لە میسر 54 ملیۆن کەس دادگایی دەکرێن

ليست هناك تعليقات

دەستەی نیشتمانیی هەڵبژاردنەکانی میسر ئاشکرایکرد، هەموو ئەو کەسانەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پیرانی وڵات لە رۆژانی 11 و 12ی ئابدا، دەنگیان نەداوە، رووبەڕووی داواکاری گشتی وڵات دەکرێنەوە، بۆ سزادانیان.

لاشین ئیبراهیم، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دەستەی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند ناوی سەرجەم ئەو دەنگدەرانەی دەنگیان نەداوە ئامادەکراوە. ئاماژەی بەوەدا کە دەستەکە، هەموو پێداویستییەکان و سەرجەم رێوشوێنەکانی ئاسانکاری بۆ دەنگدەران رەخساندبوو، لەپێناو بەشداریکردنی ئاسان و پارێزراو لە هەڵبژاردنەکاندا، لەسایەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا.

لاشین پێیوایە زۆر کەس تەمبەڵییان کردووە لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، لەبەرئەوە دەستەکەیان بڕیاریداوە هەموو ئەوانەی دەنگیان نەداوە، بباتە بەردەم دادگا و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.

مادەی 57ی یاسای مافە سیاسییەکانی ژمارە 45ی ساڵی 2014، دەڵێ هەر کەسێک لە دەنگداندا بەشداری نەکات و دەنگنەدات، بەبڕی 500 جونەی میسری (31،6 دۆلار) سزا دەدرێت.

لیژنەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پیرانی میسر، پێشتر رایگەیاندبوو لە کۆی 62 ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، تەنیا 8 ملیۆن کەس دەنگیانداوە، کە رێژەیان دەکاتە 14،23 لەسەد. بەوەش ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە و بەشدارییان نەکردووە 54 ملیۆن کەسە.

بڕیاری سزادانی بەکۆمەڵی دەنگنەدەرانی هەڵبژاردنەکان، ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە. تارق عەوەز، پارێزەر و مافناس، بڕیارەکەی بە سەیر و سەمەرە ناوبردووە و دەڵێت باشترین وەڵام بۆ ئەو بڕیارە، هەڵوێستی گەلی میسرە کە بەگاڵتەوە بڕیاری سزادانەکەی وەرگرتووە.

ئەو پارێزەرە دەڵی ئەوە یەکەمجار نییە بڕیاری لەو شێوەیە دەدرێت و جێبەجێ ناکرێت، ساڵی 2014 هەمان دۆخ روویدا و دادگا دۆسێیەکەی هەڵپەسارد.

ئەو پارێزەرە دەڵێت راستە یاسا بڕی 500 جونەی بۆ سزادانی دەنگنەدەران داناوە، بەڵام بڕگەی تایبەت بەسزادانی دەنگنەدەران نادەستوورییە، چونکە یاسا هەڵبژاردنی بە ماف ناوبردووە کە بەزۆر پەیڕەو ناکرێت. ئەو زیاتر دەڵێ بۆی هەیە دەنگنەدان، هەڵوێستێکی سیاسی بێت و ئەوەش دەچێتە خانەی مافی را دەربڕینەوە.

عەوەز، ئەوەش رووندەکاتەوە کە دادگا ناتوانێت گوێ لە قسەی 54 ملیۆن کەس بگرێت و دۆسیە بۆ هەموویان بکاتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکدا بکات. ئەو پێیوایە بڕیاری سزادانەکە، گوشار دروستکردنە لەسەر خەڵک، تاوەکو لە ئێستاوە بڕیاربدەن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان لە دوای مانگێکی دیکە بەشداری بکەن.

ئەنجوومەنی پیرانی میسر، دەستەیەکی راوێژکاریی بێدەسەڵاتی جێبەجێکردنە، 200 ئەندامی هەڵبژێردراو و 100 ئەندامی دەستنیشانکراو لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە لە خۆ دەگرێت.

چالاکڤانانی سۆشیالمیدیای میسر، هەڵمەتی رەتکردنەوە و گاڵتەکردن بە بڕیارەکەیان دەستپێکرد، هاشتاگی "لەبەردەم- دادگا- چی- دەڵێیت" زۆرترین ریتویتی لەسەر کرا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif