وتەبێژی پارتی: پێویستە پەكەكە خەباتی خۆی بگوازێتەوە

ليست هناك تعليقات



وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "شوێنی خەباتی پەكەكە ئەو شوێنەیە كە ھیچی لێ دەستنەكەوتووە، نەك ھەرێمی كوردستان كە ناوچەیەكی ئازادكراوە و خاوەن سەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەت و پەرلەمانە"، ئەمەش دوای ئەوە دێت، بەھۆی بۆردوومانەكانی توركیا بە ھۆكاری ھەبوونی پەكەكە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان چەندین ھاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی و پەكەكەش رەتیدەكاتەوە ئەوان ھۆكاربن.

ئەگەرچی چەندین جار ئاگاداركراونەتەوە كە خەباتی خۆیان بۆ باكووری كوردستان بگوازنەوە، بەڵام پەكەكە ھێشتا لەنێو خاكی ھەرێمی كوردستاندا شەڕی توركیا دەكات، قسەی ھەرێمی كوردستان بۆ بەرپرسانی پەكەكە ئەوەیە، ئێرە ھەرێمی كوردستانە، 29 ساڵە ئازاد كراوە، خاوەن سەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەت و پەرلەمانە، ئێرە بە داگیركراوی نەماوەتەوە تا ھەوڵی ئازادكردنی بدەن، بۆیە بەڕای پارتی، پێویستە پەكەكە خەباتی خۆی بگوازێتەوە باكووری كوردستان.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "پێویستە پەكەكە و توركیا دۆخی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن، ھەروەھا پێویستە پەكەكە بزانێت لە كوێ و بۆچی خەبات دەكات، ئەوان باش دەزانن ئەوەی دەیانەوێت لێرە بە دەست نایەت، چونكە ئێرە ئازاد و رزگار كراوە و بەپێی دەستووری عێراق، ھەرێمێكە قەوارەیەكی سیاسی و ئیداری ناسراوە، شوێنێك پێویستە پەكەكە خەباتی لێبكات كە ھیچ لێ دەست نەكەوتووە".

بەھۆی بوونی پەكەكە لە چیاكانی ھەرێمی كوردستان، سوپای توركیا بۆردوومانكردنی ھەرێمی كوردستانی كردووەتە پیشەی بەردەوامی، ئەمەش یەك رێگای لەبەردەم خەڵكی ئەو گوندانە ھێشتووەتەوە، ئەویش ئاوارەبوون و جێھێتشتنی زێدی باب و باپیرانە، بۆیە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەو جۆرە خەباتەی پەكەكە دەیكات تا ئێستا ھیچ ھێزێكی دیكە نەیكردووە.

تا ئێستا بەھۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لە ھەرێمی كوردستان، چەندین ھاووڵاتی سڤیل شەھید و برینداربوونە، لە بەرامبەر ئەمەشدا پەكەكە خۆی بە ھۆكاری ئەم دۆخە نازانێت و ئامادەنییە خەباتی خۆی بباتە باكووری كوردستان.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif