مێژووی خەباتی چەکداریی ژنانی کورد و بیردۆزەی دابڕان

ليست هناك تعليقات

هاوژین زیبا
-
پرسی ئازادی و یەکسانیی رەگەزی بۆ ژنان ھەمیشە پرسێکی مێژوویی و بنچینەیی بووە و ھەردەم لە ھەوڵی تێگەیشتن لێی و بەدیھێنانیدا بوون، لەم پێناوەشدا بە ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆر کار و خەباتیان بۆ کردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بڕگەیەکی زۆر واتاداردا گوزارش لەم ڕاستیە دەکات: "ئایا دەکرێت نکۆڵی لە ئاوازی جریوەی بولبول بکەین لەناو قەفەسدا؟ ئایا گشت رەنگ و دەنگەکانی گەردوون چی بە بیری مرۆڤدا دەھێنن جیاواز لە ئازادی و گەران بەدوای ئازادیدا؟ سەرجەم ھەوڵەکانی ژنان لە گەڕان بۆ ئازادی دەکرێت چی واتایەکی دیکەیان ھەبێت؟"(١)

بنەما و ھۆکارەکانی دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بابەتێکی سەربەخۆ و گرنگە، بەڵام مەبەستی ئێمە لەم نووسینەدا دەستنیشانکردنی کورتەیەک لە مێژووی خەباتی چەکداریی و ڕێکخستنی تایبەتی ژنان و فکر و فەلسەفەی ئازادیی ژنانە لەناو پەکەکەدا. کە لوتکەی ئەم چالاکییانە لە بیردۆزەی دابڕاندا بۆ یەکەمجار خۆی پێناسە دەکات.
وەکو دەزانرێت؛ لە سەرەتای دروستبوونی پەکەکەوە ھەتاکو ئێستا ژنان رۆڵی سەرەکی و گرنگیان بینیوە لە دامەزراندن و بەردەوامیدا، ئەم بەشدارییەش بۆ ژنان بە جۆرێک بەشێک بووە لە گەڕان بۆ ئازادی. 

بەپێی سەرچاوەیەک (YJWK)یەکەم رێکخراوی کوردە لە چوارچێوەی پەکەکەدا: "ژنی کورد کاتێک لەناو حەقیقەتی پەکەکەدا خۆی ڕێکخست، ساڵی ١٩٨٧ یەکەمین ڕێکخستنی ژنانی پێکھێنا و ناوی لێنرا (یەکینەی ژنانی وڵاتپارێزی کوردستانYekitiya Jinen Welatparezen Kurdistan (YJWK))، کە بە یەکەمین رێکخستنی ژنان دادەنرێت گوزارشت لە ھێزی رێکخستووی ژنان بکات لەناو پەکەکەدا، بەگشتییش نوێنەرایەتیی لە یەکەمین رێکخستنی ژنانی کورد کرد. YJWK زۆرتر چالاکییەکانی لە گۆڕەپانی ئەوروپا و لە سایەی (بەرەی نیشتیمانیی رزگاریخوازیی کوردستان)دا ئەنجامدا. لەبەر ئەوەش کە ژنان تێیدا ھێشتا نەیانتوانی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنەپارێزەکانیان تێپەڕێنن؛ نەتوانرا بەشدارییەکی کردەیی ھاوشانی ئەم رێکخستنە و پێداویستییەکانی نیشان بدرێت.

لەدوای ساڵی ١٩٨٧، کاریگەریی شیکارییە دیارەکانی پەکەکە دەربارەی ژن و خێزان، بە خێراییەکی زۆر گەورە بەسەر جەماوەردا رەنگی دایەوە. بە شەھیدبوونی ھەڤاڵ (بەنفیش ئاکاڵ)، کە لەسەر بنەمای ئەم شیکاریانە و بە باوەڕبوونی بە ئازادی ھاتبووە ریزی شۆڕشەوە، جەماوەر دەستیدایە قۆناغی سەرھەڵدان. بۆ یەکەمینجار سەرلەبەری جەماوەر بە ژن و پیاوییەوە دەستیاندایە سەرھەڵدان و ھاوپشتی پەکەکە بوون و لە ئامێزیان گرت. 

ھەڤاڵ بێریڤان بوو بە رەمزی یەکەمین ژن کە خۆی لە ھەژموونی پیاو (چ برا چ پیاو) ئازاد کرد و بوو بە موڵکی گەل و نیشتیمان و مێژوو و کچانی ھاوڕەگەزی خۆی، بوو بە رەمزی بەرپەرچدانەوەی ھەوڵی دزینی ئیرادە و ھەڵمژینی ھێز و بچوککردنەوەی کەسایەتی، ھەوڵگەلێک کە بەردەوام ڕوبەڕوی ژنانی کورد دەبوویەوە. ئەو بوو بە رەمزی ئەو نامۆبوونەی لە بەرەبەیانی مێژووەوە لەنێوان ژن-ژیانی ئازاد-کۆمەڵگادا دروستبووە"(٢) 

ھەندێک سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٩١دا لە باکووری کوردستان بە پێشەنگایەتیی ژنان راپەڕین لە دژی فاشیزم و داگیرکاری دەستپێدەکات و ژنان دەنگی نەخێر و ناڕازیبوون ھەڵدەبڕن بە ڕووی دەوڵەت و داگیرکاریی تورکیادا لە شارەکانی جزیرە و نوسەیبین و گەلێک ناوچەی دیکەدا، ھەر لەم سەرھەڵدانانەشدا ژنانی جیاواز بەشداری رێکخستنەکانی پەکەکە دەبن.

لەگەڵ بەردەوامیی خەباتی پەکەکەدا لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دژایەتی و ناکۆکی دروست دەبێت، لە ساڵی ١٩٩٢دا شەڕ لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دروست دەبێت، لەم شەڕەدا ژنە گەریلایەک بە ناوی "گوڵناز قەرەتاش" ("شەھید بێریتان") لە دوای ئەوەی بریندار دەبێت، بەڵام خۆی ڕادەست ناکات و بە برینداری لە سەر چیا خۆی ھەڵدەداتە خوارەوە و دەڵێت: " بمرێ خیانەت".

ئەم چالاکییەی شەھید بێریتان دەبێتە ھەوێنی دروستبوونی رێکخراوی چەکداریی سەربەخۆی ژنان لە چوارچێوەی پەکەکەدا، ئەگەرچی لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکەوە ژنان ئامادەییان ھەبووە و ڕۆڵی کاریگەرییان گێڕاوە، بۆ نمونە؛ ساکینە جانسز (شەھید سارا). بەڵام بینینی ئەو چالاکی و رۆحی فیداکارییەی شەھید بێریتان لەناو پەکەکەدا ژنان زیاتر بەرەو سەربەخۆیی لە بواری سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڕاستە دەکات.

ژنان لە ناو پەکەکەدا چۆن توانییان ئەقڵیەتی پیاوسالاری کۆتایی پێبھێنن و بە سەربەخۆیی ژیانی خۆیان بکەن؟ زیھنیەتی باوکسالاری و دەسەڵاتداری بەسەر ژناندا لە کۆمەڵگای کوردستاندا خانە-بە-خانەی مێشک و رۆحی مرۆڤەکانی گرتووەتەوە. ھەر بۆیە خەباتی چەکداری و سەربەخۆبوونی ژنانیش لەناو پەکەکەدا لە سەرەتادا بە ئاسانی قبوڵ نەکراوە و دژایەتیی کراوە، بەڵام ھەڵوێست نەگۆڕیی ژنان و قوڵبوونەوەیان لە فکر و تێڕامانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ھۆکارێکی زۆر گرنگ بووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو جۆرە لە زیھنیەت و بیرکردنەوەی پیاوانی ناو ریزەکانی پەکەکە.

لە سەرما و گەرمای ژیانکردن لە چیاکانی کوردستاندا ژنان ھێزی خۆیان یەکخست، ‌و یەکتریان پەروەردە کرد، و یەکیان خۆش ویست، و رێزیان لە تایبەتمەندییەکانی یەکتری گرت.
لێرەوە ژنان بە پێچەوانەی زیھنیەتی ھەزاران ساڵەی پیاوسالاری کە دەڵێت "ژنان یەکتریان خۆش ناوێت، ژنان یەکتری ناناسن، ژنان ناتوانن بە یەکەوە کار بکەن، ژنان ئیرەیی بە یەکتری دەبەن...ھتد"؛ ھەوڵەکانیان بەگەڕخست و لە چوارچێوەی (خۆشویستنی ژن، ناسینی ژن، تێکۆشانی ژن) دەستیان بە خەبات کرد. 

لە ساڵی ١٩٩٥ یەکینەی ئازادیی ژنانی کوردسان (یاژک) Yekitiya Azadiya Jinên Kurdistan) (YAJK) دروست دەبێت وەکو ھێزی ژنان، ژنانی پەروەردەکراو بە ھێز و رادەی خۆییبوون، واتا ھێزی ژنبوون وەکو مرۆڤێکی سەربەخۆ، دەچێتە ئاستی بەڕێوەبەریی لە کۆمیتەی گشت پارتدا جێی خۆیان دەگرن و بە ھاوبەشی لەگەڵ پیاواندا (کۆمیتەی ئازادی و وەک ھەوی) دروست دەکەن. لەم قۆناغەدا جیاواز لە پەرەوەردەی تایبەتی ژنان بە سەربەخۆیی، ژن لە ناو پەکەکەدا تەنھا خۆپەروەردەکردن بە ئەرکی خۆی نازانێت، بەڵکو پەروەردەی پیاوانیش دەکات لەسەر ئەو بنەمایەی چەندە ژنان سەربەخۆبن و بەرەو پێش بچن و پیاوان لە ناو زیھنیەتی پیاوسالاری و نەناسینی ژندا بن گۆڕانکاری دروست نابێت و پێشکەوتنی زیھنیەت بەرەو پێش ناچێت.

لە ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ (تیۆری دابڕان) لەسەر بنەمای بیردۆزەی رزگاریی ژن وەکو ھەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ لە مێژووی خەباتی ژنانی پەکەکەدا دەست پێدەکات، کە لە ٨ی ئاداری ١٩٩٨ ڕاگەیەنرا. 

تیۆری دابڕان چییە؟
تیۆری دابڕان یان تیۆری ئازادیی ژن یان بیردۆزەی رزگاریی ژن Bîrdoziya Rizgariya Jinê پێکدێت لە: دابڕان لە تێگەیشتنی ھەزاران ساڵەی باوی پیاوسالاری، ژنان لەم تیۆریەوە دادەبڕێن لە پیاوان، لە سێ خاڵی سەرەکیدا: 

یەکەم: لە بواری فیزیکیدا، بە پێی ئەم بیردۆزەیە ژنان وەک چەشنێکی لاواز و بێ ھێز تەماشا ناکرێن، چەشنێکی لاواز کە بۆ بەدیھێنانی خۆی بە چەشنی پیاوانەوە بەسترابێت، بەڵکو ھێزی ژن وەک تواناییەکی سەربەخۆ دەناسرێتەوە و دەکرێتە بنچینەی رێکخستنی ژنان. ئەم بیردۆزەیە کلێشەی پیاوی بەھێز/ژنی لاواز تێدەپەرێنێت و متمانە و ھێز لە دەرەوەی کلێشەکانەوە بۆ ژنان دەگێرێتەوە.

دووەم: لە بواری رۆحیدا. بەو واتایەی ژنان لە بواری ھەست و سۆزدا بە ھەرچی دەگەن و بەرھەم دەھێنن بۆ پیاوان بووە، بەڵام تیۆری دابڕان پێشنیار دەکات بەبێ گەرانەوە بۆ سەرچاوەیەک کە پیاوان بێت، ژن ببێتە خاوەنی داھێنانی ھونەری لە ھەموو فۆرمەکانیدا. 
سێیەم: لە بواری فیکریدا. بە پێی ئەم تیۆرە تا ئێستا زانستەکان بە پێی باوک-پیاو دا بەرھەم ھاتووە و تیایدا زاناییەکانی ژنان بە زانست دانەنراون. بۆیە گەڕان بۆ زانستێکی ژنانە و داننان بە زانایی ژنانە لە رەوتی مێژوودا بەشێک دەبێت لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بیردۆزەییە.

لەم سێ بوارەدا ژنان دادەبڕێن لە پیاوان و وەکو بونێکی سەربەخۆ و ئازاد ژیان و خەبات دەکەن.

ھەر لە ساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ بیردۆزی رزگاریی ژن رادەگەیەنرێت و ھاودەم چالاکیی دوو ژنە گەریلا بە ناوەکانی زەینەب کەناجی (شەھید زیلان)، و سەما یوجە (شەھید سەما)، کە بە چالاکییەکانیان کاریگەرییان لەسەر ھەموو گەل دروست کرد؛ ھێزی ژنیان زیاتر دەرخست.
بیردۆزیی ڕزگاریی ژن پێکدێت لە: وڵاتپارێزی، فیکری ئازاد، ڕێکخراوبوون، تێکۆشین، جوانبوون و ئێستاتیکا. 

شۆڕشی ژن ئەزموونی (یاژک)ە. ژنانی کورد و یەکینەکانی ژنانی کوردستان ئێستا لە چوارپارچەی کوردستان توانیویانە خۆیان بسەلمێنن و جۆرێکی تایبەت لە فکر و تێگەیشتن بۆ ژیان بخوڵقێنن. بێگومان کانیاوی ئەم تێگەیشتنە و سەرچاوەی فکریی ئەم ڕێکخستنەوەیەی مرۆڤەکان؛ لە فیکر و فەلسەفە و تێڕامانی عەبدوڵا ئۆجالانەوەیە و تاکو ئێستا بەردەوامیی ھەیە و لە فراوانبوون و سەرکەوتنی بەردەوامدایە.

یەکینەی ئازادیی ژنانی کوردستان کە ھەتا ساڵی ١٩٩٩ بەم ناوەوە دامەزراوە ، لە قۆناغەکانی تری تێکۆشاندا ناوی دەگۆڕێت بۆ "یەکینەی ژنانی ئازاد ستار" (یژاستار) Yekîtiyên Jinên Azad STAR) (YJA STAR) کە ٢٠٠٤ دامەزرا و تا ئێستەش بەردەوامە، و رێکخستنی (یژاستار) لە ھەرچوار بەشی کوردستان رێکخستنی خۆی پێکھێناوە: لە رۆژئاوای کوردستان "یەکینەکانی پاراستنی ژن" (یەپەژە) Yekîneyên Parastina Jin YPJ، لە شەنگال "یەکینەکانی ژنانی شەنگال" (یەژەشە Yekîneyên) Jnên Şengalê (YJŞ)، لە رۆژھەڵات "ھێزەکانی پاراستنی ژن" (ھەپەژە Hêzên Parastina Jinê) (HPJ) و لە باکوور "یەکینەکانی پاراستنی سڤیلی ژن" (یەپەسە-ژن Yekîneyên Parastina Sivîla) Jin (YPS-Jin)، لە خەباتی چەکداری بەردەوامن.

پەراوێزەکان:
(١)ئەم پەرەگرافە کورتەی پەرەگرافێکی (عەبدوڵا ئۆجەلان)ـە لە "مانیفێستۆی شارستانێتیی دیمۆکراتیک"، کە دەڵێت:
(٢) حركة تحرير المرأة الكردية. (YJA STAR - Yekîneyên Jinên Azadên Star). ١٥/٧/٢٠١٢.
https://www.yjastar.com/ar/2012-07-15-07-41-40/88-2012-07-15-17-08-14
سەرچاوەکان:
١- ئەرشیفی دۆکیومێنت و مەتریاڵی جۆراوجۆری ناوەندی ژنۆلۆژی.
٢- ئۆجالان، عەبدوڵا، مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتیک. پەرتووکی سێهەم (سیۆسیۆلۆژیای ئازادی). وەرگێرانی لە توركیەوە: لوقمان عەبدوڵا. چاپی سێیەم، ٢٠١٦.
٣- جانسز، ساکینە، ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو. وەرگێڕانی: ئارام پێنجوێنی. ئەکادیمیای ژنی ئازاد-زەینەب کناجی. بەرگی یەکەم. ٢٠١٧.
٤-حركة تحرير المرأة الكردية. (YJA STAR - Yekîneyên Jinên Azadên Star). ١٥/٧/٢٠١٢.
https://www.yjastar.com/ar/2012-07-15-07-41-40/88-2012-07-15-17-08-14
(5) Celal, Xezne, Jinên kurd ji bo tevahî jinan bûne jêderka azadiyê. (E-Rojname), 03.03.2020.
https://e-rojname.com/bs-jin/81360/
(6) Dîlok, Dilzar , 8’ê Adarê Bîranîna Dîrokî... (Hêzên Parastina Gel-HPG Online - Kurdi).
http://hezenparastin.info/ku/index.php?option=com_content&view=article&id=1287:8e-adare-biranina-diroki-&catid=18&Itemid=260
(7) Kurdistan Women’s Liberation Struggle. (JINEOLOJI), 2020/04/22.
https://jineoloji.org/en/2020/04/22/kurdistan-womens-liberation-struggle/
(ئەم وتارە، بەشێکە لە زنجیرە وتارێک، سەبارەت بە خەباتی چەکداری ژنانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان)

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif