کۆچی موحەمەدو کۆچی زاخۆ

ليست هناك تعليقات

پەیكار عوسمان

(١)
دۆخی خراپی کۆمەڵگا، بە زۆری ژمارەی پاڵەوان و نەسیحەتکەرا بناسەرەوە. کە کۆمەڵگا بوو بە مەیدانی هەڵتۆقین و تەراتێنی پاڵەوان و نەسیحەتکەر، ئیتر خەلەلێکی گەورەی هۆشیاری هەیە، چونکە ئەم دووانە مێشی سەر زبڵی ناهۆشیاریین، لە ناهۆشیاریدا دروستئەبن و هەر ناهۆشیاریش بەرهەمئەهێننەوە.

لە ناهۆشیاری خەڵکەوە دروستئەبەن، چونکە تۆ لە هۆشیاریدا خۆت بکەرو سەروەریت، کە بکەرو سەروەریشبوویت، ئیتر سیحری پاڵەوان و "ئەوسەروەری" هەڵئەوەشێتەوە. 

لە هۆشیاریدا لەگەڵ خۆتدا بیرکەرەوەیت و لەگەڵ ئەودا گفتوگۆکەریت، لەناو گفتوگۆو بیرکردنەوەشدا، تۆو ئەو هاوشانن و هەردوکتان بەدوای ڕاستیدا ئەچن، نەکئەوەی یەکێك شانی بەرزترو خاوەنی ڕاستییەکەبێ و لەڕێگەی نەسیحەتەوە شۆڕیکاتەوە بۆ ئەویتری خوارەوە. 

هەر ناهۆشیارییش بەرهەمئەهێننەوە، چونکە هەر دۆخی مێگەل و شوان دروستئەکەنەوە، لەکاتێکا تۆ هەر پێویستت بە تێپەڕاندنی ئەو دۆخەو تێکدانی ئەو هاوکێشەیەیە!

نەسیحەتکەرو پاڵەوان، هەرگیز ناتوانن لە دۆخی ستەمکاری دەرتکەن و بتبەنە دۆخی عەدالەت، چونکە ئەوان هەر خۆیان پەیوەندییەكی ناعادل و ستەمکارانە دروستئەکەنەوە لەگەڵ تۆدا!

هەرگیز ناتوانن ئازادت بکەن، چونکە ئەتبەنەوە ناو هاوکێشەیەکی نائازاد، کە هاوکێشەی مێگەل و شوانە، لەکاتێکا ئازادی هەر تێکشکاندنی ئەو هاوکێشەیەیە!

هەرگیز ناتوانن لە فەساد دەرتکەن، چونکە خودی فیکرەی شوێنکەوتەو پاشکەوتە، فکرێکی فاسدەو ئیرادەو کەسایەتی ئینسانەکانی تیا بچوكئەکرێتەوەو ئەشکێنرێ.

هەرگیز ناتوانێ لە جەهل ڕزگارتکا، چونکە هۆشیاری هەر گەڕانەوەی مافی بیرکردنەیە بۆ خۆت و جەهلیش هەر بیرکردنەوەی ئەوە لەبری تۆ، پاڵەوان و نەسیحەتکەرو فریادڕەیش هەر ئەمەی دووەمیان تۆخئەکەنەوە!

لە یادی سەری ساڵی کۆچیدا، ئەبێ بزانیت کە تۆش وەکو موحەمەد کۆچێك قەرزاریت. کۆچێك لە ناهۆشیارییەوە بۆ هۆشیاری. کۆچێك لە پێگەی نزمی نەسیحەتکراوەوە بۆ پێگەی هاوشانیی بیرکردنەوەو گفتوگۆ. کۆچێك لە شوێنکەوتەی دەسەپاچەی پاڵەوانەوە، بۆ قۆناغی ئیرادەو بڕیارو خودبکەریی. کۆچێك لە عەقڵی گروپەوە بۆ عەقڵی خۆت!

سەرەتای هۆشیاریی، کۆتایی ستەمکارییەو هۆشیاریش لە بیرکردنەوەی تۆوە دەستپێئەکات نەك فکری کەسی ترەوە. 

سەرەتای ئازادی کۆتایی ستەمکارییەو ئازادیش لە ناسینی تاکێتی خۆتەوە دەستپێئەکات، نەك لە ناسینی هیچ گروپ و حیزب و ئایدۆلۆژیایەكەوە.

کە تاکێتی خۆتت وەکو "مرۆڤ" و وەکو ئامانج ناسی، ئیتر وەسیلەکانت لێ نابێت بە ئامانج. ئیتر ئەویتریش وەکو مرۆڤ و ئامانج ئەناسیت و نایکەیت بە وەسیلە، بەمەش ئیتر ئێوە ئەکەونە ناو پەیوەندییەکی ئەخلاقییەوە لەگەڵ یەکتردا.

بەمجۆرە (هۆشیاری و ئازادی و ئەخلاق) پاکێجێکەو تۆ لەناو خۆتدا ئەتوانی بکەویتە ناو ئەو پاکێجەوەو خۆت بناسی وەکو مرۆڤ، مرۆڤیش بناسی وەکو بونەوەرێك بۆ چاکبوون و چاکەی گشتی. دوای ئەم ڕووداوە ناوەکییە، ئیتر تۆ لە هەر گروپ و حیزب و ئایدۆلۆژیاو دین و مەزهەبێکدابیت، هەر مرۆڤیت و ئەوانە تەنیا وەکو وەسیلەیەك ئەبینی بۆ تەحقیقی چاکە، نەكئەوەی خودی ئەو شتانەت لێببێ بە ئامانج و خۆت و مرۆڤەکانی تری بۆبکەی بە وەسیلەو دنیای بۆ خراپ بکەیت! 

بتەکانی کەعبە تەنیا مادەو موجەسەم و ڕوکەشبوون، موحەمەدیش ڕوکەشی شکاندو مانای خستە جێگای. ئێمەش کۆچێك قەرزارین لە ڕووکەشەوە بۆ مانا، شکاندنێكی ڕوکەش قەرزارین لە بەرژەوەندی جەوهەر، هەڵبەتە شکاندنی هەموو ڕووکەشەکان تەنانەت ڕووکەشی خودی دینەکەی موحەمەدیش!

ئەم شێوازو فۆڕم و ڕووکەشانە، وەکو "وەسیلە" بەشێکن لە جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی دنیا، بەڵام کاتێ کە جێ ی مانا ئەگرنەوەو ئەبنە ئامانج، ئیتر ئەبنە بەڵای دنیاو کەڵکەڵەی یەکڕەنگی و لێکچوون و سڕینەوەی ئەویترو سڕینەوەی جیاوازی ئەخەنە مێشکمانەوەو ئەماندەن بە یەکا،، لەکاتێکا هەر هەمان شت لەجەوهەرو مانادا، بۆ ئەوەیە کە کۆمانکاتەوە لەسەر خۆشەویستی و پێکەوەژیان!

موحەمەد کۆچی خۆی کردو وەزیفەی خۆی جێبەجێکرد، تۆش لەبری ئەوەی کۆچەکەی خۆت بکەیت و ئەرکەکەی خۆت جێبەجێکەیت، هاتووی کۆچەکەی ئەوت تەقدیس کردوە، یەعنی لەبری مانای کۆچ، ڕێك ڕووکەشەکەیت وەرگرتووە!

تەقدیسکردنی کۆچەکەی ئەو، تەکلیفی کۆچ لەسەر تۆ لاناباو تۆ هەر ئەبێ کۆچی خۆت بکەیت و لەڕاستیدا تۆ هەر بۆ ئەو کۆچە هەیت!

تۆ بەوە موحەمەدیی ڕاستەقینەیت، کە تۆش وەکو ئەو کۆچەکەی خۆت بکەیت، نەك بەوەی کە یادی کۆچەکەی ئەو بکەیەتەوەو دەف لێدەیت و نوقڵ ببەخشیتەوە.

کۆچەکەی ئەو بۆ خۆی مانایەو حەقە، بۆ تۆ ڕوکەش و باتڵە. بۆ تۆ تەنیا کۆچی خۆت ماناو حەقە نەك کۆچی ئەو. کۆچەکەی ئەو بۆ تۆ بتە، کۆچەکەی تۆ بۆ خۆت خودایە، خودا بەمانای ڕاستی و جوانی و چاکی.


(٢)
لێرەدا ئەگەر وشەی "کۆچ" بکەین بە وشەی "خۆپیشاندان" هاوکێشەکە بەمجۆرەی لێ دێ:

لەڕاستیدا تەنیا ئەو خۆپیشاندانانە ڕاستەقینەن، کە لە هەولێرو بادینان جارجار ڕووئەدەن، چونکە ئەوان ڕێك و ڕاست بەرامبەر وەحشی خۆیان ئەوەستن، وەحشی ئەو ناوچەیەش پارتییە نەك هێزێکی تر. بەڵام ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە سلێمانییەوە ئەکرێ و پارتی تیایدا هەدەفە، هەرگیز ڕاستەقینەنین، چونکە وەحشی ئەملا یەکێتییە نەك پارتی!

خۆ پارتی و یەکێتی و حیزبی کوردی و کۆی سیستەم و دەسەڵاتەکە، یەك ماهییەتەو یەك پۆستاڵی ستەمەو یەك پاکێجی فەسادە. نابێ بەشیکەین و ئەبێ دژی هەمووی بین، وەكو یەك یەکەی ستەمکاریی. بەڵام کە بەشتکرد، ئەبێ بەشکردنەکە بەو جۆرەبێت، کە لە دەڤەری ئەملا بە پلەی یەك، یەکێتی بە ئامانج بگریت و لەولاش بە پلەی یەك، پارتی بە ئامانج بگریت، نەكئەوەی لە سلێمانییەوە سنگ دەرپەڕێنی بەرامبەر پارتی و خۆشت پێ پاڵەوانی عەیارە بیستوچواربێت!

سەیرکە چەن کۆمیدی ئەبوو، ئەگەر خۆپیشاندانەکانی زاخۆ دژی یەکێتی و مەرزی باشماخ بووایە! سەیرکە چەن جدی و ڕاستەقینەشە کە بەرامبەر پارتی و مەرزی برایم خەلیلە!

دەی ئەوەشی کە لە سلێمانییەوە دژی پارتی ئەکرێ، هەر کۆمیدیایە بەڵام هەستی پێناکەین. چونکە فەوزایەکی ئیعلامی و موخابەراتی، هەروەها پاشخانێکی ململانێ ی جەلالی و مەلایی لە شەستەکانەوە لەم ناوچەیە بەجێماوەو لە زهنی خەڵکەکەیدا دژایەتی پارتی کردوە بە نەریتی پاڵەوانێتی، لەکاتێکا خودی ئەم ناوچەیە پڕبووە لە ستەمکارو لە پارتییەکانی تر، پاڵەوانێتیش ئەوەیە کە لەپێشدا بەمانە بوترێ ستۆپ!

بەڵێ خۆپیشاندانی ئەولا ڕاستەقینەیە، چونکە ئەوان دێنە مەیدان، تەنیا بۆ نان و ئازادی و کەرامەت و مافی خۆیان و بۆ هیچ شتێکی تر نا. لەکاتێکا هی ئەملا، ململانێ ی حیزبەکان و باڵەکان و تەنانەت ململانێ ی تاکە تاکەی مەسولە مافیاکانیش، هەروەها فشەپاڵەوانی پۆپۆلیست و دنیایەك گەنوگووی تر لە مافە ڕەواکانی خەڵکەوە ئاڵەوە! 

کۆچی بادینی و هەولێرییەکان ڕاستەقینەیە، چونکە ئەوان خۆیان هاتوونەتە مەیدان و خۆیان پاڵەوانەکەن، نەکئەوەی دوای فریادڕەس و فشەپاڵەوان کەوتبن. هی ئەولا پاڵەوانەکان ئەیکەن بۆ مافی ڕەوای خۆیان و هی ئەملا فشەپاڵەوان ئەیکەن بۆ خۆدەرخستن و خۆکاندیدکردن و دەسکەوتی کەسی و حیزبی!

ئێمەی خەڵکی سلێمانیش چیتر ئەبێ لەو وەهمە دەرچین کە ناوچەکانی تر چاو لە ئێمە بکەن، بەڵکو لەڕاستیدا ئێستا ئەوەی بادینان ڕاستەقینەیەو ئەبێ هەموو چاو لەوان بکەین! 

گرنگە خۆپیشاندانەکانی دەڤەری سەوزیش، قۆناغی فشەپاڵەوان و شۆی ئیعلامی تێپەڕێنی بۆ قۆناغی خودی پاڵەوانیی وەکو ئەوەی زاخۆییەکان.

"قۆناغی پاڵەوان": ئەوەیە کە خۆت ڕاسەوخۆ دێیتە مەیدان و پەنجە ئەکەیت بە چاوی ستەمکارەکەی خۆتدا، تەنیا بۆ مافی خۆت و بۆ هیچ شتێکی ترنا.

"قۆناغی فشەپاڵەوان": ئەوەیە کە تۆ یەیتە مەیدان، بەڵام بەرامبەر ستەمکارەکەی خۆت نا، بەرامبەر ستەمکارەکەی ئەویتر، بۆ مافی خۆشت نا، بەڵکو لە پشتی شیعاراتی مافەکانەوە، بۆ فووتێکردنی ئەمو ئەو، یان بۆ تەسفیەی حساباتی ئەمو ئەو!

خۆ ڕاستە سیاسەتی گشتی هەرێم، پارتی ئاڕاستەی ئەکاو هەموو هەرێم بە بەناوچەکانی یەکێتیشەوە، هەر پارتی بەو حاڵەی گەیاندون، بەڵام ئەم سیستەمە فاسدە لەملا یەکێتی ڕایگرتووەو لە یەکێتییەوە لێ ی ئەدرێ نەك لە پارتییەوە!

بەڵێ تۆ لە کەلارو ڕانییە ئەبێ دژی سیاسەتی گشتی پارتی بیت، بەڵام لە یەکێتی و گۆڕانەوە لێ ی بدەی. لە هەولێرو دهۆکیش ئەبێ دژی سیستەم و سیاسەتی پارتی بیت و لە خودی پارتیشەوە لێ ی بدەی. لە شیلادزێش ئەبێ لە تورکیا ڕاپەڕیت نەك لە ئێران و عێراق، لە بناری قەندیلیش ئەبێ لە پەکەکە ناڕازی بیت نەك لە کۆمەڵ و یەکگرتوو، لە گوڵەخانەش ئەبێ دژی داگیرکاری حسک بیت نەک هی شوێعی.. 

هەر کەسێك ئەبێ خۆی پاڵەوانەکەبێ و خۆی کۆچی خۆی بکات. هەر کات و شوێنێك پاڵەوانێتی خۆی هەیەو ئەبێ ئەوە بکەیت نەك هی کات و شوێنێکی تر. کۆچی ڕاستەقینەی هەرکەس و ناوچەیەکیش وەستانە بەرامبەر ستەمکاریی بەگشتی و ستەمکاری پلەیەك بەتایبەتی. نەکئەوەی لە گشتا دژی ستەمکاریی نەبیت و تەنیا دژی پۆستاڵێکی ستەمکاری بیت و هەواداری تاکەکەی تریان بیت! 

نەکئەوەی بەسەر ستەمکاری پلە یەکدا بازبدەی بۆ ستەمکاری پلە دوو سێ و چوار، واشبزانی کۆچەکەت کردوەو پاڵەوانیت!


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق