دوای 74 ساڵ پرسیارگەلێک پارتی لە خۆی بپرسێ

ليست هناك تعليقات

فارس نەوڕۆڵی
-
لە یادی دامەزراندنیدا واتە دوای ٧٤ ساڵ بەرخودان، کەوتن ھەستانەوە، دەسکەوت، قوربانیدان، بۆ بەردەوامیدان بە خەبات، پارتی دەبێت چەپکێک پرسیار لەخۆی بکات.
پارتی بۆ دامەزرا؟
چی بەدەسھێنا؟
ئێستا چی بکات؟
ئەمە سێ پرسیاری سەرەکییە، کە دەبێ پارتی وەڵامی بداتەوە بە گەڕانەوە بۆ مێژوو گونجاندنی لەگەڵ سەردەمدا. وەڵامەکانی ھێندە ڕوونبن کە تینوێتی خەڵک بشکێنێت. چونکەپارتی لە ھەناوی خەڵک و بۆ خەڵک دروستبووە.
ـ سەبارەت بە پرسیاری یەکەم پارتی بۆ دامەزرا؟ دیارە ھەموو دەرکەوتنێکی سیاسی پێداویستی ئەو قۆناغەی نەتەوەیەیە یاخود چینێکە بۆیە سەرھەڵدان و دامەزراندنی پارتی وەک حزبێک و بزووتنەوەیەکی سیاسی و سروشتی، پێداویستی ھەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی ئەو قۆناغەی کۆمەڵگای کوردستان و نەتەوەی کوردبوو، ھاوکات شێوازی چەوسانەوەی نەتەوەی کورد ڕێڕە و ئامانجی پارتی دیاریکرد، کە چەوساندنەوەی نەتەوایەتی لەسەر کورد بوو بۆیە پارتی خەباتی نەتەوایەتی کردە ئامانج و ئامرازەکانی بۆ ئامادەکرد. بۆیە دەکرێ بڵێین پارتی بۆ وەڵامی پرسیارەکان و پێداویستییەکانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردستان دامەزرا و بەردەوام دەبێت هەتا گەشتن بە ئامانج. ئەم بەردەوام بوونە نەتەوەییەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادە و بلیمەتی مستەفا بارزانی، ھەرچەندە بارزانی بەلای منەوە تەنھا موڵکی پارتی و بنەماڵەیەک نییە، میراتی بارزانی بەشی باشوورە، بەشی باکورە، بەشی ڕۆژھەڵات و بەشی ڕژئاڤایە. چونکە ھەموویان بەشداربوون لە شۆڕشدا لەتەک بارزانی، بۆیە وەک چۆن کلتۆت ھامبسۆت دەڵێت: کارێک کە بلیمەت ئەنجامیدەدا، چەخماخە و گرمەکەی بۆ سەدان ساڵ دەنگ دەداتەوە. بۆیە ئەو ڕێبازی کوردایەتییەی بارزانی گرتویەتیەبەر هەتا ئێستا بەردەوامە. بۆ بەردەوامبونیشی پێویستی بە خوێندنەوەی نوێ ھەیە.
ـ سەبارەت بە پرسیاری پارتی چی بەدەسھێنا یاخود چی کرد؟ لە ڕاستیدا ئەگەر بە چاویلکەی سەردەمی خۆی و دوور لە ڕق و بە شێوازێکی زانستی قۆناغە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بخوێنیتەوە، دەتوانین بڵێین پارتی پێناسەی سیاسەتی لە ھونەری مومکینەوە گۆڕی بۆ خوڵقاندنی موستەحیل، سەیری مێژوو بکەن چوونی بارزانی بۆ ھاوکاری ڕۆژھەڵات واتە کۆماری کوردستان، دواتر دامەزراندنی پارتی و پەڕینەوە بۆ سۆڤییەت، گەڕانەوە بۆ عێراق و ڕێککەوتن لەگەڵ قاسم و چەسپاندنی لە دەستوردا وکەکورد و عەرەب لەم نیشتمانەدا ھاوبەشن. پاشان ناچارکردنی بەعس بە ڕێککەوتنی ١١ ی ئادار، ڕاپەڕین و دروستکردنی حکومەت و پەرلەمان لەتەک ھێزەکانی دیکەدا، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گەلێک دەسکەوتی دیکە، کە لێرەدا ماوەی باسکردنی نییە. پارتی ھەمیشە ویستویەتی لە ڕێگای گفتوگۆوە بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام باوەڕی بە تەسلیمبوون نییە. بۆیە بە قۆناغی جیا جیادا تێپەڕیووە کەوتن و ھەستانەوە، بەردەوامی.
ـ پارتی چیبکات و لەکوێ دایە؟ ئەمە پرسیارە جەوھەرییەکەیە، کە دەبێ پارتی ئەم پرسیارانە لە خۆی بکات و وەڵامی ھەبێت بۆ ئەوەی بەردەوامبێت. بۆیە بە تێگەشتنی خۆم جیاوازتر لە ھەندێ ڕای تەقلیدی دەمەوێ تیشک بخەمە سەر ئەم قۆناغە ھاوچەرخەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە، کە پارتی چۆن خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ خۆی و بۆ ناوچەکە و گۆڕانکارییەکان بکات، چونکە ھەموو چەمکەکان گۆڕاون چەمکی نوێ و پێناسەی نوێ جێگای گرتوونەتەوە. بۆیە دەبێ خۆ بگونجێنێ لەتەک واقیعدا، چونکە ململانێکان جیاوازترن لە جاران و جۆری شەڕەکانیش گۆڕاون. کەواتە دەبێ لەوە بگەین، کە پرۆسە و جوڵەی گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەیەکدا قەتیس نەکەین. بەڵکو سەرجەم دەلاقەکان بەڕویدا بکەینەوە و لەچەند گۆشەیەکی جیاوازەوە بیخوێنینەوە بۆ ئەوەی بتوانین تێز و ھزری نوێ و چەمکی نوێ بەرھەم بھێنین. بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەر گۆڕانکارییەکدا پێناسەیەکی نوێ بۆ خۆمان بکەینەوە هەتا لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خۆ نوێ بکەینەوە. چونکە ھەر کەلتورێک ھەر حزبێک لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بمێنێتەوە بەرەو پوکانەوە دەڕوات. زیندوویەتی ھەر کەلتور و ھەر حزبێک بەسراوە بە خۆنوێکردنەوە و داھێنانێک لەتەک واقیعدا بگونجێ دواجار مانەوە بۆ گونجاوترینە) کەواتە بۆ بەردەوامی پارتی دەبێت دوای ٧٤ ساڵ تەمەن و بەرخودان کۆمەڵێک پرسیاری قوڵ چەپکێک پرسیاری ڕەنگاوڕەنگ لە خۆی بکات و وەڵامی جدییان بداتەوە. پرسیارەکان کە ڕەھەندی گشتی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەبێت و لە ھەمانکاتدا ڕەھەندی حزبی لەخۆ بگرن. سەرەتا گەورەترین ئەو کارەی دەبێت پارتی و پارتییەکان بیکەن ڕووبەڕوو بوونەوەیە لەتەک ھەڵەکان و کەم و کورتیەکان و لادانەکانی خۆمان لە بنەماو پرەنسیپ و ڕەسەنایەتی، دواتر دەبێ لەھەناوی ئەم پرسیارەوە کۆمەڵێک پرسیاری جدی بدۆزینەوە بێینە سەر ئەو پرسیارانەی کە دەبێت پارتی لەخۆی بپرسێت و وەڵامی سەردەمیانەیان بداتەوە. کە بە دیدی من ئەم پرسیارانە دەبێ لە خۆمانی بکەین
ـ پارتی بۆچی دروستبوو؟ ئێستا لە کوێی ئامانجەکانی دایە
ـ پارتی چەندە پابەندە بە پرەنسیپ و بنەماکانی و ڕەسەنایەتی خۆی؟
ـ پرسیار بکات پارتی هەتا چەند وەک ھێزێکی مەدەنی توانیویەتی مانیفێستی خۆی بکات؟
ـ هەتاچەند کادری سەردەمی پەروەردە و دروستکردووە کە کۆدەکانی ئەم سەردەمەیان لەڕووی فەلسەفە و فیکرەوە بۆ بکرێتەوە؟
ـ پرسیار بکات فەرھەنگی نەتەوەیمان لەچی حاڵێکدایە؟
ـ پەروەردەمان لەچی ئاستێکدایە؟ مەبەستم لە پەروەردە قوتابخانە و وەزارەتی پەروەردە نییە، بەڵکو مەبەستم فەلسەفەی پەروەردەیە لە فەزای گشتیدا
ـ فیکری کوردایەتی لەچی دۆخێکدایە؟ چونکە کورد لە شەڕی سەربازیدا بەردەوامە لە کەوتن و ھەستانەوە و سەرکەوتن. بەڵام کورد لەشەڕی فکردا بەڕاستی داماوە
ـ سێکوچکەی ( ئیلتیزام، ئەخلاق، بەرپرسیاریەتی) لە کوێدایە؟
ـ عیشقی خەڵک بۆ کوردایەتی و بۆ نیشتمان لە کوێدایە؟ خەیاڵێک بمانباتەوە بۆ سەردەمی شۆڕش وەک دۆکۆمێنتاری گیانفیدای و متمانەی خەڵک ئەوکات و ئێستا بەراورد بکەین، خەیاڵێک بمانباتەوە بۆ عیشق و بۆ ئەو چرکەساتەی تەرمی نەمران مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی دێنەوە بۆ باشور
ھەموو نیشتمان بە پێوە بوون بۆ پێشوازی، ئەو عیشقە ئێستا لەکوێیە؟ ئەو ەباوە بوو ھێزی دەدابەخەڵک بەشەقام ئایائەوباوەڕەئێستالەچی ئاستێکدایە. مەسیح دەڵێت: ئەگەر ھێندەی گەردیلەیەک بڕواتان لە دڵدا بێت ئەوسا بەو شاخە بڵێن بجوڵێ دەجوڵێ، ئەی ئەوە ئەگەر بڕواو عیشق نەبێ بەبێ ھیچ ھۆیەکی گەیاندن چی بارزانی دەگەیەنێتە سۆڤییەت، ئەوە عیشقی نیشتمان بوو، ھەڤاڵان ئایا دەزانن ژیان کە عیشقی لێھاتە دەرەوە خاڵی دەبێتەوە لە مانا 
ـ پرسیار بکەین لە نێوان ئێمە و عەدالەتدا چەندە بۆشایی ھەیە؟
ـ پرسیار لە پەشێوحاڵی زمانی کوردی بکەین چۆن نەمانتوانی زمانێکی ھاوبەش دروستبکەین چونکە هەتا زمانی یەکگرتوومان نەبێ، بیرکردنەوەی ھاوبەشمان زەحمەتە.
پرسیابکەین گوزەرانی خەڵک لەچی دۆخێکدایە
ـ سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەرەو کوێ دەڕوات؟ کورد لەکوێی گۆڕانکارییەکاندایە 
ـ کەی ئەم پەرتەوازەییەی ماڵی کورد تێدەپەڕێنین و گوتارێکی کوردستانی بەرھەم دەھێنین؟
ئەم پرسیارانە و پرسیارگەلێکی دیکەپێویستەپارتی لەخۆی بکات ، بۆ بەردەوامبوونی خۆی وەڵامیان بداتەوە چونکەپارتی مەسەلەی ھەیەبۆ ئامانج گەلێکی باڵادروستبوە، کەواتە پێویستەبەبیرکردنەوەی نوێ وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوەو ستراتیجی نوێیان لەسەر داڕێژێ. وەک ئیدواردو بوتە دەڵێت: ( چۆنیەتی بیرکردنەوەمان چۆنیەتی داھاتومان دیاری دەکات ) ھیوادارم توانیبێتم کەمێک ڕاستی بخەمە ڕوو بۆ خەبات و بەرخودانی ٧٤ ساڵ تەمەنی پارتی وبەردەوام بونی


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif