ئەمریکا دەیەوێت گەمارۆی چەکی سەر ئێران درێژبکاتەوە

ليست هناك تعليقات

ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆکانی چەکی سەر ئێران بەردەوامە و بەرپرسی کاروباری ئێرانیش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە سەردانی تونس، قەتەر و کوێتی کردووە. بڕیاریشە بۆ هەمان مەبەست سەردانی ئەوروپا بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هاتووە دەڵێت، برایان هووک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و راوێژکاری باڵای وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژانی 24 بۆ 26ـی تەممووز سەردانی تونس، قەتەر و کوێتی کردووە.

بەپێی راگەیێندراوەکە، ئامانج لە سەردانەکەی هووک بۆ ئەو سێ وڵاتە، تاوتوێکردنی هەوڵەکانی ئەمریکا بووە بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکانی چەکی سەر ئێران لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. 

گەمارۆی چەکی سەر ئێران یەکێکە لە بەندەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2015 لەنێوان تاران، پێنچ ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیادا واژۆکرا. ماوەی گەمارۆکە بە پێنچ ساڵ دیاریکرابوو، لە 18ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کۆتاییدێت و دوای تەواوبوونی ماوەی گەمارۆکە ئێران دەستی واڵا دەبێت لە کڕین و فرۆشتنی چەک لەگەڵ وڵاتانی دیکە.

ئەمریکا ساڵی 2018 لە رێککەوتنەکە کشایەوە و رێککەوتنەکەی بە "خراپترین" رێککەوتن لە مێژووی ئەمریکا وەسفکرد. ئێستا ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ماوەی قەدەخەی هەناردەکردنی چەک بۆ ئێران درێژبکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە هەریەکە لە ئێران، رووسیا و چین پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەمریکا هیچی دیکە بەشێک نییە لە رێککەوتنەکە و ناتوانێت داوای درێژکردنەوەی گەمارۆکە بکات. 

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە 2020/06/24 لەسەر پرسی درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆکانی چەک لەسەر ئێران کۆبووەوە و باڵیۆزی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی پرۆژەبڕیارێکی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکە پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە کرد. 

بەرپرسانی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر گەمارۆی چەک لەسەر ئێران درێژنەکرێتەوە، ئەو کاتە کۆی سزاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ئێران دەگەڕێنێتەوە سەر مێزی ئەنجوومەنی ئاسایش.

برایان هووک لە هەوڵ و سەردانەکانی بەردەوام دەبێت و لە هەمان راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دراوە لە 28 و 29ی تەممووز بۆ هەمان مەبەست سەردانی ئیستۆنیا و بەریتانیا دەکات.

هووک بەدەر لە پرسی ئێران هاوکات لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی کوێت و قەتەر باسی لە دووبارە دروستکردنەوەی متمانە و کاری هاوبەشی لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو کردووە و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵاتەکە کۆبووەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif