نیو کاتژمێری ماوە بۆ چەک

ليست هناك تعليقات


عەزیز ڕەئووف
-
لە ئێستادا گەیشتوین بە ئاگر، ئیدی نە قسە شوێن خوی دەگرێ، نە هاواری سەر سەکۆی پارکەکان سودی ماوە. ئێوە گوێتان نەگرت، نوسین، هەڵبژاردن، مانگرتن و بایکۆت هیچی لە عەقڵ و ویژدانی ئێوە دەسکاری نەکرد.

ئیدی گەیشتینە ئاگر، ئیدی سەبر و تەحەملی گەنجانیش بوو بە ئاگر، ئیدی دەرونی ئەم نەوەیە گڕ دەگرێ، ئیدی گەیشتینە ناڕەزایی و بەرد و دەمهەڵبەستنی نیوەشەو.

کام شوێنی گشتی؟ کام دام و دەزگا؟ کە فەزایەک نەما بۆ گشت شوێنی گشتی چ بەهایەکی هەیە؟ داهاتی گشتی بۆ کەمینەیەک و خەم و ئازار و برسێتی بۆ گشت، پارەی گشتی بۆ ئێوە بێ و چاوەڕوانی و برین و نائومێدی بۆ گشت، خۆشگوزەرانی بۆ ئێوە بێ و دۆخی بێ نان و کار و ئازادی بۆ خەڵک، کە خەڵک نە متمانەی بە دەسەڵات ما نە ئۆپۆزسیۆن، کە گەنجی وڵاتی من هیچی نەما بیدۆڕێنێ، شوێنی گشتی و دام و دەزگای گشتی چ بەهایەکی هەیە؟

شوێنی گشتی یەکسانە بە خەمی گشتی، کە شەقام و کۆڵانەکانت جێهێشت، کە گوێچکەت نەما بۆ گوێ گرتن، دەبێ چاوەڕێی ئاگریش بکەی، کە ئاگریش شوێن خۆی نەگرت، هەنگاوێکی تر دەبینیت.

کەس فریات ناکەوێ نە میدیا و نە بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکان، نە هێزی چەکدار و نە زیندانەکانتان. ئێوە دەستی دەرەکی نەبێت دەمێک بوو ببوون بە خۆڵەمێش، ئیدی گەنجی وڵاتی من دەستی دەرەکی لەپشت نیە، بەڵکو ناشرینی و گەندەڵی و بەتاڵی تۆی لە مێشکە، تەمەڵترین خوێندکاری من لە دیارترین بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە ئاگا و هوشیار ترن. ئێوە واتان کرد بگەین بە ئاگر، ئێوە واتانکرد بگەین بە ناڕەزاییەکانی نیوەشەو

ئیدی گەیشتین بە ئاگر و نیو کاتژمێری ماوە بۆ چەک.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif