وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە مانۆڕە سەربازییەکانی چین لە دەریای باشووری چین نیگەرانە و دەڵێت، مانۆڕەکان دەبنە هۆی ناسەقامگیرکردنی زیاتری ناوچەکە.
لە راگەیێندراوێکدا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ناسراو بە پێنتاگۆن، رایگەیاندووە، مانۆڕە سەربازییەکانی چین کە لە رۆژانی 1 تاوەکو 5ی ئەم مانگە لە ناوچەی باراسیل ئەنجامی داون، کە ناوچەیەکی جێی ناکۆکییە لەگەڵ ڤێتنام و تایوان، ناسەقامگیری ناوچەکە زیاتر دەکات.
پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردووە "مانۆڕە سەربازییەکان، بەڵێنی چین لەبەردەم کۆمەڵەی وڵاتانی ئاسیا پێشێل دەکات، کە بەڵینداوە بە دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە چالاکییەک کە ببێتە هۆی نائارامی و ناسەقامگیریی ناوچەکە"؛ داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات دانبەخۆیاندا بگرن و هیچ جۆرە چالاکییەکی سەربازی، کە ببێتە هۆی ئاڵۆزکردنی رەوشەکە، نەکەن.
ناوچەی دەریای باشووری چین، ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و غاز. حکومەتی ئەمریکا خاوەندارێتیی چین بۆ بەشی زۆری ناوچەکە رەتدەکاتەوە و پشتگیری لە وڵاتانی ڤێتنام، فیلیپین، تایوان، مالیزیا و برونای دەکات بەوەی کە سەروەرییان بەسەر ناوچەکەدا هەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق