دەبێتە شوێنگرەوەی سولەیمانی لە سووریا و عێراق

ليست هناك تعليقات

دوای تێپەڕینی نزیکەی شەش مانگ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی (دەستە ئاسنینەکەی ئێران لە ناوچەکەدا)، ئەو هێز و گرووپ و میلیشیا چەکدارییانەی سولەیمانی لە عێراق، سووریا و لوبناندا سەرپەرشتی و ئاراستەی دەکردن، دووچاری جۆرێک لە پەرتبوون و تەنگژەی ناوخۆیی هاتن. ئێستا حکومەتی تاران کار بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی میلیشیاکان دەکات.

سەرچاوە حکومییەکانی عێراق و چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکردووە، لە رۆژانی رابردوودا، ئەنجوومەنی هاریکاری نوێ لە نێوان گرووپە چەکدارییە عێراقییەکاندا دروستکراوە کە شانبەشانی هێزەکانی حکومەتی سووریا، لەو وڵاتەدا شەڕدەکەن دژ بەهێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان. ئەنجوومەنەکە هەوڵێکی دیکەی تارانە بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی دەستی میلیشیا پشتگیریلێکراوەکانی، لە دەستخستنە ناو کاروباری ئەو وڵاتەوە کە ماوەی چەندین ساڵە، جەنگ ماندووی کردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەنجوومەنەکە ناونراوە "سەنتەری پرۆسەکانی بەرگری ئیسلامی". دروستکردنی ئەنجوومەنەکە وەک جێبەجێکردنی یەکێک لە راسپاردەکانی ئیسماعیل ئاقانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران دێتە بەرچاو، کە لە ماوەی رابردوودا دووجار سەردانی سووریای کرد. جیا لە سەردانی بۆ بەغدا کە چەند رۆژێکی خایاند و چاوی بە سەرکردە و بەرپرسی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کەوت.

ئامانجەکانی سەنتەرە نوێیەکە

سەنتەرەکە بۆ رێگریی لە ئاڵۆزبوونی دۆخی نێوان میلیشیاکان و دووبارەنەبوونەوەی ئەو کێشانە دروستکراوە، کە بەهۆی فرە سەرچاوەیی بڕیار و تێکەڵبوونی ئەرکەکان و نەگەیشتنی پشتگیری ئێران بۆ سووریا لە ماوەی رابردوودا روویانداوە. ئەمەش پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی سەرکردەی پێشووی فەیلەقی قودس لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە گۆڤاری 'عەرەبی ئەلجەدید'یان راگەیاندووە، ئەبوو مەهدی موهەندیس کە لە هێرشەکەی ئەمریکادا لەگەڵ سولەیمانیدا کوژرا، بەرپرسی جموجوڵی میلیشیاکانی ئێران بووە لە عێراق و سووریا و هەر ئەویش ساڵی 2016، توانی بەرگێکی فەرمی بە میلیشیاکانی ئێران ببەخشێت، لە رێگەی ناونانیان بە حەشدی شەعبی و دەستەبەرکردنی موچەی مانگانە بۆیان لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە.

سەرچاوەکان دەڵێن کوژرانی موهەندیس، کێشەی لە پەیوەندی و هاوئاهەنگی نێوان ئەو میلیشیایانە و گەیشتنی هاوکارییەکانیاندا دروستکردبوو، سەنتەرە نوێیەکە بۆ لابردنی ئەو رێگرییانە دروستکراوە.

بەرپرسێکی عێراقی کە قسەی بۆ ماڵپەرەکە کردووە بەو مەرجەی ناوی ئاشکرا نەکرێت، دەڵێ سەنتەرە نوێیەکە وەک لیژنەیەکی هاوئاهەنگی ناوخۆیی وایە، کە ئاقانی بە میلیشیاکانەوە دەبەستێتەوە، پاشئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە ناوچەکانی دێرزۆر، تەنەف و دەوروبەری ئیدلیب، کێشە و ناکۆکی لە نێوان گرووپە جیاوازەکانی میلیشیاکاندا روویدا.

بەرپرسە عێراقییەکە دەڵێت، ئەوەی سەرپەرشتی سەنتەرەکە دەکات، سەرکردەیەکی میلیشیایی عێراقی دەبێت. لە کاتێکدا نوێنەری سەرجەم گرووپە چەکدارە پشتگیریکراوەکانی ئێران لە سووریادا، نوێنەریان لە سەنتەرەکەدا دەبێت.

بەرپرسە عێراقییەکە زیاتر دەڵێت ئێستا ئەو چەکدارە عێراقییانەی لە سووریادا هەن، ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 5 هەزار چەکدار، هەموویان بەناوی حەشدەوە، مووچە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن، کە مانگانە کۆی مووچەکانیان دەگاتە 2 ملیۆن و نیو دۆلار. ئەو بەرپرسە دەڵێت ژمارەیەک لەو چەکدارانە، لەسەرەتای بوونیانەوە لە سووریا دەجەنگن و رۆژێک لە رۆژان لە عێراقدا شەڕیان نەکردووە. هەر ئەوەش بووبووە هۆکاری ناکۆکی توندی نێوان حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەی حەشد و چەندین سەرکردەی دیکە.

گرنگترین گرووپە شەڕکەرەکانی عێراق لە سووریا

دیارترین ئەو گرووپانەی ئێستا لە پاڵ هێزەکانی حکومەتی سووریادا دەجەنگن، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، لیوای زەینەب، تفوف، ئەبوفەزڵ عەباس، عەسائیب، نوجەبا، بودەلا، سەید شەهید، عاشورا، ئیمام عەلی، خوراسانی، سوپای یارمەتیدەر، باڵی سەربازیی بەدر، سەید شوهەدا و سەرایای جیهاد. 

سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە جیا لەو گرووپانەی ناویان هێنراوە، چەندین گرووپ و میلیشیای دیکە لە سووریادا هەن، هەندێکیان بەشێوەی سەربەخۆ کاردەکەن، هەندێکی دیکەیان لە پاڵ هێزەکانی حکومەتی سووریا، بەڵام شوێنیان جێگیر نییە و بەپێی فراوانبوونی بەرەکانی شەڕ، شوێنیان دەگۆڕێت.

بەشێوەیەکی گشتی ئەو میلیشیایانە لە چەندین ناوچەی جیاوازدا مۆڵگەیان هەیە، لەوانەش سەربازگەیەک لە حومس و سەربازگەی مزە لە نزیک دیمەشق، لەگەڵ پێگەی فیرقەی چوار لە قاسیون. هەروەها هەندێکیان نزیک لە شارۆچکەی کسوە جێگیربوون. ئەمە جیا لە بوونیان لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە دیمەشق، قەلەمون و دەرەوەی حەلەب، دەوروبەری ئیدلیب و بوکەمال و دێرەزوور، داریا و حوجەیرە، مزە جەبەل و هوری لە نزیک سنووری عێراق. هەروەها ناوچەیەکی دیکەش لە نزیک هەمان ناوچەی نزیک سنووری عێراق، کە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەوە.

سەرچاوە نزیکەکانی حەشدی شەعبی دەڵێن، دروستکردنی سەنتەرە نوێیەکەی هاوئاهەنگی پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە نییە، بەڵکو ئەوە رووکەشێکی نوێیە بۆ ئەو گرووپانەی چەکداری شەڕکەریان لە سووریادا هەیە، بەڵام لە ژێر چەتری حەشدی عێراقیدا نین. ئەو سەرچاوانە دەڵێن کە "لەبەر هۆکار و لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی عێراق"، پێشبینی ناکرێت بارەگا و شوێنی ئەو سەنتەرە ئاشکرابێت و ئاماژەی بۆ بکرێت، چونکە ئامانجی سەرەکی سەنتەرەکە، هاوئاهەنگی و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس دروستیانکرد.

پاڵێوراوان بۆ ئەندامیەتیی سەنتەرەکە

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، لە نێو ئەو کەسایەتییانەدا کە ناوهێنراون بۆ ئەوەی رۆڵی بەرچاویان لە سەنتەرە نوێیەکەدا هەبێت، سامی مەسعودی، حامد سەجیل شیبانی ناسراو بە مستەفا شیبانی، عەبدولڕەزاق عەبودی ناسراو بە ئەبوو خومەینی، عەدنان شەحمانی، ئەمیر تائی، محەممەد نعمەد، سامر ئیسماعیل،، ئەحمەد کنانی، عەدنان ئیبراهیم، هاشم بنیان، ئەحمەد مەکسوسی، قاسم موسڵیح، عودەی خدران، فالح خزعەلی، عەباس زەیدی، قەیس خزعەلی، ئەحمەد ئەسەدی، ئەکرەم کەعبی، شبل زەیدی، عەلی یاسری، عەبدولکەریم ئەنساڕی و عەباس عامری، هەن.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەو ناوانەی دەستنیشانکراون، ئەوانەن کە گرووپەکانیان نوێنەری سەربازییان لە سووریادا هەیە و چەکداریان لەو وڵاتەدا شەڕدەکات. لە بەرامبەر ئەو هەواڵانەدا، حاتەم فەلاحی، پسپۆری سەربازی و ئەمنیی عێراق دەڵێت دروستکردنی لیژنەی هاوئاهەنگی بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی دەرەوەی ئێران، یەکێکە لە لێکەوتە بەردەوامەکانی کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی لە نێو سووریا و عێراقدا، ئەمەش بەهۆی ئەو بۆشاییە گەورەیەی کوژرانی ئەو دووانە بۆ ئێرانیان دروستکرد.

سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ قۆناخێکی نوێ

توێژەرە عێراقییەکە وای دەبینێت کە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو سەنتەرە، زیاتر دەرکەوتنی ناکۆکی و شکستەکانە لەپێناو دۆزینەوەی سەرکردەیەکی نوێ بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریادا، ئەمە جیا لە بەرەوپێشچوونی مەترسیداری ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وجودی ئێران لە سووریا دەبنەوە، کە خۆی لە بەردەوامبوونی گورزە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزە لایەنگرەکانی ئێراندا دەبینێتەوە لە سووریادا. ئەمە جیا لە رکابەریی نێوان ئێران و رووسیا و تورکیا لەسەر زەوی. هەموو ئەمانە وەک ئەو رایدەگەیەنێت لەلایەک و یاسای قەیسەریش لەلایەکی دیکەوە.

یاسای قەیسەر لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەرچووە و لە 17ی مانگی رابردووەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، جیا لە پاراستنی ژیانی دانیشتووانی سووریا لە لێدان و ئەشکەنجەدان، چەندین رێوشوێنی سەربازیی دیکە لەو وڵاتە دەگرێتەوە کە وا دەکات دۆخی پاش جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، لەگەڵ دۆخی بەر لە جێبەجێکردنی جیاوازی زۆری هەبێت.

پسپۆرە سەربازییە عێراقییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ بوونی یاسای قەیسەریشدا، ئێران سوورە لە مانەوە لە سووریادا، بۆیە دەبێ بەشێوازێکی نوێ کاربکات و سەرلەنوێ پەیکەری هێزەکانی خۆی لەو وڵاتەدا دابڕێژێتەوە، بەشێوەیەک کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەدا بگونجێت.

ئەو دەڵێت: "هەموو ئەوەی لەسەر زەوی هەیە، سەرکردایەتی ئێران ناچاردەکات، رێوشوێنی نوێی سەربازی لە ئەستۆ بگرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی سەر خاکی سووریادا خۆی بگونجێنێت. لەبەرئەوە دروستکردنی ئەم سەنتەرە وەک سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهێنان بەو پشێویە ناوخۆییەی لە نێوان میلیشیاکانی ئێران لە سووریادا هەیە".

پاڵپشت بە قسەکانی ئەو پسپۆرە، دوو هەفتە لەمەوبەر، حکومەتی سووریا رێککەوتنی سەربازیی نوێی لەگەڵ فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی ئێراندا راگەیاند. 

بەپێی ئەو رێککەوتنە هەردوو وڵات لە بواری سەربازیدا هاوئاهەنگی زیاتر دەکەن و ئێران ئامادەیی خۆی پێشاندا بۆ دەستپێکردنی هەنگاوی یەکەمی رێککەوتنەکە کە رێکخستنەوەی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای سووریایە.

حاتم فەلاحی ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەو کێشە و تەنگژانەی کوژرانی سولەیمانی بۆ ئێرانی بەجێهێشت لە سووریادا، یەکجار زۆرن، چونکە ئەو ئەزموون و شارەزاییەکی زۆری لە خاکی سووریا و مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیاکاندا هەبوو، لە کاتێکدا ئاقانی ئەو توانایەی لە کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردندا نییە و ئەوەش هۆکاری سەرەکی دروستکردنی سەنتەرەکەیە.

مانەوەی ئێران

رووداوەکانی سەر زەوی هەرچۆنێک بن و لە رووی سیاسیشەوە هەرچییەک رووبدات، بۆ ئێستا ئێران لەوە دڵنیایە کە وجودێکی باشی سەربازیی و سیاسی لە سووریادا هەیە، ئەو وجودە پێویستی بەوە هەیە ئێران جارێکی دیکە بۆ هەمووانی دووپات بکاتەوە، کە لە پرۆژەکەی بەردەوام دەبێت و درێژە بەمانەوەی خۆی دەدات.

ئێران پێناچێ وا بەئاسانی دەستبەرداری خەونەکانی ببێت لە سووریادا، چونکە جیا لە بەخەرجدانی پارەیەکی زۆر و بەکارهێنانی توانایەکی زۆری مرۆیی و سەربازیی لەو وڵاتەدا، سووریا و عێراق و تەنانەت لوبنانیش، بەو پەرژینە بەرگرییە دەبینێتەوە کە دەمێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلی دوژمنی یەکەمی بەکاریدەهێنێت. بێگومان ئێستا پاش ئەو هەموو ساڵە لە مانەوە و شوێنپێقایمکردن لەو وڵاتانەدا، دەرکردنی ئێران لە هاوکێشەکاندا، گەرچی گورزی بەهێزیشی بەربکەوێت، وا بەئاسانی کۆتایی نایەت.
راپۆرتی ڕووداو

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif