كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا، دوایین كارتی ده‌ستی كورد

ليست هناك تعليقات

عارف قوربانی
-
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان وه‌فدی كوردستان و كاربه‌ده‌سته‌كانی به‌غداوه‌ دزه‌ده‌كه‌ن، هه‌رێمی كوردستان سازشی زۆری بۆ به‌غدا كردووه‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر له‌ پێشووتر نیوه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستای بكردایا، ره‌نگه‌ كێشه‌كان نه‌گه‌یشتنایه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ی كه‌ چاره‌سه‌ركردنیان ئه‌سته‌م بووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌بێ‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و سازشه‌ زۆرانه‌ی هه‌رێم، به‌غدا ئاماده‌ی رێككه‌وتن بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئاستی داواكارییه‌كانی به‌رزتر ده‌كاته‌وه‌. ئێستا ئه‌وه‌ی كوردستان ئاماده‌یه‌ بیداته‌ به‌غدا زۆر له‌وه‌ش زیاتره‌ كه‌ له‌ ده‌ستوور رێوشوێنی بۆ دانراوه‌، به‌ڵام به‌غدا ئاوڕیشت لێناداته‌وه‌. 

ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم تا كوێی دیکە شوێنی به‌غدا ده‌كه‌وێت؟ له‌كاتێكدا ده‌ركه‌وت به‌غدا تۆی ناوێت. سوپای توركیا رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر دێته‌ ناو قووڵایی خاكی هه‌رێمی کوردستان‌ و له‌ ئاستی زۆر باڵای به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ لێدوان ده‌ده‌ن كه‌ تا ساڵی 2023 ویلایه‌تی موسڵ داگیر ده‌كه‌ین. به‌غدا خۆی كردووه‌ به‌ كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت. ئێران به‌درێژایی چه‌ندین كیلۆمه‌تر سنووری گواستووەته‌وه‌ ناو خاكی هه‌رێم و به‌غدا نووزه‌ی لێوه‌ نایەت. 

ئاستی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی كوردستان تا دێت خراپتر ده‌بێت، مووچه‌ی مانگانه‌ی مووچه‌خۆران هه‌روا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت. به‌ ته‌سلیمكردنی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ و گومرگیش، هێشتا به‌غدا ئاماده‌نییه‌ نیوه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان بدات. 

باشه‌ كه‌ عێراق ئاماده‌نه‌بێت له‌سه‌ر داگیركردنت به‌ وه‌ڵام بێت، ئاماده‌نه‌بێت وه‌كو هاووڵاتیی خۆی قبووڵت بكات، ئیدی تۆ بۆ خۆت به‌ به‌شێك له‌و وڵاته‌ بزانیت؟

خه‌ڵكی كوردستان كه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ بوون هه‌رێم رێگه‌ی به‌غدا بگرێته‌وه‌به‌ر، به‌ئامانجی رزگاربوون بوو له‌و قه‌یرانانه‌ی تێی كه‌وتووین. بۆ ئه‌وه‌بوو به‌غدا له‌ مه‌ترسیی داگیركاریی توركیا و ئێران بمانپارێزێت. به‌ڵام كه‌ به‌غدا نه‌بێته‌ تیماری ده‌رده‌كانت، برینی قووڵتر بخاته‌ هه‌ناوته‌وه‌، خۆی ببێته‌وه‌ مه‌ترسی، حیكمه‌ت له‌ چوونه‌وه‌ بۆ به‌غدا چییه‌؟ 

ئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌یكات رێگه‌یه‌كی دروست نییه‌، ئه‌و هه‌موو سازشه‌ بێ‌ ئه‌نجامانه‌ پێگه‌ی كورد لاوازتر ده‌كات له‌ ئاستی رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی رووبه‌ڕوومان بووه‌ته‌وه‌. به‌غدایه‌ك ئاماده‌نه‌بێت به‌ ته‌سلیمكردنی ته‌واوی داهاتی نه‌وت و خاڵه‌ سنووریه‌كان و داهاتی نێوخۆی هه‌رێمیش، ته‌نها مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان بنێرێت، ئیدی چاوه‌ڕێی چی له‌ به‌غدا ده‌كه‌یت؟

مامه‌ڵه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌مشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ر ئاو ده‌كاته‌ ئاشی به‌هێزبوونه‌وه‌ی ئه‌و هزر و عه‌قڵییه‌تانه‌ی كوردیان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ قبووڵ نییه‌. شاردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ به‌غدا ئاماده‌نییه‌ به‌ ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی هه‌موو داهاتی كوردستان به‌ به‌غدا، مووچه‌ی نیوه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان بدات، هیچ خزمه‌تێك به‌ كورد ناكات. ناكرێت هه‌رێمی کوردستان به‌ دروستكردنی وه‌هم ئومێد بۆ مووچه‌خۆران دروستبكات و به‌ یاریكردن به‌ كات تا به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر نەكات. 

ده‌بێت كوردستان شێوازی مامه‌ڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ناوه‌ند بگۆڕێت، بۆ یه‌كجار كارتی كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا به‌كاربهێنێت. به‌غدایه‌ك كه‌ هه‌موو ده‌رگاكانی به‌ڕوودا داخستبێت، پێویسته‌ كارێك بكه‌یت ئه‌و بێت و له‌ ده‌رگای تۆ بداته‌وه‌. كه‌ به‌غدا به‌ ته‌سلیم بوونیش تۆی قبووڵ نه‌بێت، ئه‌ی چی ده‌كه‌یت له‌ به‌غدا؟ 

په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك تایبه‌ت به‌م پرسه‌ رێك بخات و وه‌فدی كوردستان كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ به‌ڕێگه‌ی به‌غداوه‌ن بانگهێشت بكات راشكاوانه‌ سازشه‌كانی خۆیان و غروری به‌غدا بۆ خه‌ڵك روونبكه‌نه‌وه‌. ئه‌و كات په‌رله‌مان بڕیاری كشانه‌وه‌ی كورد بدات له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق، سه‌رۆككۆمار و وه‌زیره‌ كورده‌كان، په‌رله‌مانتاران، هه‌موو پێیه‌وه‌ پابه‌ندبن و پێكه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كوردستان، چونكه‌ ناكرێت ته‌نها له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حه‌فتا كه‌س كه‌ له‌ پشك و پۆست و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی كوردستانن له‌ به‌غدا، چاره‌نووسی ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ به‌غداوه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئاماده‌ نییه‌ وه‌ك هاووڵاتیی پله‌ دووش له‌ خه‌ڵكی كوردستان بڕوانێت. 

با بۆ یه‌كجار له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك هه‌ڵوێستێك ده‌ربڕن و عێراق رووبه‌ڕووی كێشه‌و قه‌یران بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێستا كورد هه‌ڵوێستێكی له‌م جۆره‌ ده‌ربڕێت به‌غدا ناچار ده‌بێت پابه‌ندبێت به‌وه‌ی لانیكه‌م به‌ چاوی هاووڵاتیی عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی هه‌رێمیش بكات، كه‌ له‌كاتێكدا پێویست بوو كورد له‌سه‌ر كێشه‌ی خاك و ناسنامه‌ و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكات، نه‌ك نیو مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و ئه‌ویش نه‌تداتێ‌. 

به‌ڵام به‌م سیاسه‌تی نیوه‌ عێراقی بوون و نیوه‌ ناعێراقییه‌وه‌ هیچ له‌ به‌غدا ناچنینه‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یكات سیاسه‌تێكی دوو فاقییه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان، نوێنه‌ره‌كانمان له‌ به‌غدا و ئه‌و پۆست و پشكانه‌ی به‌شی خه‌ڵكی كوردستان، له‌وێ‌ تێروپڕن و خه‌ڵكی كوردستانیش برسی ده‌كات. زۆرترین ئیمتیازات و سه‌روه‌ت و سامان ده‌دات به‌ نوێنه‌ره‌كانمان له‌ به‌غدا، به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ نیوه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرێكی كوردستان بدات. 

بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستانیش ئاماده‌نه‌بێت ئه‌وه‌ قبووڵ بكات هه‌موو قورسایی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌ عێراق هاتبێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا ره‌فاهییه‌ت بۆ شه‌ست حه‌فتا كه‌س دروستبكات له‌سه‌ر حسابی برسیكردنی شه‌ش ملیۆن كه‌س.

باشترین بژارده‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان گووشار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق بكشێنه‌وه‌ و له‌ نێوخۆی كوردستان ده‌ستبكرێت به‌ چاكسازییه‌كی راسته‌قینه‌، له‌ سه‌رچاوه‌كانی داهات و له‌ خه‌رجییه‌كان. ئه‌گه‌ر كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كان كۆنترۆڵ بكرێن، ئێستاش هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كاندا زاڵ بێت و پێویستی به‌وه‌ نه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ی دیکە كورد به‌ چۆكدا بێنێت له‌به‌رده‌م دووژمنه‌كانی.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif