لەمەودوا ڤایرۆسی زیاتر پەیدا دەبێت

ليست هناك تعليقات

دکتۆر ئەنتۆنیۆ فاوچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشیە گوێزراوەکان هۆشداریدەدات کە لە داهاتوودا ڤایرۆسی زیاتر لە گیانەوەرانەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێنەوە.

فاوچی کە لە لایەن میدیای ئەمریکاوە بە گەورەترین شارەزای بواری پەتا لەو وڵاتە دادەنرێت، ئاماژە بەوە دەکات، بەریەککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ گیانەوەرەکان زۆر بووە، ئەمەش وایکردووە کە پەتای جیاواز و کوشندە لێیانەوە بۆی بگوازرێتەوە، هەروەک چۆن ئایدز، ئیبۆلا، هەڵامەت و کۆرۆنا یەکەمجار لە نێو گیانەوەرەکاندا سەریهەڵدا و دواتر بۆ مرۆڤ گوازرایەوە.

د. ئەنتۆنیۆ فاوچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوێزراوەکان دەڵێت: "پێموایە لەبەر ژمارەیەک هۆکار پەتای جیاواز لە گیانەوەرانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، چونکە ئێمە بەردەوامین لە بەزاندنی هەندێک سنوور لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گیانەوەراندا.

فاوچی بە ئاماژەدان بەو پەتاکانی سەردەم گوتی: "ئەگەر سەیری ئەو پەتایانە بکەین کە تاوەکو ئێستا سەریانهەڵداوە، یان ئەگەر سەیری ژمارەکان بکەین، ئەوا دەبیننین 70٪ی پەتا نوێیەکان کە هەرگیز پێشتر نەمانبینیبوون ئەوانەن کە لە گیانەوەرانەوە سەریانهەڵداوە. ئەو پەتایانە لە بنەڕەتدا لە نێو گیانەوەراندا هەبوون و بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ مرۆڤ گوازراونەتەوە. ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی بەو شێوەیە بوو، ئیبۆلا، هەڵامەت، هەروەها ڤایرۆسی کۆرۆناش هەر بە هەمان شێوە بۆ مرۆڤ گوێزراوەتەوە."

گەورە شارەزای پەتاکان، ئەوە بەبیردەهێنێتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بازاڕێکی خواردنەکانی شاری ووهانەوە گوێزرایەوە بۆ مرۆڤ کە تا ئەم کاتە زیاتر لە 600 هەزار کەسی کوشتووە و دەڵێت، گەییشتنی مرۆڤ بەو ژینگەیەی کە ئەو گیانەوەرانەی تێدا دەژین، وادەکات ڤایرۆسەکان ئاسانتر بۆ مرۆڤ بگوازرێنەوە.

د. ئەنتۆنیۆ فاوچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشیە گوێزراوەکان دەڵێت: "هەروەک چۆن لە بازاڕی خواردنەکانی چین بینیمان، دەکرێت ئاژەڵێکی کێوی بهێنیت کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و لە بەرئەوەی بەریەککەوتنت لەگەڵی دەبێت، ڤایرۆسەکەت بۆ دەگوازرێتەوە، چونکە کاتێک تۆ بێ رەچاوکردنی رێنماییەکان لە نزیکەوە بەریەککەوتنت لەگەڵیاندا هەبێت، ئەوا ڤایرۆسەکەت بۆ دەگوازرێتەوە. هەروەها کاتێک کە سنووری شتەکان دەبەزێنین، بۆ نمونە، لە دارستانە باراناوییەکان: کاتێک کە دەڕۆیت شارستانییەت لە چەند بەشێکی دیاری وڵاتدا ئاوا دەکەیت، بەریەککەوتنت لەگەڵ ئەو گیانەوەرانە دەبێت کە خانەخوێی ڤایرۆسەکانن، ئەو ڤایرۆسانەش دەکرێت بەشێوەیەکی چالاک بۆ مرۆڤ بگوازرێنەوە و دواتر لێیەوە بڵاوببنەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە بەردەوام پەتای نوێ دەبینین."

دوای ئەوەی دکتۆر فاوچی داوایکرد چیدیکە ئاژەڵە کێوییەکان بۆ خواردن بە کارنەهێنرێن، مانگی ئایاری ئەمساڵ، لە شاری ووهانی چین خواردنی گۆشتی شێر، پڵنگ، تاوس، پەنگۆلین، مار و شەمشەمەکوێرە قەدەخەکرا.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif