بە بەهای هەشت ملیار دۆلار رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆکرد کە دیاترین گرێبەستەکان لەبواری کارەبا و بەرەوپێشبردنی کێڵگە گازی و نەوتییەکانن. عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیران کە ئەندامی شاندی عێراق بوو بۆ واشنتن رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەنجامدانی چەند گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری وزە، هاوکات عێراق هەوڵدەدات هانی وەبەرهێنەرە سعودییەکان بدات بۆ سەرمایەگوزاری لە کەرتی وزە و تۆڕی کارەباکەیشی بە تۆڕی کارەبای کەنداو دەبەستێتەوە و کارەبا لە سعودیە و کوێت هاوردەدەکات. 

عەلی عەللاوی لە وێبینارێکدا کە ئەنجوومەنی ئەتلەنتیک رێکیخستبوو ئاماژەی بەوە دا "پێشبینیدەکەم لە ساڵی داهاتووەوە پشتبەستن بە گاز و کارەبای ئێران بەرەو کەمبوونەوەی تەواو بچێت، بەڵام لە ئێستاوە تاوەکو ئەو کات هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی وزە". 

عەللاوی باسی لەوەشکرد، لە کاتێکی کورتدا جێگرەوەی وزەی ئێرانیان نییە، بەڵام لە مەودایەکی مامناوەندا دەتوانن تۆڕی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای کەنداو ببەستنەوە و پرۆژەکانیش لە ساتی دیزاینکردن و راگەیاندنن دواتر وەک تەندەر رادەگەیێنرێت. 

عێراق ئێستا لەژێر فشاری ئەمریکادایە بۆ ئەوەی وابەستەبوونی بە کارەبا و گازی ئێران تاوەکو ئاستێکی زۆر کەمبکاتەوە، بەڵام بەهۆی کەمی کارەبای بەرهەمهێنراو لەلایەک و سووتاندنی گازی دەرچوو لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس لەلایەکی دیکەوە، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە واز لە هاوردەکردنی کارەبا و گازی ئێران بهێنێت. 

عێراق ئێستا نەک ناتوانێت دەستبەرداری هاوردەکردنی وزە بیت لە ئێران بەڵکو لە مانگی رابردوو کە خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە باشوور و ناوەڕاستی وڵات روویدا، پلەی گەرمی 50 پلەی سیلیزی تێپەڕاند و خەڵک داوای خزمەتگوزاریی کارەبایان دەکرد، ئەو کات عێراق بە ناچاری هاوکردنی کارەبا و گازی ئێرانی بۆ زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بەرزکردەوە. 

پرۆژەی گازی رەتاوی

وەک بەشێک لە گرێبەستە هەشت ملیار دۆلارییەکە لە سەردانی کازمی بۆ واشنتن، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، کۆمپانیای هۆنەی وێڵی ئەمریکی و وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتن پەرە بە پرۆژەی گازی رەتاوی بدرێت کە بەهۆیەوە وزەی کارەبا لە عێراق زیاددەبێت.

راگەیێندراوەکەی وەزارەتی وزەی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، کۆمپانیای بەیکەر هیوز و وەزارەتی نەوتی عێراق هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوانیان دەبێت بۆ سوودوەرگرتن لە گازی دەرچوو لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت، کۆمپانیا ئەمریکییەکە خزمەتگوزاری پێشکەش بە کێڵگە نەوتییەکان دەکات. 

بەگوێرەی وەزیری دارایی عێراق، کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی و کۆمپانیای ئەکوا پاوەر کە 25%ـی لەلایەن سندووقی سەروەریی سعودیە خاوەندارێتی دەکرێت، بەشداردەبن لە بووژاندنەوەی کەرتی وزەی عێراق. 

عەلی عەللاوی باسی لەوە کردووە؛ هاوئاهەنگی لەگەڵ سعودیە ئێستا لەبواری بەشداریکردنی کۆمپانیا سعودییەکان چڕکراوەتەوە بەتایبەت کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئارامکۆ و ئەکوا بۆ ئەوەی بەشداربن لە پەرەپیدان بە پرۆژەی گازی رەتاوی. عەللاوی دەشڵێت، کۆمپانیا سعودییەکان ئامادەن لەو بوارەدا لە عێراق وەبەرهێنان بکەن و تامەزرۆی کارکردنن لە عێراق. 

گرێبەستی جەنەڕاڵ ئیلێکتریک

لە ساڵی 2019، عێراق گرێبەستێکی واژۆکرد بۆ هاوردەکردنی 500 مێگاوات کارەبا لە وڵاتانی کەنداو ناسراو بە ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی کەنداو کە پێکدێت لە سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوێت، بەحرەین و عومان. 

لە سەردانەکەی چەند رۆژی رابردووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، حکومەتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئیلێکتریکی ئەمریکی واژۆکرد بۆ نوێکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبای عێراق و بەستنەوەی بە تۆڕی کارەبای کەنداو. 

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئیلێکتریک، کۆمپانیاکە گرێبەستێکی بە بەهای 1.2 ملیار دۆلار لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆکردووە. 

جەنەڕال ئیلێکتریک ئاماژەی بەوە داوە سەرەڕای جێبەجێکردنی پرۆژەکان، هاوکات لەگەڵ ئاژانسە داراییەکان گفتوگۆدەکات بۆ وەرگرتنی زیاتر لە ملیارێک دۆلار بۆ پرۆژەکانی وزە لە عێراق.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif