هێزی نەرم و گۆڕانکاری لە مۆڕالی سیاسی

ليست هناك تعليقات

شاناز هیرانی

گۆڕانکاری و پێشهاتە خێراکانی جیهان دەریدەخەن کە جیهان بە گشتی بەرەو داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکانی هێز هەنگاو دەنێت، بۆیە سەرچاوەکانی هێزی نەرم (القوە الناعمە | soft power) رۆڵی کاریگەری خۆیان دەبینین لە هێڵکاری نوێی سیستەمی جیهانی، واتە دەبێ هەموو هێزە سیاسییەکان وردبینانە و بەپێی دەرکەوتنی سیماو ئادگارە نوێیەکانی سیستەمی نوێی جیهانی، پەیوەندییەکانی خۆیان رێک بخەنەوە.

گۆڕانکارییەکانی جیهان، بە پێی سروشتی گەشەکردنی سیاسی و ئاراستەکردنی ناوەندە هەژموندارەکانی جیهان و لە رووی هۆکار و پاڵنەرە سیاسییەکان و دامەزراوەکان و شێوەو کاریگەری کارلێکی سیاسییانەوە، گرنگی هێزی نەرم نیشان دەدەن کە پێویستە لە داهاتوودا زیاتر کاری پێ بکرێ، چونکە هێزی رەق (القوە الصلبە | hard power) کە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و هەژموونی ئابوورییە بۆ دروستکردنی گوشار و کاریگەری لەسەر دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکان، خەریکە ئەو رۆڵەی لاواز دەبێت، چونکە سیاسەتی تێکەڵبوون (الاندماج | intergration) خەریکە شوێنی لێکترازان و دوورکەوتنەوە دەگرێتەوە، ئەمەش بێگومان بەهۆی باڵکێشانی کاریگەرییەکانی جیهانیگیری و ئاراستەکانیەتی کە ژیان و زەوی وەک خێزانێکی گەورەی گوندێکی بچکۆلانەی لێهاتووە.

بۆیە گرنگە ستراتیژیەتی سیاسی؛ بە تایبەتیش پەیوەندییەکان، گۆانکاریان بەسەردا بێت و بگونجێندرێن لەگەڵ کۆی ئەو پێشهاتە نوێیانەی جیهان، چونکە هەر لایەنێکی سیاسی، یاخود قەوارەو دەوڵەتێک؛ هێزی نەرمی بەکارهێنا، دەتوانێ دەرفەتەکانی هاوکاری و بەردەوامی زیاتر دەستەبەر بکات و بەسەر گرفت و قەیرانەکانی خۆی زاڵتر ببێت، چونکە سەقامگیری جیۆسیاسی ناوەوەی هەر کۆمەڵگەیەک دەخوازێ کە هێزی نەرم بکرێتە ئامرازێک بۆ کارلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە پێچەوانەوە بەریەککەتنی دوو ئاراستەی توند (رەق) دەبێتە هۆی داروخانێکی مسۆگەر و هەڵتەکاندنی پایەکانی ئەو جوگرافیا سیاسییەی بۆتە هۆی راگرتنی دەسەڵاتە هەمەجۆرەکان، واتە گرنگە ئاکار و مۆڕاڵی سیاسی پارت و قەوارە سیاسییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و گونجان و سازان بکەنە بنچینەی بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و ئابورییەکان، چونکە ئەگەر بەم شێوازە کاری سیاسی رێکنەخرێت، بێگومان هەڵگەڕانەوە گەورەکانی جەماوەری دەست پێدەکەن کە دواتر هیچ شتێک پارێزراو نابێت و عەفەویت ئاراستەی رەوتە گشتییەکانی خەڵک دەکات.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif