زانیاری نوێی نەبیستراو لەسەر تەقینەوەكەی بەیررووت

ليست هناك تعليقات


لە تەقینەوەکانی پێرێ ئێوارەی بەیرووتدا، کە زیاتر لە 137 کەس گیانیانلەدەستدا و پێنج هەزار کەسیش برینداربوون، هەموو تۆمەتەکان ئاراستەی کەشتییەکی دروستکراوی ژاپۆن کرا کە خاوەنەکەی رووسیییە. کەشتییەکە بەر لە شەش ساڵ، 2750 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی گەیاندووەتە بەندەری بەیرووت و تا پێرێ کە تەقییەوە، باری ئەو کەشتییە لە کۆگایەکی بەندەرەکەدا ماوەتەوە.

رووداوەکەی بەیرووت لە تەنیا تەقینەوەیەک گەورەتربوو. هەزاران قوربانی و پایتەختێکی وێرانەی لە دوای خۆی بەجێهێشت. هەموو جیهانی رەچڵەکاند و تائێستا دەیان لێکدانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکە کراوە.

لەگەڵ لێکدانەوە جیاوازەکاندا بۆ رووداوەکە، هەمووان کۆکن لەسەرئەوەی ئەو چاڵە گەورەیەی تەقینەوەکە دروستیکرد، بەهۆی باری کەشتییەکەوە روویداوە کە ماوەی شەش ساڵە، لە کۆگای ژمارە 12ی بەندەرەکەدا هەڵگیراوە.

هەمووان قسەیان کرد و کەس گوێی لە دەنگی خاوەنی کەشتییەکە نەبووە، کە دەگوترا بەر لە شەش ساڵ، ئەو بارە ئەمۆنیۆمەی لە جۆرجیاوە بارکردووە و لە رێگادا بووە بەرەو مۆزەمبیق. بەڵام پەککەوتنی لە نزیک ئاوە نێودەوڵەتییەکانی لوبنان، وایکردووە کەشتییەکە پەنا بۆ بەندەری بەیرووت ببات و لەوێ پاش ئاشکرابوونی بارەکەی، کە بڕێکی زۆری نیتراتی ئەمۆنیۆمە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەندەرەکەوە دەستیبەسەرداگیرا.

کاپتنی کەشتییەکە کە ناوی بۆریس پرۆکۆشیڤە، دواجار قسەی بۆ میدیا کرد و هەندێک زانیاری ئاشکراکرد. پرۆکۆشیڤ لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کردووە و دەڵێت: "دوای بینینی دیمەنی تەقینەوە گەورەکە، هەستم بە ترسێکی قووڵ کرد".

کاپتنە رووسییەکە لە هەوارگەیەکی سەر دەریای رەشەوە بۆ رۆژنامە ئەمریکییەکە دواوە، باسی 2013 و بەڕێکەوتنی کەشتییەکەی کردووە و دەڵێت "بزنسمانێکی رووسی بەناوی ئیگۆر گریچکۆشکین کە لە قوبرس دەژی، کەشتییەکەی بە کرێگرت، بۆ گواستنەوەی بڕی زیاتر لە 2 هەزار تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم بۆ بەندەری پیرا لە مۆزەمبیق".

ئاماژەی بەوەداوە شوێنی بەڕێکەوتنی کەشتییەکە بەندەری باتۆمی جۆرجیا بووە لەسەر دەریای رەش. دواتر لە تورکیا وەستاوە بەهۆی ناکۆکی نێوان دەریاوانەکانی ناو کەشتییەکە لەسەر مووچەکانیان، پاشان وەک ئەو دەیگێڕێتەوە، خاوەنی کەشتییەکە گرێبەستی لەگەڵ ئەمدا کردووە بۆ تەواوکردنی گەشتی کەشتییەکە لە تورکیاوە بۆ مۆزەمبیق، بەرامبەر یەک ملیۆن دۆلار.

نووسینگەیەکی پارێزەریی لوبنانی، کە نوێنەرایەتی کۆمپانیای خاوەن باری سەر کەشتییەکە دەکات، ئاشکرایکردووە بارەکە لە رێگادا بووە بۆ مۆزەمبیق لەپێناو بەکارهێنانیدا بۆ کاری تەقینەوە.

کاپتنەکە دەڵێت "نەمتوانی کەشتییەکە بە بەندەری سوێسدا دەرباز بکەم، چونکە خاوەنەکەی ئاگاداریکردمەوە کە پارەی پێویستی نەماوە بۆ ئەوەی باجی پەڕینەوەی کەشتییەکە بدات، بۆیە داوای لێکردم روو بکەمە بەندەری بەیرووت، تا لەوێ هەندێک ئامێر باربکەم و بەهۆیەوە پارەی پەڕینەوەی کەشتییەکە لە بەندەری سوێس بەردەست بخەم". روونیکردووەتەوە کەشتییەکە پاش دوو مانگ لە بەرێکەوتنی لە جۆرجیاوە، گەیشتە لوبنان.

پرۆکۆشیڤ دەڵێت "کاتێک گەیشتمە بەیرووت، بۆم دەرکەوت کەشتییەکە توانای هەڵگرتنی ئەو بارە ئامێرانەی نییە کە بۆی دانراوە، چونکە کۆنە و تەمەنی 30 بۆ 40 ساڵە و بەرگەی باری زیاتری نەدەگرت". ئەوکات وەک کاپتنی کەشتییەکە ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی لوبنانی بۆیان دەرکەوت کەشتییەکە بە کەڵکی رۆیشتن بەدەریادا نایەت بەو بارەوە، بۆیە دەستیان بەسەریدا گرت، بەتایبەت کە توانای دانی کرێی لەنگەرگرتن لە بەندەری بەیرووتیدا نەبوو.

کاپتنەکە دواتر وەک ئەوەی رایگەیاندووە، پەیوەندی بە خاوەنی کەشتییەکەوە کردووە، بۆ ئەوەی پارەی پێویستی بۆ سووتەمەنی و خۆراکی دەریاوانەکان بۆ بنێرێت لەگەڵ پێداویستی دیکەدا، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: "خاوەنەکە بەردەست نەبوو، دیاربوو بڕیاریدابوو دەست لە کەشتییەکە و بارەکەی هەڵبگرێت".

لەباری ناو کەشتییەکە نەدەترسان

کاپتنەکە روونیکردووەتەوە، شەش دەریاوانیی سەر کەشتییەکە لەوکاتەدا گەڕانەوە ماڵەکانی خۆیان، بەڵام بەرپرسە لوبنانییەکان ئەو و سێ کەسی دیکەی تیمی کەشتییەکە کە ئۆکرانی بوون، ناچار بە مانەوە لە ناو کەشتییەکەدا کرد، تا کێشەی قەرزەکانی مانەوە لە کەناراوەکانی لوبناندا چارەسەر دەبێت. پارێزەی ئەوان رایگەیاندووە رێوشوێنە تووندەکانی پەناهەندەیی لە لوبنان، رێگەی نەدا تیمەکە کەشتییەکە بەجێبهێڵن، ناچاربوون بمێننەوە و زۆر ماندووبن بە دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانەیانەوە.

پرۆکۆشیڤ بە نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە، بەرپرسانی بەندەری بەیرووت، بەزەییان بە تیمی کەشتییەکەدا هاتەوە و خۆراکیان بۆ دابیندەکردن. روونیدەکاتەوە، ئەو بەرپرسانە هیچ ترسێکیان لە باری سەر کەشتییەکە نەبوو، بەڵکو تەنیا خەمی ئەوەیان بوو، کرێی لەنگەرگرتنی کەشتییەکە لە بەندەرەکەدا بدەین.

ئەندامە ئۆکرانییەکانی تیمی کەشتییەکە، ئەوکات دۆسێی گیرخواردنیان گەیاندە میدیاکانی وڵاتەکەیان و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان گوتیان ئەوان "دەستبەسەرکراوی ئابڵوقەدراون لە ناو کەشتییەکی بەجێهێڵدراودا". کاپتنی کەشتییەکەش هانای بۆ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی برد، لە بەیرووت.

پرۆکۆشیڤ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەناکاو لەسەری کەڵەکەبوون، سووتەمەنی ماوەی ناو کەشتییەکەی فرۆشت، بۆ دابینکردنی پارە لەپێناو بەکرێگرتنی نووسینگەیەکی پارێزەرانی لوبنانی، تا بەرگرییان لێبکات، ئەوکات وەک ئەو دەڵێت "پارێزەرەکان بە دەسەڵاتدارانی لوبنانییان گوت، کەشتییەکە مەترسی نوقمبوون یان تەقینەوەی لەهەر ساتێکدا لەسەرە".

دوای کردنەوەی دۆسێی لێکۆڵینەوە و گەیشتنی بە دادوەرێکی لوبنانی، دادوەرە لوبنانییەکە بەڕەچاوکردنی دۆخی مرۆیی کەشتیوانەکان لە ساڵی 2014دا، بڕیاری ئازادکردنی ئەوانی دەرکرد، بارە مەترسیدارەکەی کەشتییەکەش بە فەرمانی هەمان دادوەر، بۆ کۆگای ژمارە 12 گوازرایەوە و تا ساتی تەقینەوەی بەر لە دوو رۆژ، لە هەمان جێگەی خۆیدا بوو.

بەبڕوای کاپتنی کەشتییەکە، بەرپرسە لوبنانییەکان هەڵەیان کردووە، کاتێک سووربوون لەسەر دەستەبەسەرداگرتنی کەشتییەکە و هێشتنەوەی بارە نیتراتی ئەمۆنیۆمەکە لای خۆیان لە بەندەرەکەدا، لە بری ئەوەی بەسەر کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا دابەشی بکەن. ئەو دەڵێت من هەواڵی ئەوەم پێگەیشت کە کەشتییەکە لە 2015 یان 2016دا نوقمی ئاو بووە و بەلایەوە سەیرە کە تەقینەوەی باری کەشتییەکە ئەو هەموو ماوەیە دواکەوتووە.

نیتراتی ئەمۆنیۆم، لە پێکهاتەکانی ئەو پەینانەدایە کە بە ئەمۆنیترات ناو دەبرێن، جووتیارەکان بە کیسەی گەورە و بڕی زۆر دەیکڕن و بەکاریدەهێنن. نیتراتی ئەمۆنیۆم ئاگر ناگرێت، بەڵام ئۆکسیداوییە و رێگە بە ئاگرگرتنی پێکهاتە و کەلوپەلی دیکە دەدات. جیمی ئۆکسلی، مامۆستای کیمیا لە زانکۆی رۆد ئایلاند کە تاقیکردنەوە و توێژینەوەی لەبارەی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە کردووە، دەڵێت "ئەو مادەیە زۆر بەزەحمەت ئاگر دەگرێت، تەقاندنەوەشی بە تەنیا ئاسان نییە".

چیرۆکەکانی دیکە

قسەکانی کاپتنە رووسییەکە، پێچەوانەی هەندێک چیرۆکی دیکەیە لەبارەی رووداوەکەوە. ئاژانسی رۆیتەرز لە ماڵپەری "شیپ ئیریستید"ی گواستەوە کە تۆڕێکی مامەڵەکارە لەگەڵ داوا یاسایییەکانی تایبەت بە باربەریی ناو دەریا. کەشتییەکە لە سێپتێمبەری 2013دا لە بەیرووت لەنگەری گرتووە، پاشئەوەی رووبەڕووی کێشە بووەتەوە لە کاتی بەڕێوەبوونیدا لە جۆرجیاوە بۆ مۆزەمبیق، بارەکەشی پێکهاتووە لە 2750 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆم".

ئاژانسەکە دوو بەڵگەنامەی گومرگی لوبنانی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، گومرگی لوبنان داوای لە دەسەڵاتی یاسایی کردووە لە نێوان ساڵانی 2016 و 2017دا داوا بکرێت لە "دەسەڵاتدارانی دەریایی پەیوەست"، بڕیار لەسەر چارەنووسی باری کەشتیی رۆسۆس بدرێت کە لە کۆگای ژمارە 12دا هەڵگیراوە بە: یان سەرلەنوێ بارە نیتراتەکە هەناردە بکەن، یان رازیبن بە فرۆشتنی، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی بەندەرەکە.

هەرچی ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسایە، لە سەرچاوە ئاسایشییەکانی گواستەوە کە کەشتییەکە بە ترانزێت بە بەیرووتدا تێپەڕیوە. بەڵام لەبارەی هۆکاری مانەوەکەیەوە، دووپاتیدەکاتەوە کە کۆمپانیایەکی لوبنانی، لای دادوەری دۆسیەی خێراکان، سکاڵای لەبارەی بەڕێکەوتنەوەی کەشتییەکەوە دۆڕاند و بڕیاردرا بە بەتاڵکردنی بارەکەی، لەبەرئەوەی کەشتییەکە زیانی پێگەیشتووە و رزیوە، دواتریش لە نزیک بەندەری بەیرووتدا نوقم بووە.

هەرچی رۆیتەرزە لە ماڵپەری 'شیپ ئیریستید.کۆم'ی گواستەوە کە، هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی باری کەشتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، پاش پشکنینی بارەکە لە دوای مانەوەی بۆ ماوەیەک لە بەندەرەکەدا، رێگەی بەڕێکەوتنەوەی لێگیراوە، دواتریش خاوەنەکانی وازیان لێهێناوە، ئەوە بووەتە هۆکاری ئەوەی، ئەوانەی پارەیان لای خاوەنی کەشتییەکە بووە، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکەن.

ئەم سێ چیرۆکە جیاوازە، هێندەی دیکە نیشانەی پرسیار لەسەر راستیی هێڵی رێڕەوی کەشتییەکە و مانەوەی لە لوبناندا دەوروژێنن، ئایا بەڕێکەوت گەیشتووەتە لوبنان؟ یان کەسێک کاریکردووە بۆ ئەوەی بارەکەی لە لوبناندا بەتاڵ بکات بەشێوەیەکی نائاشکرا؟ تا دواتر بەرپرسیاریەتیی ئەو بارە گەورەیەی نەکەوێتە سەر شان؟ ئایا تەنیا گەندەڵی هۆکاری خراپ هەڵگرتنی باری سەر کەشتییەکە بووە کە ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە؟

پرۆسەیەکی ئاڵۆز

لوقمان سەلیم، شرۆڤەکاری لوبنانی، لەبارەی چیرۆکە جیاوازەکانی چۆنیەتی گەیشتنی کەشتییەکە بە بەیرووت، لەنگەرگرتنی بەهۆی کەموکورتییەوە یان ترانزێت، دەستبەسەرداگرتنی بەهۆی نەدانی قەرزی مانەوەی لە بەندەرەکەدا، جیا لە شێوازی مامەڵەی دادگای لوبنان و ئاسایشی ئەو وڵاتە لەبارەی باری کەشتییەکە و کەشتییەکە خۆی و کەشتیوانەکانەوە، دەڵێت: "هەموو ئەوانە دەریدەخەن رووگەی کەشتییەکە لوبنان بووە نەک مۆزەمبیق".

ئەو لە قسەکردنیدا بۆ ماڵپەری "حورە" زیاتر دەڵێت، ئەوەی کە روویدا لەپاش گەیشتنی کەشتییەکە بە بەندەری بەیرووت و بەکۆگاکردنی بارەکەی، ئاماژەیە بۆ بوونی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی شاردنەوە و رووپۆشکردنی رووگەی راستەقینەی بارەکە، کە بەدڵنیاییەوە بۆ مۆزەمبیق نەبووە.

سەلیم زیاتر دەڵێت: "خاوەنی بارەکە، پێشتر و ئێستاش کۆنترۆڵی بەندەرەکەی بەدەستەوەیە، ئاسایشی بەندەرەکەش لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە و دەستی درێژی لە هەموو دامەزراوە دادوەرییەکانی لوبناندا هەیە کە حیزبوڵڵایە، پێموایە حیزبوڵڵا لەپشت هاوردەکردنی ئەو بارەوەیە".

ئەو نایشارێتەوە کە بەشێکی گەورەی لوبنانییەکان لە دوای 2005، لە پاش تیرۆرکردنی رەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنانەوە، متمانەیان بە دادگا و ئاسایشی لوبنان نەماوە. ئەو پێیوایە هەر ئەنجامێک کە لێکۆڵینەوەکان پێیبگات "جێگەی گومانە"، بۆیە داوا دەکات لیژنەیەکی نێودەوڵەتی یان نێودەوڵەتی - عەرەبی - لوبنانی بۆ گەیشتن بەڕاستییەکان پێکبهێنرێت.

حیزبوڵڵا و ئەمۆنیۆم

ئەوەی لوقمان دەیڵێ لەبارەی حیزبوڵڵاوە، ئەو گوتانە بەبیردەهێنێتەوە کە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" لە مانگی ئایاری رابردوودا بڵاویکردەوە و تێیدا دەڵێت دەزگای مۆساد، زانیاری داوەتە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا، لەبارەی بوونی کۆگایەکی سەر بە حیزبوڵڵا کە سەدان کیلۆگرام نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدایە، لە باشووری ئەڵمانیا. رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، هێزەکانی ئاسایشی ئەڵمانیا، بەسەر کۆگاکەیان داداوە و دوو ئەندامی حیزبوڵڵا و نیتراتی ئەمۆنیۆمەکەیان دەستبەسەردا گرتووە.

رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی لای خۆیەوە ئاشکرایکردووە، هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا، لە پایزی ساڵی 2015 دا هەڵیانکوتاوەتە سەر چوار شوێنی سەر بە حیزبوڵڵا و کەسێکیان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە چەند کەسێکی سەر بەو حیزبە، چەندین تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمیان لە کارگەیەکی نهێنی بۆ دروستکردنی بۆمب، لە باشووری لەندەنی پایتەخت، کۆگا کردووە.

لە ئابی 2015دا، دەسەڵاتدارانی کوێت سێ کەسی سەر بە حیزبوڵڵایان دەستگیرکرد، کە بڕی 42 رەتل (رەتلێک یەکسانە بە 453.592 گرام) لە نیتراتی ئەمۆنیۆم، زیاتر لە 300 رەتل تەقەمەنی، 68 پارچە چەک و 204 نارنجۆکیان وەک ژێرخانی هێرشی ئایندەیی لەو وڵاتەدا کۆگا کردووە.

هێزە ئەمنییەکانی قوبرسیش لە ئاداری 2015دا، بڕی 420 سندووقی پڕ نیتراتی ئەمۆنیۆمیان دەستبەسەردا گرت، کە هی ئەندامانی حیزبوڵڵا بوون، شانەیەکی ئەو حیزبەشیان هەڵوەشاندەوە کە بەنیازی هێرشکردن بوون.

کۆگای ژمارە 12

لە دوای تەقینەوەکەی بەیرووتەوە، قسەی زۆر لەسەر کۆگای ژمارە 12ی بەندەری بەیرووت دەکرێت. دەرکەوتووە بەشێکی بەرچاوی بەرپرسانی سیاسی و تەنانەت بەرپرسانی ئاسایشیش، ئاگاداری ئەوە نین لەناو ئەو کۆگا قایمەدا چی هەیە. 

سەرچاوەکانی ناو بەندەرەکە دووپاتیدەکەنەوە کە ئەو کۆگایە، تایبەت بووە بە کەرەستەی هاوردەکراو. هەندێک دەڵێن کۆگاکە سەرچاوەی گەندەڵییەکی گەورە بووە و هەندێکی دیکەش دەڵێن، کۆگاکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبوڵڵادایە کە بەکاریدەهێنێت بۆ ئەمبارکردنی چەک. هەروەها ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە بۆ کاری نایاسایی بەکاریدەهێنن.

ئێوارەی سێشەممە، تەقینەوەیەکی بەهێز، ناوەڕاستی بەیرووتی پایتەختی لوبنانیان هەژاند. تەقینەوەکە ئاگرێکی یەکجار گەورەی لێکەوتەوە و جیا لە وێرانکردنی تەواوی بەندەری بەیرووت، لە دووری دەیان کیلۆمەتر لە نێو بەیرووتدا، زیانی خستەوە و سەدان کەس بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە برینداربوون.

تەقینەوەکە شەپۆلی تووندی دەنگیی لە دەرەوەی بەیرووت لێبیسترا. هەندێک سەرچاوە گوتیان، قوبرسییەکان گوێیان لە دەنگی تەقینەوەکە بووە. وەزیری ناوخۆی لوبنان ئاشکرایکرد کە زانیارییە سەرەتاییەکان دەڵێن، مادەی تەقینەوەی بەهێز کە چەندین ساڵە لە کۆگایەکی ئەو ناوچەیەدا هەڵگیراوە، هۆکاری تەقینەوەکەیە. تەلەڤزیۆنی جەدیدی لوبنانی گوتی ئەو مادەیەی لە کۆگاکەدا تەقیوەتەوە، لە 2014ەوە لەو شوێنەدا هەڵگیراوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif