سواڵی عەدالەت

ليست هناك تعليقات


پەیكار عوسمان
-
عەدالەت لە ئاستی تاکدا پەیوەندی بە ئیختیارو ویژدانەوە هەیە. بەڵام لە ئاستی گشتیدا پەیوەندی بە جەبرو یاساوە هەیەو نابێ بەجێبهێڵرێ بۆ ئازادی تاك. جا لەم مەسەلەی خانەنشینیەدا، کێشەکە ئەوەیە پەرلەمان و حکومەتی ئێمە بیریانچۆتەوە کە ئەوان دامەزراوەی گشتین و ئەرکی گشتییان هەیە، بەڵکو مەسەلەکەیان وەکو شتێکی شەخسی وەرگرتووە!

یاساکە پێت ئەڵێ تۆ ئازادی لە وەرگرتنی ئەو تورەکە پارەیە یان ڕەتکردنەوەی. ئەمەش ڕێك وەك ئەوەیە یاساکە پێتبڵێ تۆ ئازادی لە گوێگرتن لە ماملێ یان حەسەن زیرەك! دەی ئاخر ئەمەی دووەمیان زەوق و ژیانی تایبەتەو دروستە بەجێبهێڵرێ بۆ ئازادی تاك. بەڵام ئەوەی یەکەمیان، ژیانی گشتی و پارەی گشتی و وەزیفەی گشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتییەو بڕیاری گشتی ئەوێ و نابێ وەکو گۆرانی و جلوبەرگ و نانخواردن بەجێ بهێڵرێ بۆ بڕیاری تاك، کەچی بەجێهێڵراوە!

ئەو بەجێهێشتنەش، یەعنی ئێمە ئیرادەی گشتیمان نیە بۆ عەدالەت، بەڵکو چاوەڕێ ی لوتفی خواو عەدالەتی فەردین. دەی کێشەش هەر ئەمەیە. یەعنی ئێمە، ئەو شوێنەی کە ئازادی فەردی ئەوێ، زەوتی ئەکەین و ئەو جێگایەش کە پابەندیی گشتیی ئەوێ، بەرەڵای ئەکەین!

ئاخر وەکچۆن جەبری گشتی بهێنیتە ناو ژیانی تایبەت کاولی ئەکات، ئازادی فەردیش ببەیتە ناو ژیانی گشتی کاولیئەکاو لە ڕاستیدا نە ئەمیان بەویان ئیدارە ئەدرێ نە ئەویان بەمیان ئیدارە ئەدرێ. ئێمەش ڕێك عەکسمان کردۆتەوە، بۆیە ژیانی تایبەت و گشتیمان هەردوکی فەشەلی هێناوە!

خۆی لەم دۆخەداو یاسایەکی لەمجۆرە هەر بۆ تۆزێك عەدالەت باشە، کەچی ئەم یاسایە جگەی لەوەی دەرگای ناعەدالەتی دانەخستووە، دەرگای موزایەدەشی کردۆتەوە. یەعنی جگە لەوەی باشکراییە پێویستەکەی نەکردوە، خراپکارییەکیشی بێتامیشی هێناوە! ئاخر ئەو فەوزای پاڵەوانبازی و یەکترشکاندن و موزایەدەیە، ڕێك بەقەت ناعەدالەتییەکە قێزەون و ئیزعاجەو ئەبوو یاساکە بە تیرێك هەردو نیشانە باشەکە بپێکێ، نەك ئەوەی هەردو دەرگا خراپەکە بکاتەوە!

ئەبوو یاساکە لەڕێگای چەسپاندنی عەدالەتەوە، خەڵکی بکردایە بە تەرەفی بەهێز، نەکئەوەی لەڕێگەی پێدانی "ئیمتیازی ئیختیار" بە پلە پاڵاکان، خەڵك بکاتە سواڵکەری عەدالەت و لە وەزیرو پەرلەمانتار بپاڕێینەوە کە پارەکە وەرنەگرن!

ئاخر بەدەر لە مەسەلەی پارەکە، هەر هەبوونی ئەو حەقی ئیختیارە، کە پلەباڵاکانی خستۆتە مەوقیفی هێزو خەڵکی خستۆتە مەوقیفی سواڵی عەدالەتەوە، هەر ئەوە بۆ خۆی کفری عەدالەتە! بیری لێبکەرەوە یاسایەك عەدالەتت بۆ بهێنێ و یاسایەك بتخاتە سواڵی عەدالەت، ئەم دووانە چەنێکی فەرقە؟!

لە فەوزای موزایەدەدا کێشەکە هەر ئەوەنیە کەسانی پۆپۆلیست ئەبنە پاڵەوان، کێشەکە ئەوەیە، ئەوانەش کە لە نیەتێکی سافەوە ڕەتیئەکەنەوە، ئەوانیش ئەبنە قوربانی و ناتوانی جیایانبکەیتەوە لە موزایەدەچییەك.

ئینجا مادام باسەکە سواڵە، با سەرێکی برایانی یەکگرتوو بدەین چونکە لەڕاستیدا ئەمە مەیدانی ئەوانەو ئەوان وەستای سواڵن!
سەیرکە ئەخی گیان، تۆ ڕاستئەکەی کە ئەو پارەیە هەمووی بۆخۆت نیەو بەشێکی ئەبەخشیت. لێرەدا سوێنیش نەخۆی من بڕوات پێئەکەم، چونکە تۆ لە ئەساسەوە سەر بە مەشروعی سواڵی سیاسییت و لەڕاستیدا ئیخوان لەسەر دوو کۆڵەکە دامەزراوە. ئیستغلالکردنی دین و ئیستغلالکردنی فەقیریی!

ئاخر فەقیری داماو بۆئەوەی تەحەمولی بەدبەختیەکانی ئەمدنیا بکات، پەنا ئەباتە بەر چیرۆکی خۆشبەختییەکانی ئەودنیا. لێرەشەوە ئەبێتە نێچیریکی باش بۆ توجاری دین. کە حیکایەتەکەی بۆ ئەخەنە ناو لەتە نانێكەوەو بە ساس و مایۆنیسی سیاسەتەوە دەرخواردی ئەیەن. (ئا لێرەوەیە کە ساڵانی گرانییەکە، ساڵانی زێڕینی یەکگرتووەو، ساڵانی بوژانەوەی ئابووریش، ئەبێتە سەرەتای پوکانەوەی ئەو حیزبە.)

جا فەرقەکە هەر ئەوەیە، موزایەدەی هەنێك لەوەدا تەحقیق ئەبێ، کە ئێستاو لەناو پەرلەماندا ڕەتیبکەنەوە. بەڵام موزایەدەکەی ئێوە لەوەدا تەحقیق ئەبێ، کە دواتر چوار فەقیری پێ ڕاو بکەن و بیانهێننە سەر تەلەفزیۆن و مەشروعی سواڵی سیاسیی پێ گەرمبکەن!

خۆ بەخشین لێ ی باشترنیەو هەرکەس ئەیکا ماڵی ئاوابێ و هەموو بەخشینێکیش لە ڕووکەشدا جوان و ئەخلاقییە. بەڵام بەخشینی سیاسیی لە ناوەڕۆکدا کێشەی هەیەو نائەخلاقییەو زۆریش!
چونکە جەوهەری بەخشین چاکەکارییە. بەڵام جەوهەری بەخشینی سیاسی، نمایشی چاکەکارییە! نمایشی کردەکە مەوزوعە نەك خودی کردەکە! بەرامبەرەکەی مەوزوعە کە بەدەسهێنانی دەنگ و ناوبانگ و پێگەیە، لەکاتێکا بەرامبەری ڕاستەقینەی بەخشین ((هیچ و بێ بێبەرامبەریی یە)).

دین بۆ بەخشینی ئەخلاقیی هاتووەو ئیسلامیی سیاسیی خەریکی بەخشینی سیاسییە. بەخشینی سیاسییش ئەگەرچی لە ڕووکەش و لە جانبە مادییەکەدا هەر بەخشینە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕێك بەتاڵکردنەوەی جانبە ئەخلاقییەکەی بەخشینە، کە دین لە بەخشین هەر ئەوەی ئەوێ!

خۆ ڕاستە لە قورئاندا باسی بەخشینی ئاشکراش کراوەو نهێنی و ئاشکرا هانی هەردوکی دراوە. بەڵام خودا لە هەردوکیان تەنیا "بێبەرامبەریی" ئەوێ. بێبەرامبەرییش هەر ئەو شتەکەیە کە لەبەخشینی سیاسیدا نیە!

خۆ ڕەنگە کابرای ئیغاسەو دەزگای بارزانی، یارمەتییەکەشت بداو تەسویریشت نەکاو هیچیشت لێ داوا نەکات،، بەڵام خۆ شتەکە ئەکرێ بە هەواڵ، دەی هەر ئەو هەواڵە بەرامبەرەکەیە! بەڵام خۆ لۆگۆیان پێوەیەو تۆ ئەزانیت دەزگای فڵانە، دەی هەرئەوە بەرامبەرەکەیە!

ستەمکار برسیت ئەکاو ئەتکا بە کۆیلەی نان، بەخشنی سیاسیش کار لەسەر ئەو دۆخە ئەکاو ئەیقۆزێتەوە بۆ خۆی. یەعنی ستەمکاریی و بەخشینی سیاسی دوو ڕووی یەك دراون و لەسەر یەك زبڵ ئەژین، کە دۆخی برسیکردنە!
سەیرکە ئێستا قەتەر خۆی دڵی ئیخوانە، کەچی ئیخوان ناتوانێ هاوڵاتییەکەی قەتەری ڕاوبکاو بیکا بە ئیخوان. بۆچی؟ زۆر بەسادەیی چونکە ئەو لە دۆخی برسیکردندا نیە تاکو برسێتییەکەی ئیستغلالبکرێ و لەوێوە ڕاوبکرێ. ئیتر پارەی ئەو هاوڵاتییە قەتەرییە ئەبرێ و برسییەکی شوێنێکی تری پێ ڕاوئەکرێ!

(ستەمکاریی و دژەتەقلیدییەکەی) نانی هەردوکیان لەسەر جەهل و گەمژەکردنی تۆیەو چەکی تۆش بەرامبەر هەردوکیان تەنیا هۆشیارییە. دژی ڕاستەقینەی ستەمکاریی، هۆشیاریی خۆتە، نەك ئەو کەسەی کە لەتە نانێکت بۆ فرێ ئەدا، یان ئەوەی کە هاشوهوشی پۆپۆلستیت بۆ ئەکات!
پارتی و یەکێتی بە موچەو برسیکردن ڕاوتئەکەن و ئەتکەن بە کۆیلەی نان. یەکگرتووش بە بەخشینی و سیاسی و گۆڕانی دوێنێ و نەوەی نوێ ی ئێستاش، بەوەی کە بتخەنە سەر شاشەو بگریت و بڵێ ی دوسەو پەنجام پێ نیە. (ئەمە هەمووی پێکەوە یەك پاکێجەو تۆش ئەبێ لە هەمووی بە ئاگاو هۆشیاربیت، نەك تۆپی بەر پێیان بیت و ئەم تێتهەڵدا بۆلای قاچی ئەو)

کردەی ئەخلاقی ئەوەیە کە جێ ی نائەخلاقییەتی تیانابێتەوە. ناکرێ شتێك ئەخلاقیی بێت و نائەخلاقییش بێت. مەسەلەن بەخشینە بێبەرامبەرە ئەخلاقییەکە، خۆی لەخۆیدا سەرڕاستی و ڕاستگۆییشەو ناکرێ فێڵ و درۆبێت. بەڵام بەخشینی سیاسی چونکە بەبەرامبەرەو لەناوەوە نائەخلاقییە، ئیتر جێ ی نائەخلاقییەتی تریشی تێدا ئەبێتەوە. مەسەلەن هەرئەوەی کە شتەکە تەواو سیاسی و ئەمدنیاییەو لێتئەکرێ بە دینی و ئەودنیایی، ئەوە جگە لەوەی بەخشین خۆی نیە، فێڵ و درۆشە!!

دواجار بەخشین و دەسکراوەیی، بێ ئەندازە بەرزو جوانەو نەبەخشین و دەسنوقاندنیش، هەتا بڵێ ی ناشرینە. بەڵام بەخشین هەر ئەوەیە کە بەخشینەکە خۆی ئامانجەو کردەکە بۆ هیچ مەبەستێکی تر نیە. ئەو بەخشینەی کە خۆی ئامانجەکە نیەو وەسیلەیە بۆ هەنێ مەبەستی کەسی و سیاسی و کۆمەڵایەتی.. ئەمەیان ڕێك بەقەت نەبەخشین ناشرینە، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا هەر بەخشینە. لەڕاستیشدا دژی ڕاستەقینەی بەخشین، ئەمەیانە نەك نەبەخشین. چونکە نەبەخشین هیچ لە مەکانەتی بەخشین کەم ناکاو ئەسڵەن و جوانترو مانادارتریشی ئەکات. بەڵام ئەمەیان لەناوەوە لە بەخشین ئەداو لە مانای خۆی بەتاڵی ئەکاتەوەو ئامانجێتییەکەی ئەکوژێ و ئەیکا بە وەسیلە!


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif