پەی: پەرلەمانێك بەبارمتە گیرابێت، ناتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكات

ليست هناك تعليقات


بەپێی بەدواداچونێكی مەیدانی ئینستتیوتی پەی، باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان وچاودێریكردن، مەرجەعی سیاسی و یاسایی خەڵكی كوردستان كە پەرلەمانە، نەیتوانیوە هاوسەنگی لەنێوان ئەركەكانی و ئەو كێشانەی هاتوونەتە كایەوە رابگرێت، نەیتوانی لەئاست ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەدا بێت كە رووبەڕووی خەڵكی كوردستان بوونەتەوە، بۆ راستیی ئەم واقیعە تاڵە ئەم راستیانە دەخەینە روو:
یەكەم: ئەو كێشانەی رووبەڕووی خەڵكی كوردستان بوونەتەوە:
 لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا كە وەرزی گرێدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بوو، قەیرانگەلێكی قورس و مەترسیدار رووبەڕووی خەڵكی كوردستان بوونەتەوە، وەك:
 1-لەشكركێشی سوپای توركیا و بۆردوومانەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
2-كێشەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، مەسەلەی تەعریب و دەغڵ و دان سوتاندن.
3-مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گروپی تیرۆریستیی داعش و پەلامارەكانیان.
4-گرفت و تەنگژەی دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
5-كێشەی قەیرانی دارایی و دابەشنەكردنی موچەو گرفتەكانی یاسای چاكسازی.
6-وەستانی بازاڕ و نەبوونی كەسابەت و خراپیی گوزەرانی هاوڵاتیان.
7-كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران بە بڕیارێكی نایاسایی حكومەت.
8-هەڕەشەی ڤایرۆسی كۆرۆناو راگرتنی بازاڕ و ئیجرائاتەكانی كەرەنتینەكردن و خراپی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەكان.
9-راگرتنی هاتوچۆی نێوان شارەكان و بەسیاسی كردنی پەتاكە.
10-كەڵەكە بوونی قەرزێكی زۆر لەسەر خەزێنەی حكومەت.
11-پێشێلكردنی زۆرینەی یاسا بەركارەكانی هەرێم.
12-بەردەوامی ناشەفافیی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەكان و گومرگ و رسومات و باجەكان.
13-گرفتی بێبایەخكردنی بەرهەمی جوتیاران و نەبوونی بازاڕ بۆیان.
ئەمانەو چەندان گرفت و قەیرانی تر بەرۆكی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی گرتووەو مەترسیی جددی هێناوەتەكایەوە، كەچی ئەوەی دووا كەس بێت هەستی پێ بكات و هیچ قسەیەكیشی نەبێت، پەرلەمانە.
دووەم: ئەو ئەركانەی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ئەو (150) رۆژەدا كردوویەتی:
سەرباری هەموو ئەم قەیران و گرفتە مەترسیدارانە، پەرلەمان لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا، بەو مانگەشەوە گوایە بەمەبەستی كاركردن درێژی كردەوەو پشووی وەرنەگرت، هیچ هەنگاوێكی نەناوە، ئەگەر سەرنجێكی بەرهەمی كارەكانی بدەین لەو ماوەیەدا، ئەوە دەسەلمێنرێت:
1-لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان تەنها (5) دانیشتنی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی مادەی (51)ی پەیرەو دەبوایە (42) دانیشتنی ئاسایی ئەنجام بدات.
2-لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان تەنها (10) كاتژمێر و (20) خولەك كۆبۆتەوە.
3-لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان تەنها یەك یاسای دەركردووە بەناوی (یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت)، ئەم یاسایەش لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە رەت كراوەتەوە.
4-لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان تەنها (3) بڕیاری دەركردووە، ئەو سێ بڕیارەش بێ بەرهەم بوون كە بریتین لە:
-بڕیاری پێشكەشكردنی پێشنیازە یاساو بڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان، كە لەو ماوەیە هیچ پرۆژە یاسایەك پێشكەش نەكراوە.
-بڕیاری درێژكردنەوەی خولی بەهارەی پەرلەمان بۆ یەك مانگ، لەو ماوەی درێژكردنەوەیەدا هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجام نەدراوە.
-بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر، سەرباری تێبینی زۆر لەسەر شێوازی دەركردنی بڕیارەكە بووە مایەی پەكخستنی زیاتری پەرلەمان.
5-لە ماوەی (150) رۆژدا لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا لە كۆی (111) ئەندام، تەنها (72) پەرلەمانتار قسەیان كردووە:
ئەوانەی چوار جار قسەیان كردووە: (7) پەرلەمانتار
ئەوانەی سێ جار قسەیان كردووە: (6) پەرلەمانتار
ئەوانەی دوو جار قسەیان كردووە: (29) پەرلەمانتار
ئەوانەی یەك جار قسەیان كردووە: (30) پەرلەمانتار
ئەوانەی هیچ قسەیەكیان نەكردووە: (36) پەرلەمانتار
ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی: (3) ئەندام
بەمەش سەرجەمی دەكاتە (111) ئەندام، لەكاتێكدا بەشێك لەو پەرلەمانتارانە كە لەپەرلەماندا هیچ بەشدارییەكیان نیە، كەچی لەو (150) رۆژەدا لە كەناڵەكانی راگەیاندندا دەیان كاتژمێر قسەیان كردووەو خەڵكی كوردستانیان بە موزایەدەكانیان هەراسان كردووە.
6-لە ماوەی (150) رۆژدا و تەنها لە پێنج دانیشتندا (70) حاڵەتی ئامادە نەبوونی ئەندامان تۆمار كراوە.
7-لیژنەهەمیشەییەكانی پەرلەمان لەماوەی (150) رۆژدا، كەمترین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی (30) ی پەیڕەو بەلای كەمەوە دەبوایە هەر لیژنەیەك مانگی دوو كۆبوونەوەی بكردایە كەلەو ماوەیەدا دەكاتە (190) كۆبوونەوە.
8-لە ماوەی (150) رۆژدا لە كۆبوونەوەی لیژنەكاندا (101) حاڵەتی ئامادەنەبوونی ئەندامان تۆمار كراوە.
9-لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان سەرباری ئەو هەموو قەیران و سەرپێچییەی دەسەلاتی جێبەجێكردن هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی وەزیرانی بەمەبەستی لێپێچینەوە بانگهێشت نەكردووە.
10-لە ماوەی (150) رۆژدا تەنها میوانداری دوو وەزیری (پەروەردەو خوێندنی بالا)ی كردووە، بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كارەكانیان و سەرپێچیەكانیان بكات.
11-كار نەكردنی لیژنەكانی پەرلەمان لەسەر ئەو دەیان پرۆژەیەی خوێندنەوەی بۆ كراوە، پشتگوێخستنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەو دەیان پرۆژەیەی تر كە نایانخاتە بەرنامەی كارەوە، بێ وەلامی سەدان پرسیار كە لە حكومەت كراون، بەدەنگەوە نەچوونی وەزیرەكان بۆ بانگهێشت و نەچوونیان بۆ هۆڵی پەرلەمان، ئەمانەو چەندان پرسی تر كە پەرلەمان لەئاستیاندا نادیدەو بێدەنگە!
12-سەرباری هەموو ئەمانە، دەیان جار لە پەرلەمان پێشێلی پەیرەو و یاساكان كراوە، جا چ پەرلەمان خۆی كردبێتی، كە لە دیارترین و تازەترینیان بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانە لەلایەن جێگرەكەیەوە بەئامادەبوون و بێدەنگی سەرۆك، یاخود بەرامبەری كراوە وەك بەیاننامەكەی وەزارەتی داد سەبارەت بە بڵاونەكردنەوەی بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان لە وەقائیعی كوردستان، كە خەریكە ئەو پێشێلكاریانە دەبن بە نەریت لە پەرلەمانی كوردستاندا.
ئەنجام:
ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن حزبە سیاسیەكانەوە نەك هەر پشتگوێخراوە، بەڵكو بەبارمتە گیراوەو كراوە بەئامرازێك بۆ یەكالاكردنەوەی ململانێكانیان، لەسەر شاڕێی ئەركە یاسایی و نیشتمانییەكانی ترازێنراوە. خودی پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش نەك هەر بەئەركی خۆیان هەڵنەستاون، بەڵكو بوونەتە ئامرازی ماكیاژكردنی ئەو دەسەلاتەی لەسەرجەم بەلێنەكانی پاشگەز بۆتەوە كە بەهاوڵاتیانی دابوو و بە كارەنایاساییەكانی ئەزموونەكەیشی خستۆتەبەردەم مەترسییەوە. لەسایەی ئەم رەوشە ناهەموارەی دەگوزەرێت، دوو ئاراستەی چەواشەكارانە دەبینرێن، ئاراستەیەكیان داوای ئەوە دەكات پەرلەمان بەم شێوازە قۆرخكارییەی بەردەوام بێت و ئاراستەكەی تریش داوای هەڵپەساردن و راگرتنی دەكات، دەرەنجامەكان و تێكڕای كار و هەڵوێستەكانی پەرلەمان لەو (150) رۆژەی بەنمونەمان هێناوەتەوە كە خولێكی گرێدانە پێمان دەڵێن كە هیچ كام لەو ئاراستانە راستگۆنین لەگەڵ ئەو پەیامانەی هەڵیان گرتووەو لەگەڵ ئەو وادەو بەڵێنانەی بە هاولاتیانیان دابوو. لەنێوان ئەم دوو ئاراستەیەشدا ئاراستەی سێیەم هەیە كە پێكهاتووە لە حزبە ئۆپۆزیسیۆنە كۆن و تازەكان و ئەوانیش نەك بەشێك نەبوونە لە چارەسەر بەڵكو هەمیشە پارسەنگێك بوون هەرجارەو بەلایەكدا بۆ راگرتنی رەوشەكە بەو شێوازەی هەبووەو هەیە. ئەگەر وانیە بۆچی نەمانبینی هیچ كامیان (چ لەسەر ئاستی فراكسیۆن بێت یاخود وەك تاك) هەڵوێستێكی راشكاوانە بگرنەبەر و دەست لەكار بكێشنەوە؟
پرسیاری هاوڵاتیان ئەوەیە: پەرلەمان لەكوێی هاوكێشەكاندایە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان نغرۆی كێشەو قەیران بووە!؟ پەرلەمانێك نەتوانێت بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت، نەك هەر یاسای پێ پەسەند نەكرێت و بەدواداچوون بۆ پێشێلی یاساكانی خۆی نەكات بەڵكو خۆی پێشێلی ئەو یاسایانە بكات كە دەری كردوون! پەرلەمانێك نەك چاودێری دەسەلاتی جێبەجێكردنی پێ نەكرێت بەلكو حكومەت وەك چاودێرێك بێت بەسەریەوە! پەرلەمانێك ماوەی (8) ساڵە نەك هەر یاسای بودجەی پەسەند نەكردبێت بەلكو لە (9) ساڵی رابردوودا حكومەت ژمێرەی كۆتاییشی بۆ نەناردبێت كەچی دەنگی لێوە نەیەت! پەرلەمانێك نەك هەر نەیتوانیبێت یەكڕیزی دروستبكات و ناوماڵی كورد یەك بخات بەڵكو هۆكاری پەرتەوازەیی زیاتر بێت! پەرلەمانێك لەپرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا بێدەنگ و بێ هەڵوێست بێت! پەرلەمانێك هەر چوار دەستەی بەناو سەربەخۆی (چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، دەستپاكی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن) كەپەیوەستن بەخۆیەوە ساڵانێكە بەنایاسایی كارەكانیان رایی بكەن كەچی پێی چارەنەكرێت! پەرلەمانێك سەرۆكایەتییەكەی لەبری راگرتنی هاوسەنگی و پرەنسیپی بێلایەنی و جێبەجێكردنی پەیڕەو سەرقاڵی تەنها مەكسەبە حزبییەكانیان بن، هەر وەك لە چەند مانگی رابردوودا دەركەوت یارییەكی قێزەونیان پیادە كردبێت! پەرلەمانێكی لەم شێوەیە دەبێ چاوەڕێی چی لێ بكرێت؟ ئاخۆ ئەو پەرلەمانە بەو شێوازە مانەوەی پێویستە؟
ئاخۆ كاتی ئەوە نەهاتووە خەڵكی كوردستان داوای هەڵوەشانەوەی ئەو پەرلەمانە بكات و بەدوای شێواز و میكانیزمێكی تردا بگەڕێن و بەلەبەرچاوگرتنی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان پەرلەمانێكی تر و لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەڵببژێردرێتەوە؟

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
25-7-2020

وێنە
د.سەروەر عبدلرحمن
پەرلەمانتاری پێشوو
سەرۆكی ئینستتیۆتی پەی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif