نامەیەك ئاراستەی گەنجانی هەڵەبجە دەكرێت

ليست هناك تعليقات

فارس نەوڕۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی، لە دوای خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و زیانگەیاندن بە یەك دوو فەرمانگە لە هەڵەبجە، بە زمانێكی سادە و هەستێكی هاوشاریانەوە نامەیەك ئاراستەی گەنجانی هەڵەبجە دەكات، كە دەقی نامەكە بڵاودەكەینەوە

نامەیەک بۆ گەنجانی شار

ھاوڕێیان گەنجانی خۆشەویستی ھەڵەبجە، لە کاتێکدا ئەم نامە بۆ ئێوەی بەڕێز دەنووسم، بیرکردنەوەم خاڵییە لە دەمارگیری حزبی و پڕ لە خۆشەویستییە بۆ ئێوە و شار، بۆیە داواکارم ئێوەش بەھەمان بیرکردنەوە وەریبگرن. پێویستە پێش ھەرشتێ ئەوە بزانین ھەڵەبجە بە تەنھا موڵکی ھەڵەبجەییەکان نییە لەڕووی سامانی سیاسی و ئەدەبییەوە، چونکە ھەڵەبجە خاوەنی سەرمایەیەکی گەورە و قوربانی گەورەیە. سەرمایەیەک بە بیرکردنەوەی گۆران و ئەحمەد موختار و مەجزوب و مەولەوی و تایەر بەگ درووستبووە. لە دوای کیمیابارانیشەوە ھەڵەبجە پێناسەیەکی جیھانی وەرگرتووە و نازناوی پایتەختی ئاشتی وەرگرت. بۆیە دەبێ ئەو پێناسە نەشێوێنین. ھاوڕێیانی خۆشەویست، گەنجانی ئازیز، من ھەست بە نیگەرانی ئێوە دەکەم لەتەک ڕۆحی ئێوەدا دەژیم خەمەکانتان، ئازارەکانتان، نەداری و بێکاریتان دەزانم، چونکە لەگەڵ زۆرێک لە ئێوە پەیوەندیم ھەیە. بۆیە مافی ئەوەتان ھەیە ناڕەزایەتی دەربڕن و ڕەخنەبگرن و خۆپیشاندان بکەن، بە تایبەت لە ڕێگای خەباتی مەدەنییەوە کاربکەن بۆ بەدەستھێنانی داواکانتان. چونکە ئەم حکومەتە لەسەر ئێسک و پروسکی رابردووی ئێوە دروستبووە. بۆیە دەبێ نیگەرانی ھەردوولا حیسابی بۆ بکرێ، ئەمەی دەیڵێم بەرگری نییە لە کەموکورتی و گەندەڵی، بەڵام گەلۆ ناڕەزایەتی ڕێسا و یاسای خۆی ھەیە. دەزانم پەروەردەی حزبی فەزای گشتی شێواندووە لەبری ڕکابەر کردوینی بە دوژمن! چونکە رقی بەرھەمھێناوە، ھەڵەبجەش قوربانی یەکەمی ئەم رقبوونە بووە لەکاتی شەڕی ناوخۆدا، چونکە ھێزەکان لەبری گەشتن بە حەقیقەت کار بۆ شکاندنی یەکتر دەکەن. ھەتا ئەو رادەیە جۆرێک لە سیاسی ھەیە ھێندە نێرجسییە( خود ئەڤین) کاتێک ھەست بە مەترسی دەکات لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئاساییە لای، وەکو نیرۆن بەدیار سوتانی ڕۆماوە مۆسیقا بژەنێ، کوڕانی شار ئێوە لە سەردەمێکدا دەژین جیھانێکی گۆڕانی بەردەوام ئاڵۆز بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکان لەئاستی جیھاندا، ئەمەش واقیعی حاڵی کوردە کەدەیبینن. بۆیە پێویستمان بە بیرکردنەوەیە. توندوتیژی مەجالی بیرکردنەوەمان نادات، کەواتە دەبێ کارێک نەکەین شار پەلکێشی ناسۆرەکانی رابردوو بکەینەوە، چونکە زەرەرمەندی یەکەم ھەڵەبجە و گەنجەکانی ھەڵەبجەیە. 

توندوتیژی دەرگا لەسەر کاری خراپتر دەکاتەوە، لەبەرئەوە توندوتیژی چارەسەرێکی خوازراو نییە کێشەکان چارەسەر ناکات و کێشەی دیکە بەدوای خۆیدا دەھێنێت. بۆیە داوام لە ئێوە وەک براو ھاوڕێ ئەوەیە لەبەر بەرداشی بەرژەوەندی حزبی خۆتان بپارێزن، لە توندوتیژی دووربکەونەوە، چونکە ھەڵەبجە خۆی قوربانی دەستی توندوتیژییە. کەواتە داواکان بە ڕێگاکانی ناتوندوتیژی بخەنەڕوو، لێرەوە بەدوای فەلسەفەی ژیاندا بگەڕێین. ھاوڕێیان ئەو ڕووداوەی شەوی ٢٢ ی مانگ، کە بووەھۆی سوتانی ئەرشیفی شارەوانی، ئەوە زیانێکی گەورەیە بۆ ھەڵەبجە، چونکە بە ھەموو کەموکورتییەوە دواجار ئەوە مێژووی شارە. دەزانن ھاوڕێیان من ھەتا ئێستا کتێبخانەی ھەڵەبجەم لەیاد ناچێ، کە لە کیمیاباراندا برا بۆ ئێران! چونکە ئەوە بەشێک بوو لە سامانی مەعریفەی ھەڵەبجە لەدەسمان چوو. گەنجانی ئازیز ھەندێجار لەکاتی خۆنیشاندان ئارەستەکەی بەرەو بارەگای پارتی دەگۆڕن ئەم بەئامانجگرتنەی پارتی بەتەنھا ڕیسەکەتان لێدەکاتەوە بە خوری، داواکارییەکان دەبنە جێی گومان دەچنەژێر پرسیارەوە، چونکە دەمانگێڕێتەوە بۆ رۆحیەتی ئەو پەروەردە نادروستەی حزبی کە لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا، لە راستیشدا پارتی بێ کەموکوڕ نیە، بەڵام ھەتا ئەو شوێنەی دەسەڵاتی ھەبووە خزمەتی ھەڵەبجەی کردووە. لەبیرمە کە لەنەوەدەکان موچەی کادرەکانی نەدەدا بۆ ئەوەی ئاو لە ئەحمەد ئاوا بھێنێتە ھەڵەبجە. دواتر بۆ بە پارێزگابوونی ڕۆڵی سەرەکی ھەبوو، لە چارەسەری کێشەی ئاو لەسەردەمی کابینەکانی پێشوودا، ھەروەھا بۆ کردنەوەی زانکۆ و قیرتاوکردنی گەڕەکەکان ئەمە ئەرکی خۆی بەجێھێناوە دیارە ئەرکیش سوپاسی ناوێت، بەڵام پێزانینی دەوێت ھەمووشمان ئەو ڕاستییە دەزانین، بەڵام وەک بەختیار عەلی دەڵێت: ( ھەموومان حەقیقەت دەزانین، بەڵام ناچینە ژێرباری حەقیقەتەوە) ئەوەش حەقیقەتە کە پارتی ھیچ دەسەڵاتی نییە لێرە لە دۆخێکدایە نە ئۆپۆزسیۆنە و نە دەسەڵاتە، بەڵام بۆ ھەڵەبجە برای بار ڕاستە.

گەنجانی ئازیز.. ئەوانەی لەناو بارەگای پارتیدان برا و کەسوکاری ئێوەن، خوا نەخواستە ھەر کارەساتێکی گیانی لە ھەر کوێبێت لەبەر سروشتی کۆمەڵایەتی، تەحویل دەبێ بۆ کێشەی عەشایەری نموونە زۆرە لە ڕابردوودا، بۆیە ئێمە بە یەکەوە جوانین دەکرێ ڕکابەربین نەک دوژمن. پێمخۆشە ئەوەش بزانن ئەو کادرانەی پارتی خاوەنی گەنجی قارون نین، بەڵام موعاناتی یوسفیان ھەیە. لە کۆتایدا خۆشەویستیم بۆتان ھەیە ھیوام وایەو ئێوەخۆش بژین و شاریش سەلامەت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif