ترامپ بڕیارێكی دژی كۆچبەرانی ناو وڵاتەكەی دەركرد

ليست هناك تعليقات

لە هەنگاوێكی پێشبینینەکراودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد کۆچبەرە نایاساییەکان لە سەرژمێریی گشتیی وڵاتدا دووربخرێنەوە. ئەوەش هەنگاوێکە چاوەڕێ دەکرێت پێگەی کۆمارییەکان لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی نێو کۆنگرێسی ئەمریکا بەهێزتر بکات.

بە گوێرەی دەستووری ئەمریکا و بە مەبەستی دیاریکردنی رێژەی نوێنەرایەتی گەلی ئەمریکا لەنێو 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەموو 10 ساڵ جارێک سەرژمێری لەو وڵاتەدا دەکرێت و تێیدا هەموو تاکێكی نێو خاکی ئەمریکا چ ئەوانەی بەڵگەی مانەوەیان هەبێت یان ئەوانەشیان کە کۆچبەری نایاسایین، لە سەرژمێرییەکاندا هەژمار دەکرێن.

لە فەرمانەکەی ترەمپدا هاتووە، بە مەبەستی دووبارە دابەشکردنەوەی نوێنەرەکانی نێو ئەنجوومەن لەدوای سەرژمێری، سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای دوورخستنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان دادەنرێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە، دوورخستنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان لە سەرژمێریی تایبەت بە دەستنیشانکردنی نوێنەرانی گەل لە کۆنگرێس زیاتر گوزارشت لە سیستەم و بەها دیموکراسییەکان دەکات.

لە فەرمانەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەو ویلایەتانەی یاساکانیان هانی مانەوە و زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان دەدەن، نابێت لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا بە کورسیی زیاتری نوێنەران پاداشت بدرێنەوە.

فەرمانەکەی ترەمپ زیاتر کاریگەری دەکاتە سەر ئەو ویلایەتانەی لە رووی مێژووییەوە لەسەر دیموکراتەکان هەژمار دەکرێن، وەک ویلایەتی کالیفۆرنیا کە لە کۆی 435 کورسیی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران 53 کورسیی هەیە و لە 6٪ـی دانیشتووانی ئەو ویلایەتە کۆچبەری نایاسایین و ئەگەر بێتو لە سەرژمێرییەکەدا هەژمار نەکرێن، ئەوا دیموکراتەکان لەنێوان دوو تاوەکو سێ کورسی لەدەستدەدەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif