گۆڕان: دوای وەگرتنی دوو پۆست چاوی لە قایمقامی هەولێرە

ليست هناك تعليقات


بزووتنەوەی گۆڕان دوو پۆستی دیکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرت و ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانییش دەڵێت، "چاومان لەوەیە کە پارتی قایقامی هەولێرمان پێبدات".

عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ھەریەکە لە چالاکی موهەندیس، وەک بریکارى وەزیرى شارەوانى و کامیل قەزاز، وەکو بریکارى وەزیری کارەبا لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەستبەکاربوون.

هاوکات هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند، بە گوێرەی یەکەمین رێککەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی پۆستی قایمقامی هەولێر بۆ گۆڕان دەبوو، بەڵام دوای ئەو رێککەوتنە گفتوگۆی دیکە کراون و رەنگە گۆڕانکاری رووبدەن، بەڵام گۆڕان مەبەستیەتی هاوبەشێکی راستەقینە بێت و لە هەموو پارێزگاندا خزمەت بکات.

بە گوێرەی رێککەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتیی دیموکراتی کوردستان، لە سەرۆکایەتییەکان و حکومەتدا بزووتنەوەی گۆڕان 12٪ی پۆستەکانی بەردەکەوێت. تاوەکو ئێستاش جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چوار وەزیر و چوار وەکیل وەزیری وەرگرتووە، بەڵام پۆستەکان نزیکەی 67 پۆستن.

بەشێک لەو پۆستانەی کە گۆڕان وەریاندەگرێت ئەمانەن: راوێژکاری سەرۆکایەتییەکان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری چاکسازی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەکان، چوار پۆست لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایش، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان لەگەڵ چەند پۆستێکی دیکە لە پارێزگاکان.

لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستاندا گۆڕان براوەی سێیەم بوو. لەسەر بنچینەی ئەو هەڵبژاردنە گۆڕان جێگرێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پۆستی چوار وەزارەت و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی بۆ چاکسازی بەرکەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو یاریدەدەرە دەستبەکارنەبووە و ژمارەیەک پۆستی دیکەشی وەرنەگرتووە.

پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمان رێککەوتنی بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی واژۆکرد. جگە لە پۆستی وەزارەتەکان، ئەو دوو حیزبە ژمارەیەک پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزارەتیان بەرکەوتووە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif