سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

ليست هناك تعليقات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسوڵمانانی کوردستان و جیهان کرد.

سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە حکومەت لە هەوڵی بەردەوامە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو هیوایەی لە دوای جەژن، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت .

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت:

بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکەم. هیوادارم ڕۆژانی جەژن، لە خۆشی و کامەرانیدا بەسەر ببەن و پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.

بەداخەوە ئەمساڵ جەژنی قوربان، لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا بەڕێ دەکەین . ئەم بارودۆخە نەخوازراوە لە دەرەوەی خواست و ویست و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە . ئێمە هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەوە، هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم قەیرانە، لە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانمان سنووردار بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم قەیرانە داراییە کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە ، زۆر لە توانا داراییەکانی بەردەستی حکومەتی هەرێم گەورەترە ، بەڵام سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانیش ، هیوادارم هاووڵاتییانی خۆشەویست، متمانەیان بە حکومەتی هەرێم هەبێت کە لە هەوڵێکی بەردەوامدایە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان . بەو هیوایەی لە دوای جەژن ، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت .

ئومێدەوارم بە پشتیوانیی هەموو لایەک، ئەم ڕۆژە سەختانەش تێپەڕێنین و هاووڵاتییانمان، جەژنەکانی داهاتوو ، لە دۆخێکی لە بارتردا بەسەر ببەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif