داوای گۆڕینی شێوازی وەرگرتن و رەتکردنەوە کۆچبەران دەکات

ليست هناك تعليقات


لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا کار لەسەر شێوازێکی نوێی وەرگرتن یان رەتکردنەوەی پەنابەران دەکرێت. بەپێی پێشنیازێکی ئەڵمانیا کە ئەگەر قبووڵ بکرێت، لەمەودوا لە یۆنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا کەسی پەنابەر داوای مافی پەنابەری دەکات و لەوێ دەمێنێتەوە. 

ئەوانەی بڕیار لەسەر داواکەیان دەدەن، کارمەندانی یەکێتیی ئەوروپا دەبن نەک هی وڵاتەکان. دوای قبوڵکردنی داواکەش، بە یەکسانی بەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا دابەشدەکرێن. 

پێنج ساڵە یەکێتیی ئەوروپا بە دەست قەیرانی کۆچبەرانەوە دەناڵێنێت. قەیرانێک کە وڵاتانی ئەندام دەترسن خۆیانی لە قەرە بدەن. بۆیە ئێستاش چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام وەک وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بۆم رووندەکاتەوە چارەسەرێکی نوێی پێیە. 

هۆرست زێهۆفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوروپا پێویستی بە سیاسەتێکی هاوبەشی پەنابەرانە. سیاسەتێک کە سنوورەکانمان بپارێزێت و بتوانێت دادپەروەرانە کۆچبەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا دابەش بکات. هەر کە کۆمیسیۆن پێشنیازەکەی خستە بەردەممان، دەستبەجێ من لەگەڵ وڵاتانی ئەندام هەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بگەینە ئەو رێفۆرمەی کە پێویستە". 

زێهۆفەر داوا دەکات لە یۆنان و ئیسپانیا و ئیتاڵیا بنکەی سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسی کۆچبەران دروستبکرێن. بە مەرجێک کارمەندانی یەکێتیی ئەوروپا بەرپرس بن لەو بنکانە. ئینجا ئەو کۆچبەرانەی مافی پەنابەرییان پێدەرێت، دەبێت بەسەر وڵاتانی ئەندامدا بەیەکسانی دابەش بکرێن. ئەوەی داواکەشی رەتبکرێتەوە دەبێت دەستبەجێ بنێردرێتەوە. 

بۆ چارەسەرکردنی هاتنی کۆچبەرانیش لە رێگەی دەریاوە، وەزیرە ئەڵمانییەکە دەیەوێت بۆ رێگریکرن لە هاتنی کۆچبەران رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقیا (واتە لیبیا، تونس و جەزائیر) بکرێت . 

ئەڵمانیا کە لە شەش مانگی داهاتوودا سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، لە رێگەی سەرۆکە ئەڵمانیەکەی کۆمیسیۆنی ئەوروپاشەوە ئامادەکاریی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە لە سیاسەتی کۆچبەریی یەکێتیی ئەوروپادا کردووە. 

وەک لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت، لە ساڵی 2019دا 118هەزار و 597 كەس لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە چوونەتە ئەوروپا. 74 هەزار و 613 کەسیان چوووونەتە یۆنان، 11 هەزار و 471 کەس چوونەتە ئیتاڵیا و 32 هەزار و 513 کەسیش چوونەتە ئیسپانیا. لەو ژمارەیەش هەزار و 319 کەسیان لە رێگە گیانیان لەدەستداوە. 

سێ ساڵ پێشتر، واتە لە ساڵی 2016دا 373 هەزار و 652 کەس چوونەتە ئەوروپا کە زۆربەیان خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و ئەفغانستان و ڤێنزوێلا و عێراق و باشووری کوردستانن. 


هانا نۆیمان، پەرلەمانتاری ئەوروپایە و دەڵێت، "دۆخی ئێستا بە راستی قبوڵنەکراوە، ئەوە چەندین ساڵە ئاوایە. کۆچبەران بوونەتە قوربانیی ئەوەی کە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا تاوەکو ئێستا ناتوانن رێکبکەون. بۆیە هەر شتێک ببێتە هۆی گۆرانکاری لە سیستمەکەدا باشە، بەڵام دەبێت چارەسەرەکە وابێت کە لە لایەکەوە چیدیکە رێگە نەدرێت کەس لەسەر سنوورەکانی دەرەوەی ئەوروپا لە دەریادا بخنکێن. لەلایەکی دیکەشەوە کەس ئازار نەچێژێت، بەڵکو هەمووان وەک مرۆڤ ببینرێن. هەروەها زوو چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە و پاشان دادپەروەرانە بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا دابەش بکرێن". 


هەرچەندە کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەرقالی پرۆژە نوێکەیە بۆ کۆچبەران، هاوکات هەوڵی مانەوەی رێککەوتنی کۆچبەران لەنێوان تورکیا و ئەوروپا دەدات. پێشتریش لەسەر داوای کۆمیسیۆن پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاریدا 485 ملیۆن یۆرۆ بۆ کۆچبەران لە تورکیا خەرج بکات. 


دابەشکردنی یەکسانانەی کۆچبەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا کارێکی ئاسان نییە، چونکە وڵاتانی وەک هەنگاریا و پۆڵۆنیا و چیک و سلۆڤکیا دژی وەرگرتنی کۆچبەرانن. پێشنیازەکەی کۆمیسیۆن بڕیارە لە مانگی نۆدا بڵاوبکرێتەوە، بەڵام پێناچێت رێککەوتنێکی خێرا لەنێوان هەموو وڵاتانی ئەندامدا ئاسان بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif