بۆ ڕیاڵ دەبێتە مێژوو

ليست هناك تعليقات


ئەمشەو رکابەرییەکانی گەڕی پێشکۆتایی وەرزی 2020-2019ـی خولی ئیسپانیا بەڕێوەدەچن، یانەی ریال مەدرید لە ئەگەری بردنەوەدا نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە یەکلاییدەکاتەوە.

جگە لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ئیبار و ڤایادۆلید، کە کاژێر 19:30 دەستپێدەکات، سەرجەم یارییەکانی دیکە لە یەککاتدا و لە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچن، رکابەر بردنەوەی نازناوەکە لەنێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنایە، ئەو دوو یانەیە لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید و سێڤییا سەرکەوتنیان بۆ خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای وەرزی داهاتوو مسۆگەر کردووە.

رکابەریی گەیشتن بە یورۆپالیگ، لەنێوان یانەکانی ڤیاریال، خیتافی و ریال سۆسیداد و ئاتلێتیک بیلباوە و لەم دوو گەڕەی کۆتاییدا ئەو رکابەرییەش یەکلاییدەبێتەوە.

ریال مەدرید بەرەو نازناوی 34ـەمین

یانەی ریال مەدرید لە دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا، کە سێ مانگ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگیرابوو بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت، یانەکە لە دوایین 9 یارییدا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و ئێستا بەجیاوازیی چوار خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای دووەم لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.

ریال مەدرید ئەمشەو لەنێو یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ میوانداریی ڤیاریال دەکات، لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە راستەوخۆ یانەکە دوای سێ وەرز جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر تەختی نمایشکردنی جامی لالیگا و نازناوەکە گەڕێک پێشکۆتاییهاتنی خولەکە یەکلاییدەکاتەوە.

هەرچەند زۆرینەی پێشبینییەکان بۆ ئەوەن ریال مەدرید لە یارییەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەرکی یانەکە قورسە، بەتایبەت کە ڤیاریال دوای دەستپێکردنەوەی خولەکە ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و لە 9 یاریی رابردوودا تەنیا دوو یاریی دۆڕانووە، جگە لەوەش یانەکە پێچەوانەی ئەو سەرەتایە خراپەی لەم وەرزەدا هەیبوو دەیەوێت بەشداری لە یورۆپالیگدا بکات.

لە دوایین پێنج یاریی نێوان هەردوو یانەدا لە لالیگا، سێ یاریی بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، هەموو ئەو یەکسانبوونانەش 2-2 بوون، ریال مەدرید و ڤیاریالیش هەر یەکەیان بردنەوەیەکیان هەبووە.

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکمان نەبردووەتەوە و کەس نازانێت لە دوو گەڕی کۆتاییدا چی روودەدات.

زیدان و یاریزانەکانی لە کاتی دەستپێکردنەوەی لالیگا گوتیان، هەموو ئەو یارییانەی ماون یاریی کۆتایین و پێویستە هەمووان ببەینەوە، هەر واشیان کرد و تاوەکو ئێستا هەموو یارییەکانیان بردووەتەوە، ئەمشەویش لە پێناو نازناوەکە دەیانەوێت یارییەکی دیکەی کۆتایی ببەنەوە.

هیوای کەمی بارسێلۆنا

یانەی بارسێلۆنا کە بە بارودۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و ئاستی یانەکەش جێگیر نییە، ئەمشەو لە کامپ نو بەرامبەر یانەی ئۆساسونا یارییدەکات، بۆ بردنەوەیەکی دیکە و درێژەدان بەو هیوایەی کە لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر ئەنجامێکی دیکە لەلایەن ریال مەدریدەوە جگە لە بردنەوە، لەنێو رکابەرییەکەدا بمێنێت و یەکلاییکردنەوەی نازناوەکەش بخاتە گەڕی کۆتایی.

بارسا لەو 9 یارییەی دوای دەستپێکردنەوەی لالیگا ئەنجامیداون 6 بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە 3 یارییدا یەکسانبووە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی یانەکە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەوە بۆ پلەی دووەم داببەزێت و هیواکانی بۆ بردنەوەی لالیگا کەمببێتەوە.

بارسێلۆنا بەرامبەر ئۆساسونا هەشت یاری و هەشت ساڵە نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە ساڵی 2012 بووە، بەڵام ئەگەر بارسا یارییەکەش بباتەوە، ریال مەدرید یەکسانبوون یان دۆڕانی تووش نەبێت، ماندووبوونەکەی بەبادا دەچێت و ئەم وەرزەی لالیگا بەبێ دەستکەوت بۆ ئەوان کۆتاییدێت.

ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە لیۆنێل مێسی گۆڵکاری ئەم وەرزەی لالیگا بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ، لەدوای گەڕانەوەی خولەکە ئاستێکی ئەوتووی پێشکێشنەکردووە و لە 9 یارییدا تەنیا سێ گۆڵی کردووە کە دوانیان بەلێدانی سزا بووە، ئەمەش نەک بەهۆی دابەزینی ئاستی یاریزانەکە لەرووی هێرشبەرییەوە، بەڵکو بەهۆی گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ هێڵی ناوەراست و هاوکاریکردن بۆ دروستکردنی هێرش.

ئەمشەو لالیگا ئەم یارییانە بەخۆیەوە دەبینێت

ئیبار - ڤایادۆلید 19:30
ریال مەدرید - ڤیاریال 22:00
بارسێلۆنا - ئۆساسونا 22:00
خیتافی - ئاتلێتیکۆ مەدرید 22:00
ریال سۆسیداد - سێڤییا 22:00
ڤالێنسیا - ئیسپانیۆل 22:00
ریال مایۆرکا - گرانادا 22:00
سێلتا ڤیگۆ - لیڤانتی 22:00 
ریال بێتیس - ئالاڤێش 22:00
ئاتلێتیک بیلباو - لیگانێس 22:00



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif