ئیتر کاتی ئەوەیە لۆمەی خۆمان بکەین

ليست هناك تعليقات

عبدلڵە كوێخا موبارەك
-
دەسەڵات خەراپە و میللەت خەراپتر.
لە ئێستا و لە مێژودا وا ھاتوە کە ئەبێت سەرکردەی ڕاستەقینە و ڕزگارکەر بە ھەستی داد پەروەری و نیشتیمان پەروەری، بڕوا بون بە ئازادی و سەلامەتی گیان و سەروماڵی خەڵک، دەست پاکی، ڕاستگۆیی، بە ئەخلاق و بە ئویژدان، سیاسەت و حکومڕانی بکات و ژیان و دەخلێکی مانگانەی ئاسایی و سادەی وەکو خەڵکی ھەبێت.

سەرکردە و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردستان ئەو سیفەتانەی سەرەوەیان تێدا نیە و کارێکی خەراپە، بەڵام لە خەراپیەکەی ئەوان خەراپتر و کارەسات بارتر ئەوەیە لای میللەتی ئێمە بۆچونێک دروست بوە کە پێیان وایە ئەبێت کەسی سەرکردە و سیاسی فێڵ باز بێت، ھێزی تایبەت و کۆمپانیای ھەبێت، شوێن و داھاتی نھێنی و نادیار بێت، ژیانی تایبەت و جیا لە خەڵکی ئاسای ھەبێت.

ئەگەر ڕۆژانە لە ھەر جۆرە مامەڵە و ئیشوکارێکدا خۆت لە گێلی بدەیت و ھەست لە بەرامبەرەکەت ڕابگریت ئەوا زۆر بە دەگمەن ڕوئەدا پیشەوەرێک، دوکاندارێک، کرێکارێک فێڵت لێ نەکات و قۆڵت نەبڕێت و کەم تەرخەم نەبێت لە ئیش و مامەڵەکەیدا، کاتێکیش کە ئاشکرا ئەبێت یەکسەر بیانوی ئەوەیە کە ئەم وڵاتە وێران بوە و دەسەڵات گەندەڵە بۆیە ئەویش وایە، کەواتە دەسەڵات خەراپە کە ئەم دۆخەی خولقاندوە، بەڵام تاکەکان خەراپترن کە لە داخی دەسەڵات یان بەھۆی لاسای دەسەڵاتەوە مامەڵە و کەسابەت و ئیشوکاری خۆیان بێ متمانە ئەکەن و زیان لە تاکێکی تر ئەدەن.

تاک ھەیە جگە لەوەی ساڵانێک ھاوار و بێدادی کردوە و ماف خوراو بوە، ھەروھا ئەندامی لایەنێکی ئیسلامی بوە، مەبدەئەکەی دینە، چەندین ساڵ ئۆپۆزیسۆن و لە بەرەی خەڵک بوە، بە شعاری دژە گەندەڵی و بەدەنگی خەڵکی ماف خوراو و ستەم لێکراو بوە بە نوێنەی خەڵک لە پەرلەمان، بەڵام ئێستا بە ئارەزومەندانە و بە نھێنی بوە بە پیاوی دەزگا ستەمکار و جاسوسیەکانی دژە تیرۆ و زانیاری و پاراستنی پارتی و یەکێتی، ئەم جۆرە خۆفرۆشیە لە نێو عیلمانیەکان و چین و توێژە گرنگەکانی وەکو مامۆستای زانکۆ و نوسەر و ڕۆژنامە نوسانیشدا بە زۆری بونیان ھەیە، کەواتە دەسەڵات تەنھا خەراپە لەبەرئەوەی کڕیاری خەڵکە، بەڵام خەڵک خەراپترە کە خۆی ئەفرۆشێت بە چەوسێنەرەکەی.

با بیرێکیش لەوە بکەینەوە کە ئەو کەسانەی لە ڕابردودا خاوەنی کەرامەت بون و بە مەبدەئێکی پڕ لە ئیرادە و بوێریەوە ڕوبەڕوی ستەم و گەندەڵی ببونەوە و خۆ نەویستان لە بەرەی گەل بون، بەڵام ئێستا بێزار و بێ دەنگ بون یان خۆیان ئەفرۆشن ھۆکار چیە؟

ئەمەش ھەر خەراپی و نەزانی میللەتە، چونکە کاتێک کەسێک ھەوڵیداوە پێشڕەوی خەڵک بکات بۆ وەرگرتنی مافەکانیان دەسەڵات لە لایەکەوە ھێزی تایبەت و میلیشیای حزبی دژی جوڵاندوە و زیانی پێگەیاندوە، لە لایەکی ترەوە لە ڕێگای دادگا و دادوەرە حزبیەکانەوە کێشەی یاسایی بۆ دروست کردوە و لە لایەکیشەوە لە ڕێگای ئیعلامەوە وەکو کەسێکی ئاژاوە گێڕ دەریخستوە و بە ھەمو توانایانەوە ڕوبەڕوی بونەتەوە و پەلاماریانداوە، ئایە لەم ڕوداوانەدا ھەڵوێستی خەڵک چی بوە؟ بێگومان نەک پشتیوان و ھاوخەمی کەسی قوربانی نەبونە، بەڵکو بڕوایان بە چەواشە و ھەڵا ئیعلامیەکەی دەسەڵات کردوە و سەرزەنشتی کەسی داکۆکیکاریان کردوە و تەنانەت بە شانوباڵی مافیاکانی دەسەڵاتیان ھەڵداوە و پێشڕەوەکەی خۆیان بە دۆڕاو و بەزیو وەسف کردوە، بۆیە ئەو کەسە بە تەواوی ڕوخاوە و پەشیمان و بێ ئومێد کراوە.

کەسایەتی سیاسی و نوسەر و ڕۆشنبیر ھەیە چەندین ساڵە بە وتار و نوسین دژی گەندەڵی و ستەمی دەسەڵاتە و پشتیوانی داواکاریەکانی خەڵکە و ھەوڵی وشیارکردنەوە ئەدات، ئەوەش ڕونە کە ھیچ وشەیەکی بێ باج نەبوە و دەسەڵات بوە بە دوژمنی، بە نھێنی تەھدید ئەکرێ و ھەڕەشەی لەسەرە، بە ئاشکراش ھەوڵی ناشرین کردنی ئەدرێ بە بەرنامە و لە ڕێگای کۆیلە میدیا کارەکانی دەسەڵاتەوە، بەنمونە بەم کەسایەتیانە ئەڵێن قسە زلی بێ کردار، خەڵکیش لەبری ئەوەی جوابی توتیەکانی دەسەڵات بدەنەوە و لێیان بپرسن ئایە سەرکردە و حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ڕاپەڕنی ١٩٩١ وە لە قسەی زل و درۆ و ماڵ وێرانی چیان کردوە، کامە جێدەست و کرداریانە، 

ئایە ماف و بودجەی کوردیان لە بەغدا چەسپاندوە و زیاد کردوە یان ئەوەی ھەشبو لە دەستیانداوە؟

ئایە ناوچە جێ ناکۆکەکانیان گەڕاندۆتەوە سەر ھەرێم یان کەرکوکیشیان لە دەست داوە؟

ئایە ئەوان ھیچ کات توانیویانە بۆ یەک ڕۆژ بەرگری لە کوردستان بکەن و ڕێگری لە ھێزی بێگانە بکەن یان بونە بە چاو ساخ و دەلیلی ھێزی بێگانە بۆ نێو ھەرێم؟

ئایە تائێستا توانیویانە دوو ئیدارەیی و سنوری دێگەڵە نەھێڵن یان تۆخ تریان کردۆتەوە؟ زۆر شتی تر،

لەبری ئەوەی پشتیوانی لەو کەسایەتیە دڵسۆزە بکەن ھەمان قسەی کۆیلەکانی دەسەڵات بەو کەسایەتیە ئەڵێنەوە و وای لێدەکەن بێزار بێت و بەخۆی بڵێت من ئەم ھەوڵە لە پێناوی چی و کێدا بدەم.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif