لووتکەی چامپیۆنزلیگ.. کۆتاییەکی پێشوەخت

ليست هناك تعليقات

  قورسترین و بە بەهاترین یاریی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، دوو تیپ کە تەنیا ئەمانە لە کۆی ئەو هەشت تیپەی کە ماونەتەوە نازناوی خولەکەیان بەدەستهێنا، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا یەکێکیان بە رێگەی گەیشتن بە فایناڵدا بەردەوام دەبن لە رێکردن.

یاریی حەماسەت و گڕووتین، یارییەک کە پێش دەستپێکردنی دەستیپێکردووە، هەر لە سۆشیال میدیاوە تا رۆژنامەکان، هەمووان ئەوەیان لەسەرزارە، ئایا بارسێلۆنا دەتوانێ بایرن ببڕێت؟

بایرن میونشن، بەشێكی زۆری هەوادارانی تۆپی پێ پیانوایە پاڵێوراوی یەکەمە بۆ نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ، لە کاتێکدا ئەوا دەبێتە هەشت ساڵ کە باڤارییەکان ئاهەنگی بوونە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگان نەگێڕآوە، ئەوان لە دۆخێکی دەروونی زۆر باشدان، پاڵەوانی خول و جامی ئەڵمانیان و ماوەیەکی زۆرە پەستانی یاریکردنیان لەسەر نییە، لە قۆناخی 16 تووشی ماندووبوونی زۆر نەبوون، ورەیەکی بەرزیان هەیە کە لەم وەرزەدا شکستی گەورەیان دووچاری تۆتێنهام و چێڵسی کردووە، راهێنەرەکەیان لەگەڵ کەشی تیپەکە راهاتووە و لەسەر بردنەوەکان بەردەوامن.

لە بەرامبەردا یانەی بارسێلۆنا کە نازناوی لالیگا و سوپەری ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیای لەدەستداوە، لەسەر کاغەز هەلی سەرکەوتنیان لەم یارییەدا لە بایرن زیاتر نییە، بەڵام نابێت ئەوە لەیادبکەین کە ئەو شین و سوورانە خاوەنی لیۆنێل ئاندرێس مێسین، لە هەرکات و ساتێکدا بێت دەتوانێ گورزی کەمەرشکێن بووەشێنێت، وەک چۆن لە قۆناخی رابردوودا توانی یانەی ناپۆلی تووشی ئیحراجی بکات و مالئاوایی پێکردن، بردنەوە لە ناپۆلی و یاریکردن بەشێوازی بەرگرییەکی تۆکمە، وایکرد متمانە بە یاریزانەکانی بارسا زیاتربن، چونکە ئەوەی کێشەی ئەو تیپەبوو لەم وەرزەدا بەرگرییەکەی بوو، بەڵام ئایا لە بەرامبەر هێزی لیڤاندۆڤسکی، مولەر و نابری خۆیان رادەگرن؟ ئەوە 90 خولەکی ئەمشەو وەڵام دەداتەوە.

هەردوو تیپ لە مێژوویاندا ئەمە جاری 18 ـمینە دەگەنە قۆناخی هەشتی ڤێرژنی نوێی چامپیۆنزلیگ، لە هەموو تیپەکانی دیکە زیاتر، بەڵام ئەوەی بارسا دەیکات زۆر جیاوازترە، ئەوان تاکە یانەن کە 13 ساڵە لەسەریەک دەگەنە ئەم قۆناخە.

ئەمە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی نێوانیانە لەوەتەی ساڵی 2015ـەوە، ئەو ساڵەی بارسا بووە پاڵەوان، ئەو کات بایرنی گواردیۆلا ماڵئاواییکرد، بەڵام بارسێلۆنا لەوەتەی لە چامپیۆنزلیگ یاری دەکات زۆرترین یاری بە بایرن میونسن دۆڕاندووە، لە کۆی هەشت یاریی 5 پێدۆڕاندووە و تەنیا دووی بردووەتەوە.

بایرن هەشت یاریی ئەم وەرزەی لەسەریەک بردووەتەوە، پێویستی بە یەک بردنەوەی دیکەیە بۆ ئەوەی ریکۆردی مێژوویی بارسێلۆنا یەکسان بکاتەوە.

لە ریزەکانی بایرن میونشن بنیامین پاڤارد بەفەرمی یاری ناکات، گومان لە بەشداریکردنی جیرۆم بواتینگیش هەیە، بەڵام لە بارسێلۆنا دڵخۆشیی زۆر هەیە بە گەڕانەوەی ئارتورۆ ڤیدال و سێرخیۆ بۆسکێتس.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif