ئەمڕۆ 62 ساڵ بەسەر کودەتای 14ی تەممووزی ساڵی 1958 تێدەپەڕێت، کە كۆتایی بە سیستەمی پاشایەتی لە عێراقدا ھات و سیستەمی كۆماری راگەیێنرا. عەبدولکەریم قاسم کە یەکەم سەرۆکوەزیرانی سیستەمی کۆماری عێراقە و سەرۆکایەتیی کودەتاکەی کرد، دوای چەند ساڵ دەردەکەوێ کوردی فەیلییە.
بۆچوونی جیاواز هەن لەبارەی رەچەڵەکی عەبدولکەریم قاسم، زۆرینە تاوەکو ئێستا گوتوویانە عەرەبە و دەیگێڕنەوە سەر هۆزەکانی زوبێدی و فەزڵی، هەندێک بۆچوونی دیکەش هەبوون کە گووتوویانە کورد بووە، ئێستا بەڵگەی کوردبوونەکەی لە هەمووان بەهێزترە.
عەبدولواحید فەیلی، سیاسەتڤانی کوردی فەیلی بۆ رووداو باسی رەچەڵەکی عەبدولکەریم قاسمی کرد، ئەویش بە پشتبەستن بە کتێبی (نهێنییەکانی رێککەوتننامەی جەزائیر)، کە عیسا پژمان، بەرپرسی دۆسیەی کورد لە عێراق لە دەزگای هەواڵگریی سەردەمی شا، کە بە ساواک ناسرابوو نووسیویەتی. هەروەها قسەی جەعفەر رائید، کە سکرتێری باڵیۆزخانەی سەردەمی محەممەد رەزا شای پەهلەوی بووە لە عێراق.
ئەو سیاسەتڤانە کوردە دەڵێ، لە کتێبەکەی عیسا پژمان-دا یەکلاییکراوەتەوە، کە "نەک تەنیا دایکی، بەڵکو عەبدولکەریم قاسم باوکیشی کوردی فەیلی بووە و داپیرەشی لە دایکییەوە هەر کوردی فەیلی بووە". ئەو دەڵێ "عیسا پژمان کاتێک لە بەغدا سەردانی عەبدولکەریم قاسمی کردووە ئەوەی بۆ دەرکەتووە کە قاسم کورد بووە و لە کتێبەکەشیدا نووسیویەتی".
داپیرەی عەبدولکەریم قاسم ناوی (کەیفی حەسەن یەعقووب) بووە. عەبدولواحید فەیلی دەڵێ "ئەو ژنە سەر بە هۆزی سواگنی تمێمی بووە، کە ئەوانەش کوردی فەیلین".
تاوەکو ئێستا نەزانراوە عەبدولکەریم قاسم سەر بە چ مەزهەبێک بووە، ئەوەش خۆی نەیویستووە ئاشکراببێت و نزیکەکانی گوتوویانە هەرکاتێک نوێژی کردبێت، دەرگای لەسەر خۆی داخستووە بۆئەوەی شێوازی نوێژکردنی نەبینرێت.
عەبدولواحید فەیلی لە زاری دادوەر زەکی ئیسماعیل حەقی، کە شایەتحاڵی دیدارێکی مەلا مستەفا بارزانی، ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بووە لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم، دەیگێڕێتەوە: "کاتێک ئەو کەسایەتییانەی کورد گەیشتوونەتە بەغدا، عەبدولکەریم قاسم دەرگای ئۆفیسەکەی داخستووە، سکرتێرەکەی پێیگوتوون نوێژ دەکات بۆیە دەرگاکەی داخستووە، دوای ماوەیەکی کەم دەرگای کردووەتەوە و فەرمووی لێکردوون بۆ ئۆفیسەکەی".
عەبدولکەریم قاسم لە 21ی نۆڤەمبەری 1914 لە پارێزگای واسیت لە باشووری بەغدا لەدایکبووە، کەسێکی ناسیۆنالیزم و سەربازیی سوپای عێراق بوو، لەسەردەمی پاشایەتیدا لە 14ی تەمموزی ساڵی 1958 بە کودەتایەکی سەربازی دژی مەلیک فەیسەڵی دووەم، رژێمی پاشایەتیی لە عێراق رووخاند و سیستەمی کۆماریی دامەزراند.
قاسم خۆی بووە سەرۆکوەزیران، بەڵام لە 8ی شوباتی ساڵی 1963 بە کودەتایەکی سەربازی لەلایەن بەعسییەکانەوە لەكارلادرا، رۆژی دواتریش لە 9ی شوباتی 1963 گوللەباران کرا. بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک، عەبدولکەریم قاسم، تەنیا 16 دینار و 400 فلسی لەدوای مردنی جێهێشتووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق